به به گیان

شاعیر

ھێمن موکریانی

محەمەد ئەمین شێخولیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو. ھێمن بەھاری ۱۹۲۱ لە دایک بوو و 16/4/1986 لە ورمێ کۆچی دوایی کرد.

سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی ناسراو بە ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک(گۆج)دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە رەزا خان جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد وشەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار وئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو‌ بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلفوبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلفوبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ رەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا.ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن وپێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ ولە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن،جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، ناخێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ریش پان، لە عاڕەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو رەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە راوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شێعر ھاتبوو، ھەروا گارە گارەی دەھات، جار و بارە شێعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم. بەو جۆرە شێعر کوتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا وتێگەیشتوو دەبێ ،ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ ئەوەڵین و دوایین جار لە گوندی کولیجە ئاشق دەبێ، ئێشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی ،بەڵام ئەم ئاشق بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و راوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە رۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵى دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.

ژیانی سیاسی

ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمانە کە لە کۆمەڵەی ژ-کاف و کۆماری کوردستاندا وەکوو پێشمەرگەیەک خزمەتی بە نەتەوەکەی دەکرد و لە نێو تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە کە ھەر یەکەی ناوی نھێنیان ھەبوو، بە ھێمن ناسرا و ھەر وەکوو بۆخۆی دەڵێ: من ھیچم لە پێشمەرگایەتی لێ حاڵی نەبوو و ھیچ کەڵکێکم لێ وەرنەگرت، تەنیا ئەو خێرەی بۆ من ھەبووە، ئەویش کە ئەو ناوە دوورودرێژەی لە کۆڵ خستم. لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی کۆچی ھەتاوی لە شاری مەھاباد کۆمەڵەی ژ-کاف بە دەستی رەحمانی زەبیحی وچەند کەسی دیکە دادەمەزرێ. ھێمن دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و شەو ورۆژ لە بیری ئەوە‌دا دەبێ کە چی بۆ ئەو کۆمەڵەیە بکا کە کاری رزگاری کوردستانە، ھێمن لەو کۆمەڵەیەدا دەبێتە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان و دوایەش گۆڤاری ئاوات. لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی ھەتاوی کە لە سەر بناغەی ژ-کاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە رێبەرایەتی قازی محەممەد دادەمەزرێ، ھێمن بۆ یەکەم جار لە مزگەوتی سووری مەھاباد لە بەرامبەر خەڵک‌دا شێعر دەخوێنێتەوە و دەبێتە سکرتێری ھەیئەت رەئیسەی میللی دێموکڕات و دوایە لە کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزبدا دەست بەکار دەکا. لەو کۆمارەدا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگەکانی کوردستان کاری کردووە، لە گۆڤارەکانی ئەودەمی حیزب وەک کوردستان، ھاواری کورد، ھاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان و ھەڵاڵەدا شێعر و وتاری بڵاو کردۆتەوە. لە کۆماری کوردستاندا پێشەوا شانازی پێوە کردووە و رایگەیاندووە کە شێعرەکانی پڕ مانان ودەبێ تەواوی ئەندامانی حیزب لە بەری بکەن و بیکەنە پڕۆگڕامی تێکۆشینی خۆیان.

ھێمن ھەر لە پلەی یەکەمی تێکۆشانیدا وەک شاعرێکی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی بیر و باوەڕی خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو، چونکە ھەڵبەستەکانی لە راستەقینەدا ببوونە ئاوێنەی دڵی کۆمەڵانی گەل و دەربڕی بیر و ئاواتیان. ھێمن ھەر لە رۆژی یەکەمی تێکۆشانی ھونەری خۆیەوە بۆ خاوێن کردنەوە و پەرە پێدانی زمانی زگماکی قۆلی ‌ھە‌ڵماڵی. ھەڵبەستەکانی بە زمانێکی ساکار دەھۆنییەوە و بەزمانی گەل دەدوا، جا بەو بۆنەوە پێشەوا پێی ئەسپاردبوو، کە بۆ گەلێک وشەی فارسی و عەرەبی کە لە رێڕەوی خەباتی سیاسیدا بە کار دەھێندرێن، وشەی کوردی پەتی بدۆزنەوە و بەکاری بێنن، ھێمن بە سەرۆکی کۆمیسیۆنێک کە بۆ ئەو کارە دیاری کرابوو، دانرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بە داخێکی زۆر گرانەوە کۆمار دەڕووخێ و ھێمن دەڵێ: ئەو رووداوە دڵتەزێنە و ئەو کارەساتە جەرگ بڕە ھەموو کوردێکی بە شەڕەفی خەمناک و تازیەبار کرد.

ساڵی‌ ١٣٢٥ی کۆچی ھەتاوی دایکی پێ لە کەوشان دەکا و پێی دەڵێ: دەبێ ژن بێنی، بەڵام ھێمن نایەوێ ژن بێنێ؛ بەھەر جۆرێک بێ، دایکی، ھێمن رازی دەکا و داوای برازایەکی خۆی بۆ دەکا و ھێمن قەتی نەدیوە، بەم جۆرە لە٢٥ی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووکی بۆ دادەبەزێنن و ھەژار لە زەماوەندەکەیدا ھەڵدەپەڕێ و بەرھەمی ئەم ژن ھێنانەش کوڕێک بە ناوی سەلاح دەبێ. ساڵی ١٣٢٧ی کۆچی ھەتاوی وشکە ساڵی پێش دێ و ئەویش وەک خەڵکی دیکە دەکەوێتە چەرمەسەری و ناڕەحەتییەوە و گرانییەکی بە تەو‌ژم ئێران دادەگرێ، زۆر کەس لە برسان دەمرن وخەڵک لەو ساڵەدا کوللێرەی جۆ و ھەرزن دەخۆن.

لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ی کۆچی ھەتاوی کۆبوونەوەیەک لە مەیدانی شاری مەھاباد پێک دی وھێمن شێعری " دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغدا نیوەی رێت بێ" دەخوێنێتەوە. لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ئەو ساڵە ھێمن بە تەواوی قاچاغ دەبێ و ماوەیەکی زۆر بە کێوانەوە دەبێ و ساڵی ١٣٤٤ی کۆچی ھەتاوی باوکی دەمرێ و ھێمن دەڵێ: دەردی باب مردن، دەردێکی زۆر گرانە و پیاو لە ھەر تەمەنێکدا بابی بمرێ، ھەست بە ھەتیوی دەکا و دوو ساڵ دوای باوکی، دایکیشی دەمرێ و ئەم رووداوانە بە تەواوی پیری دەکا.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی١٣٦٤ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێ:‌ "ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا".

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب وفۆلکلۆر و شۆڕش دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و رێگای پاشە رۆژی بۆ رووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی رەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە٢٩ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێکردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

دیوانی ھێمن بە ناوی ناڵەی جودایی (١٩٧٩).دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەکانی و یادگارەکەی کاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ کاتێک ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە.ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دێموکڕاسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی رۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، ئاشقی دڵ پڕ لە ئەوین وخۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی رووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد، ئەو مرۆڤە بێ نازە خۆ لە ئاسن و پۆڵا دروست نەکراوە، بەڵکوو لە خوێن و گۆشتە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆی ئەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە ئەڵێت:

پارچە گۆشتێکە، دڵی من روو نییە     ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە

لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ:

شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە‌

شاعێر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و ئەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا راز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش روو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل ، شاعێری ئێشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو رۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.

بە فەرموودەی خۆی:

ھەتاکوو دوا پشوو رێبواری رێگەی ئێشق و ئازادیم     ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر

ھێمن کە یەکێک بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەو‌رەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک وروونی بەیانی ژیانی‌دا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

تاریک و روون (شێعر و پەخشان). ١٩٧٤

پاشەرۆک(شێعر و پەخشان).

توحفەی موزەففەرییە(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).

شازادە و گەدا .

قەڵای دمدم .

ھەواری خاڵی .

چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.

ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).

ناڵەی جودایی ، شیعر ١٩٧٩

پاشەروکی مامۆستا ھێمن ، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی کتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی،جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەک، شاخ ودەشت و دراوسێ و کەس و کار و یادگارەکانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیکە کە لە یاد ناکرێن ولە دەروون دوور ناکەونەوە.

 

 

شێركۆ بێكه‌س ئه‌و شاعیره‌ی‌ جێگای‌ تێڕامانه‌ 

 له‌سه‌ر زاری‌ ره‌خنه‌گرێگی‌ وه‌ك ( یاسین ئه‌لنه‌سیر) كه‌ ده‌ڵێت" ئه‌مه‌یه‌  شێوازو رێبازی‌ گه‌وره‌ نوسه‌رانی‌ جیهان، نمونه‌ی‌ گۆگۆڵ له‌ رۆمانی‌ (نیفسكی) و جێمس جویس كه‌(دبلن) ده‌نوسێ‌ و چارلز دیكنز كه‌له‌سه‌ر (لندن) ده‌نوسێ‌‌و (ماڵی‌ مردووه‌كان)ی‌ دیستۆفسكی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ هێماو سومبلی‌ ئه‌ده‌بی‌ سه‌ده‌ی‌ بیست و نیشانه‌ی‌ نوێخوازی‌ تازه‌بوونه‌وه‌ی‌ فیكر".

شێركۆ له‌سه‌ر ره‌وتی‌ ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ رێگا ته‌ی‌ ده‌كاو هه‌موو شێوازو میكانزیمه‌كانی‌ به‌ره‌و ئاڕاسته‌ بوونی‌ جیهانییه‌.

خۆشبه‌ختانه‌  له‌ماوه‌ی‌ داهاتودا له‌ ولاَتی‌ سوید ئه‌زمونی‌ 40 ساڵه‌ی‌ شیعری‌ ئه‌م كه‌ڵه‌ شاعیره‌ له‌ نێوان ساڵه‌كانی‌ 68 بۆ 2008 له‌ دووتوێی‌ 8 به‌رگی جوان قه‌شه‌نگدا بلاَوده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌سه‌رجه‌م ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی‌ و قه‌سیده‌ درێژه‌كانی‌..

هه‌فتانه‌ وێڕای‌ پیرۆزبایی‌ گه‌رم به‌و بۆنه‌یه‌وه‌  ، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی‌ شێركۆ بۆ  قاهیره‌ ده‌قی‌ نوسینه‌كه‌ی‌ ( خچیر میری‌) بلاَوده‌كاته‌وه‌

شاعیر له‌ گه‌شته‌كانی‌ یه‌كه‌میدا

زیاتر له‌ دوو رۆژه‌ به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌ ده‌مه‌وێت فریای‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ شاعیری‌ كورد شێركۆ بێكه‌س بكه‌وم و چنگم بكه‌وێت، به‌ڵام نه‌مدیته‌وه‌، چه‌ندینجار به‌ مه‌به‌ستی‌ بینینی‌ ئه‌و شاعیره‌ رووم له‌ هۆڵی‌ پێشوازی‌ هۆتیل ئه‌لبرامیزا كرد له‌ سه‌نته‌ری‌ قاهیره‌دا، گه‌رچی‌ خۆم ئاماده‌ی‌ یه‌كه‌م دانیشتنی‌ كردنه‌وه‌ی‌ فیستڤاڵی‌ شیعری‌ عه‌ره‌بی‌ بووم، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ چووه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی‌ شانۆو ناڵه‌ی‌ ده‌نگیی‌‌و هه‌ناسه‌كه‌شی‌ به‌چپه‌ی‌ ده‌نگێكی‌ كوردیی‌ ساده‌ و قوڵه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌پێشدا به‌ كوردی‌ خوێندنییه‌وه‌ پاشان كردییه‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌..

گه‌شته‌كانی‌ به‌ نێو كورته‌ شیعره‌كانیدا سه‌رسامی‌ بوون، هه‌ستێكی‌ مرۆییانه‌ی‌ ده‌به‌خشی‌ ‌و ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ باكگراواندێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پڕ له‌ ئازار، كه‌ گه‌لی‌ كوردی‌ دێرین پێیدا ره‌تبووه‌، ئه‌و جه‌ختی‌ ده‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بیره‌وه‌ری رۆژانی‌ شاخ و به‌فرو منداڵی‌ و خه‌ونی‌ كورد و سووربوونیان له‌سه‌ر بچڕینی‌ ئازادی‌..

له‌و ده‌مه‌ی‌ له‌ هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئه‌و شاعیره‌ بووم بۆ بینین و سڵاو لێكردنێك لێی‌، لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاریی‌ فیستڤاڵی‌ په‌خشانه‌ شیعر له‌ قاهیره‌دا كۆبوونه‌وه‌ له‌ بنكه‌ی‌ نه‌قابه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ میسر، منیش ئه‌ندامێكی‌ به‌شداربووی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ بووم، تا ئه‌و كاته‌ی‌ (مه‌حمود ئه‌لقه‌رنی‌) شاعیر پێی‌ راگه‌یاندم كه‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌س بڕیاریداوه‌ بێت بۆ دیداره‌كه‌و سڵاو له‌و گه‌نجه‌ نووسه‌ره‌ تازانه‌ بكات كه‌ په‌خشانه‌ شیعر ده‌نووسن و له‌وێ‌ ده‌یخوێننه‌وه‌، له‌ كۆتایشدا تێكچوونی‌ زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ جێگای‌ سه‌رنج بوو، هه‌روه‌ها بڕواش نه‌ده‌كرا به‌ خۆشحاڵی‌ شاعیره‌ گه‌نجه‌كانیش، منیش یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌ حه‌ماسێكی‌ گه‌وره‌وه‌ له‌ شاعیرێتی‌ بێكه‌س و تایبه‌تمه‌ندیی‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ و سیما جیهانییه‌كه‌ی‌ له‌ شیعرو ده‌قه‌كانیدا ده‌دوام.

له‌ شه‌ودا شێركۆ بێكه‌سی‌ شاعیر ئاماده‌ بوو به‌ هاوه‌ڵی‌ ژماره‌یه‌ك هاوڕێَی‌ كوردی‌ خۆی‌، ژنه‌ شاعیری‌ سوری (لینا الگیبی) له‌ رێگه‌ی‌ سڵاوێكی‌ گه‌رم‌و له‌ دڵه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بووانی‌ پێشكه‌شكرد، جه‌ماوه‌ر ده‌سته‌ ده‌سته‌ ئاماده‌بوون و شۆڕه‌سواره‌كه‌ی‌ شاخیش (شیركۆ) چووه‌ سه‌رته‌خته‌ی‌ شانۆ بۆ پێشكه‌شكردنی‌ وته‌كه‌ی‌ له‌ په‌رژه‌وه‌ندی‌ جیاوازیی‌ و نوێبوونه‌وه‌دا وتی‌: "ئێمه‌ به‌ جیاوازییه‌وه‌ هه‌ین".

ئه‌و له‌گه‌ڵ تازه‌و تازه‌بوونه‌وه‌دایه‌، شێركۆی‌ شاعیر چه‌ند په‌خشانه‌ شیعرێكی‌ كورتی‌ خوێنده‌وه‌ كه‌ چه‌پڵه‌و سه‌رسامبوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ئاماده‌بوو، چه‌ندینجار شاعیری‌ ده‌وه‌ستان و ده‌پچڕاند له‌ خوێندنه‌وه‌دا.

زه‌مان

خۆی‌ له‌ گۆڕاد‌و

به‌ڵام سه‌عاته‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌

وا له‌ مه‌چه‌كێكی‌ تردا

خۆی‌ له‌ گۆڕدا‌و

پاڵتۆكه‌یشی‌

وا له‌به‌ر پیاوێكی‌ تردا

تا هه‌تایه‌ خۆی‌ هه‌ر ئه‌نوێ‌‌و

به‌ڵام سه‌عاته‌كه‌ی‌ بێدار

تا هه‌تایه‌ خۆی‌ ئیتر هه‌ڵناستێته‌وه‌‌و

به‌ڵام پاڵتۆكه‌ی‌ ئه‌مێستا

به‌پێوه‌یه‌ ‌و به‌جاده‌كانی‌ نێوشاردا

پیاسه‌ ئه‌كا‌و

به‌تیله‌ی‌ قۆپچه‌ی‌ چاوێكیش

سه‌رنج له‌ ماڵه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ پێشووی‌ ئه‌دا!

وێنه‌ گه‌رم و گرته‌ی‌ شیعره‌كانی‌، به‌دوای یه‌كدا بازیان ده‌دا (نهێنی‌، پیرۆزی‌، وته‌، دیاری‌، دوو په‌یكه‌ر) و زۆرێكی‌ تر له‌و شیعرانه‌ی‌ كه‌ زمانی‌ شوێن و ریتم‌و ره‌نگی‌ شته‌كان و دیمه‌نی‌ سروشت و پاشان به‌جێهێشتنی‌ كۆتایی‌ قه‌سیده‌كه‌ به‌ كراوه‌یی‌ بۆ خۆمان، كه‌ ئاره‌زووی‌ ته‌واوكردنی‌ ناكات، یا وته‌یه‌ك له‌ناو وته‌یه‌كدا له‌ شیعرێكی‌ حه‌په‌ساودا وه‌ك له‌و قه‌سیده‌یه‌ی‌ به‌ ناوی‌ (حه‌په‌سان)دایه‌:

له‌م كه‌ژه‌دا دار دوودڵه‌

بڕوات؟! یاخود هه‌روا راوه‌ستاو بێ‌؟

له‌م چه‌مه‌دا ئاو دوودڵه‌

ببێ‌ به‌شه‌خته‌؟! یان هه‌ڵم‌و بوخار؟!

له‌م رێیه‌دا قاچ دوودڵه‌

بگه‌ڕێته‌وه‌؟! یاخود هه‌ر به‌رده‌وام بێ‌؟

هه‌ڵكورمێ‌؟! یاخوود هه‌ر بفڕێ‌؟

له‌م ساته‌یشدا وشه‌كانی‌ من دوودڵن

ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ ته‌واوكه‌م؟

یاخود بۆ ئێوه‌ی‌ جێبێڵن؟!

با جێی‌ بێڵم؟!!

هه‌ر كه‌ شاعیر له‌ بێشه‌كه‌ی‌ نیشته‌وه‌، ته‌وقه‌م له‌گه‌ڵدا كردو پێموت: ده‌مه‌وێت بتان بینم، ئه‌ویش وتی‌: "سبه‌ی‌ به‌یانی‌ له‌ هۆڵی‌ پێشوازی‌ هۆتێله‌كه‌ چاوه‌ڕوانتم".

 شه‌و درێژ بوو، قاهیره‌ش به‌ ژیانی‌ شیعر و هه‌ناسه‌ی‌ شاعیران ته‌نرا بوو، كه‌ پێمنایه‌ هۆڵه‌كه‌، بێ هیچ ماندوبوونێكم سه‌رنجمدا شێركۆی‌ شاعیر دانیشتوه‌و له‌ سه‌عاته‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێ، به‌ بزه‌یه‌كه‌وه‌ پێی‌ وتم: "ئه‌م هۆتێله‌ ده‌گوێزمه‌وه‌، من هاتومه‌ته‌ قاهیره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك ببینم نه‌ك راخه‌رو فه‌رش و چلچراو و ژووری‌ كه‌شخه‌و جوان"، هه‌روه‌ها پێی‌ وتم: "عه‌سر په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بكه‌، چونكه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك بسوڕێمه‌وه‌و ده‌شمه‌وێت كتێب بكڕم و كتێبخانه‌كانی‌ میسر بزانم و پاشان له‌ شوێنێكی‌ دووره‌ چاودا له‌ شوێنێكی‌ نادیاردا نیشته‌جێ بم".

له‌و كاته‌ی‌ ته‌ماشای‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌یم ده‌كرد له‌ مۆبایله‌كه‌مدا، ئه‌و رۆژه‌، خێرایی‌ و دڵه‌ راوكێبوون، كات رۆژه‌كه‌ی‌ قاهیره‌ی‌ هه‌ڵلوشی‌‌و منیش له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌ودا بووم، له‌ گیرفانمدا زه‌نگی‌ مۆبیله‌كه‌م لێیدا‌و بۆ جارێكی‌ تر گوێم له‌ ده‌نگی‌ بۆوه‌ "من لێره‌ چاوه‌ڕوانتم".

هه‌ڵه‌داوانم بوو بۆی‌، تا بیدۆزمه‌وه‌، كاله‌یه‌كی‌ له‌ پێدا بوو له‌گه‌ڵ جانتایه‌كی‌ ده‌ستی‌ ره‌شی‌ پێی‌ بوو كه‌ بۆ جاری‌ یه‌كه‌م ئاماده‌ی‌ گه‌ڕان و بینینی‌ قاهیره‌ بوو..

ئه‌و ته‌ماشای‌ شته‌كان و روخسارو شارستانیه‌ته‌ میسرییه‌كانی‌ ده‌كردو زۆر به‌ كه‌می‌ ده‌دووا، سیگاریشی‌ به‌ قوڵی‌ ده‌كێشا بێ‌ هیچ ته‌كلیفێك و منیش زۆر ئیسراحه‌تی‌ ئه‌وه‌م لا مه‌به‌ست بوو، نه‌مده‌ویست زۆر به‌پێ بڕوات، به‌ڵام ئه‌و پرسیاری‌ كتێبی‌ تازه‌و باری‌ كتێب و ژیان و گوزه‌رانی‌ له‌ میسردا لێده‌كردم، پێویست بوو به‌ قوڵی‌ گوێی‌ لێ بگرم كه‌ ئه‌و له‌ باره‌ی‌ گرنگی‌ ژیان له‌ شیعردا و به‌شێك له‌ ژیانی‌ خۆی‌ گه‌شته‌كانی‌ به‌ نێو وڵاته‌ دووره‌كانی‌ دنیادا قسه‌ی‌ ده‌كرد.

ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م نه‌بوون له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی‌ قاهیره‌ كه‌ ئارزوومه‌ندبوون بۆ سازكردنی‌ چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان له‌ ته‌كسیدا‌و ده‌گه‌ڕان به‌ دوایدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و زۆر حه‌زی‌ به‌ خۆده‌رخستن و خۆنمایشكردن و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ نه‌بوو بۆ چاوپێكه‌وتن، ئه‌و بیری‌ له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ ئاماده‌ی‌ ئاهه‌نگه‌كانی‌ مه‌راسیمی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز بێت كه‌ ساڵانه‌ ره‌وه‌ندی‌ كوردی‌ له‌ قاهیره‌دا سازی‌ ده‌كه‌ن، په‌یمانماندا پێكه‌وه‌ ئاماده‌ی‌ ئه‌و مه‌راسیمه‌ بین، له‌ رۆژی‌ دوواتر پێكه‌وه‌ به‌ رێگایه‌كی‌ درێژدا ده‌رچووین كه‌ ئه‌و رێگایه‌ به‌ره‌و شاری‌ (نصر)ی‌ ده‌بردین، كه‌ له‌وێدا له‌ باخچه‌ی‌ (گفل) له‌ شه‌قامی‌ (مكرم عبید)دا ئاهه‌نگه‌ كوردییه‌كه‌ ساز ده‌كرا، چوینه‌ ناو باخچه‌ گه‌وره‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌یركردنی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ جوانی‌ سروشتی‌ كوردیی‌ و سیحری‌ ئه‌وێی‌ بیرخستینه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كورده‌كان به‌ ته‌نیشت ده‌وارێكی‌ هه‌ڵدراوه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕین، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كه‌سایه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ و میسری‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هاتبوون، وه‌كو نه‌ریتێكی‌ كوردانه‌ له‌م جه‌ژنه‌دا وه‌ك چۆن له‌سه‌ر لوتكه‌ی‌ شاخه‌كانی‌ كوردستاندا ئاگر ده‌كرایه‌وه‌، لێره‌شدا كۆمه‌ڵێك لقی‌ دار له‌ نێو مه‌قه‌ڵییه‌كی‌ نوحاسیدا سوتێنران.

هه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ شێركۆ بێكه‌سی‌ شاعیر گه‌یشته‌ شوێنی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌موویان به‌ كۆمه‌ڵ به‌ روویه‌وه‌ هاتن به‌ مه‌به‌ستی‌ ته‌وقه‌و سڵاو لێكردن و ماچكردنی‌، ئه‌و شاعیره‌ خۆشه‌ویسته‌یش ئه‌چه‌مایه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌و بچوك، به‌ڵام وه‌های‌ پێ باش بوو كه‌ به‌ ته‌نها دابنیشێت به‌رامبه‌ر ئه‌و جێگایه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌ی‌ تێدا ده‌كراو ئه‌میش ته‌ماشای‌ ده‌كردن و گوێی‌ له‌ گۆرانییه‌ ره‌سه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌گرت كه‌ له‌ ریكۆرده‌كه‌وه‌ به‌ گوژم ده‌هاتنه‌ گوێ‌.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێ نه‌چوو له‌ مایكرۆفۆنه‌كه‌وه‌ گویمان له‌ ناوی‌ بوو، چه‌ندجارێك وترایه‌وه‌ كه‌ به‌خێرهاتنیان كردو بانگكرا بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ شیعره‌كانی‌ بۆ ئاماده‌بووان، شێركۆی‌ شاعیر هه‌ستاو به‌ ئاگاییه‌وه‌ وته‌یه‌كی‌ به‌ كوردی‌ و پاشان به‌ عه‌ره‌بی‌ پێشكه‌ش كرد و دواتر ده‌ستی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعره‌كانی‌ كرد له‌ نێو ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ میللییه‌دا.

پاش دانیشتمان له‌ یه‌كێك له‌ كافییه‌كانی‌ قاهیره‌دا، شێركۆ بێكه‌س باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ كردم كه‌ دكتۆر (جابر عصفور)ی‌ سه‌رۆكی‌ سه‌نته‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بۆ وه‌رگێڕان هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ شیعره‌كانی‌ به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ شیعره‌كانی‌ تێدایه‌و كتێبه‌كه‌ له‌ 500 لاپه‌ڕه‌ پێكدێت، به‌ڵام دكتۆر جابر عصفور له‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌و ئێستاش پرۆژه‌كه‌ له‌ ده‌ستێكی‌ ئه‌میندا له‌ سكرتارییه‌تی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌دا دانراوه‌، گه‌رچی‌ من له‌ قاهیره‌دا له‌ گرنگی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا به‌ ئاگا بووم، به‌وه‌ی‌ شێركۆ بێكه‌س خاوه‌نی‌ سومعه‌یه‌كی‌ رۆشنبیری‌ باشه‌ ‌و زۆرێكیش له‌ ئه‌دیب و ره‌خنه‌گران له‌ هه‌وڵی‌ خوێندنه‌وه‌و به‌ دواچوون و به‌ ئاگا بوونن له‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌ گرنگه‌كانی‌ ئه‌و.

له‌ كافتریای‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ رۆشنبیری‌ شێركۆی‌ شاعیر قاوه‌یه‌كی‌ خه‌ست و ته‌واوی‌ ده‌خوارده‌وه‌ و ده‌یڕوانییه‌ ته‌لاری‌ ئۆپێرا دێرینه‌كه‌ كه‌ له‌ مێژه‌ ناوی‌ بیستبوو، من داوام لێكردبوو وتووێژێكی‌ درێژ له‌ گه‌ڵیدا ساز بكه‌م‌و بۆ ئه‌مه‌ش كاتێكی‌ ترمان دانا له‌ شه‌ودا و (عبدالحمید الصاح)یش ئاماده‌ ده‌بێت و شێركۆی‌ توشی‌ موفاجه‌ئه‌یه‌ك كرد به‌وه‌ی‌ قه‌سیده‌یه‌كی‌ درێژی‌ له‌سه‌ر نووسیبوو له‌ ساڵی‌ 1993 له‌ دووتوێی‌ دیوانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رچوو، قه‌سیده‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دێڕه‌ شیعرێكی‌ شێركۆ بێكه‌س كه‌ ده‌ڵێت:

ئه‌و ده‌مه‌ی‌ كاتژمێره‌كه‌

له‌ نێوه‌ شه‌ودا جوت ده‌بێت

كورد و خه‌میش جوت ده‌بن

له‌و دیداره‌ سێ قۆڵییه‌دا له‌ هۆتێل (الكوزموبولتیان) شێركۆی‌ شاعیر باسی‌ له‌ هاوڕێ شاعیره‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ ده‌كرد له‌ عیراقدا وه‌ك (عبدالوهاب البیاتی‌، حسیب الشیخ جعفر، سعدی‌ یوسف)ه‌و بیری‌ یه‌كه‌م مه‌نفای‌ خۆی‌ كه‌وته‌وه‌ له‌ عیراقدا له‌ گوندی‌ (البغدادی‌) كه‌ گوندێكی‌ نزیك شاری‌ (الرمادی‌)یه‌ له‌ رۆژئاوای‌ عیراقدا، یه‌كه‌م دیداری‌ له‌گه‌ڵ (سعدی‌ یوسف)بوو له‌ یانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌دیبان و نووسه‌ران، له‌و رۆژه‌دا ئه‌وه‌ی‌ پێ راگه‌یاند لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌نێوان هه‌ردوو ناوی‌ (بغدادی‌) شاری‌ رومادی‌ و ئه‌و (بغدادی‌)یه‌ی‌ كه‌ شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ روس (مایكوفسكی‌) تێدا له‌دایكبوو، شێركۆ دڵخۆش بوو كه‌ بیره‌وه‌ری‌ ده‌كرده‌وه‌و قوڵی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌ نێو نه‌وه‌كانی‌ عیراقدا كه‌ له‌ دیدی‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسیی‌ ‌و فكرییه‌وه‌ جیاوازبوون، به‌ڵام یه‌كسانبوون له‌ قه‌باره‌ی‌ سته‌می‌ سه‌دامی‌ و ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی‌ كه‌ هاوبه‌ش بوون له‌ نۆش كردنیدا.

شێركۆ بێكه‌س له‌ ئاتیلیه‌ی‌ قاهیره‌دا

پاش دوودڵییه‌كی‌ كورت شێركۆ بێكه‌سی‌ شاعیر پێی‌ راگه‌یاندم كه‌ رازیبووه‌ به‌و بانگهێشته‌ی‌ بۆ (ئاتیلیه‌ی‌ قاهیره‌) كه‌ (كۆبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌نده‌ میسرییه‌كانه‌)، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ ئاتیلیه‌ی‌ قاهیره‌ دكتۆر (مدحت الجیار) پێی‌ راگه‌یاندنم كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵسین به‌ بانگهێشتی‌ ئه‌م شاعیره‌ له‌ رۆژی‌ سێشه‌مه‌دا، گه‌رچی‌ كات یارمه‌تیمان نادات كه‌ هه‌ڵبسین به‌ ریكلامی‌ پێویست، ئه‌و پێی‌ وا بوو كه‌ جه‌ماوه‌رێكی‌ كه‌م ئاماده‌ ده‌بێت، به‌ڵام مه‌وعیدی‌ ئه‌م شه‌وه‌ رۆشنبیرییه‌ی‌ ئاتیلیه‌ی‌ قاهیره‌ هه‌ر زوو به‌ باڵی‌ بادا فڕی‌ ‌و سوڕایه‌وه‌ به‌ نێو كوچه‌و كوڵانه‌كانی‌ قاهیره‌دا و به‌ نێو قاوه‌خانه‌وه‌و كافییه‌كاندا، تا ئاتیلیه‌ی‌ قاهیره‌ تووشی‌ موفاجه‌ئه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ ئاماده‌ بووه‌ له‌ عه‌ره‌ب و كورد. رێكخه‌رانی‌ ناچار كرد به‌ هێنانی‌ كورسی‌ زیاده‌.

ره‌خنه‌گری‌ ناسراوی‌ میسری‌ (الدكتور مدحت الجیار) كۆڕه‌كه‌ی‌ پێشكه‌شكرد، له‌وانه‌شی‌ كه‌ به‌شداری‌ گفتوگۆیان كرد (الدكتور صلاح السیروی)‌و منیش له‌ پاشان ئه‌وان به‌شدار بووم، كۆڕه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ قه‌سیده‌ كورته‌كانی‌ شاعیر ده‌ستی‌ پێكرد، كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌كانی‌ بوو، كه‌ بۆ ساڵَه‌كانی‌ حه‌فتای‌ سه‌ده‌ی‌ پێشوو ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ تێیدا وێنه‌و دیمه‌نی‌ زیندوی‌ كوردستانی‌ عیراقی‌ پێشكه‌ش كرد، ئه‌ویش به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ زیندوو، كه‌ پێی‌ باش بوو قه‌سیده‌كان به‌ ده‌نگێكی‌ دلێر و به‌پێوه‌ بخوێنێته‌وه‌.

پێش خوێندنه‌وه‌، به‌ وته‌یه‌ك شاعیر باسی‌ له‌ گرنگیی‌ رۆشنبیریی‌ میسری‌ له‌ ژیان‌و پێكهاته‌ی‌ شیعردا كرد، وتی‌: "كاتێك به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانمدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ میسر، ئه‌و كاته‌ی‌ ته‌مه‌نم هه‌شت ساڵان بوو له‌گه‌ڵ باوكمدا له‌ ژوورێكی‌ بچوكدا، له‌و كاته‌دا گۆڤارێكی‌ ده‌خوێنده‌وه‌‌و له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی‌ ناوی‌ گۆڤاره‌كه‌ (الهلال) نووسرابوو، ئه‌مه‌ دوورترین خه‌وه‌ ده‌یبنمه‌وه‌ بۆ یه‌كمجار‌و تائێستاش، گۆڤارێك له‌ میسردا باوكی‌ شاعیر ده‌یخوێنده‌وه‌ پاشان كتێبه‌كانی‌ میسرمان خوێنده‌وه‌ له‌وانه‌ (حافڤ ابراهیم، احمد شوقی، امل دنقل و صلاح عبد الصبور)، له‌و ساته‌وه‌ی‌ شیعر ده‌نووسم له‌ تێكسته‌كانماندا ئاماژه‌مان به‌ سومبله‌ گه‌وره‌كانی‌ میسر كردووه‌، وه‌ك رووباری‌ نیل‌و ئه‌هرامه‌كان، ئێستاش خۆم ده‌بینمه‌وه‌ له‌ناو دڵی‌ قاهیره‌دا به‌ سه‌رسامی‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌هرامه‌كاندا ‌و له‌و شه‌قام و رێگایانه‌ی‌ كه‌ پێی‌ ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ داهێنه‌رانی‌ میسر به‌سه‌ریدا رۆیشتوون، من رێ ده‌كه‌م. كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌متانا دانیشتوم‌و له‌ ئامبازی‌ میسردام، خۆم به‌ قه‌رزاری‌ قاهیره‌ ده‌زانم كه‌ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ تیا له‌دایكبووه‌".

هه‌ر به‌ زوویی‌ داوای‌ لێكرا كه‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت بۆمانی‌ بخوێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێوه‌ هه‌ستا بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ شیعره‌كانی‌:

ئه‌مه‌ چیرۆكێكی‌ كورته‌

ئه‌و كڵاوه‌ی‌ كڵاو كووڕه‌

له‌سه‌ریایه‌، هی‌ خۆی‌ نیییه‌!

ئه‌وه‌ی‌ روویدا زۆر ده‌مێكه‌

له‌ رۆژێكی‌ سه‌رما‌و سۆڵه‌ی‌ پایزدا بوو

ئه‌م هه‌ر ئه‌فڕی‌‌و سه‌ر ته‌زیوو

(با)یه‌كی‌ تیژی‌ سۆراخكه‌ر

به‌دوایه‌وه‌.

دار به‌روویه‌ك به‌فریای‌ كه‌وت

بۆچه‌ند رۆژێ‌ كڵاوێكی‌ به‌قه‌رزدایه‌

به‌ڵام ئیتر كڵا‌و كووڕه‌، ئه‌و كڵاوه‌ی‌

كردیه‌ سه‌ری‌ داینه‌گرت ‌و

ئێستا‌و ئه‌وسایش، ئه‌و قه‌رزه‌ی‌ خۆی‌ به‌دار به‌ڕوو نه‌دایه‌وه‌:

به‌مشێوه‌یه‌ شیعر ده‌ست له‌ملانی‌ دڵه‌كانی‌ خه‌ڵك ده‌بوون و سه‌رسامیبوونیان ده‌ته‌قایه‌وه‌، ئه‌مه‌ شعیری‌ وێنه‌یی‌ و هه‌ستپێكراو و به‌ركه‌وته‌یه‌، ده‌بوو وته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌ پێشكه‌ش بكه‌م، گه‌رچی‌ شڵه‌ژابووم و كه‌مێك ده‌ترسام له‌ رێره‌وی‌ وشه‌كانم، به‌م شێوه‌یه‌ هاتمه‌ دووان له‌سه‌ر شاعیری‌ گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌س "ئه‌مه‌ هه‌لێكه‌ بۆم كه‌ به‌ ته‌نیشت ئه‌م شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌م، ده‌ڵێم ئه‌و شاعیره‌ و به‌ كۆمه‌ڵێك باری‌ ژیانی‌ تایبه‌تدا رۆیشتووه‌، مێژوویه‌كی‌ درێژ له‌ بیره‌وه‌ری‌ شاخدا ژیاوه‌، ئه‌و سیمبولی‌ كوردستانێكی‌ دێرینه‌ و زۆرێك له‌ قه‌سیده‌كانی‌ لكاوه‌ به‌ بیره‌وه‌ری‌ به‌فرو خوێن و مه‌ینه‌تییه‌كان، له‌ مێژووی‌ دابڕانی‌ له‌ تێكست‌و ده‌قی‌ كوردیدا، وه‌رگری‌ میسری‌ هیچ جیاواز نییه‌ له‌ وه‌رگری‌ عیراقی‌، ئه‌م گه‌له‌ مێژوویه‌كی‌ درێژی‌ له‌ شیعرو شاعیریی‌ و نووسین له‌ هه‌موو جۆره‌كانی‌ هونه‌ر له‌ شانۆ و قه‌سیده‌ی‌ مه‌لحه‌می‌ و شیعری‌ كێشدارو شیعری‌ ئازاد‌و په‌خشانی‌ ره‌وان و جوان، دوورن له‌ خوێنده‌وه‌و به‌رچنك كه‌وتنی‌ به‌هۆی‌ كه‌می‌ وه‌رگێڕانیان بۆ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌.

شیعره‌ كورته‌كانی‌ شیركۆ بێكه‌س كه‌متر نیین له‌ شیعره‌ جیهانییه‌كان و شاكاره‌كانیان، سه‌رباری‌ ساكاریی‌ و قوڵیی‌ كاریگه‌ریی و وێنه‌گرتنی‌ ژیانی‌ زیندووی رۆژانه‌، شاعیر له‌ ئه‌زموونی‌ شیعرییدا زاكیره‌یه‌كی‌ زیندوومان پێده‌بخشێ، له‌ قه‌سیده‌دا واقیعێكی‌ ترمان بۆ دروستده‌كات هاوته‌ریبی‌ خه‌یاڵیه‌تی‌، قه‌سیده‌كان هه‌وڵی‌ نزیكبوونه‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌و وێنانه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ ئیكۆنۆمی‌ شیعریی‌ ناوی‌ به‌رین‌و پڕن له‌ هێماكان ‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆو خێرا و عه‌فه‌وی‌ به‌ موته‌له‌قی‌ ده‌گه‌ن و بارگاوین به‌ درامایه‌كی‌ به‌رز‌و وزیه‌ك بۆ وێنه‌كێشان).

 ره‌خنه‌گری‌ میسری‌ (صلاح السیروی) له‌باره‌ی‌ ئه‌زموونی‌ شێركۆ بێكه‌سه‌وه‌ وتی‌: "من له‌سه‌ره‌تای‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ قه‌سیده‌كانی‌ ئه‌م شاعیره‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، هه‌ستم كرد كه‌ نماینده‌ی‌ سومبلێكی‌ به‌ توانای‌ شیعرییه‌ و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیه‌تی‌‌و له‌ چه‌شنێكی‌ تایبه‌ته‌، هه‌روه‌ها جیاوازه‌ له‌و ته‌وژمه‌ شیعرییه‌ كۆنانه‌، خه‌یاڵی‌ شیعریی‌ ئه‌و، له‌نێوانی‌ ته‌جرید و به‌رجه‌سته‌بووندایه‌، به‌ڵام به‌رجه‌سته‌ییه‌كی‌ موجه‌ره‌د و سازبین یاخود ته‌جرید له‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ توخمه‌كانی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌ و باركردنیان به‌ نرخه‌ ستاتیكییه‌كان به‌پێی‌ دیگای‌ ستاتیكی‌، تا لێوه‌ی‌ شیعرییه‌ت جیهان دروستبكاته‌وه‌و دروستكردنی‌ دید له‌ شته‌كان و بكرێنه‌ بابه‌تگه‌لێكی‌ نوێ‌ كه‌ له‌ خه‌یاڵ‌و بیری‌ خه‌ڵكی‌ ساده‌دا نه‌بێت".

هه‌روه‌ها (السیروی) له‌ دریژه‌ی‌ وته‌كانیدا وتی‌: "بێكه‌س ژیانێكی‌ تازه‌و به‌رجه‌سته‌بوونێكی‌ نوێ‌ ده‌به‌خشێت، كه‌ ده‌توانین جیهانێكی‌ تازه‌تر‌و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ببینین، كه‌ له‌ رێڕه‌ویه‌وه‌ دێنه‌خوار بۆ ته‌جریدی به‌رجه‌سته‌، كه‌ بۆ بینراو‌و ته‌ماشایه‌كی‌ بینراو ده‌رده‌په‌ڕێت‌و بابه‌ته‌كانی‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بن و ده‌ستیان لێوه‌ ده‌درێت و هه‌ڵگری‌ حاڵه‌ته‌كان و ده‌لاله‌ته‌كان كه‌ ده‌توانرێت له‌و باره‌ به‌رجه‌سته‌ییه‌دا لێوه‌ی‌ بێنه‌ده‌ر، تا ده‌بنه‌ ئه‌وه‌ی‌ ماناكان زیاتر به‌ربڵاوتر بن له‌ بابه‌ته‌ سنوورداره‌كان، به‌وه‌ی‌ شاعیر ده‌توانێت خه‌یاڵه‌ چنراوه‌كانی‌ خۆی‌ دروستبكات، كه‌ هه‌وڵده‌دات بابه‌ته‌كان ببینێت، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ دید، بۆ نموونه‌ كه‌ پایز باس ده‌كات، پایز خۆی‌ توخمێكی‌ ناسراوه‌ لامان و خاوه‌نی‌ هێماو ده‌لاله‌تی‌ خۆیه‌تی‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌مرێت‌و ته‌واو ده‌بێت كه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێت و ده‌كوژێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و وا له‌ پایز ده‌كات له‌ واقیعدا زیندوو بێت كه‌ هه‌ڵگری‌ مانا و بوون بێت، ئه‌و كاتێك گوزارشت له‌ دوو په‌یكه‌ر ده‌كات یه‌كێكیان پیاوێكه‌ له‌ كۆنكرێت‌و ژنێكیش له‌ گوڵ، به‌ڵام كه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك دێت.. په‌یكه‌ره‌كه‌ ته‌فروتونا ده‌كا، به‌ڵام گوڵه‌كه‌ هیچی‌ لێنایه‌ت، ژن خاوه‌نی‌ توانای‌ نوێبوونه‌وه‌یه‌، به‌وه‌ی‌ ژن له‌ ژیاندا خاوه‌نی‌ شتێكی‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ شیعره‌كانی به‌تایبه‌ت بێوه‌ژنه‌كان و قه‌یره‌كان كه‌ بابه‌تی‌ كاریگه‌رن له‌ لای‌ ئه‌و، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌ بیرۆكه‌ی‌ مردنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ژندا، به‌ڵام ستراكچه‌رێكی‌ ئه‌فسانه‌یی‌ بۆ شاعیر په‌یدا ده‌كات و له‌ توانایدایه‌ به‌به‌رده‌وامی‌ تازه‌ببنه‌وه‌".

له‌ دواییدا زۆرێك له‌ گفتوگۆو داخڵبوون هه‌بوون، له‌وانه‌ (امجد محمد سعید)ی‌ شاعیرو زۆرێك له‌ ره‌خنه‌گره‌ میسرییه‌كان وه‌ك (عید عبدالحلیم) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نووسینی‌ گۆڤاری‌ ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌‌و شاعیران (ماهر مهران و سعدنی السلمونی) داوای‌ ده‌ستبه‌جێ وه‌رگێڕانی‌ شیعره‌كانی‌ شێركۆ كران ‌و تایبه‌تكردنی‌ مه‌له‌فه‌كانی‌ ئاینده‌یان بۆ شیعره‌كانی‌ شێركۆ بێكه‌س ‌و ئه‌زموونه‌ داهێنه‌رانه‌ی‌.

شاعیر ئێواره‌ كۆِره‌كه‌ی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌و قه‌سیده‌ نوێیانه‌ی‌ كه‌ تائێستا بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌ كۆتایی‌ پێهێنا، ئه‌و قه‌سیدانه‌ نموونه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ و مرۆڤایه‌تییه‌كی‌ به‌رزبوون و پیرۆزكردنی‌ ئازاره‌كانی‌ به‌شه‌ر.

