هاوڕێیان، دۆستان، برایان ، ئازیزان، خۆشەویستان سڵاو
خۆم بەختەوەر دەزانم كە كەسی وەك ئێوەم هەیە و ئیتر خۆم بە تەنیا و بێكەس نازانم. بمبوورن كە لەو چەند ساڵەدا نەمتوانیوە لە خزمەتتان دابم . بمبوورن بەهەر هۆیەك بێت نەمتوانیوە وەڵامی نامە و تەلەفون و پەیامی ئێوە بدەمەوە(یان ئاگام لێ نەبووە یان كەمتەر خەم بووم یان بە دەستم نەگەیشتووە) هیوادارم بە گەورەیی خۆتان بمبوورن. ئیتر لەمەوبەدوا لە خزمەتتان دا دەبم و پەیوەندیمان دەبێت. ڕا و بۆچوون و ڕەخنە و تێبینی ئێوە بەو پەڕی شانازییەوە قبوڵ دەكەم و دەینێمە سەرچاوم . تكایە بێبەریم مەكە لە ڕاو بۆچوونی خۆتان. لێتان ناشارمەوە كە دوور و نزیك هەواڵم پرسیون و دەشپرسم. لێتان ناشارمەوە چ ئەو كاتەی لە بۆكان بووم و چ لە غوربەتێكی نەخواستراو و نەویستراودا زۆرشتان لێ فێربووم و شانازی دەكەم بە دۆستایەتی و برایەتی و هاوڕێیەتیتان . هەر بۆیە تكا و ڕەجاتان لێدەكەم دەنگ و ڕەنگ و قسە و وتە و بۆچوونی خۆتانم لێ درێغ مەكەن ، دەست و چاوی هەمووتان ماچ دەكەم و هێمن وتەنی خاكی بەرپێی هەموو تێكۆشەرێكی كوردم .
لێشتان ناشارمەوە ئەو چەند ساڵەی لە مەنفا و غوربەت و تاراوگە بووم سەختی ژیان و ناخۆشی و پەرۆشی و دوورە وەتەنی و نامیهرەبانییەكان وایان لێكردووم ئەوەندەی تر لە سەر مافە ڕەواكانی گەلەكەم (گەلە قەت نەحەساوە و خێر لەخۆ نەدیو) سوورتر و پێداگرتر بم .
جارێكی تر خۆشحاڵم كە دێمەوە ناوتان، هەرچەند لێتان دوورم بەڵام لە گەڵتانم ، هاورێتانم، براتانم، شەریكی خۆشی و ناخۆشیتانم .
جەواد