بە گوێی دڵ ببیستن، بەچاویی دڵ ببینن
و/ جەواد حەیدەری
مرۆڤی ئەم سەردەمە لە تاریكێكی رەهادا نوقم بووە، وەك ئەو ماڵەی لێهاتووە لە شەوێكی تاریك دا چراكەیان كوژاندبێتەوە و تاریكی باڵی بەسەر ماڵەكەدا كێشابێت، هەڵبەت دەكرێت جارێكی تر چراكە داگیرسێندرێتەوە. مرۆڤی ئەم سەردەمە وەك كەشتییەكی لێهاتووە كە ناو دەریایەكی پان و بەرین و بەربڵاودا سەری لێشێوابێت و رێگای لێ ون بووبێت، مرۆڤی ئەم سەردەمە هەموو رێگاكانی خۆشبەختی و ڕزگاربوونی لێ بزر بووە و نازانێت چی دەوێت و بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت ، بەڵام دەتوانێت ئەوەی ونی كردووە دووبارە بیدۆزیتەوە و لەو خەو هەستێت و ئەوەی فەرامۆشی كردووە و لە بیرچۆتەوە دووبارە لە مێشك و زەینی خۆیدا بێداری كاتەوە و بەدەستی بهێنێتەوە.
من بۆیە بانگی ئێوە دەكەم بۆ ئەوەی ئێوە لەو خەوە هەستێنم ، ئێوە نابینن و نازانن كە ژیان چۆن بێتام و بێسوود و بێكەڵك بووە؟ نابینن كەچەند هیوابڕاو و بێتاقەت ، ماندوو وهیلاكن ؟ ژیان ئامانج و واتا و چەمكی خۆی لەدەستداوە.
ڕوون و ئاشكرایە ئەگەر لە دڵی مرۆڤەكان رووناكی و نوور نەبێت بێ گومان نائومێدی و بێ هیوایی داوێنی هەموو لایەك دەگرێت و باڵ بەسەر هەموو مرۆڤەكاندا دەكێشێت. وەختایەكیش لەناو دڵی مرۆڤدا رووناكی نەبێت هیچ شادی و خۆشییەك ژیانی ئەو داگیرناكات و ژیانێكی ساردوٍسڕی دەبێت.
لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە خۆمان بە شتێكی زیادی دەبینین و خۆمان بەسەرباری ئەوانی تر دەزانین. پێمان وانەبێنت كە ژیان شتێكی بێسوود و بێكەڵكە و بە كاری هیچ نایە،كامیل بوونی ژیان قەت كۆتایی نایە. بەداخەوە ئەو رێگایەكی كە ئێمە بە ئامانج دەگەیەنێت لێمان بزر بووە، ئەو رێگایەكی كە دەبێ ئێمە بەرەو كامیل بوون ببات لە بیرمان چۆتەوە و فەرامۆشمان كردووە. ئێمە تەنها هەین دەنا كارێكی ئەوتۆمان بە ژیان نییە، لە ڕاستیدا كارمان بە ژیانی ڕاستەقینە نییە ، ئێمە تەنها هەین هەر ئەوەندە. ئێمە زۆر بە سادەیی ژیان لە كیس خۆمان دەدەین ، ژیان زۆر بە سادەیی و سانایی دەسوتێنین و لەناویی دەبەین ، ژیان تەنها ئەوە نییە لە بیری مردن و چاوەڕوانی لەناوچوون بین. كە واتە چۆن دەبێ لە بیری مردن دابین و هاوكاتیش هیوابڕاو و نا ئومێد نەبین و ورە لە دەست نەدەین و نیگەران و پەشۆكاو نەبین؟ چۆن لە وەها ژیانێك كە زۆر بە خێرایی تێدەپەڕێت چاوەڕوانی خۆشی و شادی لێبكەین؟
مزگێنیتان دەدەمێ كە ڕێگایەك بۆ وشیاربوونەوە و دەربازبوون لەو دڵەراوكێ و نیگەرانی و پەشێوییە هەیە. ئێوە دەتوانن لەو خەوە بێزاركەر و هیوابڕە ڕزگارتان بێت، دەبێ دەتوانن لەو ژیانە پڕ لە هەڵەیە دەربازتان بێ. ئەو ڕێگایەی كە ئێوە لە تاریكییەوە بەرەو ڕووناكی دەبات رێگەیەكی هەمیشەییە كە قەت لەناوناچێت. ئەو ڕێگایە هەمیشە هەبووە و ئەوە ئێمە بووین كە ڕووی خۆمان لێوەرگێراوە و پشتمان لێ كردووە و چاومان لێنەكردووە ئەخلاق گەراییەكی پاك و بێگەرد و دیانەتێكی پاكی دەروونی تەنها ڕێگای رزگاركردنی مرۆڤە ، ئەو مرۆڤەی كە دووركەوتۆتەوە لە رەوتی سروشتی ژیان.
