نامه‌یه‌ك بۆ خۆم
ئه‌مڕۆ 21/6/2008 كه به‌رانبه‌ره به 1/4/2708 كوردی ، رۆژی له دایك بوونمه ، تا ئێستا جگه له بارانی هاوسه‌ر و هاوڕێم ، كه‌س پیرۆزبایی لێنه‌كردووم و باوه‌ڕیش ناكه‌م كه‌س بیكات، هه‌ڵبه‌ت گله‌یی ناكه‌م چونكه ئه‌وه 4 ساڵه له‌م به‌شه له كوردستاندا كه وه‌ك په‌نابه‌رێك ژیانێكی تاراوگه‌یی ئه‌زموون ده‌كه‌م كه‌س پیرۆزبایی ئه‌م رۆژه‌ی لێنه‌كردووم .
كاتژمیر 6:40 به‌یانی ئه‌مڕۆ كاتێك سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی دیوانی شیعری وه‌فایی بووم بارانی هاوسه‌رم وه‌ك یه‌كه‌مین كه‌س و دوایین كه‌سیش، پیرۆزبایی جه‌ژنی له دایك بوونی لێكردم كه هه‌م بووه هۆی دڵخۆشیم و هه‌م بووه هۆی په‌رۆشیم ، دڵخۆش بووم باران كه به‌شێكی زۆری له ژیانم داگیركردووه بۆ یه‌كه‌م جار له ژیانی هاوبه‌شیمدا پیرۆزبایی لێكردم به‌ڵام په‌رۆشییه‌كم له‌وه‌وه ده‌ستی پێكرد كه ماوه‌ی چه‌ن رۆژێك بوو به هۆی خوێندنه‌وه‌ی زۆر هیچم نه‌نووسی بوو ، هه‌ر بۆیه به مێشكم دا هات شێتك بۆ خۆم بنووسم !
نامه‌یه‌ك بۆ خۆم
سڵاو جه‌واد گیان به بۆنه‌ی رۆژی له دایك بوونت جوانترین پیرۆزبایی له تۆ و بارانی هاوسه‌رت ده‌كه‌م و هیوادارم ساڵه‌های ساڵ به له‌ش ساغی و بیر تیژی و دڵ گه‌وره‌یی بژیت .
جه‌واد گیان ببوره ئه‌گه‌ر نه‌متوانی به‌م بۆنه‌یه‌وه دیاریت بۆ بنێرم به‌ڵام لێره‌وه ماچێكی گه‌رم و ته‌رت بۆ ده‌نێرم و له‌دووره‌وه چاوی تۆ و باران ماچ ده‌كه‌م و ئه‌گه‌ر مه‌رگ مه‌جال بدات به یارمه‌تی خۆا رۆژێك له بۆكان یادی ئه‌م رۆژه ده‌كه‌ینه‌وه.
جارێكی تر پیرۆز بێت جێژنی له دایك بوونت .
سلێمانی – گه‌ڕه‌كی رزگاری
جه‌واد حه‌یده‌ری
21/6/2008 به‌رانبه‌ره به 1/4/1387
یه‌كه‌م جار كه گوێم له‌و گۆرانییه بوو به راستی زۆرم به‌ڵاوه سه‌یر بوو , چۆن كه‌سێك كه خۆی ژنه , ئاره‌زووی مه‌رگ و نه‌مانی بۆ ژنێكی تر ده‌كات , له كاتێك تا ئێستا هه‌ر پیاو به‌وه تاوانبار كراوه كه هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌ی ژنان پیاوانن , به‌ڵام با كورد وته‌نی پیاو قسه‌یه‌كیش بۆ خوابكات ئایا له كێشه‌ی بووك و خه‌سو , دژ و براژن , هێوه‌رژن و هه‌وێ و خوشك له گه‌ڵ خوشك پیاو چ رۆڵێك ده‌بێنێت , من ناڵێم پیاو هه‌مووی ساڵح و له ئاوی شه‌و پاكترن به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێت بزانین كه زۆر جار ئه‌وه ژنه كێشه‌و گیروگرفت بۆ ژن ده‌نێته‌وه ژیانی لێ تاڵ ده‌كات.
