هاوكێشەی ترس و عەشق

ئۆشۆ:
و/ جەواد حەیدەری
بودا بودایە،كریشنا كریشنایە ، ئێوەش خۆتانن. كەس لە كەس كەمتر نییە و كەسیش لە كەس گەورەتر نییە، خۆتان بن و رێزی خۆتان بگرن و گوێ لە ناختان بگرن و ملكەچی بن، لەبیرتان بێ كە گرەنتی ئەوەتان پێنادەم كە هەمیشە دەرونتان ئێوە بەرەو رێگای ڕاست پەلكێش بكات چونكە جاری واهەیە كە مرۆڤ بە لارێدا دەبات. بۆ ئەوەی بگەن بە مەنزلی حەقیقەت  زۆرجار دەبێت بە هەڵە لە زۆر دەرگا بدەن. دروستەكەشی هەر ئەوەیە، هەموو هەوڵەكان كاریگەرن بۆ گەیشتن بە لوتكەی كامڵ بوون، كەواتە مەهێڵن شك و دوودلی ڕوو بكاتە دڵتان و ترستان لەوە نەبێت  كە هەڵە بكەن یان بە رێگایەكی هەڵەدا بڕۆن و تووشی هەڵە بن.
یەكێك لە گەورەترین هەڵەكانی كە فێری مرۆڤ كراوە ئەوەیەكە هەرگیزهەڵە نەكات و ئەمەش شتێكی مەحاڵە. هەر ئەوەشە وا دەكات كە مرۆڤ ترسنۆك و نائازا بێـت و مرۆڤ وا ڕادێت كە لەترسی ئەوەی كە نەبادا هەڵە بكات دەست بۆ هیچ كارێك نابات هیچ هەنگاوێك نانێت و وەك بەرد لەهەموو جموجۆڵێك وەستاوە و هیچ ئیش و كارێك ناكات.
هەتا خوا حەز دەكات هەڵە بكەن بەڵام شتێكتان لەبیر بێت كە هیچ كات هەڵەیەك دووجار دووبارە مەكەنەوە بۆئەوەی كە گەشە بكەن. ئەوە مافی خۆتانە و كەس بۆی نییە لێتان زەوت بكات، لەبەرامبەر هەموو شتێكدا بوەستەنەوە، بەو شێوەیە بەهێز دەبن، ئەگەر وا نەكەن زۆر سست و لاواز و بێ ئیرادە دەبن.
هەموو ئەو شتانەی كە تا ئێستا بیستووتانە لەبیری خۆتانی بەرنەوە و فەرامۆشی كەن، چ ڕاست بێت و چ هەڵە وازی لێ بێنن. ژیان هەمیشە وەك یەك نییە و دەگۆڕدرێت، ئەوەی كە ئەمڕۆ راست و دروستە ڕەنگە سبەی هەڵە بێت، ئەوەی ئێستا هەڵەیە ڕەنگە دواتر ڕاست و دروست بێت، ژیان وەك زەرفی نامە نییە كە بە ئاسانی بتوانی پولی دروست یان هەڵەی لێبدەی . ژیان تاقیگەی كیمیا زان و كیمیاناسێك نییە كە پڕ بێت لە بوتڵ و هەر بوتڵێك لەسەری نووسرابێت و پاشان زۆر بەئاسانی هەر بوتڵێك بتەوێت بیدۆزیتەوە. ژیان ڕازە، دەبێت ئەو سڕ و ڕازە بدۆزرێتەوە.
تەعبیر و لێكدانەوەی من لە ڕاست و دروست چییە؟ هەرشتێك لەگەڵ ژیان هەماهەنگ بێت و یەك بگرنەوە ئەوە راست و دروستە و هەر شتێك لەگەڵ ژیان و حەیات یەك نەگرنەوە هەڵەیە. ئێوە دەبێ هەموو سات و كاتێك زۆر وشیار و بە ئاگا بن، چونكە هەموو ساتێك سەرەتای دەستپێكردنە. ئێوە نابێت هەر رازی بن بەو وەڵامانەی كە پێشتر ئامادە كراون، ئەو وەڵامانەی كە دەریانخستووە كە كام راستە و كام هەیە، ئەوە تەنها نەزان و گەمژەكانن كە رازین بەو وەڵامانەی كە پێشتر ئامادەكراون یان خراونەتە ڕوو. گەمژەكان پێویستیان بەوە نییە كە وشیار و زانا بن .ئێستا ئێوە دەزانن دروست كامەیە و هەڵەیە كامەیە؟ هەر ئێستا ئێوە دەتوانن لیستێك لەو شتانەی كە هەڵەن یان ڕاستن بگرن و تەنانەت ئەزبەریشی بكەن.