ئەگەر گەركتانە بزانن كە چ شتێك ڕەوشت و ئەخلاق و دیانەتی دەروونی مرۆڤەكانی بە لاڕێدا برووە، ئەگەر تامەزرووی بینینی رووناكی ژیان و خۆشییەكانی ژیانیت ، بانگهێشتەكەی من قەبوڵ بكەن. بۆ ئەوەی ژیانێكی پڕلە رووناكی و خۆشیی ببینن چاوەكانتان بكەنەوە. پێویست ناكات كەسی تر زەحمەت بدەن و باری خۆتان بخەنە سەر شانی كەسێكی تر ، بەڵكو تەنها لە خەو هەستن و سەیر بكەن. لە راستیدا ئەگەر چاوەكانتان لەبەرامبەر ئەو رووناكی و خۆشیانە داخەن ئەوا تاریكی سەرتاپای ئێوە دادەگرێت و لە تاریكی دا نوقم دەبن.
چاوەكانتان بكەنەوە و پێ لە قەڵەمڕەوێكی نوێ بنێین و شكست و سەرنەكەوتن بگۆڕنەوە بە سەركەوتن ، تاریكی بگۆڕنەوە بە رووناكی و مردن بكەن بە نەمریی . وەرن هاوڕێ و هاوسەفەر و هاوگەشتی من بن، من دەمەوێ لەو عەشقە خواییە شەریك و برا بەشی ئێوە بم . هەر ئەندازە ئەو عەشق و خۆشەویستییە پەرە پێبدەین زیاتر گەشە دەكەین . سەروەت و سامانە راستەقینەكان كاتێك دابەشبكرێن رێژەكەی زیاتر و زۆرتر دەبێت و كەم ناكات و بە پێچەوانە زیاد دەكات.
عەشق ، عەشق دێنێت و خۆشەویستی خۆشەویستی لێدەكەوێتەوە و نەفرەتیش نەفرەتی لێ شین دەبێ. هەر شتێك بدەین هەر هەمان شت وەردەگرینەوە و هەرچی بكێڵین هەر هەمان شتیش دەدوورینەوە، ئەمە یاساییەكی هەمیشەیی و نەگۆڕە. تۆ ئەگەر دڕك و داڵت بە دیاریدا بەكەسێك ناتوانی چاوەڕەوانی گوڵی لێبكەی ، هەر شتێك بدەی بە كەسێك هەمان شت وەردەگریەوە.