ئایا به‌راستی ڕه‌وایه كه‌سێك كه خۆی به هونه‌رمه‌ند ده‌زانێت ئاو به‌م شێوه‌یه هه‌ڵكوتێته سه‌ر ژن بۆ جه‌نابی دڵنیا قه‌ره‌داغی خۆت ژن نیت. دڵنیابه خۆشت رۆژێك ده‌بی به خه‌سو , ئایا سبه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ی بووكه‌كه‌ت له رێگای میدیاكانه‌وه ئاو ناجوامێرانه هێرش بكاته سه‌رت دڵنیام ته‌حمول ناكه‌ی , دڵنیاشم كه هیچ خه‌سویه‌ك خراپ نییه چۆنكه خه‌سو دایكه و دایكیش قه‌ت خراپ نابێت ئه‌مه لێكدانه‌وه‌كاننبه خراپ ده‌رده‌چن , ئه‌وه چاوه‌كانن به خراپه ده‌بینن ده‌نا دایكی كه‌ی ده‌رهه‌ق به مناڵی خۆی خراپی ده‌نوێنێت ئه‌وه‌ی ئێمه ناوی لێده‌نێن خراپه له راستیدا, خراپه نییه چونكه ده‌بێت سه‌ره‌تا پێناسه‌یه‌كی گونجاو و زانستیانه‌مان بۆ وشه‌ی خراپه هه‌بێت ئایا ئه‌گه‌ر رۆژیك له رۆژان من یان تۆ هه‌ڵه‌یه‌كمان كرد ئایا ئێمه ئیتر خراپین ئه‌مه له كاتێكدایه كه وا نییه.
جه‌نابی دڵنیای هونه‌رمه‌ند هونه‌ر زۆر له‌وه‌ی گه‌وره‌تره كه ئینسان كێشه‌ی متبه‌خی پێ چاره‌سه‌ر بكات,كێشه‌ی ماڵ ماڵین و قاپ شتن و چێشت لێنان قه‌ت به موزیك و گۆرانی چاره‌سه‌ر ناكرێت , هونه‌ر به تایبه‌ت هونه‌ری موزیك ئه‌وه‌نده پیرۆزه كه ناكرێت تێكه‌ڵاوی ره‌ق و درۆ و بوختان و جنێو و هه‌ره‌شه بكرێت . به درێژایی مێژوو هونه‌ر به گشتی و موسیقا به تایبه‌ت بانگه‌شه‌ی بۆ مه‌رگ و نه‌مان و كوشتن و ده‌ركردن نه‌كرووه و نایكا و هه‌ر كه‌سیش بیه‌وێت هونه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه به كار بهێنێت به داڵنیاییه‌وه تووشی هه‌ره‌س و شكست ده‌بێت .
منیش و تۆش و هه‌مووان ده‌زانین كه موزیك خۆراكی رۆح و گیانه و هێوركره‌وه‌ی ده‌روونی پڕ له ئازار و پێناسه‌ی گه‌لانه .
ئایا ئه‌و گۆرانییه جه‌نابتان هێوركره‌وه و ئارام به‌خشه, تۆ شه‌ره‌ف سبه‌ی هه‌ر مناڵه‌كانی خۆت سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه چیت پێده‌ڵێن , سبه‌ی خۆشت ده‌بی به خه‌سو ئه‌و كات بووكه‌كه‌ت ده‌ڵێ چی.
دیسان له كۆتاییشدا ده‌ڵێم هه‌موو خه‌سویه‌ك خه‌سو نییه و هه‌موو بووكێكیش بووك و ره‌نگه خه‌سوانێكیش هه‌بن كه وه‌ك تۆ ئاره‌زووی وه‌هایان هه‌بێت به‌ڵام به رای من ئێمه هه‌روه‌ك سوهرابی سێپێهری ده‌ڵێت پێویسته چاوه‌كانمان بشۆین و به شێوه‌یه‌كی تر ببینین.
جه‌واد حه‌یده‌ری
نووسینی : جه‌واد حه‌یده‌ری
جه‌ماوه‌رێكی زۆر كۆبووبونه‌وه و خه‌فه‌ت باڵی به سه‌ر شاره‌كه‌دا كێشا بوو, مه‌هابادم قه‌ت وا نه‌دیبوو , هه‌موو په‌شۆكا بوون , سه‌ریان سوڕمابوو,كه‌س باوه‌ری نه‌ده‌كرد, , هه‌موو ده‌گریان, هه‌ندێك خه‌ریك بوو ببورێنه‌وه, شاعیر و نووسه‌ر و رۆشنبیره‌كان له لایه‌ك و سیاسییه‌كان و حزبه‌كانیش له لایه‌كی تر,هه‌موو سه‌رقاڵی ئه‌وه بوون كه بۆچی ده‌بێت ته‌رمی فه‌رهاد پیرباڵ له مه‌هاباد ته‌سلیم به خاك بكرێت.