ژیان بەخێرایی بەڕێوەیە و تێدەپەڕێت. ژیان لە جموجۆڵ دایە ، وەكو ئاوی حەوزێك نییە كە جوڵەی نەبێت و لە جێی خۆیدا راوەستێت . ژیان وەك ئاوی ڕووباری گۆنگ وایە بەردەوام دێت و دەڕوا، تەنها بۆ ساتێكیش وەستانی نییە. ژیانیش وایە قەت وەستانی نییە و ساتەكانیشی لە یەكتری ناچن، ئەوەی ئێستا هەڵەیە ڕەنگە دواتر دروست بێت و ئەوەی ئێستا ڕاست و دروستە ڕەنگە دواتر هەڵە بێـت. كەواتە دەبێ چ بكرێـت؟ تەنها رێگە چارە ئەوەیە كە خەڵك وشیاركەینەوە بۆ ئەوەی خۆیان بڕیاردەر بن و بتوانن ژیانی خۆیان بگۆڕن و بژین.
ترس شتێك نییە جگە لە نەبوونی عەشق ، عەشقتان هەبێت ترس وەلانێن.ئەگەر خۆشەویستی و عەشقتان هەبێـت، ترس لەناو دەچێت.
ئەگەر لە ناخی دڵتانەوە عەشق و خۆشەویستی بكەن ئەوا ترس ون و بزر دەبێت. ترس شتێكی نێگەتیڤ و خراپە ، ترس تاریكییە، تاریكیش لەنەبوونی ڕووناكی دروست دەبێت.  ئەگەر ڕووناكی لایبەت تاریكی دەردەكەوێت، هەرچی بتەوێ بیكەی دەتوانی بەڵام ناتوانی تاریكی لەناو ببەی هەتا ڕووناكی نەبێ. هەركاتێك ویستت تاریكی لەناوببەی دەبێت ڕووناكی پێكبهێنی . چرا هەڵكەن هەتا ڕووناكی دەركەوێت و چرا بكوژێنەوە هەتا تاریكی باڵت بەسەردا كێشێت. پێویستە تۆ كار بە ڕِووناكی بكەی ، تاریكی هیچ ئیش و كارێكی لەدەست نایەت. ئەوە باش بزانن كە ترس تاریكییە، تاریكیش لە نەبوونی ڕووناكی دروست دەبێت و ترسیش لە نەبوونی عەشق. ئەگەر عەشقت نەبێ ترسنۆكی و هەركارێكیش بە ترس و لەرزەوە بكەی زیاتر تووشی هەڵە و سەرپێچی دەبی. ئەگەر عەشقت نەبێ توانای ئەنجامدانی هیچ ئیش و كارێكت نابێ، هەرچی ئەنجامیشی بدەی زیاتر بەرەو لای ترس و ترسنۆكی هەنگاو دەنێیت.
لەگەڵ ترس بەشەڕ مەیە، چونكە زیاتر دەترسی، ترس تازە بۆتە بەشێك لە بوون و وجودی تۆ، كە واتە بۆ ئەوەی ترس لە ناو ببەی و ترس بكوژی ، عەشق و خۆشەویستیت هەبێ، دڵداری بكە، هەركاتێك خۆشەویستیت كرد بێ گومان ترس لەناودەچێت، ترس لە نەبوونی عەشق و خۆشەویستی دروست دەبێت. شك و گومان لەوەدا نییە كە ئەگەر هۆگر و عاشق بی ترست نامێنێـت. ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت عاشق بن، ئایا هەست بە ترس و مەترسی دەكەن؟ كاتێك دوو كەس لە ناخەوە هۆگری یەك دەبن و خۆشەویستییان بۆ یەكتر دەبێ ودواتر یەكتر دەبینن و دیدارێك ساز دەكرێت و دەنگیان ئاوێتەی یەكتر دەبێت، لەو كاتەدا ترسێك بوونی نییە، هەر وەك چۆن كاتێك چرا هەڵدەكرێت ئیتر تاریكی بوونی نییە. رازی كردنەوەی قفڵی ترس ، عەشق و خۆشەویستییە.