له‌ ریستۆرانتی‌ (كریون) كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس ئاماده‌بوونی‌ شێركۆیان به‌ فرسه‌تزانی‌، له‌گه‌ڵیدا چه‌ند دیدارێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ به‌ستراو، له‌وكاته‌ی‌ كه‌ شێركۆم بینی‌ بێزار ببوو، چونكه‌ ئه‌و زۆر حه‌زی‌ له‌ باسكردنی‌ خۆی‌ نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ زوویی‌ چووه‌ جێگایه‌كی‌ تر كه‌ یانه‌ی‌ یونانی‌ بوو، تێیدا كۆڕێكی‌ داهێنه‌رانی‌ تری‌ تێدا به‌سترا بوو بۆ شاعیری‌ سوری‌ (هانی‌ ندیم) كه‌ به‌ شه‌خسی‌ داوای‌ له‌ شاعیر كرد كه‌ قه‌سیده‌كانی‌ بخوێنێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌یویست دڵخۆش بێت به‌مه‌، میوزیسانی‌ گه‌وره‌ (نصیر شمه‌) و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ (لینا الگبیبی)ی‌ شاعیر هاتنه‌ لامان دانیشتن، هه‌موو وێنه‌یان بۆ یادگاری‌ له‌گه‌ڵ شێركۆی‌ شاعیردا گرت، پێویستیش بوو له‌سه‌رمان كه‌مێك واز له‌ شێركۆی‌ شاعیر بێنین تا ئیسراحه‌ت بكات و به‌یانی‌ زوو هه‌ڵبسێت، چونكه‌ زۆر حه‌زی‌ به‌مانه‌وه‌و سه‌هره‌ی‌ شه‌وان نییه‌.

له‌ رۆژی‌ دواییدا كاتێكمان دانا بوو بۆ یه‌كتری‌ بینین له‌ یانه‌ی‌ (الجاردن سیتی) له‌ جه‌رگه‌ی‌ پایته‌ختدا كه‌ ئێواره‌ كۆڕێكی‌ رێزلێنانه‌بوو له‌لایه‌ن خانم (دریه‌ عونی)ی‌ كچی‌ مێژووناسی‌ كوردی‌ میسری‌ (محمد علی عونی 1897-1952)ه‌وه‌ بۆ شێركۆ سازكرابوو، كه‌ شاعیر له‌و دانیشتنه‌دا قه‌سیده‌كانی‌ خوێنده‌وه‌ كه‌ تامی‌ كوردیانه‌ بوو، شه‌وه‌كه‌شی‌ میسریانه‌.

رۆژی‌ پاشتر شاعیری‌ گه‌وره‌ (شێركۆ بێكه‌س) به‌جێی‌ ده‌هێشتن و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان، هه‌موو ماڵئاواییمان لێكرد و دڵته‌نگی‌ بۆ ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ هه‌موومانی‌ داگرت..

له‌ رۆژێ‌ پاش ئه‌و كه‌ چوومه‌ ناوه‌ڕاستی‌ شارو ته‌نها بووم، هه‌ستم به‌وه‌ ده‌كرد نازانم كه‌ ئایا خێرا ده‌ڕۆم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌ ته‌نهام یان به‌ هێواشی‌ ده‌ڕۆم و له‌ چاوه‌ڕوانی‌ شێركۆ بێكه‌سی‌ شاعیردام كه‌ ئه‌ویش له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌، له‌ قاوه‌خانه‌ی‌ (البستان) دانیشتم له‌سه‌ر ئه‌و مێزه‌ی‌ كه‌ دوێنێ‌ پێكه‌وه‌ له‌سه‌ری‌ بووین، وام ده‌هاته‌ خه‌یاڵ كه‌ دووكه‌ڵی‌ سیگاره‌كه‌ له‌و شوێنه‌دا په‌رشوبڵاوه‌.

 

كتێبیش بسووتێنن، ئه‌ندێشه‌ هه‌ر ده‌مێنێت

رۆژی 10 ئایاری ساڵی 1933 حكومه‌تی نازی به‌ سه‌رۆكایه‌تی هیتله‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا بڕإیاری سوتاندنی زیاتر له‌ 25 هه‌زار كتێبی له‌ بواره‌ جیاجیاكانیدا به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كتێبانه‌ تێكده‌ر و بازار شێوێنن و زیان به‌ رۆح و ئه‌ندێشه‌ی تاكی ئه‌ڵمانی ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌و رۆژه‌دا له‌ مه‌راسیمێكی به‌رفراواندا و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ و ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی نازی  و به‌ لێدانی مارشی نیشتمانی  ،كتێبه‌كانی  نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی وه‌ك ماركس ، فرۆید ، ئه‌ریش كسنتر ، كافكا، ئه‌ریش ماریا رمارك ، كۆرت تۆخۆلسكی ، كولین روس ، ڤالتر كوین ، به‌رتۆلت برێخت ، ئه‌رنست بلۆخ ، ئه‌لبرت ئه‌نیشتێن و تۆماس مان و رۆزا لۆكزامبۆرگ و ده‌یان نووسه‌ر و بیرمه‌ندی تر ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئایدلۆژیای نازی یه‌كیان نه‌ده‌گرته‌وه‌ سوتێندرا.

نازییه‌كان پێیان وابوو كه‌ ئه‌و كتێبانه‌ سه‌ر له‌ مرۆڤی ئه‌ڵمانی ده‌شێوێن و بۆ كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی زه‌ره‌ری هه‌یه‌ و پێویست ده‌كات هه‌مووی بسوتێندرێن. ئه‌م كاره‌ی ئه‌ڵمانی نازی له‌ نه‌مسا و هۆڵه‌ندا و ئه‌مریكا ناره‌زایه‌تی لێكه‌وته‌وه‌ به‌ڵام شتێكی ئه‌وتۆ نه‌بوو.

جۆزیف گوبلز وه‌زیری راگه‌یاندنی حكومه‌تی نازی له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوو كه‌ له‌ رێگای فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ سه‌ر ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی دا زاڵ بیت و شۆڕش كاتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌ندێشه‌ پێكه‌وه‌ گرێ بخۆن.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ كێتب سوتان داهێنانی حكومه‌تی نه‌بووه‌ به‌ڵكو پێشتریش ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌بووه‌، له‌ ساڵی 47 پێش زانین له‌ كاتی شه‌ڕی ناوخۆی له‌ رۆما كتێبخانه‌ی گه‌وه‌ره‌ی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ كه‌ زیاتر ته‌ سه‌د هه‌زار كتێبی ده‌ستنووسی تێدا بوو سوتێندرا یان له‌ سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عومه‌ر خه‌لیفه‌ی دووهه‌می موسولمانان له‌میانه‌ی شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌به‌كان و ئیرانییه‌كان ، سوپای ئیسلام كتێبخانه‌ی جوندی شاپوور له‌ ئێرانیان كه‌ هه‌زاران كتێبی فه‌لسه‌فی و پزیشكی و ئه‌ده‌بی تێدا بوو به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كتێبانه‌ ، كتێبی شه‌یتانین سووتێندرا.

هاینریش هاینه‌ شاعیر و نووسه‌ری ئه‌ڵمانی سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنی كتێب له‌ لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو: كه‌سێك كتێب بسووتێنت مرۆڤیش ده‌سووتێنت ، ئه‌و قسه‌ی هاینریش هاته‌ دی و هه‌زاران كه‌س له‌ كوره‌خانه‌كانی هیتله‌ر به‌ تۆمه‌تی جووله‌كه‌ بوون سوتێندران ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و زه‌بر و زه‌نگ و توندوتیژیانه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌ندێشه‌ بوو به‌سه‌ر  زۆرداری دا سه‌ركه‌وت  و هه‌ر بۆیه‌ كتێبیش بسووتێندرێت، ئه‌ندێشه‌ هه‌ر ده‌مێنێت .

منیش گریام

باوكم قه‌ساب بوو ، باوكی باوكیشم هه‌ر قه‌ساب بوو،باوكی باوكی باوكیشم  هه‌رقه‌ساب بوو، كورد وته‌نی حه‌وت پشتی ئێمه‌ قه‌ساب بوون ، به‌ڵام له‌ چاره‌ڕه‌شی خۆم ،ته‌نها من قه‌ساب نه‌بووم ، من له‌ناخه‌وه‌ له‌ گیاندار و بوونه‌وه‌ر ده‌ترسم ، من له‌ هه‌ر گیاندارێكی كه‌ به‌چوار ده‌ست و پێ بڕوات ده‌ترسم .

سه‌ره‌تا هه‌موویان پێم پێده‌كه‌نین و گاڵته‌یان پێده‌كردم، من له‌هه‌مووان خراپتر بووم.ئێمه‌ 9 خوشك و برا بووین ،من منداڵی هه‌شته‌م بووم.باوكم به‌سه‌رهه‌مویاندا ده‌ینه‌ڕاند و تانه‌ی لێده‌دان و ده‌یوت كارتان به‌و نه‌دابێت.

تازه‌ ته‌مه‌نم گه‌یشتبووه‌ 7 ساڵان، به‌یانیه‌ك زوو له‌ خه‌و هه‌ستام و چووم بۆ لای باوكم ، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكه‌م چه‌قۆكه‌یم له‌ ده‌ست ده‌رهێنا و سه‌ری ئه‌و مه‌ڕه‌ی كه‌ به‌نیاز بوو سه‌ری ببڕێت ده‌گرم و به‌شاره‌زاییه‌كی ته‌واو سه‌ری مه‌ڕه‌كه‌ ده‌بڕم ، له‌هه‌موو خراپتریش ده‌مم ده‌نێمه‌ به‌ ده‌ماری لای ملی مه‌ڕه‌كه‌و وه‌ك ئاوخواردنه‌وه‌ خوێنی مه‌ڕه‌كه‌ ده‌خۆمه‌وه‌.

خوالێخۆشبوو باوكم پێ وتم: ئه‌و كاته‌ی كه‌ ده‌می خوێناویه‌كه‌ی منی بینیوه‌ له‌خۆشیان نزیكبووه‌ جه‌ڵده‌ی دڵ لێبدات و دڵی له‌خۆشیان له‌لێدان بكه‌وێت.

باوكم ده‌یوت:لێگه‌ڕێن ، كارتان پێنه‌دابێت ، خۆی باش ده‌بێت.به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، ته‌مه‌نم له‌حه‌وت ساڵی بوو به‌ 17 و 17 ساڵیش بووم به‌ 27 ساڵ به‌ڵام هه‌ر باش نه‌بووم ئێتر باوكم ناهومێد بوو و به‌ به‌رده‌وامی له‌ ژێر لێووه‌وه‌ بۆڵه‌ی ده‌كرد و ده‌یوت: باوك قه‌ساب و كوڕ گۆشتخۆر !!!.

ساَل له‌دوای ساڵ تێپه‌ڕی به‌ڵام هیچ كات له‌واتای ئه‌و قسه‌یه‌ی باوكم تێنه‌گه‌یشتم، ئیتر كه‌س كاری پێم نه‌بوو، ته‌نانه‌ت گاڵته‌شیان پێنه‌ده‌كردم ، من دانووم له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌ نه‌ده‌كوڵا ، هه‌موو رۆژێ به‌ وه‌ڕینی سه‌گ له‌ ماڵی ئێمه‌ هه‌را ساز ده‌بوو، پێكه‌نین ، هات و هاواری قه‌سابه‌كان ، ده‌نگه‌ده‌نگ و ده‌ست وپێی لێدان و گریانی مه‌ڕه‌كان ، كه‌شوهه‌وای ماڵه‌وه‌یان تێكدابوو.

ئێوه‌ هه‌رگیز گریانی مه‌ڕه‌كانتان بینیوه‌ ، ئای چ نیگایه‌كیان هه‌یه‌؟ و چ بێتاوانییه‌ك له‌چاوه‌كانیان ده‌بیندرێت. ده‌ڵێی جنێو ده‌ده‌ن ، ره‌نگه‌ وابیربكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ كوژرانی هه‌ر كامیان،  ئه‌و ره‌نجیره‌ كوشتاره‌ كۆتایی پێدێت و سه‌رئه‌نجام كه‌سێك دێت تۆڵه‌ی ئه‌وان بكاته‌وه‌، به‌ڵام كێ و كه‌ی و چۆن و به‌چی .... كه‌س نازانێت ، ئایا ئه‌ویش مه‌ڕێك ده‌بێت یان نا....؟

كه‌خۆر هه‌ڵده‌هات ، له‌ماڵی ئێمه‌ قیامه‌ت به‌رپا ده‌بوو، خوێن ، پێست، ریخۆڵه‌، بۆنی پیسایی و شه‌ڕو پێدادانی پشیله‌كان ده‌ستی پێده‌كرد.دایكم دیسان ده‌نگی به‌رز ده‌كرده‌وه‌ و هات و هاواری سازده‌كرد و ده‌یوت: ئه‌ی خوا بتانكوژێت ، بێدینانه‌ ئه‌وه‌ بۆ شوێنه‌تان خاوێن نه‌كردۆته‌وه‌ ، دیسان بۆ منی چاره‌ڕه‌شتان داناوه‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌رله‌وه‌ی كوشتارگا په‌یدابێت سه‌ری هه‌ڵده‌دا.

له‌دوای ئه‌وه‌ی كوشتارگا په‌یدابوو، ئیتر ساڵانێكه‌ له‌ماڵی ئێمه‌ مه‌ڕ سه‌ر نابڕدرێت، هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك جار به‌ دزییه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كرێت . ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ی كه‌ مه‌ڕێك عه‌یبێكی هه‌بێت و له‌ كوشتارگا سه‌ری نه‌بڕن یان 10 رۆژی یه‌كه‌می مانگی مه‌حره‌م بێت.

ئێستا ئیتر قژی سه‌رم سپی بوو و كه‌مه‌ریشم چه‌ماوه‌ته‌وه‌ ، باوكم مه‌رگ مۆڵه‌تی پێنه‌دا و جوانه‌مه‌رگ بوو، هه‌ڵبه‌ت له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا مردن له‌ 70 ساڵی دا جوانه‌مه‌رگییه‌. دایكم چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌مه‌نی دا به‌ ئێوه‌ و من ئێستا له‌ هه‌موو كاتێك ته‌نیاترم. براگه‌وره‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌موو قه‌سابه‌كانی شاره‌كه‌یه‌، شان و شكۆیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌.

ژماره‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆربووه‌ كه‌س ، كه‌س ناناسێته‌وه‌، هه‌ندێكیان وه‌ك هه‌نگ وان هه‌ر له‌م شانه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌و شانه‌ی تر كۆچ ده‌كه‌ن. هه‌ر كامیان بۆخۆیان داموده‌زگایه‌كیان گه‌وره‌تر و به‌ربڵاوتر له‌ هی براگه‌روه‌كه‌م پێكهێناوه‌.

هه‌ندێك كات براكه‌م له‌و كارانه‌ی كه‌ باقی ئه‌ندامانی تر ئه‌نجامی ده‌ده‌ن نارازییه‌ و پێی وایه‌ رێزی بنه‌ماڵه‌كه‌مان لكه‌دار ده‌كرێت، ئه‌و كات زۆر توڕه‌ ده‌بێت و ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه‌.به‌ڵام كوا گوێچكه‌یه‌ك گوێبیستی بێت. له‌و كاته‌دا هه‌وڵده‌ده‌م نه‌یوه‌رووژێنم ، ده‌نا هه‌موو توڕه‌بوونی خۆی له‌سه‌رمن به‌تاڵ ده‌كات و من به‌ تاوانبار و به‌رپرس ده‌زانێت.

 هه‌ندێ جار براگه‌وره‌كه‌م ده‌ڵێت: هه‌موو كاره‌ قۆڕه‌كانی تۆ وای كرد، ده‌نا كێ ده‌توانی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ گه‌مه‌ به‌ گه‌وره‌یی و شان و شكۆی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ بكات و ئابرووی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ به‌رێت.

هه‌ندێ جار به‌ خۆم ده‌ڵێم: تۆ بڵێی وا بێت ؟

داده‌نیشم و سه‌ركۆنه‌ی خۆم ده‌كه‌م و كڵاوه‌كه‌م ده‌كه‌م به‌ قازی ، هه‌رچی ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م ، ده‌بینم وا نییه‌، خۆ من هیچم نه‌كردووه‌، هیچ كارێكی ئه‌و تۆم نه‌كردووه‌ ، من وه‌ك ئه‌وان نه‌بوومه‌ته‌ هۆی مه‌رگی كه‌سێك. من هه‌میشه‌ خۆم وئه‌و چوار كتێبه‌ بووم به‌ ئارامی هاتووم و به‌ئارامیش رۆیشتم، خوا له‌ مردووی هه‌موو لایه‌ك خۆشبێت.

دایكم هه‌میشه‌ فرمێسكه‌كانی به‌ چارشێو و عه‌باكه‌ی ده‌سڕی و من پێم ده‌وت: دایه‌ گیان خوا له‌خۆڕا ئه‌و زمانه‌ی پێنه‌داویی، هاوارێك ، قیژیه‌ك ، ده‌نگێگ.... ئاوا نابێت وه‌ك تۆ ده‌كه‌ی.... نازانم. وه‌ڵڵا له‌ خۆم دڵنیام و ده‌زانم جگه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌و خوالێخۆشبووه‌ هیچ ده‌ستێكی تر نه‌گه‌یشتۆته‌ عه‌باكه‌ی دایكم.

دایكی چاره‌ڕه‌شم تا مرد بۆ چركه‌یه‌كیش  چاوی له‌ چاوی من هه‌ڵنه‌بڕی ، چاوه‌كانی چ شه‌وانێك تا به‌یانی له‌ سه‌ر سه‌رم خوێنیان باراند.

كاتێك ژنه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و قه‌سابانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ردانی ماڵی ئێمه‌یان ده‌كرد ره‌دووكه‌وت ، نازانی چ هه‌ڵڵایه‌كی نایه‌وه‌ ، هه‌موو خزمان  و كه‌سوكار وازیان له‌كاری رۆژانه‌ی خۆیان هێناو له‌ دوای ئه‌و ده‌گه‌ڕان. هه‌تا گوێیه‌ براوه‌كه‌یان بۆ نه‌هێنام دایكم ئارامی نه‌گرت.

خوالێخۆشبوو شه‌وان تا به‌یانی له‌ ته‌نیشتم داده‌نیشت و فرمێسكی هه‌ڵده‌رشت .

كاتێك پرسیارم لێده‌كرد كه‌ بۆچی ده‌گری ؟

دایكم ده‌یوت: رۆڵه‌ ، قسه‌ كاوێژی مرۆڤه‌، قسه‌ بكه‌ ، كه‌س لێره‌ نییه‌، بگری ، بناڵه‌ ، هاوار بكه‌، لێم بده‌،  هه‌تا ئارام بی.

هه‌رچی پێم ده‌وت:  دایه‌ گیان وانییه‌ ، من خه‌فه‌تێكم نییه‌ .

دایكم ده‌یوت: تووشی خه‌مۆكی ده‌بیت، دڵت ده‌ته‌قێ ، قسه‌یه‌ك بكه‌. بۆ بێده‌نگی ؟

دایكم ناهه‌قی نه‌بوو، نه‌یده‌زانی ، ئه‌ویش وه‌ك ئێوه‌ وابوو، له‌گه‌ڵ خوێن گه‌وره‌ ببوو، له‌ناو خوێندا ده‌ست و پێی لێده‌دا و......!

نه‌یده‌هێشت قسه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد، ده‌بوایه‌ باوه‌ڕیش نه‌كردبوایه‌, چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ، مه‌سه‌له‌یه‌كی نامووسی بوو و ده‌بووه‌ هۆی سه‌رشۆڕی. خه‌فه‌تی ده‌خوارد ، پێی وابوو منیش وه‌ك ئه‌و خه‌فه‌ت ده‌خۆم و ده‌رینابڕم. ده‌ترسا من شێت بم ، براكانم پێیان ده‌وت، دایه‌گیان ئه‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاو بیركۆڵ و بێ ئه‌قڵ بوو، تۆ خه‌فه‌تی پێ مه‌خۆ، قبووڵی نه‌ده‌كرد و هه‌تا مرد بۆ ساتێكیش منی به‌ته‌نیا جێنه‌هێشت، ئه‌و كاته‌ی مردیش هه‌تا منی نه‌بینی چاوه‌كانی له‌سه‌ر یه‌ك دانه‌نا!  نیگاكردنه‌كه‌ی وه‌ك نیگاكردنی مه‌ڕه‌كان وابوو.ئه‌و بێچاره‌یه‌ ترسابوو، شڵه‌ژابوو، كه‌ ئه‌وم وا بینی بۆ یه‌كه‌م جار دڵم پڕبوو له‌گریان، هه‌رچی كردم نه‌متوانی له‌به‌ر چاوی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ خۆراگر بم  ده‌ستم به‌ گریان كرد و گوێم به‌وه‌ نه‌دا كه‌ گریانی من ده‌بێته‌ هۆی سه‌رشۆڕی بنه‌ماڵه‌كه‌م، هه‌ر له‌وێ بوو له‌واتای ترس تێگه‌یشتم.