براده‌رێكی شاعیر ده‌یوت با كارێك بكه‌ین ته‌رمه‌كه‌ی به‌رینه‌وه بۆ باشووری كوردستان و له هه‌ولیری پایته‌خت یان له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید بینێژین, به‌ڵام كه‌س جوابی نه‌دایه‌وه و چه‌ند كه‌سێك وتیان : بێده‌نگ به, تۆ هه‌ر ئه‌و كه‌سه نه‌بووی كه سه‌رده‌مانێك ده‌توت فه‌رهاد پیرباڵ شێته و كه‌س نازانێ ده‌ڵێ چی؟ ئێستا ئه‌م قسه‌یه‌ت له چیه و ئه‌م فرمێسكه تیمساحه چییه هه‌ڵده‌وه‌رێنی .
كه‌س نه‌یده‌زانی چ بكه‌ین , به براده‌رێكی خۆم كه ئێستا ئاواره‌ی شاری سلێمانییه وتم : ئه‌گه‌ر به قسه‌ی من ده‌كه‌ن با بیبه‌ینه‌وه له به‌ر ده‌م زانكۆی سه‌لاح دین بینێژین با ئه‌و كه‌سه‌ی كه چاوی به دیتنی فه‌رهاد پیرباڵ هه‌ڵنه‌ده‌هات هه‌موو رۆژێك چه‌ند جار گۆره‌گه‌ی ببینێت و هه‌روه‌ها ئه‌و قسه‌یه‌ی فه‌رهادیش بێته‌دی كه جارێك وتبووی "زانكۆم له ماڵه‌وه خۆشتر ده‌وێت".
په‌یتا په‌یتا رێژه‌ی جه‌ماوه‌ركه زیاتر ده‌بوو , چه‌ند كه‌سێكم بینی كه كتێبه‌كانی فه‌رهاد پیرباڵیان پێ‌بوو .منیش كتوپڕ وه‌بیر ئه‌و مه‌راسیمه كه‌وتم كه له بۆكان بۆمان گرت , خۆم پێشكه‌شكار به‌رنامه‌كه بووم كاتێك ویستم بانگی كه‌م بۆ پشت مایكرۆفۆنه‌كه وتم: ئێستاش داوا ده‌كه‌م له په‌نابه‌ری 33333 ئۆردوگای "كه‌ره‌ج" تا بێت به‌رنامه‌كه‌مان برازێنێته‌وه , هه‌ستا سه‌ر پێ و ئاخێكی هه‌ڵكێشاو و وتی: جارێكی تر برینم كولایه‌وه و هه‌موو بیره‌وه‌رییه تاڵه‌كانم وه‌بیر كه‌وته‌وه.
هه‌رچیم ده‌كرد وینه‌ی فه‌رهاد پیرباڵم له به‌ر چاو لانه‌ده‌چوو, مه‌راسیمی به خاك سپاردنی فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ستی پێكرد, ته‌نها مه‌راسمێك بوو كه له‌ودا شێخ و مه‌لام نه‌بینی .هیچ كام له سیاسییه‌كان له گۆره‌كه‌ی نزیك نه‌بوونه‌وه و له دووره‌وه سه‌یری گۆڕه‌كه‌ی فه‌رهادیان ده‌كرد.
فه‌رهاد هه‌ر به جلوبه‌رگی خۆیه‌وه ناشتیان، بزه‌یه‌كی له سه‌ر لێو بوو ، روخسارێكی زۆر جوانی هه‌بوو , ده‌توت خه‌وتووه .
پاش ته‌واو بوونی مه‌راسیمه‌كه من و چه‌ند هاورێیه‌كی تر له سه‌ر گۆرستان ماینه‌وه له ناكاو چه‌ند زه‌لامی باڵا به‌رزی ریشن هاتن و گۆره‌كه‌یان ئاگردا.