ئەگەر لە ژیان دەترسی زیاتر عاشق بە و زۆرتر خۆشەویستی بكە. بەڵام بوێری لە عەشقدا پێویستە بە ئازایەتی و چاونەترسی هەیە. بە بێ مەرج  عاشق بە.هەتا دەتوانی عاشق بە ، چونكە تا زیاتر عاشق بی كەمتر دەترسی. لە پەیوەندی لەگەڵ سێكس دا هەرچی زیاتر عەشق ئەزموون بكەی زیاتر ترس لە جەستەت دوور دەكەوێتەوە، ئەگەر لەش و جەستەت  لە ترسان دەلەرزێت ئەوە پەیوەندی بە سێكسەوە هەیە. یانی لەبارەی جەستەوە پەیوەندییەكەت قوڵ نەبووە ، لەش و جەستەت بۆیە دەلەرزێت چونكە هەست بە ئاسودە بوون ناكات، بۆ ئەوەی خۆشی و ئاسودەیی جەستە و لەشت داگرێت خۆشەویستی بكە و عاشق بە. ئەو كات هەموو ترسەكانی ناو وجودتت لەناو دەچێت.
كاتێك دەڵێم هەموو ترسەكانت بەرەو نەمان دەڕوات مەبەستم ئەوەیە ئازا و بەدڵ و جورئەت دەبی. چونكە ئازایەتی و بوێری و نەترسی و چاونەترسی لە راستیدادا بە مانای هەڵگەڕانەوە و ئاوەژوو بوونەوەی ترسە. ئەگەر وتم ترس و لەرزەكانت لەناودەچێت بەو مانایەیە كە ترس و بوێری و ئازایەتییەك  بوونی نییە، ترس و ئازایەتی تەنها دوو وێنەیە. ئەگەر سەیری كەسانی ئازا و نەترس و بوێر بكەی لە راستیدا لەناخی خۆیاندا هەست بە ترس دەكەن بەڵام قەڵغانێكیان بۆ خۆیان دروست كردووە كەبەرامبەر ئەو ترسەدا بتوانن لەخۆیان بەرگری بكەن. بوێری بە واتای نەبوونی ترس نییە،بەڵكو بوێری و ئازایەتی ئەوەیە كە تاك لەبەرامبەر ترسدا بەرگری لەخۆی دەكات و ترس كۆنترۆڵ كراوە، پیاوی نەترس ئەو پیاوەیە كە نە كەس دەترسێنێـت و نە خۆشی لە كەس دەترسێت.
سەرچاوە/ كتێبی شهامت

ژیان سادەیە وەكو سەما

ئۆشۆ
و/ جەواد حەیدەری
ژیان زۆر سادەیە، وەكو سەمایەكی بە شەوق و زەوق ، ئەم جیهانە دەتوانێت لێوانلێو بێت لە سەما و شادی ، بەڵام هەندێ كەس لەبەر بەرژەوەندی خۆیان ڕێگە نادەن كەس لە ژیان تام و چێژ وەرگرێت ، لێناگەرێن بزە بێتە سەر لێوان، ناهێڵن كەس پێبكەنێت، دەڵێن ژیان پڕاوپڕێتی لە تاوان و گوناح، دەڵێن ژیان خانەی سزایە.
تۆ چۆن دەتوانی بژی كە شەو ورۆژ بە بەردەوامی بە گوێتدا دەچرپێنن كە ژیان ناخۆشە و ژیان خانەی سزایە، تۆ لەبری ئەو تاوانەی كە كردووتە ( مەبەستی گوناحەكەی ئادەم و حەوایە) هەمیشە لەئازار و ناخۆشی دایت و دوور خراویتەوە، تەنها لەبەر ئەو گوناحەی كە كردووتە، ئێرە بۆ تۆ زیندانە.
پێت دەڵێم ژیان زیندان و بەندیخانە نییە، ژیان سزا نییە، ژیان پاداشت و دیارییە، تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە شایستەی وەرگرتنی ئەو پاداشتن. ئەوە مافی تۆیە كە لەژیان چێژ وەربگری، ئەگەر لە ژیان تام و لەززەت و چێژ وەرنەگری تاوانت كردووە، ئەگەر تۆ جوانی نەبخشی بە ژیان یان ژیان وەك خۆی وێڵا بكەی ئەوە بەدژی ژیان هەنگاوت ناوە، بە خۆشی و شادی ، بە بۆن خۆشی و بە جوانی ژیان بەجێبهێڵە. گوێ لە ناخی خۆت بگرە ، بەڵام بە بێدەنگی ، ڕاستە بەسەرتدا هاوار ناكات و دەنگی بەرزناكاتەوە بەڵام ئەگەر ماوەیەك بێدەنگ بی رێگای ڕاست لەناخی خۆتدا هەست پێدەكەیت. هەر ئەو كەس بە كە هەیت، قەت هەوڵ مەدە كەسێكی تر بی، هەر خۆت بە، ئەو كات دەگەیت بە باڵق بوون ، باڵق بوون یانی بە هەر نرخ و بەهایەك بێت تۆ هەست بە بەرپرسیارێتی بكەی. باڵق بوون ئەوەیە كە تۆ لە پێناو ئەوەی كە بیسەڵمێنی كە خۆتی ، ئامادەی بەرەنگاری هەموو جۆرە مەترسییەك ببیتەوە، ئەوە باڵق بوونە.