ئێوه‌ نازانن ، ره‌نگه‌ بشزانن ، ره‌نگه‌ هه‌زارجار بینیبێتان و ره‌نگه‌ نه‌شتانبینیبێت ، ترسێك كه‌ له‌ناو چاوی مه‌ڕه‌كاندایه‌ دڵی هه‌رچی مرۆڤه‌ هه‌یه‌ ده‌كات به‌ كه‌باب، بێتوانایی و زه‌بوونی مرۆڤ...... !!!!  دڵم ده‌یه‌وێت سه‌ری خۆم بكێشێم به‌ به‌ردا و هاوار بكه‌م، ئاخه‌ بۆ چی؟؟؟

ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ چه‌قۆكه‌ی خوالێخۆشبووی باوكم هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موو خزم و كه‌سوكار به‌ره‌و كوشتارگا رۆیشتم ، ئه‌و كاره‌ی من ئه‌وه‌نده‌ كتوپڕبوو كه‌هه‌موو وازیان له‌كاره‌كانیان هێنا و به‌دوای من كه‌وتن ، هه‌ر كه‌ قاچم نایه‌ ناو كوشتارگا، براكه‌م به‌و ده‌نگه‌ ناخۆشه‌ و بێزاركه‌ره‌ی خۆی سلواتی له‌دیداری پێغه‌مبه‌ردا ، قه‌سابه‌كان هه‌موو ده‌ستیان له‌ كاری خۆیان هه‌ڵگرت و رێیان بۆ كردمه‌وه‌ تا تا خۆم بگه‌یه‌نمه‌ مه‌ڕێك به‌ڵام  حه‌زم نه‌ده‌كرد ، ئێستا كه‌ هه‌موو پرده‌كانی پشت سه‌ری خۆم وێران كردووه‌، یه‌كه‌م قوربانیم ده‌بێت مه‌ڕێك بێت، رووم كرده‌ ئه‌و هۆڵه‌ی كه‌ مانگاكانیان تێدا سه‌رده‌بڕی، هه‌موو به‌دوامدا ده‌هاتن، ئه‌م هه‌موو مانگایانه‌ی كه‌ له‌وێ بوو هه‌مووی به‌ره‌ورووم هاتن، هه‌وڵمدا سه‌یری چاویان نه‌كه‌م ، مانگایه‌كی ڕه‌ش سه‌ری داخستبوو و به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌با سه‌ری ببڕن ده‌رویشت، كاوێژی ده‌كرد ، كاوێژكردنه‌كه‌ی وره‌ی دامێ ، چه‌قۆكه‌ی خۆالێخۆشبۆكه‌ی باوكم دانا، مانگاكه‌ تێپه‌ری ، بۆنی خوێن لۆتی پڕكردبوو ، مانگاكه‌ كه‌ ئه‌م هه‌موو لاشه‌یه‌ی بینی راوه‌ستا، به‌نیاز بوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دواوه‌، به‌ڵام رێگای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی نه‌بوو، مانگاكانی تر به‌ هه‌ڵه‌داوان هاتن و فشاریان خسته‌ سه‌ر مانگه‌ ڕه‌شه‌كه‌، مانگه‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، كوڕێك كه‌ چه‌قۆیه‌كی كاره‌بایی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و كاری سه‌ربڕینی مانگاكان بوو ویستی ملی مانگا بگرێت و سه‌ری ببڕێت ، ویستم هاوار بكه‌م وپێی بڵێم كاری وا نه‌كات، به‌ڵام نازانم بۆچی شتێك پێشی به‌ زمانم گرت ، قاچه‌كانم كه‌وتنه‌ له‌رزین، چه‌قۆ كاره‌باییه‌كه‌ی له‌سه‌ر مانگاكه‌ پرشنگی دا و ئه‌و كاره‌ منی راچله‌كاند، مانگاكه‌ گێژ بوو ، چۆكی دادا، ده‌بوایه‌ به‌رله‌وه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی شاده‌ماری ملی ببڕم چه‌قۆكه‌م به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون هه‌موو سلواتیان له‌دیداری پێغه‌مبه‌ر لێدا، هاواری ئه‌وان زیاتر منی گێژ ده‌كرد. مانگا خه‌ریك بوو بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی ، ده‌بوایه‌ په‌له‌م كردبایه‌، چاوه‌كانم قوچاند چه‌قۆكه‌م هێنایه‌ خواره‌وه‌،  ده‌ستم به‌ پێستی ژێر ملی مانگاكه‌ كه‌وت، گه‌رم بوو، یه‌كێك هاواری كرد، ڕاكه‌ !!!!.

قه‌سابه‌كان دیسان سلواتیان ده‌نارد، فشارم خسته‌ سه‌ر چه‌قۆكه‌، تا شاده‌ماری رۆیشت، سه‌ری مانگاكه‌ قورس بوو فشاری بۆ چه‌قۆكه‌ش ده‌هێنا، خوێن به‌رز بۆوه‌ ، ده‌بوایه‌ ده‌ستبه‌جێ  ده‌ستم بكێشمه‌ دواوه‌، ئه‌و كاره‌م نه‌كرد، ده‌بوایه‌ خۆم بكێشابایه‌ته‌وه‌ دواوه‌ به‌ڵام ئه‌ویشم نه‌كرد، رووبه‌ڕووی مانگاكه‌ راوه‌ستام ، به‌رزبوونه‌وه‌ی خوێنه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بمشوات وا بوو ، سه‌ری مانگاكه‌ ده‌ستی منی وه‌لاده‌نا، چاوی له‌چاوم بڕیبوو، بڕوام پێ بكه‌ن نیگاكردنه‌كه‌ی ، له‌نیگای دایكم ده‌چوو، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵۆپێك فرمێسك چاوی ته‌ڕ بكات. هاوارێك هه‌موو ناخمی داگرت.مانگاكه‌ هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ ، ئه‌گه‌ر براكه‌م فریام نه‌كه‌وتبایه‌ له‌ ژێر پێی ئه‌ودا له‌ناوده‌چووم،  ئێستا له‌ دوای چه‌ندین ساڵ من هه‌ر له‌و شوێنه‌ ڕاده‌وه‌ستم  و سه‌یری به‌رزی بوونه‌وه‌ی خوێنی قورگی ئه‌و مانگایه‌ ده‌كه‌م كه‌ كاوێژ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی بگریم ، به‌ خوێنی ئه‌و له‌شی ئالوده‌ی خۆمی پێ غوسڵ ده‌كه‌م و هیچ كه‌سیش ناتوانێت له‌و شوێنه‌ دوورم خاته‌وه‌.

 نووسینی : عه‌لی ئه‌كبه‌ر كرمانی نه‌ژاد

وه‌رگێرانی:  جه‌واد حه‌یده‌ری

سه‌رچاوه‌   kermanialiakbar.blogspot.com :

 

پارتی سیاسی

نوسینی : جه‌مال محه‌مه‌د رضا

واتاى پارتى سیاسى چى یه‌ ؟

پێناسه‌كردنى چه‌مكه‌كان له‌زانسته‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كارێكى زۆر دژواره‌، چونكه‌ چه‌مكه‌كان واتاى جۆراوجۆر وهه‌ندێ جاریش ناهاوجۆر له‌خۆده‌گرن وكارى توێژه‌ر دژوار ده‌كه‌ن . پێناسه‌كردنى وردى زاراوه‌كان به‌تایبه‌ت له‌توێژینه‌وه‌مه‌یندانى یه‌كاندا گرنگى زیاترى هه‌یه‌ . بێگومان پارتى سیاسى یه‌كێكه‌ له‌وچه‌مكه‌ زۆر باوو له‌هه‌مان كاتدا پر مانا جیاوازیانه‌ى كه‌له‌كۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌كاندا باسى لێوه‌ئه‌كرێت كه‌متر كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ڕێكخراوێكى تێدانه‌بێت كه‌ناوى پارتى سیاسى له‌خۆى نه‌نابێت هه‌میشه‌ زاراوه‌ى حزبى سیاسى جێ ى باس ومشت ومڕبووه‌ له‌نێوان توێژه‌ره‌وه‌و نوسراوه‌كاندا به‌ڵام زۆربه‌ى لێكۆڵه‌ران بۆچونه‌كانیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ .

هه‌ندێك له‌پێناسه‌كانى پارتى سیاسى به‌پێى بیر مه‌ندان   له‌كۆمه‌ڵگا جیاجیاكاندا .

1- له‌قاموسى وشه‌ى فه‌رنسى دا  وشه‌ى پارتى (parti ) سه‌ره‌تا خاوه‌ن واتایه‌كى سه‌ربازى بووه‌و به‌ده‌سته‌یه‌ك له‌وسه‌ربازانه‌ ده‌گوترا كه‌بۆڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى دوژمن له‌له‌شكر جیاده‌بونه‌وه‌ وله‌گه‌ڵ 1- دوژمن ده‌جه‌نگان (1 ) . به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌م زاراوه‌یه‌ بۆده‌ربرینى كۆروكۆمه‌ڵ یان گروپێك له‌خه‌ڵكى هاوباوه‌ر كه‌خاوه‌ن دیدگایه‌كى هاوبه‌ش  بون به‌كارهات (2 ) .  وه‌له‌سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌ ووشه‌ى پارت چه‌مكێكى سیاسى به‌خۆیه‌وه‌ گرت وبۆیه‌كه‌م جار پارت به‌گروپێك ده‌گوترێ كه‌خاوه‌ن دیدگاى  سیاسى یه‌كانن و له‌به‌رامبه‌ر گروپێكى تردا كۆبونه‌ته‌وه‌.

2-  پارتیتۆ له‌زمانى ایتالى و(پارتاى ) له‌زمان وفه‌رهه‌نگه‌كانى وشه‌ى پارتى له‌زمانى انگلیزى مێژویه‌كى هاوبه‌شی  هه‌یه‌ له‌هه‌موو ئه‌و حاله‌تانه‌دا حزب به‌واتاى ده‌سته‌ , گروپ , به‌شێك له‌شتێك وكۆمه‌لێك  له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانى تردا به‌كاردێت .

3- راغب ئه‌سفه‌هانى له‌ (فقه‌الغه‌ ) (3 ) دا ده‌رباره‌ى واتاى ووشه‌ى حزب ده‌نوسێ (الحزب جماعه‌ فیها غلط ) حزب گروپێكن كه‌به‌جۆش  وخرۆش وحه‌ماسه‌ته‌وه‌ به‌رگرى له‌ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن

4- (مۆریس (وڤیرژه‌ ) حزب به‌رێكخراویك ده‌زانێ كه‌مه‌به‌ستیان به‌ده‌ست هێنانى ده‌سته‌ڵاته‌ وئه‌ندامه‌كانى هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌ڕێبه‌رانیان پۆسته‌ حكومیه‌كان به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن (4 ) . به‌م جۆره‌ حزبه‌سیاسیه‌كان له‌گروپه‌كانى قازانج و گروپه‌كانى گوشار جیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ئاره‌زوى ئه‌وه‌یان نى یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن

5- هه‌ردوونوسه‌ر (لاثالومبارا ) و (واینر ) له‌پێناسه‌ى خۆیاندا (4 ) تایبه‌تمه‌ندى بۆحزب ده‌ژمێرن كه‌ئه‌مانه‌ن .

ا- خاوه‌ن رێكخستنێكى به‌رده‌وام ودرێژخایه‌ن .

ب- خاوه‌ن لقى ناوچه‌یى بێت وڕێكخستنى حزب له‌سه‌ر ئاستى وڵات دا په‌ره‌بسێنێت .

ج– ڕێبه‌رانى به‌ته‌ماى به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ده‌سته‌ڵاتن .

 (3)

(پارتى سیاسى كۆبونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌ به‌شێوازیكى رێكخراو كه‌هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندى وپره‌نسیپى دیارى كراویان هه‌یه‌، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌پێناوگه‌شتن به‌ده‌سته‌ڵات یاخود به‌ژداربون تیایدا ) وه‌بۆئه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌یه‌ك به‌پارتى سیاسى ناوببرێت پێویسته‌ چه‌ند ڕه‌گه‌زێكى سه‌ره‌كى  تێدابێت كه‌لێره‌ش دا بیرمه‌ندان بیروبۆچونى جیاوازیان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ناوبانگ ترین لێكۆلیار (جۆزیف باله‌مبارا پێى وایه‌ كه‌له‌پارتى سیاسى دا چوار ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌كى پێویسته‌ ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن :

1-  ئه‌بێت پارتى سیاسى رێكخراوێكى هه‌میشه‌یى بێت (ته‌نانه‌ت دواى نه‌مانى سه‌ركرده‌كانى )

2-   رێكخراوێكى پته‌وبێت له‌سه‌ركرده‌ تاخواره‌وه‌ له‌ناوڵات بونیان هه‌بێت

3-  هه‌وڵ بدات به‌ژدارى له‌ده‌سته‌ڵات بكات

4-  خاوه‌نى هێزێكى جه‌ماوه‌رى وفراوان بێت وه‌به‌سود وه‌رگرتن له‌وبیرورایانه‌ى باسمان كردن بچێته‌ دێرێكى تر ئه‌توانن به‌شێوه‌ى گشتى بلێین كه‌(5 ) ره‌گه‌زى سه‌ره‌كى له‌پارتى سیاسى دا هه‌یه‌

1-  جه‌ماوه‌ر 2- پرنسیب وبنه‌ما 3- رێكخستن 4 – سه‌ركردایه‌تى 5- هه‌وڵدان بۆده‌سته‌ڵات .

ره‌گه‌زه‌كانى پارتى سیاسى :

یه‌كه‌م // جه‌ماوه‌ر : (11)

جه‌ماوه‌ر یه‌كێكه‌ له‌وزاراوانه‌ى تاوه‌كو ئێستاش ماناو(مدلول ) ى ساخ نه‌بۆته‌وه‌ پارته‌سیاسى یه‌كان هه‌ریه‌كه‌و به‌پێى دیدى سیاسى خۆیان سه‌ودایان له‌گه‌ل كردووه،‌ شیوعى یه‌كان (كرێكارو هاوپه‌یمانه‌كانى ) به‌جه‌ماوه‌ر ئه‌زانن . سوشیالست وحزبه‌شۆرشگێره‌كان (كرێكارو جوتیارو بورژواى بچوكو هه‌ندێ توێژى تر)  ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ى مه‌فهومى جه‌ماوه‌ره‌وه‌ جارجاره‌ش  (خه‌ڵك یان كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك  ) وه‌كو جه‌ماوه‌ر له‌ئه‌ده‌بیا تى سیاسى دا  به‌دى ئه‌كرێت ئه‌وه‌ى جێگاى گومانیش نییه‌ هه‌موولایه‌ك له‌سه‌رى ته‌بان  ئه‌وه‌یه‌ ناشێت زاراوه‌ى جه‌ماوه‌ر له‌جیاتى چه‌مكى (گه‌ل ) به‌كاربێت چوونكه‌ گه‌ل ماناكه‌ى له‌جه‌ماوه‌ر فراوانتره‌ هه‌مووئه‌وتوێژینه‌وه‌ى له‌سه‌رپه‌یدابونى پارته‌سیاسىیه‌كانى دونیا كراوه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستى یه‌ ده‌كه‌ن كه‌یه‌كێك له‌پایه‌ هه‌ره‌سه‌ره‌كییه‌كانى بوونى پارتى سیاسى مه‌سه‌له‌ى جه‌ماوه‌ره‌ به‌جۆرێ هیچ پارتێكى سیاسى نابێت خۆى به‌حزب بزانێ ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رى به‌دواوه‌نه‌بێت هێزو تواناى حزبیش هه‌ر له‌جه‌ماوه‌ره‌وه‌ سه‌رچاوه‌وه‌ ئه‌گرێت . جه‌ماوه‌ر یه‌كێكه‌ له‌كۆله‌كه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانى پێكهاته‌ى پارتى سیاسى

لینین له‌سالى 1920 له‌نوسینێكى ره‌خنه‌ ئامێزدا بۆشیوعى یه‌كانى به‌ریتانیا نوسیبوى (ئه‌گه‌ر كه‌مینه‌یه‌ك له‌خۆرانه‌بینێ رابه‌رى جه‌ماوه‌ر بكات په‌یوه‌ندى توندوتۆلیان له‌گه‌ل ببه‌ستێ به‌ره‌هایى یه‌وه‌ ده‌لێم نه‌حزبن نه‌هیچ نرخێكیان هه‌یه‌ باناویشیان له‌خۆیان نابێت حزب ) .( 12)

له‌به‌ر گرنگى ڕۆڵى جه‌ماوه‌ر ئه‌بێت  كادرى ڕێكخستنى جه‌ماوه‌ر ئه‌ده‌بیاتى سیاسى لۆكال (محلى ) گونجاو له‌گه‌ڵ بارودۆخى   بابه‌تى چوارچێوه‌ى ژیانى جه‌ماوه‌ر به‌كاربێت وه‌ئه‌بێت ئه‌وكادرانه‌ ئه‌م چه‌ند مه‌رجانه‌یان تێدابێت . 

1- شاره‌زاى و ته‌واویان له‌نه‌ریت وعاده‌ت وته‌قالیدى ئه‌وجه‌ماوه‌ر هه‌بێت كه‌رێكخستنیان له‌نێو هه‌ڵده‌سورێنن .

 (4)

د- به‌نیازى په‌ره‌پێدانى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى خۆى بێت وهه‌وڵ بدات ژماره‌ى ده‌نگده‌ران ولایه‌ن گرانى زیاد بێت (5 ) .

6- (ئلین وار ) حزب به‌خاوه‌نى دووتایبه‌ت مه‌ندى سه‌ره‌كى ده‌زانێ كه‌ :

1- كاریگه‌ربوون له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت كه‌به‌زۆرى له‌ڕێگاى به‌ده‌‌ست هێنانى پۆسته‌حكومیه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت .

2- هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنان وده‌ربرینى رێكخراوانه‌ى زیاتر له‌ قازانجێك  (6 )

  7- توێژه‌رى (فرانك جى سورۆف ) له‌ژێر كاریگه‌رىواقعى  كۆمه‌ڵگاى ئه‌مه‌ریكا دایه‌ گرنگترین ئه‌ركى حزبى سیاسى له‌پروپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردن دا كورت  ئه‌كاته‌وه‌  , هه‌روه‌ها ( ئێپشتاین  ) گرنگترین رۆل وئه‌ركى حزبه‌سیاسى یه‌كان له‌رێكخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان وئاراسته‌كردنى ده‌نگده‌ران كورت ئه‌كاته‌وه‌ (7 )

8- (لاوسۆن ) بۆیه‌كه‌م جار دروست كردنى ( په‌یوه‌ندى ) له‌نێوان خه‌ڵك وده‌سته‌ڵات دارانى به‌گرنگترین ئه‌ركى حزبه‌كان له‌قه‌له‌م دا (8 ) .

9- (وانیل لویى سیلر ) ئه‌ڵێ حزبه‌كان له‌(3 ) قۆناخى یه‌ك له‌دواى یه‌كدا سه‌رهه‌ل ئه‌ده‌ن كه‌ئه‌مانه‌ن .

1- پرۆژه‌و به‌رنامه‌ 2- داواكردنى ده‌سته‌لاَت 3- مۆبلیزه‌كردنى هێزه‌كان (رێكخستن ) كه‌جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى ئایدۆلۆژیا ده‌كاته‌وه‌ .

وه‌سیلر به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ى حزبه‌كان ئه‌كاته‌ ( حزب بریتى یه‌ له‌رێكخراوێك كه‌هه‌وڵئه‌دات تاكه‌كان بۆبه‌شدارى له‌كردارێكى به‌كۆمه‌ل له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانى تردا رێك بخات كه‌له‌م ڕێگایه‌وه‌ به‌ته‌نیایى یان به‌هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ل ئه‌وانى تردا پۆسته‌ حكومیه‌كان به‌ده‌ست  بهێنێت . به‌رژه‌وه‌ندىیه‌ گشتى یه‌كان پاساوى ئاماده‌ كردنى تاكه‌كان وداواكردنى ده‌سته‌ڵاتن له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ (9 )

10- زاناى بوارى بیرى سیاسى (بنیامین كرنستان ) پێى وایه‌ پارتى سیاسى واته‌یه‌كگرتنى (كۆمه‌ڵێك له‌خه‌ڵك كه‌بروایان به‌هه‌مان پرنسیسى سیاسى هه‌یه‌ (ملزمه‌ )

11- بیر مه‌ندى ئه‌لمانى  (توماس بیرك ) پێى وایه‌ پارتى سیاسى بریتییه‌ له‌كۆمه‌لێك خه‌ڵك كه‌یه‌كیان گرتووه‌و به‌تواناكانیانه‌وه‌ كارى هاوبه‌شى ئه‌نجام ئه‌ده‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى دابێت وخاوه‌نى یه‌ك بزنه‌سیپن .

12- بیرمه‌ند (ئه‌سین ) خاوه‌نى كتێبى به‌ناوبانگ (سیاسه‌تى فه‌رمان ره‌وایى كردن ) واى ده‌بینێ كه‌پارتى سیاسى كۆمه‌ڵێك رێكخراوى سه‌ربه‌خۆن , نوێنه‌ره‌كانیان دیارى ده‌كه‌ن وبه‌شدارى له‌هه‌ڵبژاردن دا ده‌كه‌ن به‌هیواى به‌ده‌ست هێنانى پۆستى حكومى وباڵاده‌ستى وهه‌ژمون به‌سه‌ر به‌رنامه‌كانى حكومه‌تدا به‌كه‌ڵك وه‌رگرتنى له‌و دیدگا   جۆراوجۆرانه‌ى كه‌باس كران ئه‌توانین (پێناسه‌ى پارتى سیاسى ) به‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ین :

(5)

1-  خۆیان دوربگرن له‌رواڵه‌تى فه‌نتازیانه‌و نامۆ به‌هه‌ڵسوكه‌وتى جه‌ماوه‌ر .

2-  به‌كارهێنانى زاراوه‌و گوته‌ى ساكاروباو به‌شێوه‌یه‌ك جێگه‌ى تێگه‌یشتنى هه‌موو لایه‌ك بێت .

3-  خاكیه‌ت وخۆهێنانه‌ ئاستى خه‌ڵك  تاواهه‌ست نه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ مه‌سئولێك یان پیاوێكى گه‌وره‌ به‌ره‌وروون چونكه‌ له‌وحاڵه‌ته‌دا زۆر له‌گه‌ڵ گرێ كوێره‌وبۆچونیان ئه‌شارنه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌شیزانن له‌بیریان ئه‌چێته‌وه‌ له‌رووى سایكۆلۆجى یه‌وه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌ده‌سازێ كه‌له‌ئاستى خۆیه‌تى .

4- هه‌زم كردن وخوێندنه‌وه‌ى گرفتوو ئازارو كوێره‌وه‌رى جه‌ماوه‌ر وپه‌ى بردن به‌خواست وپێداویستى یه‌كانیان

5-بنیات نانى په‌یوه‌ندیه‌كى پته‌وتاك وه‌ك یه‌كێك له‌ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى خۆیان لێیان دڵنیابن داواو نهێنیه‌كانیان بدركێنن له‌وه‌ش پشت ئه‌ستوربن كه‌به‌جدى كار بۆجێبه‌جێكردنی داواكانیان ئه‌ده‌یت .

6-  وه‌ك خوێندكارێك گوێ بۆراوبۆچونى جه‌ماوه‌ر شل بكرێت وه‌ك مامۆستاش هه‌مان ئه‌فكارى ئه‌وان بخرێته‌ چوارچێوه‌ى واقعیه‌ت .

7- فكرئه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك پێش كه‌ش بكرێت كه‌وێراى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمان و حزبى وئه‌وبابه‌تانه‌شى تێدابێت كه‌به‌رژه‌وه‌ندى جه‌ماوه‌ر ده‌نوێنێ .زیره‌كى ولێهاتوى له‌وه‌دا ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌هه‌ر بابه‌تێ ده‌خه‌یته‌ روو ده‌نگدانه‌وه‌ى ویست وئاره‌زوى خه‌ڵك بێت .