یه‌كیان ده‌یگوڕاند و ده‌یوت : نابێت ته‌رمی ئه‌م خوانه‌ناسه له ناوگۆرستانی موسڵمانان بنێژرێت .
ئێمه كه له گۆرستان مابووینه‌وه هیچ كارێكمان له ده‌ست نه‌ده‌هات.
تا ده‌هات ئاگره‌كه ته‌شه‌نه‌ی ده‌كرد, ئاگره‌كه لێمان نزیك بۆوه زۆر ترساین و هاوارمان كرد من به هاواری خۆم له خه‌و راپه‌ڕیم, ئه‌گه‌ر چی زۆرم بڕوا به خه‌ون نییه به‌ڵام له‌و شه‌وه‌وه بۆ فه‌رهاد پێرباڵ دڵته‌نگم.
دڵ په‌شۆكاوی خه‌یاڵی مه‌رگه
هه‌ر گه‌ڵایێ كه له دارێ ده‌وه‌رێ
نووسراوێكه به ناخۆش خه‌وه‌رێ
تاو هه‌ناوی نییه وا مات و په‌شێو
له‌شی زاماری ده‌كێشێته نشێو
ڕۆژپه‌ڕه، سارده كزه‌ی بای زریان
كاته بۆ ژینی له‌ده‌سچوو، گریان
دڵی پڕ بوو له په‌ژاره و له دڵۆ
ژینی خۆی هاته‌وه بیر پیره‌هه‌ڵۆ
به قسه خۆشه مه‌ترسیی مردن
تاڵه ئه‌و هه‌ستی به مردن كردن
كاتی كۆچكردنه، وه‌ختی سه‌فه‌ره
داخه‌كه‌م، سه‌ختیی نه‌مانم له‌به‌ره
هه‌ر بینا هات ئه‌جه‌ل و من مردم
با له شیوێ په‌ڕ و باڵی بردم
تۆ بڵێی پاشی نه‌مان ژینێ بێ؟
بۆ له‌شی سارده‌وه‌بوو تینێ بێ؟
تۆ بڵێی ئه‌و خه‌وه هه‌ستانی بێ؟
یانه ئه‌و قافڵه وه‌ستانی بێ؟
مه‌رگه دێ و دوا به هه‌موو شت دێنێ
هه‌موو ئاواتێ له دڵ ده‌ستێنێ
پاشه‌رۆكێكی بكه‌م له‌م باخه
تاكوو باڵ و په‌ڕی من په‌رداخه
هه‌ر بڕۆم نابه‌ڵه‌د و بێ سه‌ر و شوێن
دیار نییه خێڵی هه‌ڵۆیان له كوێن
شاره‌زای ڕێگه‌یی مردن كێیه؟
چییه ئه‌و مه‌نزڵه، كوێنه‌ی جێیه؟
نابمه ڕێبواری كه‌لی هات و نه‌هات
چاره‌كه‌م به‌شكوو ئه‌وا هات و نه‌هات
خۆی به خۆی گوت كه ده‌چم بۆلای قه‌ل
كه‌یخودای پیر و به بیری گه‌لی مه‌ل
هه‌ڵفڕی ڕاوكه‌ری زاڵی كه‌ژ و كێ‌و
له چیای به‌رزه‌وه ڕووی كرده نشێو
كه‌وته ئه‌و ده‌شته له ترسا ته‌ق و ڕه‌و
ده‌رپه‌ڕی كوڕكوڕ و كڕ مایه‌وه كه‌و
هاته لای قه‌ل به كزی و بێ وازی
قه‌ل گوتی: مامه هه‌ڵۆ، ناسازی؟
گوتی قاڵاوه ڕه‌شه‌ی پسپۆرم!
پیرم و پێیه له لێوی گۆڕم
باخی ژینم به خه‌زان ژاكاوه
كاتی مه‌رگه و ئه‌جه‌لیش ناكاوه
پێم بڵێ، چۆنه كه تۆ هه‌ر لاوی؟!
زۆر به ساڵ پیری، به‌ڵام چا ماوی!
هێزی ئه‌ژنۆم نییه، باڵ بێ هێزه
هه‌موو گیاندارێ ژیانپارێزه
قه‌ل گوتی: باشه كه گوێ ڕادێری
په‌ندی من پاكی به دڵ بسپێری!