تۆ دەبێت زۆر وشیارانە لەگەڵ خۆت مامەڵە و هەڵسوكەوت بكەی، چونكە تا ئێستا تۆ نەتوانیوە لەگەڵ خۆت بە شێوەیەكی وشیارانە هەڵسوكەوت بكەی. سەرەتا بۆ ئەوەی بتوانی وشیارانە مامەڵە لەگەڵ خۆت بكەی دەبێ هەموو ئەو شتە هیچ و پووچ و بێ كەڵك و بێسوودانە لە خۆت دوورخەیتەوە، زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵكە ئەم هەموو شتە بێ كەڵكانە بۆ لەگەڵ خۆی هەڵیاندەگرێـت و بەبەردەوامی داوێتی بە كۆڵی خۆیدا، مرۆڤ سەیری سوڕ دەمێنێت، ئاخر لەبەرچی؟  بۆچی؟ تەنها لەبەرئەوە ی بە گوێی تۆیانداداوە كە ئەمانە بەنرخ و بەهادارن.
باڵقبوون
باڵقبوون لەگەڵ گەورەبوون و پیربوون وبەساڵاچوون جیاوازی هەیە. ئەو كەسانەی كە زۆر گرنگی بە قسەی خەڵكی دەدەن و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن كە بزانن خەڵك لەبارەیانەوە چی دەڵێن و چی دەكەن لە راستیدا ئەو جۆرە كەسانە ناباڵقن و هێشتا باڵق نەبوون، ئەوجۆرە كەسانە وابەستە بە بیروڕای خەڵكین و خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن یان هیچ كارێك بكەن، ناتوانن راشكاوانە و راستگۆیانە قسەی خۆیان بكەن و هەمیشە ئەو قسانە دەكەن كە خەڵك پێیانخۆشە و حەزی لێدەكەن و بە مەیلی خەڵك دەدوێن. ئەو جۆرە كەسانە لە راستیدا هێشتا باڵق نەبوون چونكە باڵقبوون لە ئاگایی و زانایی و تێگەیشتن سەرچاوە دەگرێت. سیاسەتمەدارەكانیش هەمان تایبەتمەندییان هەیە ئەوانیش هەمان قسە و لێدوان دەدەن كە جەماوەری چاوەڕوانی دەكات و هەمان بەڵێن و گفت دەدەن كە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا گەڕەكیانە لە زمانی سیاسییەكان بیبیستن، سیاسییەكان خۆشیان باش دەزانن كە ئەو بەڵێن و پەیمان و بڕیارانەی كە دەیدەن لە راستیدا ناتوانن بیبەنەسەر و جێبەجێیان بكەن و هیچ كامیان لە سیاسییەكانیش لە خەیاڵی ئەوەدا نین كە بەڵێن و گفتەكانی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن. ئەگەر ئەوان بە راستی و دروستی و راستگۆیی لەگەڵتان بدوێن ئەوە ئیتر ئەوان بە تەواوی ئێوە دڵنیا دەكەنەوە كە ئەو بەڵێنانەی داویانە ناتوانن بیبەنەر سەر ئەوە لەسەر كورسی لادەچن و دەسەڵاتیان نامێنێت بەڵام ئەوان هەرگیز وەها كارێك ناكەن، چونكە ئێوەش ئامادە نین دەنگ بە وەها كەسانێك بدەن ، ئەگەر ئەوان لەگەڵ ئێوە ڕاستگۆ بن ئەوا ئیوە دەكەونە گومانەوە و ئامادە نین كە دەنگیان پێبدەن. دونیایەكی سەیرە، شێتخانەیەكی تەواوە، ئەگەر لەم شێتخانەیەدا (دونیا) هەست بە وجودی مەعنەوی خۆت بكەی و لەوبارەیەوە ئاگایی و وشیاری بە دەست بهێنی ئەوا دەگەیی بە كامەرانی و بەختەوەری .