 شێوازه‌كانى په‌یوه‌ست بوونى جه‌ماوه‌ر به‌پارتى سیاسییه‌وه‌

1- ده‌نگده‌ر / له‌ولاَته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا ئه‌مه‌ریكا وئه‌وروپا هه‌لبژاردن رێگه‌ى سه‌ره‌كى وشه‌رعییه‌ت وگه‌یشتن به‌ده‌سته‌لاَته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ( ده‌نگده‌ر ) رۆلى سه‌ره‌كى و بنه‌ره‌تى هه‌یه‌ له‌ژیانى پارته‌ سیاسى یه‌كاندا ( ده‌نگ ده‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى ده‌نگ بۆپارتێكى سیاسى ودیارى كراو ئه‌دات )

2- لایه‌نگر / ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌به‌شێوه‌ى زیاتر له‌ده‌نگ ده‌ر پاڵپشتى پارتێكى سیاسى دیارى كراو ده‌كات وبرواى به‌به‌شێك له‌پره‌نسیپه‌كانى پارت هه‌یه‌ وبه‌رگرى وبانگه‌شه‌ى بۆئه‌كات ئه‌گونجێت له‌كۆكردنه‌وه‌ى دارایى به‌ژداربێت بۆ ئه‌و پارته،‌ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ به‌داوایه‌كى نوسراو داواى به‌ئه‌ندام بوونى نه‌كردووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر به‌لایه‌نگری ئه‌مێنێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ زۆر جار لایه‌نگر زیاتر پالپشتى پارتێكى سیاسى ئه‌كات وه‌ك له‌ئه‌ندام به‌لاَم له‌به‌ر چه‌ند هۆكارى زاتى وده‌ره‌كى نابێته‌ ئه‌ندام .

3-  ئه‌ندام /

 ئه‌وكه‌سانه‌ن كه‌له‌ڕێى پێشكه‌شكردنى داوایه‌كى فه‌رمى یه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ندامى پارتێكى سیاسى پاش بڕواهێنان به‌ پره‌نسیب وبنه‌ما گشتى یه‌كانى ئه‌و پارته‌ وپركردنه‌وه‌ى فۆرمى ئه‌ندامێتى وبه‌ڵێندان به‌پابه‌ند بوون به‌پره‌نسیب وبنه‌ماكانى پارتى سیاسى وپێدانى ئابوونه‌ .

ئه‌نداميش دووجۆره‌ :

أ‌-  ئه‌ندامى ئاسايى /

 ئه‌و ئه‌ندامانه‌ن كه‌ئه‌ركى بانگه‌شه‌و بڵاو كردنه‌وه‌ى پره‌نسيب وبناماكانى پارته‌كه‌يان ناگرنه‌ ئه‌ستۆ ته‌نها ئه‌ندامێكى ئاسايى پارتن ونايانه‌وێ نوێنه‌رى ئه‌و پارته‌بن له‌وژينگه‌يه‌ى كه‌تيايى دا ئه‌ژين وئاماده‌ى يان له‌كۆبونه‌وه‌كاندا كه‌مه‌ به‌ڵام ئاشكران كه‌ئه‌ندامى ئه‌ورۆژه‌ن .

ب – ئه‌ندامى كارا /

بناغه‌ى سه‌ره‌كى پارتى سياسى وبه‌رپرسيارێتى وئه‌ركى بڵاوكردنه‌وه‌ى بنه‌ماكانى پارته‌كه‌يان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ وبه‌رده‌وام له‌كۆبونه‌وه‌كاندا ئاماده‌ئه‌بن وجێ به‌جێ كارى ئه‌وبرياروراسپاردانه‌ن كه‌له‌سه‌ر خۆيانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت .

جياوازيه‌كانى نێوان ئه‌ندام ولايه‌نگر :

         ئه‌ندام                                                                                                    لايه‌نگر      

1-      برواى به‌هه‌موو پره‌نسيبه‌كانى پارته‌كه‌ هه‌يه‌                   1- برواى به‌به‌شێك له‌بنه‌ماوپره‌نسيبى پارته‌كه‌

                                                                                                       هه‌يه‌                                             

2-  په‌يوه‌نديه‌كى فه‌رمى هه‌يه‌ به‌پارته‌كه‌ى                          2-په‌يوه‌ندى يه‌كى دۆستانه‌يه‌         

3-پێويسته‌ له‌سه‌رى كاره‌كانى پارت جێبه‌جێ بكات       3- سه‌ربه‌سته‌له‌ئه‌نجام دان ياخود ئه‌نجام نه‌دانى                    به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ توشى لێپرسينه‌وه‌ئه‌بێت                          كارێك كه‌په‌يوه‌ندى به‌پارته‌كه‌وه‌ هه‌بێت  

        دووه‌م // پره‌نسيب وبنه‌ما :

يه‌ككێك له‌سيفه‌ته‌كانى حزيب خۆگونجاندنه‌ له‌گه‌ل واقيع  واته‌ ئاسايى يه‌ له‌چه‌په‌وه‌ بۆ راست ئا راسته‌ى حزبه‌كه‌  بگۆرێت هه‌موو پرنسيبێك ئه‌شێ بگۆرێ  به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ى بگۆرێ به‌پێى  (بارودۆخ  ) و (له‌كوێ ) و (كێ ) بێگومان له‌كۆنگره‌ى حزبدا  (له‌ محاچره‌ى مامۆستا رێبوار ) وه‌رگيراوه‌

پره‌نسيبى حزبه‌كان له‌كۆمه‌ڵگايه‌كه‌وه‌  بۆكۆمه‌ڵگايه‌كى تر جياوازه‌ : بۆنمونه‌ 

پره‌نسيبى وه‌رگرتنى ئه‌ندام له‌زوربه‌ى حزبه‌ ديموكراتى يه‌كاندا به‌چه‌ند قۆناخێك ده‌روات به‌م شێوه‌يه‌

1-      داوايه‌ك ئاراسته‌ى ئيداره‌ى حزب ئه‌كرێت

2-      ئيدارى حزب به‌نامه‌ى مۆركراو داواكار ئاگادار ئه‌كاته‌وه‌

3-فۆرمێكى زانيارى پرده‌كاته‌وه‌ ئابونه‌ى ديارى كگراو ئه‌دات ئيداره‌ى حزب وئۆرگانى چالاكى حزبى ديارى ده‌كرێت (ئه‌م پرۆسه‌يه‌ ئه‌ندام ولايه‌ن گر له‌يه‌ك جيا ئه‌كاته‌وه‌  ) به‌ڵام له‌ ئه‌مه‌ريكا له‌هه‌ردوحزب (كۆمارى ديموكراتى ) ئه‌ورێوره‌سمه‌ى سه‌ره‌وه‌ ره‌چاه‌وناكرێت ئابونه‌ش له‌كه‌س وه‌رناگيرێ ته‌نها له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ به‌كام حزب بدرێت له‌ليستى ئه‌و حزبه‌دا ناوى تۆمار ئه‌كرێت ئه‌وهه‌لوێسته‌ش كاتى يه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى بۆى هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر ويستى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا سه‌نگه‌ر بگوێزيته‌وه‌ به‌لام له‌كۆمه‌ڵگا دوواكه‌وتو تازه‌پێگه‌يشتووه‌كاندا ته‌واو جياوازه‌ .

(7)

جه‌ماوه‌ر سه‌رچاوه‌ى هێزوتواناو ده‌سته‌ڵاتى حزبه‌كانه‌ وه‌رگرتنى ئه‌ندام ئه‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ى چه‌ند تاقى كردنه‌وه‌يه‌كى به‌رنامه‌رێژ هه‌ر له‌ماوه‌ى تاقى كردنه‌وه‌ بگره‌تا ده‌گاته‌ رابردوى  خۆى تا هاتنه‌ نێو حزب وتواناى خۆگرى وئاستى دڵسۆزىو قه‌واره‌ى متمانه‌وه‌و پايه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى حسابى بۆئه‌كرێت له‌هه‌مان كاتدا پره‌نسيبه‌كانى  حزيب به‌ورد ترين شێوه‌ پياده‌ ئه‌كرێت به‌هه‌ردووشێوازى شاراوه‌و ئاشكرا .

سێيه‌م // رێكخستن

به‌درێژاى مێژوو رێكخستن فاكته‌رێكى سه‌ره‌كى بووه‌بۆپياده‌كردنى چالاكيه‌كانى توخمى ئاده‌ميزاد تاكه‌ يه‌ك ئاكاروشاكارى مرۆڤ به‌دى ناكرێت مۆركى رێكخستنى پێوه‌ ئه‌بێت ئيستاشى له‌گه‌ڵدا بێت كه‌سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژياو ئه‌نترنێته‌ , رێكخستن باڵان وهه‌ستيا ر ترين ئه‌ركه‌ زانستى يه‌كان به‌رجه‌سته‌ ئه‌كات .( واته‌ ژيان رێكخستنه‌ ورێكخستنيش ژيانه‌ ) چونكه‌ ته‌نانه‌ت خواردن وخه‌وتن پێويستى به‌رێكخستن هه‌يه‌ .   پارتى سياسى به‌ده‌ر نىيه‌  له‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كه‌واته‌  رێكخستن يه‌كێكه‌ له‌بنه‌ماسه‌ره‌كى يه‌كانى . پارتى سياسى رێكخستنى حزبى كه‌شێوه‌ى چالاكى حزب وخه‌باتى ديارى ئه‌كات بۆگه‌يشتن به‌ئامانجه‌كانى يان وه‌ك بيرمه‌ندى مه‌جه‌رى  (جورج لوكاش ) ئه‌لێ (ڕايه‌لى پێك گه‌ياندنى تيۆر  پراكتيته‌ ) . نوسه‌رى كتێبى (فى التنظيم الپورى  ) ئه‌لێ (جوهه‌رى حزبايه‌تي لايه‌نه‌پراكتيوكه‌كه‌يه‌تى مه‌ودايه‌كى زۆريش له‌نێوان تيۆرو پراكتيك داهه‌يه‌ ,ئه‌وه‌ى  ئه‌و مودايه‌ش پر ئه‌كاته‌وه‌و ئه‌و دوولايه‌نه‌ به‌يه‌كه‌وه‌ ئه‌به‌ستێته‌وه‌ ته‌نها رێكخستنه‌ . ) وه‌ك چۆن حزب وه‌سيله‌يه‌كه‌ بۆ به‌ئامانج گه‌ياندنى (كۆمه‌ڵێك يا ده‌سته‌يه‌ك , جه‌ماوه‌رێك يا گه‌لێك ) ئاواش رێكخستنى حزب وه‌سيله‌يه‌كه‌ بۆ پراكتيزه‌ كردنى ئيداره‌و ئامانجى ئه‌و  حزبانه‌.

شێوه‌كانى رێكخستن به‌پێى (قۆناغى خه‌بات ) زروفى مه‌وزوعى ئامانجه‌كان) ئه‌بێ / بگۆرێ / دابرێژرێته‌وه‌ / نوێبكرێته‌وه‌ , ئه‌گه‌ر وانه‌بێت كۆمه‌ڵێك گرفت وكۆسپ وله‌مپه‌ر  له‌به‌رده‌م چالاكى سياسى قووت ئه‌بێته‌وه‌  نوێكردنه‌وه‌وگۆرينى فۆرمه‌كانى رێكخستن نيشانه‌ى بير كردنه‌وه‌و تێروانينێكى زانستيانه‌ به‌ڵام نابێ ئه‌و گۆران ونوێكردنه‌ واته‌ مه‌زاجى بێت يان له‌سه‌ر ويستى  زاتى بێت به‌لكو پێويستيه‌كان وواقعى ئه‌و قۆناخه‌ ئه‌سه‌پێنێت .ئه‌گه‌ر نا ده‌ر هاويشته‌ى خراپه‌ى لێ ئه‌كه‌وێته‌وه‌ , سه‌قام كيرى رێكخستن ده‌شێوێنێ ودڵه‌راوكێ ئه‌خاته‌ برواو متمانه‌ به‌خۆبونى كادره‌كان و قودسيه‌تى ئۆرگانه‌كان كه‌م بايه‌خ ئه‌كات لاى جه‌ماوه‌ر كه‌لاپه‌ره‌ / 143 /ى (موسوعه‌االا هلال الاشتراكيه‌ ) كه‌له‌سالى 1968 چاپ كراوه‌ (ابراهيم عامر  ) شێوه‌كانى (فۆرمه‌كانى )

 رێكخستن به‌م شێوه‌ ئه‌خاته‌ به‌رچاو :

1- فۆرمى رێكخستنى ئه‌و حزبانه‌ى (سه‌ركرده‌ يان فه‌رمانده‌ى ) به‌دواوه‌يه‌ وه‌ك هه‌يئه‌ى رزگارى ميللى فه‌رنسى كه‌ ژه‌نه‌رال ديگول سه‌ركردايه‌تى ئه‌كرد .

2- فۆرمى  رێكخستنى ئه‌و حزبانه‌ى بۆ قۆناغێكى ديارى كراو دامه‌زراون وه‌ك حزبه‌ نيشتمانى يه‌كان  پێش قۆناخى رزگاركارى نيشتمانى .

3-  فۆرمى رێكخستنى حزبه‌ ئايدلۆژي يه‌كانى (سۆسيالست وكۆمۆنيسته‌كان )

فۆرمى رێكخستنى (ئۆپۆرتۆنزم )ه‌ كان كه‌ته‌نهامه‌به‌ستيان  ده‌سته‌ ڵاته‌ ئاقارى  ئه‌وده‌سته‌ڵاته‌ له‌كوێوه‌ بێت رووى لێئه‌كه‌ن به‌بێ ره‌چاوكردن عه‌قيده‌وفكر .

  چه‌ند رايه‌كى تر له‌سه‌ر گرنگى رێكخستن وپێناسه‌كردنى :

1- (فردريك ئينگلس  ) پێگه‌ى رێكخستنى  له‌چالاكى حزبدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌وگرنگى يه‌كى زۆرى پێداوه‌ له‌سالى 1872 ز نووسيويه‌تى (هيچ حزبێكى سياسى ناتوانێ به‌بێ رێكخستن بوونى هه‌بێت )

2-  بير مه‌ندى فه‌رنسى (موريس ديظرچيه‌ ) له‌كتێبى (الاحزاب السياسيه‌ ) كه‌ (على مقلد وعبدالحسن سعيد ) كردوويانه‌ به‌عربى ئه‌ڵێت له‌سالى (1925- 1930 ز ) شيوعيه‌كان په‌يره‌وى جۆره‌ رێكخستنێكى زۆر ره‌سه‌ن يان كرد كه‌چه‌ند ئه‌لقه‌يه‌كى بچوك به‌يه‌كه‌وه‌ گرێ درابوون ئه‌ورێكخستنه‌ بۆپه‌يوه‌ندى به‌جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌عه‌قيده‌ى ماركس زياتر كارى كرده‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنى شيوعيه‌كان .

3- لينين له‌كتێبى ( هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ دووهه‌نگاو بۆدوواوه‌ ) ئه‌لێ (سياسه‌ت ورێكخستن دووروى يه‌ك ديارده‌ن كه‌ئه‌ويش ديارده‌ى چالاكى حزبى يه‌

4- بير مه‌ندى ئه‌لمانى (رۆبێرت ميشيل ) له‌ كتێبى (سۆسۆلۆژياى پارته‌سياسى يه‌كان ) ئه‌لێت (ناكرێت ديموكراسيه‌ت هه‌بێت به‌بێ بونى رێكخستن ) .

له‌وه‌وه‌ بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ زۆربه‌ى ئه‌و بير مه‌ندانه‌ پێيان وايه‌

1- رێكخستن پێگه‌يه‌كى سه‌ره‌كى چالاكى حزبىيه‌ (چالاكى حزبى = كارى فكرى سياسى +كارى رێكخستن )

2-   تاقيگه‌ى فكرى وسياسه‌ته‌

3-  كارئه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌همه‌يه‌تى  حزبه‌كان . 

هه‌رچه‌نده‌ رێكخستن بايه‌خى خۆى هه‌يه‌ به‌ڵام هه‌مووحزبه‌كان به‌يه‌ك ئه‌ندازه‌ پابه‌ندى خۆيان به‌گرنگى رێكخستنه‌وه‌ رانا گه‌يه‌نن به‌پێى سروشتى كۆمه‌ڵگا جياجاكان . ئه‌و كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووانه‌ى كه‌ياساتياى دامه‌زراوه‌ وسه‌قام گيرى سياسى وئابورى هه‌يه‌ وگه‌شه‌پێدانى كۆمه‌لاَيه‌تى كراوه‌ خاوه‌ن ئه‌زموون وباگراونێكى زانستى رۆشنبيرى به‌رزيان هه‌يه‌ ,ره‌گه‌ز په‌رسنى وجينوسايد نى يه‌, كێرڤى  رێكخستن له‌وكۆمه‌ڵگايه‌نه‌دا نزمه‌ وته‌نانه‌ت نى يه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ناو حزبه‌ شيوعى وسوشيالست وشۆرش گێره‌كاندا ) به‌هۆى سه‌ختى خه‌باته‌كه‌يان و درنده‌يى وكه‌لله‌ره‌قى سه‌رانى حوكمبه‌ده‌ست تياياندا  وهه‌ژارى كۆمه‌ڵگاكه‌ رێكخستنى حزبى دوردو تۆكمه‌يه‌ .

پاتى سياسى ئه‌ركێكى ديارى كراوى له‌ئه‌ستۆدايه‌ ناتوانێت ئه‌و ئه‌ركانه‌ جێ به‌جێ بكات به‌بێ بونى رێكخستنى  پته‌و راسته‌ قينه‌ , ره‌گه‌زى رێكخستن رۆلێكى سه‌ره‌كى وگرنگى هه‌يه‌ له‌ژيانى پاتى سياسى دا . به‌زانين راده‌ى هێزو پته‌وى رێكخستن  ده‌توانرێ رێژه‌ى سه‌ركه‌وتنى پارتى سياسى ديارى بكه‌ين (ملزمه‌ ) .

چواره‌م // سه‌ركردایه‌تى

هه‌رله‌وه‌ ته‌ى ململانێی مرۆڤ له‌پێناوى پێش كه‌وتن وئاشكراكردنى نهێنیه‌كانى ژیان هاتۆته‌ كایه‌ ئیتر له‌ناو هه‌مووچین وتوێژو بنه‌ماله‌ى كۆمه‌ڵگاكانى قیاده‌ى لێهاتوو  دیارو ناسراو خۆیان به‌مێژووى مرۆڤایه‌تى ئاشنا كردووه‌و تا ئێستاش له‌رۆژهه‌ڵات ورۆژئاوا ناویان به‌سه‌ر زارى خه‌ڵكى یه‌وه‌یه‌ له‌زۆر زانكۆو په‌یمانگاو دامه‌زراوه‌ زانستى یه‌كانى بوارى (سیاسى , ئابورى , كۆمه‌ڵایه‌تى ) خه‌سله‌ته‌كانیان ده‌خرێته‌ به‌ر باس ولێكۆلینه‌وه‌ . كه‌حزبه‌ سیاسه‌كانیش په‌یدابوون مه‌سه‌له‌ى سه‌ركرده بووبه ‌یه‌كێك له‌وبابه‌تانه‌ى كه‌رۆلى كارى گه‌رى هه‌یه‌ وه‌چه‌ندین توێژینه‌وه‌له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ كه‌وتونه‌ته‌ ناوزانسته‌كانه‌وه‌ وئه‌وسه‌ركردانه‌ش  له‌مێژوو چالاكى مرۆڤایه‌تى دا رۆڵیان هه‌بووه‌ هه‌موویان جێ ده‌ستیان وه‌ك یه‌ك نه‌بووه‌ .هه‌یانه‌  تا دونیا دونیایه‌ سه‌ر زه‌نشتى مرۆڤن و زۆریشیان مرۆڤایه‌تى خۆى به‌قه‌رزاریان ئه‌زانىَ .

 له‌سه‌ره‌تادا مه‌سئولیه‌تى سه‌ركرده‌و ئه‌ركه‌كانیان هه‌رچه‌ند دژوار بوبێت له‌چوارچێوه‌ى ناوچه‌یه‌ك یان عه‌شیره‌تێك یان حكومرانیه‌كى ته‌سك تێ نه‌په‌ریوه‌ به‌ڵام له‌گه‌ل پێشكه‌وتنى هه‌موو بواره‌كانى چالاكى مرۆڤیش  دواى ئه‌وه‌ى حزبه‌ سیاسى یه‌كان بون به‌سه‌نته‌رى چالاكى سیاسى / ئابورى / كۆمه‌ڵایه‌تى ) ئه‌ركى سه‌ركرده‌ى حزبه‌كان یه‌ك جار گه‌وره‌و به‌ته‌وژم ومه‌ترسى ئامێزه‌.

به‌و پێیه‌ى سه‌ركرده‌ى حزبى سیاسى وه‌ك وعه‌قلێكى كاراى هه‌مووچالاكى یه‌كان چۆن ڤاكته‌رێكى سه‌ره‌كى به‌ده‌ست هێنانى سه‌روه‌رییه‌ یه‌كانه‌, ئاواش  مه‌سئولیه‌تى هه‌موونه‌هامه‌تى وشكستێكى له‌ئه‌ستۆیه‌ كه‌ به‌ره ‌ورووى حزب ئه‌بێته‌وه‌ . سیاسه‌ت ورێكخستن دووپێگه‌ى سه‌ره‌كى چالاكى حزبى یه‌ , سیاسه‌ت وه‌ك لایه‌نى تیورى وه‌دیدوبۆچونى حزبه‌ به‌ڵام رێكخستن وه‌سیله‌ى پیاده‌كردنى سیاسه‌ته‌ نه‌خشه‌ وبه‌رنامه‌ رێژى سیاسه‌تیش كارى سه‌ره‌كى سیاسى یه‌  ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ى سیاسى توانى هێڵێكى سیاسى گونجاو بۆئه‌وبارودۆخه‌ى كه‌هه‌یه‌ دابرێژێ وه‌ته‌بایى له‌نێوان سیاسه‌ت وئۆرگانه‌كانى رێكخستنى حزب به‌رجه‌سته‌ بكات ئه‌وائه‌توانێت له‌ئاڵوزترین بارودۆخدا مه‌به‌ستى خۆى بپێكىَ َ وبگاته‌ ئه‌وئه‌نجامه‌ باشه‌ى پلانى بۆدارشتووه‌ . هه‌روه‌ها سه‌ركرده ‌جگه‌ له‌شاره‌زایى خۆى ئه‌بێت سود له‌ ئه‌زمونى گه‌ل وحزب و وڵاتانى تر وه‌ربگرێ

چونكه‌ گۆرانكاریى یه‌سیاسى یه‌كان ده‌وروبه‌رى دوینا زۆر خێران .