ئه‌و ده‌مه‌ی بابی به‌هه‌شتیی من مرد
دوور له تۆ، ده‌رد و به‌ڵای ئێوه‌ی برد
پێی گوتم ڕۆڵه هه‌وای ڕاز و نزار
هه‌یه‌تی ده‌رد و نه‌خۆشیی به هه‌زار
دیق و زه‌ردوویی و ئاهۆ و وه‌رهه‌م
به گژه‌ی بای به‌قه‌وه‌ت دێن به‌رهه‌م
گۆشتی كه‌و چه‌نده كه تامداره به ناو
هه‌نگ و هاڵاوێ ده‌هه‌نوێته هه‌ناو
تا وزه‌ی بیر و خه‌یاڵ سه‌رده‌كه‌وی
كه له گوڕ كه‌وتی وه‌ها وه‌رده‌كه‌وی
په‌ین و پاڵێ كه له پاڵی دێێه
مه‌نزڵی نۆكه‌ری خۆتی لێیه
كه‌ره‌تۆپیو و كه‌لاكی گوێلـک
هه‌ڵمی دڵڕوونكه‌ره‌وه‌ی سه‌ر گوێلـک
پێكه‌وه چینه بكه‌ین له‌و په‌ینه
بۆی سه‌نێر مه‌ڵحه‌می بیر و زه‌ینه
ورد به‌وه، چه‌نده به مانا قووڵه!
مه‌سه‌له و گفتی قه‌لی ماقووڵه
بیكه سه‌رمه‌شقی ژیان ئه‌و ئیشه
هه‌ر له‌سه‌ر داری نه‌وی هه‌ڵنیشه!
<> <> <> <> <> <> <> <>
هاته‌وه بیری هه‌ڵۆ ڕابردووی
پاكی بووژانه‌وه یادی مردووی
گوڵ كرا ڕایه‌خ و پایه‌ندازم
چه‌نده ئاژوا له‌شی كێ‌و ئاوازم
چه‌نده ڕوانیمه زه‌وی له‌و بانه
كێ‌و و ده‌شت له‌و سه‌ره‌وه چه‌ن جوانه
چه‌ن چكۆڵه‌ن په‌له‌وه‌ر له‌و به‌رزه
ئاخ كه چه‌ن خوێڕیگره ئه‌م عه‌رزه
چه‌نده ڕاوی كه‌و و كه‌وباڕم كرد
دوژمنی تاقمی شمقاڕم كرد
كۆڵكه‌زێڕینه وه‌كوو تاقی زه‌فه‌ر
ئاسمان بۆ منی به‌ست كاتی سه‌فه‌ر
حه‌وته‌وانان بوو میداڵی شه‌ڕی من
چه‌نده شۆراوه به خوێن شاپه‌ڕی من
ئێسته بۆ وا ڕه‌به‌ن و داماوم
من هه‌ڵۆ، چاو له ده‌می قاڵاوم
ساكه ئه‌و كاره وه‌ها ساكاره
مه‌رگه میوانی گه‌دا و خونكاره
هه‌وری ئاسمان بێ خه‌ڵاتم باشه
یا له‌شم خاشه بكێشن واشه
كوتی وا ژینی درێژ پێشكه‌شی خۆت
گۆشتی منداره‌وه‌بوو هه‌ر به‌شی خۆت
ژینی كورت و به هه‌ڵۆیی مردن
نه‌ک په‌نا بۆ قه‌لی ڕووڕه‌ش بردن
لای هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی به‌رزه‌مژی
چۆن بژی شه‌رته، نه‌وه‌ک چه‌نده بژی.
(سواره‌ی ئیلـخانیزاده)
خێڵی درۆ
ئێوه كێن؟ خێڵی درۆ!
گه‌لی ده‌م پڕ له هه‌را
نیشته‌جێی شاری به گرمه و دووكه‌ڵ
پێم بڵێن
ئێوه چكاره‌ن؟
چكه‌سن؟
ئێوه ئه‌ی كرمی كتێب
یاری غاری هۆده
به گه‌رووی قاسپه‌كه‌ری كه‌وتارێن
جاڕی كام گومبوو ئه‌ده‌ن وا به هه‌ڵپه و به ده‌هۆ؟
ئێوه
میراتگری كام جێ له‌وه‌ڕن؟
ئێوه
حاشارگری ڕووبه‌ندی وشه
بووكی بن تارای سوور
خوا نه‌كا بای به ته‌وژمی كوێستان
لابه‌رێ په‌رده له سه‌ر باڵاتان
ده‌ركه‌وێ هه‌ر ده‌كوژن دووراودوور.