زۆربەی خەڵك دەڵێن عەشق كوێر و نابینایە ، بەڵام من دەڵێم عەشق چاوی هەیە یان باشتر بڵَێم كە تەنها عەشق چاوی هەیە دەنا باقی شتەكانی تر هەمووی كوێر و نابینان. حەزدەكەم واقیعی تر بژین، هەموو دەمامكەكان بخەنە لاوە، مەرایی و دووڕۆیی و ساختەچێتی وەلانێن چونكە ئەوان قورسایی دەخەنە سەر دڵ و دەروونتان، رووت بنەوە لە هەموو شتێك (مەبەستم جلوبەرگ نییە – وەرگێڕ) ڕووت بنەوە لە هەموو ناپاكی و ناشیرینیەك، رووت بنەوە لەهەموو ئەوشتانەی كە دژی حەقیقەتن، هەڵبەتە ئەم ڕووتبوونەوەیە هەروا بە ئاسانی و ساكاری نابێت و كێشە و گرفتی خۆی هەیە و هەر ئەو گرفت و كێشە و ناخۆشیانەیە كە بەها و نرخیان هەیە، هەر دوای ئەو چەرمەسەری و سەختیانەیە كە مرۆڤ گەشە دەكات و باڵق دەبێت. مرۆڤی ئەمڕۆ وەها لە ناو دەریای خەیاڵ و سەرلێشێواوی خۆی نوقم بووە كە نازانێت چۆن خۆی دەرباز بكات و حەسرەتی رزگاربوون دەخوازێت لەو ئاوات و ئارەزوویانەی كە لەناخی ئەودا هێلانەیان كردووە. ئەو كاتە دەتوانێت بڵێن كە مرۆڤ بە كەمال و بەختەوەری گەیشتووە كە توانی بێتی ئاشقانە و ئەڤیندارانە ژیانی بەسەر بردبێت و خۆشەویستانە ژیابێت و لێوانلێو لە عەشق و خۆشەویستی بووبێت و توانیبێتی ئەو عەشق و خۆشەویستییە لەگەڵ كەسانی تردا دابەشبكات و هەمیشە قۆڵی بۆ خۆشەویستی و عەشق هەڵماڵی بێت و كەسێكی بەخشندە و دلۆڤان بێت، ئەوەیە هەمان گەشە و باڵقبوونێك كە نەرمە نەرمە و وردە وردە سۆراغی مرۆڤ دەگرێت و لێی نزیك دەبێتەوە. مرۆڤێك كە بە قۆناغی كامڵ بوون گەیشتبێت هەمیشە پەنجەرەكانی كراوەیە بۆ بەخشین ، تەنها ئەو كەسانەش دەتوانن بەخشندە و دلۆڤان بین كە پڕن لە عەشق ، لێوانلێون لە خۆشەویستی، لێرەوە كە ئیتر عەشق وەك كەرەستەیەك یان ئامێرێكی وابەستەبوون سەیر ناكرێـت، عەشق راستەقینە یان  عەشقی بەغەل و غەش ئەوەیە كە بتوانی بیبەخشی ، بكەیت بە دیاری، بێ هیچ مەرج و شەرت و شروتێك بە هەموو كەسی ببەخشی ، كەسێك لە عەشقدا نوقم نەبووبێت چۆن دەتوانێت بەخشندە بێت، عەشقێك بۆ ئەوەی بێتە عەشقێكی راستەقینە بەر لە هەر شت دەبێت عەشقێكی پاك و بێگەرد و بێ غەل و غەش بێت، بە شێوەیەك بێت كە بكرێت بەسەر هەموو لایەكدا دابەشبكرێت. عەشق دەگەرێت و لە شوێنێك بەند نابێت ئەو بە بەردەوامی درێژە بە رێگارۆیشتنی خۆی دەدات و بۆ ساتێكیش ناوەستێت، عەشق وەستان و بەندبوون و مانەوە ناناسێت ، عەشق هەمیشە بەڕێوەیە، هەر بۆیە زەینی خۆت رزگار بكە لە هەموو ئەو شتانەی كە بوونەتە لەمپەر و كەند و كۆسپ لەسەر ڕێگات ، ئەوكات دەتوانم مژدەی ئەوەت پێبدەم كە بە پاكی و ڕوونی دەگەیت و ئەو كات دەتوانی هەمووشتەكان وەك خۆیان بیانبینی و ئەوكاتەیە كە نە لە گوماندا دەبی و نەك بە پەروشیش دەبی، چونكە دڵ پەرێشانی و گومان دوو ڕووی یەك دراون.
سەرچاوەكان/ كتێبی سرگشتگی
كتێبی بلوغ