لینه‌ر لۆف ( lenar lof  ) له‌روى سایكۆلۆژیاى كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌ركردایه‌تى به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ده‌كات وده‌لێت چه‌مكى سه‌ركردایه‌تى كاریگه‌رى نێوان مرۆڤه‌ (1984 p18) رۆبینۆتز (Rubenowitz  ) . ده‌لێت : مرۆڤ مه‌به‌ستى له‌چه‌مكى سه‌ركردایه‌تى ئه‌وه‌یه‌ كه‌تا ئه‌و سنوره‌ى ئه‌تواندرێت سه‌رمایه‌ى كه‌سه‌كان وشته‌ به‌رده‌سته‌كان سوودى لىَ ببینرێت وداواله‌ به‌رده‌سته‌كانى یان كرێكاران بكات كه‌كارى نایاب له‌چوارچێوه‌ى ئامانج ومه‌به‌ستى رێكخراوه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن (1984 ,109  ) تۆمى )  TOMMY  ( ده‌ڵێت سه‌ركردایه‌تى كارێكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكى دیارى كراو ئه‌نجام ده‌درێت بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجێكى هاوبه‌ش (1985.P5 ) .

 (10)

سه‌رجه‌مى لێكۆلینه‌وه‌كان له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ ئه‌م خه‌سله‌تانه‌یان دیارى كردووه‌ كه‌ئه‌بێت له‌سه‌ركرده‌دا هه‌بێت .

أ‌-   دانانى پلان ورێكخستن

ب‌-  خاوه‌ن بۆچوون بێت

ت‌-  كۆنترۆلى هه‌بێ وبینرخێنێ

ى- زانیارى بدات ووه‌ربگرێت

ج- په‌یوه‌ندى هه‌بىَ وهاوكارى وسه‌رپه‌رشتى بكات

 ح- مه‌به‌ستدارو باوه‌ر پێكراوبێت .

هه‌روه‌ها لێ كۆله‌ره‌وه‌كان (3 ) جۆر سه‌ركرده‌یان دیارى كردووه‌ :

1-   سه‌ركردایه‌تى تاك ره‌وى /

 ئه‌م جۆره‌ به‌زۆرى له‌رێگاى كودیتاوه‌ دێته‌ سه‌ر حوكم . خۆى هه‌مووشتێك ئه‌كات وله‌كاتى بریاردان دا به‌ده‌گمه‌ن پرس به‌ گروپه‌كه‌ى ئه‌كات , خۆى دورئه‌گرێت .

2-  سه‌ركردایه‌تى دیموكراتى خواز /

 هه‌ول ئه‌دات كه‌به‌ كۆمه‌ڵ وپێكه‌وه‌ بریار له‌سه‌ر پلان دانان وهه‌موو بریارێك دا وه‌ئه‌م جۆره‌ سه‌ركرده‌یه‌ له‌رێگاى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ حوكم ئه‌گرنه‌ ده‌ست ئه‌ویش به‌دووشێوه‌ :

أ‌-   هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆ : واته‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵئه‌بژێرێ

ب‌-  هه‌ڵبژاردنى ناراسته‌و خۆ: ئه‌ویش به‌وه‌ى گه‌ل نوێنه‌ران هه‌ڵئه‌بژێرىَ وئه‌و نوێنه‌رانه‌ سه‌ركرده‌ هه‌ل ئه‌بژێرن .

3- سه‌ركرده‌ى به‌ره‌ڵا

 ئه‌م جۆره‌ سه‌ركرده‌یه‌ هیچ ئه‌گه‌رێكى ده‌رباره‌ى خه‌ڵك نى یه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ .

جیاوازى نێوان سه‌ركرده‌ى دیموكراتیخوازو دیكتاتۆر (تاك ڕه‌و )

دیموكراتى خواز

 دیكتاتۆر

1- دیموكراتیخوازه‌

 1- دیكتاتۆره‌

2- ئامانج به‌رێوه‌ ئه‌بات

 2- هه‌مووشتێك كۆنترۆڵ ئه‌كات

3- داهێنان گه‌شه‌ى پێ ئه‌درێت

 3- داهێنان نى یه‌

4- مرۆڤ وه‌ك بیرو هه‌ست ته‌ماشا ئه‌كات

 4- مرۆڤ وه‌ك ئامێر سه‌یر ئه‌كات

  پێنجه‌م // هه‌وڵدان بۆ ده‌سه‌ڵات  

 هه‌قى شه‌رعى هه‌مووحزبێكه‌ هه‌وڵ بدات بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌سه‌ڵات به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كام ده‌سه‌ڵات ؟ ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ى به‌شێوه‌ى دیموكراتى یانه‌ به‌دى دێت.   

(11)

جۆره‌كانى سسته‌مى حزب //     

 هه‌ندێك له‌توێژه‌ره‌وه‌كان باسى (3 ) جۆر سسته‌مى حزب ئه‌كه‌ن كه‌بریتى یه‌

 1- تاك حزب . 2- جووت حزب   3- فره‌حزب

 وه‌هه‌ندێى تریان واى به‌چاك ئه‌زانن كه‌جیاوازى له‌نێوان سسته‌مى ركابه‌رو نا ركابه‌ره‌كاندا بكه‌ن وبه‌جیا توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر سسته‌مه‌حزبى یه‌كانى  هه‌ریه‌ك له‌م سسته‌مانه‌  بكه‌ن .

 سسته‌مى ركابه‌رایه‌تى لایه‌نى كه‌م (3 ) جۆر سسته‌مى حزبى له‌خۆده‌گرێت كه‌بریتى یه‌ له‌ .

1-  فره‌حزبى

2-   جووت حزبى

3- حزبى باڵا ده‌ست

1- سسته‌مى فره‌حزبى //

 به‌تێڕوانینی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی ، فره‌ حزبی بریتیه‌ له‌ ئیش كردونی چه‌ند كۆمه‌لێك به‌یه‌كه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كدا كه‌ڕێزی یه‌كتر بگرن وه‌پێكه‌وه‌ ژیانێكه‌ دوور له‌ دووبه‌ره‌كی  و دوژمنایه‌تی و تواندنه‌وه‌ى یه‌كتر . وه‌فره‌ حزبی به‌ باشترین سیفاتی كۆمه‌ڵگای نوێ ده‌ژمێرێت به‌ڵكو كلیلی پێشكه‌وتنی زانست و ئابوری و په‌ره‌پێدانه‌.

 گه‌لێك له‌وڵاتانى دیموكراتى جیهان حزبى جۆراو جۆریان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌ وسسته‌مى فره‌حزبى یان تێدا دروست بووه‌، جگه‌ له‌ (بریتانیا وئه‌مریكا و كه‌نه‌دا ونیوزله‌نداوئوسترالیا زۆربه‌ى وڵاتانى تر خاوه‌نى سسته‌مى فره‌حزبن . ئه‌ویش دووجۆره‌ :

أ‌- سسته‌مى فره‌حزبى ته‌واو /

 له‌م سسته‌مه‌دا به‌زۆرى (2 ) حزبى گه‌وره‌ وبه‌هێز ئه‌توانن زۆربه‌ى رێژه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن وحزبى دیكه‌ش رێژه‌یه‌كى به‌رچاوبه‌ده‌ست ئه‌هێنن . له‌جیهانى ئه‌مڕۆدا له‌ گه‌لێك وڵات دا و ‌ده‌یان حزبى سیاسى هه‌یه‌ بۆنمونه‌ .

 سالى 1977 له‌وڵاتى هۆلندا (12 ) حزبى سیاسى له‌په‌رله‌مان دابوون په‌رله‌مانى ئیتالیا چه‌ندین حزبى له‌خۆوه‌ئه‌گرن نزیكه‌ى (20 ) حزب پێش سالى 1994 هه‌ندێك وڵات (4 ) حزب یان تێدایه‌  وه‌ك وڵاتانى اسكه‌ندنافیا یان (3 ) حزب وه‌ك ئه‌لمانیا – به‌لجیكا – نه‌مسا  چه‌ند هۆكارێك بوونه‌ته‌ هۆى دروست بونى سسته‌مى فره‌حزب

 1- هۆكارى كۆمه‌لایه‌تى 2 – هۆكارى ئایدلۆژیا  3- هۆكارى یاسایى   4- هۆكاره‌مێژوویه‌كان .

ب/ فره‌حزبى میانره‌و (ناته‌واو ) //

 به‌سه‌رنج دان له‌گیروگرفته‌كان سته‌مى فره‌حزبى ته‌واو هه‌ندێك له‌وڵاتان رویان كرده‌ سته‌مى فره‌حزبى میانره‌و مه‌به‌ستى له‌م چاكسازییه‌ یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سود له‌خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی سسته‌مى فره‌حزبى ته‌واو وه‌ربگرێ و خاله‌نێگه‌تیڤه‌كان بۆكه‌مترین ئاستى خۆیان دابه‌زێنرێت 

 ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ له‌هه‌لبژاردندا سسته‌مى هه‌لبژاردنى زۆرینه‌ى دووقۆناغى په‌یره‌و ئه‌كه‌ن به‌ئاراسته‌ى سسته‌مێكى له‌م جۆره‌ هه‌نگاو ده‌نێن . له‌م سته‌مه‌دا حزبى جۆراو جۆر هه‌ن به‌ڵام به‌ره‌به‌ره‌ یه‌كگرتنێكى  سه‌قام گیر له‌نێوانیاندا دروست ئه‌بێت وكۆمه‌لگا به‌زۆرى به‌سه‌ر دووجه‌مسه‌رى راست وچه‌پدا دابه‌ش ئه‌بێ .وڵاتى فه‌ره‌نسا به‌نموونه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌ى ئه‌م سته‌مه‌ حزبى یه ‌داده‌نرىَ مه‌رجى چونه‌ناو په‌رله‌مان به‌ده‌ست هێنانى (1 + 50 ) ى ده‌نگه‌كانه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌لبژاردن ئه‌چێته‌ قۆناغى دووه‌م .قۆناغى دوه‌م قۆناغى یه‌كگرتن (ئیئتلافه‌ ) .

(12)

2- جووت حزبى //

 له‌روانگه‌ى مۆریس دۆڤێرژه‌وه‌ ) ‌سسته‌مى جووت حزبى به‌سروشتى ترین سته‌مى حزبى دائه‌نرێت ئه‌م پێى وایه‌ به‌درێژایى مێژوو هه‌میشه‌ دوو گروپى سه‌ره‌كى به‌دى ئه‌كرێت كه‌له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا ریز به‌ند ئه‌كرێت بۆنموونه‌ پارێزگاران به‌رامبه‌ر لیبراله‌كان وپێشكه‌وتوخوازه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى حه‌ز به‌دۆخى باوو ده‌كه‌ن بورژواكان له‌به‌رامبه‌ر كرێكاراندا  هه‌ندێك له‌بیرمه‌نده‌كان وه‌ك (تۆشتاین ) و (ویلدا ڤیسكى ره‌خنه‌ له‌م بیرورایانه‌دا ئه‌گرن وباوه‌ریان به‌بوونى هێزه‌ مبانره‌وه‌كان هه‌یه‌ به‌ ‌باشترین نمونه‌ى ئه‌م سسته‌مه‌ (به‌ریتانیا ) یه‌ كه‌خه‌ڵك هاوكات له‌گه‌ل هه‌لبژاردن نوێنه‌را‌نی خۆیان سه‌رۆكی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ڕاپه‌راندنیش هه‌ڵده‌بژێرێت هیچ باسی یه‌كگرتن نیه‌و حكومه‌ت  سه‌قامگیری ته‌واوی هه‌یه‌ سسته‌می جووت حزبیش ئه‌م جۆرانه‌ی هه‌یه‌ :

1-  جووت حزبی ووشك

ئه‌م سته‌مه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان ملكه‌چی سته‌م و دیسپلینی توندی حزبین و نوێنه‌رانى  زۆرینه‌و كه‌مینه‌ مافى سه‌رپێچی كردنى  فه‌رمانه‌كانی ڕێبه‌رانی حزبیان نیه‌ . له‌م جۆره‌ سته‌مه‌دا ( به‌ریتانیا ) به‌نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ داده‌نرێت دوو ده‌سته‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه‌ له‌په‌رله‌ماندا دروست ده‌بێت حكومه‌تی زۆرینه‌ سه‌قامگیری ته‌واوی هه‌یه‌ سه‌رۆكی حزبی زۆرینه‌ كه‌سه‌رۆكی حكومه‌ته‌ ده‌توانێ پشت به‌پشت گیری ته‌واوی نوێنه‌رانی حزبی ببه‌ستێ و هه‌رگیز نیگه‌رانی په‌سه‌ندنه‌ كردنی پرۆژه‌ حكومیه‌كان نابێت .

2-      سته‌می جووت حزبی نه‌رم :

ئه‌و سیته‌مه‌یه‌ كه‌حزبه‌ سیاسیه‌كان تیایدا خاوه‌نی ڕێك و پێكی و دسپلین و نوێنه‌رانی هه‌ردوو حزبی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ له‌په‌رله‌ماندا كاركردنیان ئازادی هه‌یه‌ سیسته‌می جووت حزبی ئه‌مریكا نمونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی سیسه‌ته‌می جووت حزبی نه‌رمه‌ ئه‌ندامانی كۆنگریس به‌بێ  ئه‌وه‌ی كه‌پایه‌ندبن به‌راوێژ كردن له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی له‌كۆنگریس دا بڕیار ئه‌ده‌ن به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ریتانیا له‌ئه‌مریكا َبه‌ری حزبی زۆرینه‌ هه‌میشه‌ نیگه‌رانی له‌بڕیاره‌كانی كۆنگریس هه‌یه‌ .

3-      جووت حزبی ته‌واوو ناته‌واو :

سته‌می جووت حزبی به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌له‌ووڵاتێكدا ته‌نها  دوو حزب هه‌یه‌ به‌ڵكو حزبی دیكه‌ش له‌پاڵ دوو حزبی گه‌وره‌و به‌هێز به‌دی ده‌كرێن ڕێژه‌ی ده‌نگدان ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌جیاكردنه‌وه‌ی جووت حزبی (ته‌واو) له‌(ناته‌واو) له‌سته‌می جووت حزبى (ته‌واو ) دا حزبى ده‌سته‌ڵات دا به‌بى ئه‌وه‌ى پێویستى به‌ئیئلاف هه‌بێ به‌هێزو زۆرینه‌ى ته‌واو حكومه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گرن وحزبى سێیه‌م یان حزبه‌كانى تر ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزه‌وه‌ به‌ڵام له‌سته‌مى جووت حزبى (ناته‌واودا ) هیچ كام له‌ودوو حزبه‌گه‌وره‌یه‌ به‌ ته‌نیایى زۆرینه‌ى په‌رله‌مان به‌ده‌ست ناهێنن ناچار ده‌بن له‌گه‌ڵ حزبى سێیه‌م دا ئیئتلاف بكه‌ن وڵاتانى ئه‌لمانیا له‌قۆناغى جۆراوجۆردا سسته‌مى حزبى له‌وجۆره‌ى به‌خۆیه‌وه‌بینیوه‌.

- سیسته‌مى حزبى باڵاده‌ست

 سته‌مێكى ده‌گمه‌نه‌ له‌م سته‌مه‌دا تاكه‌ حزبێك به‌شێوه‌ى به‌رده‌وام ده‌سته‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌گرێ له‌هه‌لبژاردن دا مه‌ودايه‌كى زۆرى له‌گه‌ل ركابه‌رانى خۆيدا هه‌يه‌ ئه‌م سسته‌مه‌ش دووجۆره‌ :

 ا – حزبى باڵا ده‌ست /

 بير مه‌ند (دۆڤێرژه‌ ) ئه‌و حزبه‌باڵاده‌ست ئه‌زانێ كه‌به‌لايه‌نى که‌مه‌وه‌ دووتايبه‌ت مه‌ندى تێدابێت

1-   له‌ماوه‌يه‌كى جێى سه‌رنج دا له‌هه‌موو ركابه‌رانى خۆى پێش كه‌وێ.

2-  بتوانێ چينه‌ جۆراوجۆره‌ كۆمه‌ڵايه‌تى يه‌كان له‌خۆبگرێ وببێته‌ حزبێكى نيشتمانى حزبى راديكالى  فه‌ره‌نسا له‌كۆمارى سێيه‌م خاوه‌نى ئه‌م دووخه‌سڵه‌ته‌بوو توانى وه‌ك حزبه‌ باڵاده‌ست له‌م ووڵاته‌دا ده‌ربكه‌وێ .له‌كاتى ئيستادا ته‌نها له‌وڵاتانى ئه‌سكه‌نده‌نافيا دا ئه‌توانين ئه‌م جۆره‌ حزبه‌ به‌دى بكه‌ين وه‌ئه‌و حزبانه‌ نزيكه‌ى 40 % ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن

ب- حزبى ئێجگار  باڵاده‌ست /

 ئه‌گه‌ر حزبێك له‌هه‌ڵبژاردندا زياتر له‌ 40% ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێ ئه‌وا ئه‌بێت به‌حزبى ئێ‌كجار باڵاده‌ست. ئیتاليا پێش سالى 1976 خاوه‌نى سته‌مێكى له‌وجۆره‌بوو هه‌روه‌ها حزبى كۆنگره‌ له‌هند ستان له‌هه‌لبژاردنه‌كانى سالى (1951 , 1952 )  له‌كۆى گشتى 494 كورسى 356 كورسى به‌ده‌ست هێنا .

 دووه‌م  سسته‌مى بێ ركابه‌رايه‌تى /

به‌وسته‌مه‌ ئه‌وترێ كه ‌ركابه‌رايه‌تى ديمموكراتى تێدا نيه‌ يه‌ ته‌نها يه‌ك حزبى سياسى مافى ركابه‌رايه‌تى وچالاكى هه‌يه‌ . بۆنمونه‌ حزبى پێش ره‌وى لينين وحزبى  ما نشينى ئیتاليا   .

ئه‌م سسته‌مه‌ ئه‌م جۆرانه‌ ئه‌گرێته‌وه‌ .

1-      تاك حزب :

وه‌ك پارتى كۆمونيستى له‌سۆڤيه‌ت و زۆربه‌ى پارته‌كان له‌وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا له‌م سسته‌مه‌دا گروپێكى ديارى كراو حوكم ئه‌كه‌ن وهه‌مووگه‌ل ناچار ئه‌كه‌ن ببن به‌حزبى . ده‌ست ئه‌خه‌نه‌ هه‌موو بوارێكى ژيانه‌وه‌ وه‌ك رۆشنبيرى , كۆمه‌ڵايه‌تى, ئابورى, سياسى و هه‌مووبوارێكى تر ..هيچ جۆره‌ ئازاديه‌كى ره‌خنه‌ گرتن وبيرو راگۆرينه‌وه‌ وكۆرو كۆبونه‌وه‌ نى يه‌ . مه‌وداى دروست بونى هيچ گروپێك وحزبێكى تر نى يه‌ .

2-      پارتى سه‌ركرده‌ :  

 خاوه‌نى فراوانترين بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى يه‌ رۆلى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌مێژووى خه‌باتى گه‌ل دا . رێگا ئه‌دات به‌دروست بوونى حزبى تر به‌مه‌رجێك ئه‌و حزبانه‌ دان به‌رۆلى ئه‌ودا بنێن وئه‌و پارتانه‌ ناتوانن كێبرکێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ پارتى سه‌ركرده‌دا .                 

(14)

سه‌رچاوه‌كانى دروست بوونى حزبى سياسى

پسپۆرانى حزبه‌ سياسى يه‌كان ديدگاى جۆراو جۆريان خستۆته‌ روو بۆ توێژينه‌وه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى حزبه‌ سياسی يه‌كان وه‌ چوار تێڕوانينى جۆراو جۆر هه‌يه‌ به‌م شێوه‌يه‌ى خواره‌وه‌ :

1 ـ حزبه‌ سياسى يه‌كان له‌ ڕه‌وتى گه‌شه‌كردنى مافى ده‌نگدان و دروست بوونى ده‌زگا ديموكراتى يه‌كان به‌ تايبه‌تى له‌ڕۆژئاوا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌پێ ى ئه‌م ديدگايه‌ له‌ دايك بوونى پارته‌ سياسى يه‌كان په‌يوه‌ندييه‌كى قوڵ و ڕاسته‌وخۆيان هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى په‌رله‌مان دا به‌ تايبه‌تى له‌ ووڵاتانى ئه‌وروپا وه‌ توێژه‌ر ( مۆريس دۆڤێرژه‌ ) له‌و باوه‌ڕه‌دايه‌ كه‌ يه‌كه‌مين حزبه‌ سياسييه‌كان له‌ڕۆژئاوا له‌ناو ئه‌نجومه‌نى ياساداناندا دروست بوون.

2 ـ تێڕوانينى مێژوويى بنياتنراو له‌سه‌ر پێكدادانوو ناكۆكى يه‌ مێژوى يه‌كان  به‌پێ ى ئه‌م ديدگايه‌ له‌ ڕه‌وتى گه‌شه‌كردنى سياسى يه‌ كۆمه‌ڵگا جۆراو جۆره‌كان به‌ ناچارى له‌قۆناغه‌ جياجياكانى روو به‌ روو بونه‌وه‌ى ئه‌و ناكۆكى و قه‌يرانانه‌دا حزب دروست ئه‌كه‌ن .

3 ـ تێروانينى گه‌شه‌خواز به‌مپێيه‌ له‌دايك بوونى پارته‌ سياسیيه‌كان به‌هۆى پرۆسه‌ى نوێگه‌رايه‌تى وه‌ سه‌ريان هه‌ڵداوه‌ .

4 ـ ( دانيل لوپى سيلر ) پێیوايه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و دام و ده‌زگايانه‌ى كه‌ هه‌بوون له‌ ئاستى پێداويستى يه‌كاندا نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ دروست بوونى پارته‌كان سه‌رى هه‌ڵدا بۆ  جێبه‌جێكردنى ئه‌و پێداويستيانه‌ .