ئێوه
كه‌ی شێری چیان؟
به‌رده‌ماوخۆری توڵه و گورگی گه‌ڕن
قاقڕه گیانه هه‌وای به‌ر پشتێن
شۆره‌كاتێكه كوژه‌ی خه‌ڵفی ده‌ست
زه‌لكه‌یه كۆڕه‌كه‌تان، ئێوه زه‌لن
هه‌ر به بایه‌ک ئه‌گه‌ڕێن بێ ده‌ربه‌ست
كام به‌یان به‌ربوو له به‌ندی شه‌وه‌زه‌نگ؟
كام كوله‌ی شۆڕ به نه‌فه‌ستان لاچوو؟
مل به به‌رمووری وشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ!
كامه پێ كه‌وته پیاسه‌ی ڕێتان؟
ئێسته وا گرمه له كێوان به‌رزه
مێش ئه‌خاته له‌شی گا بووله‌رزه
ئێوه‌ن و ئێوه‌ن و لۆكه‌ی گوێتان
به‌سیه‌تی، به‌سیه‌تی
وا هات، وا چوو.
سواره‌ی ئیلخانیزاده
شار
گوڵم!
دڵم پڕه له ده‌رد وكوڵ
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت
ده‌ڵێم به جامێ ئاوی كانیاوی دێیه‌كه‌م
عه‌لاجی كه‌م
كوڵی دڵی پڕم, له ده‌ردی ئینتزاره‌كه‌ت!
وه‌ڕه‌ز بوو گیانی من له شار و هاڕه‌هاڕی ئه‌و
له ڕۆژی چڵكنی نه‌خۆش و تاو و یاوی شه‌و
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت
له شاری چاو له به‌ر چرای نێئۆن شه‌واره‌كه‌ت
بڕۆمه دێ كه مانگه‌شه‌و بزێته ناو بزه‌م
چلۆن بژیم له شاره‌كه‌ت
كه پڕ به دڵ دژی گزه‌م؟!
له شاره‌كه‌ت، كه ڕه‌مزی ئاسن و مناره‌یه
مه‌لی ئه‌وین غه‌واره‌یه؛
ده‌ڵێی له ده‌وری ده‌ست و پێم
ئه‌وه‌ی كه تێل و تان و ڕایه‌ڵه، كه‌له‌بچه‌یه
ئه‌وه‌ی كه په‌یكه‌ره میسالی داوه‌ڵه
ئه‌وه‌ی كه داره‌تێله، مه‌زهه‌ری قه‌ناره‌یه!
له شاره‌كه‌ت كه‌مه‌ندی دووكه‌ڵه
كه دێته ده‌ر له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند
وه تیشكی بێ گوناهی خۆره‌تاو ئه‌خاته به‌ند!
له هه‌ر شه‌قام و كووچه‌یه‌ک شه‌پۆڕی شینه
دێ به‌ره‌و دڵم
ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نییه كه ئه‌یكوشم
ده‌ستی چێوییه!
له شاره‌كه‌ت زه‌لیله شێر،
باوی ڕێوییه
به هه‌ر نیگایه‌ک و په‌تایه‌كه!
ده‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت گوڵم!
گوڵم هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل
چۆن ئه‌بێته جاڕه‌گوڵ؟
له شاری تۆ
له بانی عه‌رشه قۆنده‌ره‌ی دراو
شاره‌كه‌ت، ئاسكه جوانه‌كه‌م!
ته‌سكه بو ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو
كێ له شاری تۆ، له شاری قاتڵی هه‌ژار
گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوی دڵ؟
منێ كه گۆچی تاوی گه‌رمی به‌ر ده‌واره‌كه‌ی عه‌شیره‌تم
به داره‌ته‌رمی كووچه ته‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ت
ڕانه‌هاتووه له‌شم
بناری پڕ به‌هاری دێ
ڕه‌نگی سوور و شین ئه‌دا
له شێعر و عاتیفه‌ی گه‌شم .
سواره‌ی ئیلـخانیزاده