من لە چاوەكانی ئێوەدا چرۆكردنی گوڵەكانی عەشق و خۆشەویستی و ئاشتی و ئارامی دەبینم . عەشق هەموو دڵەكان پێكەوە گرێدەدات و دەیانكات بە یەك، عەشق یەكریزی و یەكگرتوویی بنیات دەنێت. جەستەی فیزیكی لە یەكتر جیادەكاتەوە بەڵام عەشق و خۆشەویستی و یەكبوون پێكەوە دەلكێنێت. كاتێك گڕ و تینی یەكبوون و یەكگرتوویی هاتە گۆِڕێ ئەو كات مرۆڤ لە هەمووشتەكان تێدەگات و دەتوانێت لەسەر هەموو شتێك قسە بكات. پەیوەندی روحی و گیانی تەنها لە ڕێگای عەشقەوە مسۆگەر دەبێت و سەر دەگرێت. ئەوەی من باسی دەكەم و ئەوەی ئێوە دەبیستن هەمووی لە ڕێگەی عەشقەوەیە. هەمیشە دەرگاكانی دڵ بۆ عەشق كراوەیە. لەبیرتان بێت ئەوە دڵە شتەكان دەبیستێت نەك گوێ، ئەو كاتە تۆ شتەكان بە باشی دەبیستی كەبەدڵ گوێت لێ گرتیبێت. ڕەنگە بە لاتانەوە سەیر بێت و پرسیار بكەن جا شتی وا چۆن دەبێت؟ مرۆڤ بە دڵ ببیستێت؟ بەڵێ من دەڵێم ئەگەر شتێك هەبێ بۆ بیستن ئەوە دڵە دەبیستێت نەك گوێ، چونكە سەرەكان بەردن و گوێچكەكان هەموویان كەڕن. تەنها گوێچكەی دڵ بە باشی شتەكان دەبیستێت. هەر لە كۆنەوە وتوویانە: ئەو قسەیەی لە دڵەوە بێ لەسەر دڵیش دەنیشێت. ئەو قسەیەی كە لە ناخی دڵەوە بێت و بەراستی قسەی دڵیش بێت وەك گوڵێك وایە كە بۆن و بەرامەی خۆی بڵاودەكاتەوە. ئەگەر دەرگاكانی دڵتان بخەنە سەر گازەرەی پشت، ئەگەر دەرگای دڵتان بكەنەوە ئەوكات پەیوەندی دروست دەبێت كە پەیوەندییەكی ڕوحی و گیانییە كە تێدا وشەكان كەمترین دەسەڵات و هێز و توانا و ڕۆڵیان هەیە، لەو كاتەدا زۆر شت هەیە بێ ئەوەی وشە تێدا بە كار بهێنرێت و بە زمان بوترێت قابیلی تێگەیشتنە. لە راستیدا ئەوە عەشقە واتا و مانا بە وشەكان دەبەخشێت. وشەكان خۆیان سیمبولی بێهێزی و بێ توانایین، ئەوە عەشقە گوڕ و تینیان پێدەبەخشێت . ئەگەر بە مێشكێكی ئارام و لەسەرخۆ و هێدی گوێ لەو وشانە بگری كە عەشق هێزی پێبەخشیون ئەوە لە واتا و مانا دڵنشینەكانیان تێدەگەین. ئەوجۆرە لە بیستن پێدەڵین بیستنی دڵ، یانی تەنها دڵ دەیبیستێت.
بەداخەوە ئێمەی مرۆڤ كاتێك گوێ لە كەسێك دەگرین مێشكمان ئاسودەنییە و هاوكات لە بیرو هۆشی بۆچوونەكانی خۆمانداین و لە ڕاستیدا ئێمە گوێگرێكی درۆزنین. بۆ ئەوەی گوێگرێكی راستەقینە بین دەبێ بەر لە هەر شتێك مێشك و زەینی ئێمە لە كەشوهەوایەكی ئارام و بێدەنگ دا بێت. دەبێ زۆر بە سادەیی گوێبگرین و خۆمان لە شتی تر دوور بگرین ئەوە لەو كاتەدایە كە دەبیستین و تێدەگەین و باش تێگەیشتن نیشانەی ئەوەیە كە باش گوێمان داوەتێ و باش بیستوومانە، ئەو كاتەیە تێگەیشتن و گۆرانكارییەكان لە هەست و بیری ئێمەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بە تەواوی گوێمان گرتووە و بیستومانە و تێگەیشتووین. ئەگەر وەها كارێك ئەنجام نەدەین ئەوە تەنها هەر گوێمان لە خۆمان گرتووە و گوێمان نەداوە كەس و هەر ئەوەش وا دەكات كە زەنازەنا و دەنگە دەنگ و هەرا و فەرتەنە و ئاشوب دەروونی هەموو لایەك داگیر بكات و ئەو سەرقاڵبوونە رێگە نادات لەوەی كە پەیوەندییەكی راستەقینە و پەیوەندێكی ڕۆحی دروست ببێت، هەرچەند بە ڕەواڵەت گوێت گرتووە بەڵام لە ڕاستیدا گوێت لە هیچ نەگرتووە و هیچ شتێك نابیستی.
حەزرەتی مەسیح دەڵی: " ئەوانەی كە چاویان هەیە لێیان گەڕێن با ببینن و ئەوانەی كە گوێیان هەیە بۆ بیستن ، لێیان گەڕێن با ببیستن ".