 

ئازادی

 خۆدزینەوە لە ئازادیی بە ناوی ئازادییەوە

به‌ختیار عه‌لی 

ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 450 و 451 ی خۆیدا بە دووبەش نوسینێکی هەردی محەمەدی لەسەر وتارێکی من بە ناونیشانی ( دیدگەلێک سەبارەت بە «دەربارەی عەقڵی ئازاد» ی بەختیار عەلی) بڵاوکردۆتەوە، هەستمکرد بڕێکی زۆر لە هەڵەتێگەیشتن و هەڵەکردن و تاک ڕەهەندی لە نوسینەکەی بەڕێزیاندا هەیە کە پێویستیان بە قسە لەسەر کردن هەیە، بە تایبەت بابەتی باسەکە دەربارەی ئازادیی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین کێشە فیکرییەکانی دونیا و هەمیشە قسەکردنی زیاتر هەڵدەگرێت.  زۆربەی بۆچوونەکانی کاک هەردی لەسەر پەراگرافێکی بچوکی نوسینەکەی منە و  باس لەوە دەکات کە من باوەڕم بەوە هەیە مرۆڤ ئازادە و ئەوان بە پێچەوانەوە پێیان وایە مرۆڤ ئازاد نییە و هیچ نییە جگە لە بوونەوەرێکی بایۆلۆژی کە لە کۆمەڵگادا لەدایک دەبێت و کۆمەڵگا ئازادیدەکات و شتێک نییە ناوی ئازادیی تاک بێت و ئازادیی هیچ نییە جگە لە بیناکراوێکی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا ئەم نوسینەی کاک هەردی بەشێکە لە چەند نوسینێک کە لەو چەند ساڵەی دواییدا هەڵگرانی عەقڵییەتی بەلشەفی و ژادانۆفی لەسەر هەندێک نوسینی من لێرە و لەوێ نوسیویانە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە تێکەڵەیەک بوون لە پەلاماری شەخسی و گووتنەوەی هەندێک تێزی ئایدۆلۆژی زۆر باو، بۆیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە پێویستم نەزانیوە هیچیان دەربارە بڵێم، بەڵام بە گونجاوم زانی ئەم وتارە وەک نمونەیەک لە ناو ئەو زنجیرە نوسینەدا وەربگرم، لەبەرئەوەی پێموایە دەکرێت دوور لە موهاتەرات لەسەر هەندێک لایەنی قسەبکەین. لەسەرەتاشەوە خۆم لە وەڵامی هەموو ئەو ڕستە و قسانەی ئەو برایە دەپارێزم کە بە ئاڕاستەی قسەی بێسوود دەمانبەن و ئەوانە بۆ خۆی جێدەهێڵم و تەنیا لەسەر ئەو جێگایانە دەگیرسێمەوە کە دەزانم دەکرێت خزمەت بە ڕوونکردنەوەی کێشەکە و دەوڵەمەندکردنی بکەم.

فەلسەفە،  سۆسیۆلۆژیا، ئازادیی

سەرەتا ئەم برایە دەنوسێت کە گوایە هەوڵدەدات خوێندنەوەیەکی «سۆسیۆلۆژی» بۆ وتارەکەی من بکات، و دەیەوێت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» لەسەر نوسینەکەی من و لەسەر چەمکی ئازادیی بدوێت. ئەم ڕستەیە کە بە ڕوکەش گەلێک ئاسایی و بێگوناه و پاک دەردەکەوێت، بەڵام هەڵگری زنجیرەیەک هەڵەی ناوەکییە کە بەمجۆرە کورتیاندەکەمەوە:

1. جیاکردنەوەی چەمکی ئازادیی و بیرکردنەوە لە ئازادیی لە فەلسەفە، کارێکی نەکردەیە. ئازادیی بەرلەوەی تێرمێکی سیاسی یان سۆسیۆلۆژی بێت، تێرمێکی فەلسەفییە، هەڵبەت لە بەر ئەوە نا کە فەیلەسوفان بە درێژایی مێژوو پتر لە هەر گروپێکی دیکەی خەڵک لە مەسەلەی ئازادیی ڕاماون، لە بەرئەوەش نا کە سیاسەت لە تێگەیشتنیدا لە مەسەلەی ئازادیی بەردەوام دەبێت بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفە، بەڵکو لە بەرئەوەی ئازادیی وەک تێرم گرێدراوی ئەو کێشانەیە کە فەلسەفە سەروکاری سەرەکی لەگەڵیاندا هەیە و بابەتی تایبەتی فەلسەفەن. وەک «پرسیار دەربارەی ماهییەتی ئیرادە» «پرسیار دەربارەی چۆنێتی دروستبوونی هوشیاری» «پرسیار دەربارەی ماهییەتی خواست» «پرسیار دەربارەی پەیوەندی ئیرادەو مۆراڵ» «پرسیار دەربارەی پەیوەندی عەقڵ بە ئازادییەوە» «پرسیارەی دەربارەی من و ئەوانی دی» « پرسیار دەربارەی پەیوەندی ئازادیی بە ئەبستمۆلۆژیاوە کە یەکێکە لە هەر کێشە قورسەکانی فەلسەفە» «پرسیار دەربارەی گواستنەوەی ئەزموون و گواستنەوەی هوشیاری» «پرسیاری دەربارەی ماهییەتی زمان و ڕۆڵی لە بەستنەوە و سنوردارکردن یان گەورەکردنی سنووری ئازادیدا» «پرسیار دەربارەی چەمکی هەق» «پەیوەندی نێوان ئازادیی و مەسەلەی ڕەهابوون و ڕێژەداری لە مەسەلەی حەقیقەتدا» «مەسەلەی پەیوەندی لەش و عەقڵ وە رۆح و عەقڵ » «مەسەلەی تیور و پراکتیک» «مەسەلەی جیهانی فرتوئێل و جیهانی ڕاستەقینە» «مەسەلەی مردن و ئازادی» «مەسەلەی پەیوەندی جوانی و ئازادی» «چییەتی شوناس و چییەتی ئازادی» «کێشەی گۆڕانی مانای ئازادیی بە گۆڕانی مانای زانست»  و دەیەها کێشەی جەوهەری تر کە پێکڕا سنووری ئەو کایەیە دروستدەکەن کە کایەی قسەکردنە لەسەر ئازادی. لێرەوە قسە لەسەر ئەوەی دەتوانیت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» قسە لەسەر ئازادیی بکەیت هیچ نییە جگە لە هەڵەیەکی گەورە، هیچ نییە جگە لە خۆدزینەوەیەکی گەورە لە کێشەی ئازادی. ئەم کێشە بنچینەییانەی ناو دونیای ئازادیی زۆربەیان دەکەونە دەرەوەی کایەی سۆسیۆلۆژیا، یاخود گەر سۆسیۆلۆژیا سەروکارێکی لەگەڵ هەندێکیاندا هەبێت، شێوازی مامەڵەی سۆسیۆلۆژی لەگەڵیاندا سروشتێکی میتۆدی و ڕێبازێکی بەرخوردی هەیە کە لە شێوازی مامەڵەی فەلسەفی جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە دژایەتی و ناتەباییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە کێشەی ئازادیی لەگەلێک ڕووەوە تەماشادەکرێت، کێشەیەکی جەوهەری مرۆڤە و زیاد لە گۆشەیەکی هەیە و گرێدراوی زیاد لە هەلومەرجێکە. بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە ئەوە فەلسەفەی ڕۆشنگەرییە کە لە ڕێگای جوڵاندنی چەمکی ئازادییە وە زەمینەسازی بۆ جیهانی نوێ دەکات، لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ هەموو گۆڕانکارییە گەورەکان لە تێگەیشتن لە مانای ئازادیدا لە «دیدی ئەبستراکتی فەلسەفەدا!!» بەدەستهاتوون لە هیچ قسەکردنێکدا لەسەر ئازادیی فەلسەفە لەدەرەوە نەبووە،  هیچ کەس نەبووە بتوانێت بەبێ کۆمەکی فەلسەفە قسەی گرنگ و نوێ لەسەر ئازادیی بکات. قسەکردن لەسەر ئازادیی بەبێ گەڕانەوە بۆ فەلسەفە، واتە قسەنەکردن لەسەر ئازادی.

2.  سۆسیۆلۆژیا خۆی وەک کایە هەرگیز لە فەلسەفە دانەبڕاوە، لێرەوە نیشاندانی سۆسیۆلۆژیا وەک کایەیەک کە دوژمنی فەلسەفەیە بۆچوونێکی هەڵەیە. سۆسیۆلۆژیا کایەیەکە هەمیشە لە پەیوەندییەکی تونددا بووە لەگەڵ فەلسەفەدا، جیاکردنەوەی زۆر تێرمی فەلسەفی لە تێرمی سۆسیۆلۆژی لە زۆر حاڵەتدا کارێکی نەکردەیە. سۆسیۆلۆژە گەورەکان زۆریان فەیلەسوفن و فەیلەسوفە گەورەکانیش هەندێکیان سۆسیۆلۆژن. هیچ سۆسیۆلۆژێکی گەورە لە مێژوودا نییە کە توانیبێتی تەواو خۆی لە فەلسەفە بەدوور بگرێت، ئیتر ئەوەی کاک هەردی محەمەد دەیەوێت شتێک بکات کە بە ماکس فیبەر و کارل مانهایم و جۆرج سیمل و والتەر بەنیامین و تالکوت بارسۆنز و ئەمیل دۆرکهایم و پیار بۆردیۆ نەکراوە، نیشانەی ئەوەیە گرفتێک لە سروشتی مامەڵەکردنی زانستی لەگەڵ کێشەکەدا هەیە. ڕاستە هەموو کایە زانستییەکان بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی شوناسی خۆیان و داڕشتنی تایبەتمەندێتی خۆیاندان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کایانە لە دۆخی دژایەتی یەکدان. ئەمە بەو مانایە نییە کە تێرمە سۆسیۆلۆژییەکان لە فەلسەفەوە نەهاتوون یان لە فەلسەفەدا کۆتاییان نایەت. سۆسیۆلۆژیا و فەلسەفە لە جەوهەردا دوو کایەی هاوکارن، سۆسیۆلۆژیا سەرەتا کە لە لایەن «ئۆگۆست کۆنت»ـەوە بنەماکانی دادەڕێژرێت، خودی ئەو بنەمایانە لەسەر پایەکانی فەلسەفەی «پۆزێتفیزم» ڕادەوەستێت، لە کۆنتەوە بۆ سەر هابرماز و لۆمان و بۆردیۆ سۆسیۆلۆژیا لەوە نەکەوتووە پایە سەرەکییەکانی پایەی «فەلسەفی» بن.

3. لە هەموو هەڵەکانیش گەورەتر ئەوەیە کە ئەم برایە لە سەرەتادا و لە شوێنی دیکەشدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نایەوێت بە «دیدی ئەبستراکت» ـی فەلسەفی سەیری مەسەلەی ئازادیی بکات، بێئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەک بدات ئاخۆ مەبەستی لە وشەی ئەبستراکت چییە؟. فەلسەفە لە هەموو دۆخەکاندا «بیرکردنەوەی ئەبستراکتە»، فەیلەسوف دکتۆر نییە لەسەر جەستەیەکی عەینی ئیشبکات، پەیکەرتاش نییە قەوارەیەکی کۆنکرێتی بتاشێت، فەیلەسوف کەسێکە کەرەستەی نوسین و بیرکردنەوەی لە «چەمکەکان ــ مفاهیم» پێکهاتووە. هیچ فەلسەفەیەک نییە بتوانێت ئەبستراکت نەبێت، چونکە خودی زاراوە فەلسەفییەکان، خودی زمان، خودی بیرکردنەوەی فەلسەفی، خودی چەمکەکان تەنیا لە ڕێگای ئەبستراکتەوە بوونیان هەیە. ئێمە لە سۆسێرەوە دەزانین کە لە بونیادی زماندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاماژە وەک «یەکەیەکی فۆنەتیکی» و ئاماژەپێدراو «وەک یەکەیەکی عەینی» بوونی نییە. زمان لە جەوهەریدا ئەبستراکتە، فەلسەفەش بەبێ ئەبستراکتکردن بوونی نییە، لە بنەڕەتدا بوونی زانستێکیش خۆی لە ئەبستراکتکردن بپارێزێت نەکردەیە، زاراوەگەلی وەک «بوون» «عەدەم» «شوناس» «چییەتی» «ئیدیالەکان» «شوێن» «کات» و دەیەها زاراوەی تر کە کەم وزۆر زاراوە بنچینەییەکانی فەلسەفەن، هەموو چەمکی ئەبستراکتن. فەلسەفە بەم چەمکە ئەبستراکتانە بیر لە واقیع دەکاتەوە، بەبێ ئەو چەمکە ئەبستراکتانە نە فەلسەفە هەیە و نە زانست و نە تێگەیشتنیش لە واقیع، لێرەوە ئەو تێزەیە کە پێی وایە دەشێت «بیرکردنەوەیەک لە واقیع » هەبێت بەبێ « ئەبستراکتکردنی فەلسەفی» هیچ نییە جگە لە بەرهەمی تێنەگەیشتنی فەلسەفە. مرۆڤ دەتوانێت مومارەسەی ئازادیی خۆی بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ فەلسەفەیەکی ئازادی، بەڵام ناتوانێت بیر لە ئازادیی بکاتەوە یان لەسەر ئازادیی بنوسێت بەبێ گەڕانەوە بۆ تێرمە فەلسەفییە ئەبستراکتەکان. خودی سۆسیۆلۆژیاش لێوان لێوە لە تێرمی ئەبستراکت بۆ بیرکردنەوە لە واقیع، بۆیە ئەم برایە لەسەرەتاوە کێشەیەکی مەنهەجی گەورە دروستدەکات کە دەیەوێت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» بیر لە ئازادیی بکاتەوە و تەنیا سۆسیۆلۆژیانە لە ئازادیی بڕوانێت. هیچ کایەیەکی مەعریفی و زانستی بە تەنیا ناتوانێت لەسەر کێشەی ئازادیی بدوێت، هیچ بۆچوونێکیش ناتوانێت بە تەنیا بۆچوونەکانی تر بسڕێتەوە، ئەمە بابەتێکی سنووربڕە کە لە مەودای ئیشکردنی یەک کایەدا ناوەستێت، جگە لە فەلسەفەو سۆسیۆلۆژیا کێشەی ئازادیی بەبێ کۆمەڵێک کایەی تر ناخوێنرێتەوە، لە هەمووشیان بایەخدارتر، سایکۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا و ئابوورییە، هیچ یەک لەم کایانەش بە تەنیا لە ئاستی کێشەکەدا نین.

شێواندنی سارتەر

کاک هەردی بەشی زۆری نوسینەکەی خۆی لەسەر ئەم پەراگرافەی ناو نوسینەکەی من داڕشتووە کە دەڵێم: «من مەبەستمە لە ڕوانگە بوونگەراکەوە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە مرۆڤ بەجەوهەر ئازادە، وە دەتوانێت ئەم ئازادییە بەکاربهێنێت گەر بیەوێت. بڕێک لە ئازادیی هەیە مرۆڤ لەدەرەوەی دەستێنێت و لە پێناویدا جەنگ لەگەڵ سیستمی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات، بەڵام بەشێکی دیکەی ئازادیش هەیە کە لەناو مرۆڤ خۆیدایە و دەبێت خۆی لە خۆیدا بەرەڵایبکات». بۆچوونی بەڕێزیان لەسەر ئەم پەرەگرافەی خوارەوە، بەمجۆرەیە: 1. ئەم بیرۆکەیە مرۆڤ وەک «کائینێکی وەهمی!!» لەدەرەوەی واقیع دەبینێت. کە هێندەی هەڵم و خەیاڵە لە واقیعدا بوونی نییە. 2. گرنگ بە هەلومەرجی بوونی کۆمەڵایەتی نادات. 3 . مرۆڤ بەبەر لەدایک بوون دەپێوێت. 4. ئازادیی وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی نابینێت.

لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی بۆ ئەو پەرەگرافە لە ناوەڕاستی نوسینەکەی مندا بێئەوەی بە قووڵی ئاوڕ لە پەرەگرافەکانی پێشتر یان دواتری نوسینەکە بداتەوە لە ئەمانەتی زانستییەوە بە دوورە، چونکە بە گەڕانەوە بۆ بەشەکانی تری وتارەکە تا ئەندازەیەکی دی ئەو دەرەنجامگیریانەی کاک هەردی کردونی بڕێکی زۆر لە زەمینە و لۆژیکی خۆیان دەدۆڕێنن، بەڵام هەر لە ناو خودی ئەو پەرەگرافەدا کە تەنیا لە چوار ڕستە پێکهاتووە، زۆر بەڕوونی نوسراوە « بڕێک لە ئازادیی هەیە مرۆڤ لەدەرەوەی دەستێنێت و لە پێناویدا جەنگ لەگەڵ سیستمی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات ». واتە هەموو وتارەکەش بخەرە ئەولاوە و تەنیا ئەو چوار ڕستەیە بخوێنەوە تێدەگەیت کە من باس لە دوو ڕەهەندی ناو پرۆسەی ئازادبوون دەکەم، ڕەهەندێکیان «ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریە» وە ڕەهەندێکی دیکەیان گرێدراوی ئامادەگی مرۆڤە بۆ ئازادی، واتە پەیوەندی بە ئازادیی ئیرادەو عەقڵەوە هەیە. من لەسەرەتای وتارەکەوە، لە هەموو پەرەگرافەکانی پێشەوەدا بەوردی باسی پەیوەندی ئەو دوو ئاستەم کردوە. خودی باسەکە لەسەر جیاکاریکردن لە نێوان دوو چەمکدا دروستبووە کە چەمکی ئازادیی و چەمکی ئازادە. بە ڕوونی لەوێدا نوسیومە: « ئازادیی سیفەتی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتییە، یان سیفەتی خواستەکانمانە بۆ ئازادبوون، بەڵام «ئازاد» سیفەتی عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤی تاکە کە دەتوانێت ئازادیی بەکاربهێنێت». واتە وتارەکە لە جەوهەردا  لەسەر کێشەی گۆڕینی ئازادیی عەقڵ و ئیرادە بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی نوسراوە. وتارەکە لە هیچ جێگایەکدا و منیش بەدرێژایی مێژووی نوسینی خۆم لە هیچ جێگایەکدا نەمگووتووە ئازادیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵام هەمیشە گووتوومە و پێی لەسەر دادەگرمەوە کە ئازادیی بە تەنیا دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، وە کورتکردنەوەی ئازادیی بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو دەرگایەیە کە هەموو شتە دزێوەکانی وەک دیکتاتۆرییەت و ستەم و نەزانین و تۆتالیتارییەتی لێوە دێتە ژوورێ. لێرەوە بۆچوونی ئەو برایە هیچ نییە جگە لە هەڵەیەکی گەورە کە بە هۆی تێنەگەیشتن لە بابەتی وتارەکە و تێنەگەیشتن لە مێژووی فیکری نوسەرەکە دروست بووە.

لەم هەڵەیە بەدتر ئەو تێگەیشتنەیە لە بوونگەرایی سارتەری. ئەم قسانە لەسەر بوونگەرایی وەک فەلسەفەیەک کە گوایە بایەخ بە کۆمەڵگا نادات، و مرۆڤ لەدەرەوەی واقیع دەبینێت و ئازادیی وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی ناخوێنێتەوە، شێواندنێکی گەورەیە بۆ سارتەر، ڕستێک هەڵەن هەندێک لە مارکسییەکانی شەست و حەفتاکان دەیانکرد. هەڵەیەکی گەورەیە بڵێین سارتەر باوەڕی بە واقیع و کۆمەڵگا و خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ ئازادیی نەبووە، ئەمە بێئاگاییەکی ڕەها و بێ چەند و چوونە دەرهەق بە کەسێک کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پشتگیریکردنی خەباتی زۆربەی گەلانی دونیادا بینیوە، ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی خۆی بووە، مێژووی سەدەی بیست فەیلەسوفێکی تری تێدا نییە بە ئەندازەی سارتەر و برتراند راسل ڕاستەوخۆ خۆیان لە خەباتی ئازادییەوە ئاڵاندبێت و هاتبێتنە سەرشەقام بۆی، بە ئەندازەیەک هەندێک سارتەر بە ویژدانی سەدەی بیست ناودەبەن. لەوە بترازێت ئەم برایە ڕێک سەد دەر سەد بە پێچەوانەی بوونگەراییەوە باس لە بوونگەرایی دەکات. بێئەوەی لە وتارەکەی مندا یان لای سارتەر یەک دێڕ بهێنێتەوە، پاڵپشتی ئەو دەرەنجامانە بێت کە دەیخاتە پاڵمان. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هەموو هەڵە گەورانە بدەمەوە، دەمەوێت کۆمەڵێک قسە لەسەر چەمکی ئازادیی لە بوونگەرایی سارتەردا بکەم، بەڵام لەسەرەتاوە دەڵێم کە ناچارم قسەکان ئێجگار چڕ و کورتبکەمەوە، چونکە کێشەی ئازادیی لە فەلسەفەی سارتەردا تەواو گرێدراوی قووڵایی فەلسەفەکەیەتی و لە کۆی بونیادی فەلسەفی ئەو بە زەحمەت جیادەکرێتەوە، ئیدی تەنیا دەتوانم لەسەر ئەو ڕەهەندە بدوێم کە تایبەتە بەوەڵامی هەڵەکانی ئەو برا نوسەرەمان. یەکەم کە سارتەر دەڵێت ئازادیی لە جەوهەری بوونی مرۆڤدایە، ئەم ئازادییەی سارتەر باسیدەکات، ئەو ئازادییە سیاسییە نییە کە لای کاک هەردی تێکەڵاوکراوە. مرۆڤ دەبێت تەواو بێئاگای فەلسەفە بێت، ئەوسا دەکەوێتە تێکەڵاوکردنی لەمجۆرەوە، ئەو ئازادییەی سارتەر لێیدەدوێت بە مانای ئەوە نییە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا ناژی و ئازادیی کۆمەڵایەتی نرخی نییە و مرۆڤ نابێتە دیل و کۆت ناخرێتە دەست و قاچی و نابێت خەبات بۆ ئازادیی بکات و ئەو ماهییەتی پێش لەدایکبوونی دەستنیشانکراوە. ئەمە تێگەیشتنێکی کاریکاتێرییە لە سارتەر و سەد دەر سەد پێچەوانەی تێگەیشتنی سارتەرە بۆ ئازادی، چونکە سەیرکردنی مرۆڤ لای سارتەر وەک بوونەوەرێکی ئازاد یاخود گووتەزای «مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی» لای سارتەر ئەلتەرناتیڤی ئازادیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەرجی ئەو ئازادییە و بنەما و زەمینەیەتی. ئازادیی وەک جەوهەری مرۆڤ ئەو تێزەیەیە کە بەرەو ئازادیی وەک جەوهەری کۆمەڵگامان دەبات، لێرەوەیە کە سارتەر بەدرێژایی ژیانی خەباتگێڕێکی گەورەی ئازادیی کۆمەڵایەتی بووە.