مەبەستی حەزرەتی عیسا لەوەیە چاو و گوێ تەنها بۆ بینین و بیستن بەس نییە بەڵكو شتێكی تریش هەیە كە پێویستی بە بینین و بیستن هەیە ئەویش دەروونێكی ئارام و گوێگر وشیار و زیرەكە، كاتێك ئەو خسڵەت و تایبەتمەندیانە لە مێشكدا بوونی هەبێ، ئەوكاتە دەرگاكان كراوەن و بیستن و بیستراو زۆر بە ئاسانی و سانایی ئەنجام دەگرێت.
هەركاتێك خوت لەسەر ئەو شێوازە لە بیستن ڕابهێنی ئەوا بۆ هەموو تەمەنەت دەحەسێتەوە و ئەو هونەرە (گوێگرتنە)وات لێدەكات مێشك و زەین و دڵ و دەروونت لە دەست هەموو جۆرە سەرقاڵبوونێكی بێسوود و بێكەڵك ڕزگاری بێت و ئەوە یارمەتیتان دەدات كە ئاگاداری ڕاز و نهێنییەكانی جیهانی دەرورووبەرت بی و وردەوردە بەهرەمەند بی لەو رووناكی و رازانەی كە دەروونتدایە .
ئەساس و بناغەی ژیانێكی باش لە بیستن و بینینی باش دایە، یانی باش بیستن و باش بینین بناغەیەكی پتەو و قایم و بەهیزە بۆ ژیانێكی باش. هەر وەك چۆن لە ئاوێكی ئارام و پاكی دەریا هەمووشت دیار ، لەناو مێشك و زەینێكی پاك و بێگەردی مرۆڤیش حەقیقەت كە هەمان (خواوەندە) بە جوانی دەبیندرێت. بۆ ئەوەی لە حەقیقەت تێبگەین و هەستی پێبكەین دەبێ ئامادەكاری و زەمینەسازی بۆ بكرێت ، هەر وەك چۆن ئەگەر بتەوێت بەرهەم و دەستكەوتی كشتوكاڵیت هەبێ دەبێ زەوی بكێڵی و ئاوی بدەی و خزمەتی بكەی هەتا بەرهەم دێت، هەر بە هەمان شێوەش دەبێ مێشك و زەینی مرۆڤ ئامادە بكرێت و بۆ ئەوەش دەبێ چەند پەند و ئامۆژگارییەك بكەی بە ئەلّقەی گوێت و لەبەرچاوی بگری تا بەدەستهێنانی حەقیقەتت بۆ ئاسان ببێتەوە.
بەشێوەی سروشتی و بە دوور لە هەر جۆرە ساختەچێتییەك بژین ، بە گشتی زۆرجار ژیانی مرۆڤەكان بە شێوەی ساختە و ناسروشتییە و بە پێی هەندێ بارودۆخی درۆینەیە، هەندێ بە پێی هەلومەرجی درۆینەی زاڵ بەسەر كۆمەڵگایە. مرۆڤەكان هەمیشە خۆیان لە ناو جلو بەرگێكی درۆینە و ساختەچێتی شاردۆتەوە و هەر ئەوەش وای كردووە لە " وجود" و "بوون" –ی راستەقینەی خۆیان دوور بكەونەوە و سیمای راستەقینەی خۆیان لە دەست بدەن و هەموو شت بن تەنها خۆیان نەبن. هەر بۆیە دەبێ ئەو دەمامكە درۆینەی كە بە روخساری خۆیانەوە ناوە بخەنە لاوە و سیمای راستەقینەی خۆیان دەربخەن ، هەر وەك چۆن هونەرمەندێكی شانۆكار پاش ئەوەی كە رۆڵەكەی گێرا دەست و دەموچاوی لەو رەنگ و دەرمانەی كە بۆی كراوە دەشوات و جلوبەرگی خۆی دەگۆڕێ و دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی شەخسی خۆی، ئێوەش وابكەن خۆتان لە دەست ئەو دەمامك و جلوبەركە درۆینانە رزگار بكەن و شەخسییەتی راستەقینەی خۆتان دەرخەن و بە شێوەیەكی سروشتی و ئاسایی بژین.
سەرچاوە/ كتاب راە كمال
تۆ جوانترین گوناهی منی