کە سارتەر دەڵێت «مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی» ئەوە مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ لە هێنانەدی ئەو ئازادییەدا و لە پیادەکردن و پراکتیککردنیدا کێشەی تووش نایەت و ئازادیی بێ گرێ و گرفت لە جیهانێکی ئازاددا دەژی، بەڵکو بەو مانایەی مرۆڤ بەرپرسە لە ماهییەتی خۆی، واتە بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکانی و ئامێرێکی کۆککراو یان پەڕەیەکی سپی و بێگیان نییە، خودا یان مێژوو یان کۆمەڵگا هێڵکاریان لەسەرکردبێت و خۆی بەرابەر بیرکردنەوە و ئارەزوو و خواستەکانی بەرپرس نەبێت. ئەوەی لای سارتەر بنەڕەتییە، ئەوەیە ئازادیی بەش بەش ناکرێت، بەوەی مرۆڤ لە جێگایەکدا ئازاد بێت و لە جێگایەکی تردا ئازاد نەبێت، لێرەدا تۆزێک ئازاد بێت و لەویادا تۆزێکی تر. لای سارتەر مرۆڤ هەمیشە ئازادە، بەڵام چۆن؟ ئاخۆ شتێک نییە ناوی جەبربێت، ئایا سارتەر باوەڕی بە کۆمەڵگا و هەبوونی مەرج و هەبوونی جەبر و هەبوونی کۆت و پێوەند و چەوساندنەوە نییە؟. بێگومان سارتەر باوەڕی بە هەموو ئەم شتانە هەیە، بەڵام باوەڕی بە ئازادیی مرۆڤیش هەیە. بەو مانایەی مرۆڤ تەنیا لە ناو ئەو جەبر و چەوساندنەوەیەدا دەتوانێت ئازادیی خۆی پیادەبکات و بیخاتە ئیش. لە پێناسەی سارتەردا ئازادیی مانای پیادەبوونی بەهەشت و هاتنەدی یەکسانی و سەرهەڵدانی یۆتۆپیاکان نییە، مانای کەمبوونەوەی ئازار و دەردەسەرییەکان نییە، مانای ئەوە نییە کە ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ هەمیشە ڕێپێدراوە و زاڵە و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵکو ئازادیی بە مانا سارتەرییەکەی زیادبوونی بەرپرسیارێتی مرۆڤە بەرابەر برا مرۆڤەکانی. مرۆڤ لەبەرئەوەی ئازادە دەتوانێت «هەست بە نەمانی ئازادیی بکات»، ئازادیی دەبێت هەست بەبوونی بکرێت تا هەست بە نەبوونی بکرێت. گەر بڵێین مرۆڤ بە جەوهەر ئازاد نییە، واتە دەڵێین مرۆڤ نییە یان دەڵێین کۆیلەیە، کە مرۆڤ بە جەوهەر کۆیلە بوو ناکۆکییەک لە نێوان «دۆخی کۆیلەیەتی» و «جەوهەری کۆیلەی مرۆڤ» دا دروست نابێت. کۆیلەیی کاتێک دەبێتە دۆخێکی نائاسایی، کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا ناتەبێت و بەر ئەو جەوهەرە بکەوێت و ناکۆکی لەگەڵدا دروستبکات، واتە مرۆڤ دەبێت بە جەوهەر ئازاد بێت تا بتوانێت ئیش بۆ ئازادیی بکات، کۆیلە دەبێت ئیرادەیەکی ئازادیی لە ناودا بێت، هێزی بڕیاردانی تێدا بێت، توانای هەڵوێستگیری تێدابێت ئەوسا دەتوانێت لە کۆیلەیی دەربچێت. کۆیلەیەک گەر هیچ لە ئازادیی نەزانێت وەک «ئەم برایە نوسیوێتی» واتە ناتوانێت «بڕیاربدات»، ناتوانێت «هەڵوێست وەربگرێت»، ناتوانێت «ئیش بۆ ئازادی» بکات. ئازادیی لای سارتەر مانای «توانای بڕیاردان» «توانای هەڵبژاردن» «توانای هەڵوێست وەرگرتن» «توانای ئیشکردن». لێرەوەیە «مەحکوم بوونی مرۆڤ بە ئازادی» لەوەوە هاتووە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هوشیار کە هوشیارییەکەی هەمیشە «هوشیارییە بە شتێک» توانای هەڵبژاردن و بڕیاردان و پلاندانانی پێدەبەخشێت، ئەم ئازادییە سارتەرییە نەوەک لەگەڵ چەمکی ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ناتەبا نییە، بەڵکو ئەو زەمینەیەیە کە ئەو ئازادییانەی لەسەر دەوەستێت. مرۆڤ گەر نەتوانێت بڕیاربدات، هەڵبژێرێت، هەڵوێست وەربگرێت، ئیشبکات، ناتوانێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە ئازاد بێت. ئەم برایە وێنەیەکی ئازادیی لایە وەک ئەوەی ئازادیی شتێک بێت لە کارخانەکانی کۆمەڵگادا دروستبکرێت و بە دیاری بدرێت بە مرۆڤ، بێئەوەی بە ناو ئیرادە و عەقڵ و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤدا ڕۆیشتبێت. ئەمە تەنیا کاریکاتێرترین وێنەیەک نییە مرۆڤ بۆ ئازادیی بکێشێت، بەڵکو ترسناکترینیشیانە. گەر ئازادیی کاڵایەکی کۆمەڵایەتی ڕووت و قووت بێت و لە ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ خۆیەوە نەهاتبێت، واتە مرۆڤ ئازاد نییە، بەڵام هێزێکی لە خۆی گەورەتر ئازادیی دەکات، ئەمە ئەو تێزەیەیە کە دینەکان و ئایدۆلۆژیاکان و دیکتاتۆرەکان بە درێژایی مێژوو شانیان داوەتە سەر، ئەوەی بە مرۆڤ بڵێین تۆ بە جەوهەر کۆیلەیت و هیچ لە ئازادیی نازانێت و ئێمە ئازادتدەکەین و فێرتدەکەین و پێتدەخوێنین  چۆن ئازاد بیت. هەر کات بڵێین مرۆڤ ئازاد نییە و نازانێت ئازادیی چییە و کۆمەڵگا فێری ئازادیی دەکات و ئازادیی گەمەیەکە مرۆڤ بە هوشیاری خۆی و بە هەڵبژاردنی عەقڵانی خۆی نایبات بەڕێوە، واتای دەرگا لەسەر ئایدۆلۆژیاکان و سەرکردە ئیلهام بەخشەکان و گروپە پێشەنگەکان و حیزبە ڕابەرەکان دەکەینەوە کە شکۆی خۆیان لەسەر ئەوە بونیات بنێن خەڵکی فێری ئازادبوون بکەن. ئەمە بەشێکە لەو خورافەتەی فەلسەفەی سارتەری لە بەرابەری دەوەستێت و لە دژی دەجەنگێت.

ئازادیی لای سارتەر گرێدراوی کار و هەلومەرجی دیاریکراو و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕوداو و لەگەڵ ژیاندایە، واتە جیاواز لە دیدی کیرکجارد، ئازادیی لای سارتەر ڕەهەندێکی میتافیزیکی نییە، بەڵکو گرێدراوی ئیشکردنە لەگەڵ واقیعدا، ئەو لەم مەسەلەیەدا زۆرجار زیادەڕەوییەکی گەورەش دەکات هەتا دەگاتە ئەوەی «بوونگەرایی» بە کەسی سادەوە گرێبدات و دەڵێت « بوونگەرایی بۆ مرۆڤی سادەو ئاسایی دەگەڕێت، بۆ مرۆڤی بەرجەستە، لەو شوێنەی بۆی دەچێت و لەو جێگایەی لێی دەوەستێت. لە کاتی ئیشدا، لە ماڵەوە، لەسەر جادە» «مێتزگەر. ل114 » واتە یەکێک لە غایەتە سەرەکییەکانی سارتەریزم گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤی سادە و ڕاستەقینە و هێنانەوەی بۆ سەر شانۆی فەلسەفە . لێرەوە چەمکی «کار» لە فەلسەفەی ئازادیدا لای سارتەردا شوێنێکی گرنگی هەیە. ئەو ڕای وایە «حەقیقەتی مرۆڤ لە ناو جەوهەری کارەکەیدایە» « مێتزگەر. ل 115». بوونی مرۆڤ لە جیهاندا و لە نێوان شتەکاندا شوێنێکی گرنگی لە فەلسەفەی سارتەردا هەیە، جیانەکردنەوەی مرۆڤ لە کایەی کۆمەڵایەتی و سەیرکردنی وەک خولقێنەر بۆ مێژووی خۆی، یەکێکە لە تێزە بنەماییەکانی ناو فەلسەفەی ئەو، جگە لەوەی  یەکێک ئەلف و بێی فەلسەفەی بوونگەرای ناسیبێت دەزانێت زاراوەی «دەزاین» یاخود «بوون لە جیهاندا» یەکێکە لە هەرە زاراوە بنەمایی و سەرەکییەکانی فەلسەفەی بوونگەرا.

 کار لای سارتەر لە «نیازی کار»ـەوە دەست پێدەکات، کار بە تەنیا بریتی نییە لە جوڵە بۆ شتێک، بەڵکو بریتییە لە نیاز و ئامانج. ئامانج واتە خواستی گەیشتن بە شتێکی دی، دابڕان لە دۆخێک و ئاڕاستە وەرگرتن بەرەو دۆخێکی تر، واتە جیابوونەوە لە ئێستا و بیرکردنەوە لە جۆرە بوونێکی دیکە و دانانی پلانێکی دیکە بۆ ژیان. لای سارتەر مرۆڤ  ئەو شتەیە کە دەیەوێت ببێت. بۆ نمونە کۆیلە ناتوانێت ئازادبێت گەر نەیەوێت ئازادبێت، بوونی بە کەسێک کە کۆیلە نییە گرێدراوی نیاز و خواستێتی کە کۆیلە نەبێت، لێرەوە کاتێک کۆیلە بڕیاردەدات کۆیلە نەبێت، کاتێک دەکەوێتە ئەوەی ماهییەتی خۆی وەک ماهییەتی مرۆڤی ئازاد ببینێت وە دەکەوێتە گەڕان بەدوای جیهانێکدا ئەو ئازادییەی تیا پیادەبکات، لەو کاتەوە ئازادبوون وەک پرۆسەو پراکتیک نەوەک جەوهەر دەست پێدەکات. کۆیلە لە هەمان کاتدا ئازادە کە ئازاد نەبێت، ملیۆنەها مرۆڤ لەم سەر زەمینە بە گژ هەلومەرجی ژیانی خۆیان و جەبرەکانی دەوروبەریاندا ناچن، ئەوە هەڵدەبژێرن لەگەڵ واقیعدا تەبابن، ئەوانەش ئەو ئازادییە  هەڵدەبژێرن کە ئازاد نەبن.  ئازادیی لای سارتەر ئەو وێنە کاریکاتێرییە نییە کە گوایە مرۆڤ پێش لە دایکبوونی ئازادە و ئیتر کۆمەڵگا گرنگ نییە و پێویستە کاک هەردی بیری من و سارتەر بخاتەوە کە نەمانزانیوە شتێک هەیە ناوی کۆمەڵگایە و مرۆڤ لە دارستان لە دایک نابێت و شوێنێک هەیە ئێمە بیرمان چۆتەوە و ناوی کۆمەڵگایە.

ئەم برایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت مرۆڤ ئازاد نییە، باس لەوە دەکات مادام مرۆڤ جیهانی دەرەوە ناواخن دەکات، کەواتە هەموو شتەکانی مرۆڤ لە وتار، بیر، قسەکردن، حەز، زەوق دروستکراوی دەرەوەن، چونکە دروستکراوی دەرەوەشن کەواتە پێچەوانەی ئازادین و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ ئازاد نییە. لە ڕاستیدا من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەوەدا نییە کە بەڵێ مرۆڤ لە جیهاندا دەژی، وە جیهان کاریگەری خۆی لەسەر دید و بۆچوونی مرۆڤ جێدەهێڵێت، بەڵام ئەم ڕاستییە لە یەک کاتدا لەگەڵ ئازادیدا ناتەبا دەکەوێتەوە، گەر هاتوو ئازادیی مرۆڤمان لەگەڵ ئازادیی خودادا تێکەڵکرد. ئازادیی مانای ئەوە نییە هیچ شتێک کاریگەری بەسەر مرۆڤەوە نەبێت و مرۆڤ خۆی خولقێنەری موتڵەق بێت و خۆی جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوەی دروستبکات، گەر واش نەبوو کەواتە مرۆڤەکان ئازاد نیین و دەبێت یەکێکی تر ڕزگاریانبکات. ئازادیی لای کاک هەردی ئەوەیە مرۆڤ دەسەڵاتی موتڵەقی بەسەر دەرەوە و ناوەوەدا هەبێت، بەسەر سروشت و بایۆلۆژیا و ژیاندا، بەوەدا مرۆڤ ئەم دەسەڵاتە موتڵەقەشی نییە و نایبێت کەواتە ئازاد نییە. لە ڕاستیدا جیاوازیکردن لە نێوان وێنەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ وێنەی خودا وەک خولقێنەرێکی موتڵەق، جیاکارییەکی گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی لە ئازادیی تێبگەین. من کە دەڵێم مرۆڤ ئازادە، مەبەستم لەوەیە مرۆڤ بوونەوەرێکە عەقڵی هەیە، دەچێتە ناو کارەوە، توانای گۆڕینی هەیە، دەتوانێت هەڵوێست وەربگرێت، دەتوانێت یاخیببێت، دەتوانێت شۆڕشبکات، دەتوانێت عەقڵ وەک هێزێکی ڕزگارکەر دژ بە جەبرەکان بەکاربهێنێت، دەتوانێت شوناسی خۆی بگۆڕێت، دەتوانێت پلان دابنێت، دەتوانێت پەشیمان ببێتەوە، دەتوانێت کۆچبکات، دەتوانێت بەرگریبکات، دەتوانێت قەبووڵبکات، دەتوانێت ڕەتیشبکاتەوە، واتە دەتوانێت دروستکەری ماهییەتی خۆی بێت، وەک چۆن دەتوانێت واز لە هەموو ئەوانەش بهێنێت و وەک کۆیلەیەک یان ڕۆبۆتێک بژی. هەڵبەت کە مرۆڤ هەموو ئەم توانایانەی خۆی ئیفلیجکرد، کە هەموو ئەو وزە ناوەکییەی خۆی بەرەڵا نەکرد، کە توانای لەسەر بیرکردنەوە و بڕیاردان و هەڵبژاردن ئیفلیجکرد و نەیخستە کار، کە ئازادیی خۆی لە بیربردەوە، کاریگەرییەکانی دونیای دەرەوە، هێزی نۆرم و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە باڵادەستەکان وەک پوشی دەم ئاو لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. هەر بۆیە فەلسەفە لە کانتەوە بۆ نیتشە، بۆ مارکس  تا سەر سارتەر و  پۆست مۆدێرنەکان، هەوڵێکی نەپساوە بۆ ئەوەی نەهێڵرێت مرۆڤ ئازادیی خۆی لە بیربباتەوە.

ئازادیی لای سارتەر بریتییە لە توانای مرۆڤ لەسەر ئەوەی درزێک لە گەڵ دونیای دەوروبەردا دروستبکات « مێتزگەر. ل125 ». وشەگەلی وەک تێپەڕاندن، سنووربەزاندن، لەمپەرشکاندن، وشەگەلە گەلێک باو و خۆشەویستەکانی ناو زاری سارتەرن، سارتەر هەمیشە باوەڕی وابووە کە پاشەڕۆژ هێشتا دەستی پێ نەکردوە و ئەوە کرداری مرۆڤ و سنوورشکاندنەکانی ئەوە پاشەڕۆژ دروستدەکات. «هایمان ل. 21». مرۆڤ لای ئەو بوونەوەرێکە دەتوانێت پلانی گۆڕینی خۆی و دەوروبەری دابڕێژێت، نیازی نەفیکردنیان و لادانیان بخاتە بەرنامەی خۆیەوە، لێرەوەیە کە سارتەر بە فەیلەسوفی پراکسیس و کردار دەناسرێت. بۆ نمونە: زیندانێک دەیەوێت هەڵبێت، خودی نیازی هەڵهاتن، خودی پلانڕێژی بۆ هەڵهاتن و بیرکردنەوە لە هەڵهاتن جەوهەری ئازادیی و ماهییەتی ئازادیی ئەو نیشاندەداتەوە، مەرج نییە بتوانێت هەڵبێت، دەشێت لە کاتی هەڵهاتندا بکوژرێت، بگیرێت، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەو زیندانە بەجەوهەر مرۆڤێکی ئازادە، وە ئازادیی خۆی لەسەر نەفیکردنی کۆیلەیەتی و دیلی بونیادناوە. سارتەر دەڵێت مرۆڤ ئازادە، بەڵام نەیگووتووە کە مرۆڤ جیهانی دەوروبەری و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت و دروستیدەکات، وە نەیگووتووە کە جیهان دەرفەت بە مرۆڤ دەدات چی دەوێت بیکات، بە پێچەوانەوە پێناسەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە بەبێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە جیهانەوە، یەکێکە لە زاراوە بوونگەرا بنەڕەتی و سەرەتاییەکان، بەڵام بە ڕای سارتەر مرۆڤ ماهییەتێکی نەگۆڕی نییە و پێکهاتێکی سروشتی داخراویی نییە کە لە «ناو ــ خۆیدا    In-sich» گیریکردبێت، بەڵکو بوونێکە «بۆ ـ خۆی für sich » «یاکۆبی 112»، واتە دەتوانێت ماهییەتی خۆی هەڵبژێرێت و دیاریبکات، نەوەک جیهانی خۆی هەڵبژێرێت و دیاریبکات. من ناتوانم لە دایکبوونمەوە ئەو کۆمەڵگایە هەڵبژێرم کە تیادەژیم، بەڵام دەتوانم لە دژی سیستمی سیاسی و کولتووری و ئەخلاقی و فیکری کۆمەڵگا یاخیببم. لێرەوە سەد دەر سەد بە پێچەوانەی قسەکانی کاک هەردییەوە، کاتێک سارتەر دەڵێت «بوون پێش ماهییەت دەکەوێت» واتە مرۆڤ بەردەوام لە پێشدەم خۆئەزموونکردن و خۆگۆڕیندایە، بەردەوام لە ڕێگای جەبری ئازادییەوە ماهییەتی خۆی دروستدەکات، ئەوەی سارتەر مرۆڤ بەو بەهایانە بپێوێت کە پێش لە دایکبوونی ئەو دیاریکراون، هەڵەیەکی گەورەیە لە تێگەیشتنی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی فەلسەفەی بوونگەرادا. کاتێک بوون پێش ماهییەت دەکەوێت، واتە ماهییەت شتێکە مرۆڤ خۆی بۆ خۆی و لە ڕێگای بڕیار و هەڵبژاردنەکانییەوە دروستیدەکات، وە بە پێچەوانەشەوە ئەوە چەمکێکی وەک چەمکی هەبیتۆسە کە دەڵێت مرۆڤ پێشوەخت و پێش لەدایکبوونی و لە رێگای بۆماوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ماهییەتی دیاریدەکرێت، ئەوە خوێندنەوەی مرۆڤ بە چەمکگەلی  وەک هەبیتۆسە دەمانگەێنێتە ئەو بڕوایەی بوونی مرۆڤ بە نۆرمەکانی پێش خۆی بپێوین و پێمان وابێت ماهییەتی پێش بوونی دەکەوێت. بەڵام ئازادیی لای سارتەر تەنیا نیاز و کار و هەڵبژاردنیش نییە، بەڵکو قووڵ بە زاراوەیەکی دیکەشەوە گرێدراوە کە زاراوەی «دەروەستییە ــ التزام». مرۆڤ لای سارتەر کە بڕیارێک یان هەڵوێستێک هەڵدەبژێرێت، وەک ئەوە وایە بۆ کۆی مرۆڤایەتی و لە بری کۆی مرۆڤایەتی ئەو هەڵوێستەی وەرگرتبێت، دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت کە دەرەنجامەکانی تەنیا بۆ خۆی نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم کایەی کۆمەڵایەتی و  گشت مرۆڤایەتییە، مرۆڤ لە ڕێگای هەڵبژاردنەکەیەوە داوادەکات کە کۆی مرۆڤەکانی دی هەمان هەڵوێست وەربگرن. لێرەوە ئەم چەمکە سارتەرییە «کە بە بڕوای من زۆر لە چەمکی «کاتاگۆریشە ئیمپریاتیڤی» ئەمانۆئێل کانتەوە نزیکە» فەلسەفەی سارتەر دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەیەکی ئەخلاقی قووڵ وە مرۆڤ قووڵ بە بەرپرسیارێتییەوە بەرابەر جیهان گرێدەدات، بە پێچەوانەی بۆردیۆ یاخود فرۆیدەوە کە هەردووکیان بە ڕێگای جیا ڕۆڵی سروشتی ناهوشیار و نابەرپرسی مرۆڤ زۆر گەورە دەنرخێنن.

شێواندنی هۆبز

لە هەڵەیەکی گەورەی دیکەدا ئەم برایە دەنوسێت کە گوایە تێزی سارتەر دەربارەی جەوهەری ئازادیی مرۆڤ، درێژکراوەی تێزی «دۆخی سروشتی» یە لای هۆبز و لۆک. لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، نە فەلسەفەی ئازادیی لای سارتەر درێژکراوەی چیرۆکی دۆخی سروشتییە و نە ئەو ئازادییەی سارتەریش باسیدەکات پەیوەندی بە تێزەکانی هۆبزەوە هەیە. چەمکی دۆخی سروشتی لای هۆبز و لۆک و تاڕادەیەکیش ڕۆسۆ چیرۆکی دۆخێکی  گریمانەیی «ئیفتیرازی» و خەیاڵییە کە تیایدا مرۆڤ بەبێ دەسەڵات و بەبێ هیچ شێوەیەکی حوکمڕانی و بەبێ یاسا و بەبێ دەرکەوتنی مرۆڤ وەک زاتێکی قانونی ژیاوە. واتە هۆبز دۆخێکی مێژوویی گریمانەدەکات بۆئەوەی لە ڕێگای ئەو گریمانەیەوە بۆ شەرعییەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت و یاسا بگەڕێت. هۆبز داوادەکات مرۆڤ لە خەیاڵی خۆیدا پێشبینی دۆخێک بکات کە دەسەڵات بوونی نییە و هێزی دەوڵەت و یاساکانی و ئەو کولتوورەی دەوڵەت لە ناو مرۆڤدا چاندوێتی بسڕێتەوە و ئەوسا سەیربکات و بزانێت چی لە مرۆڤ دەمێنێتەوە؟. هەڵبەت ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤێکی سروشتییە پێش ئەوەی بچێتە نێو هیچ پەروەردەیەکی شارستانییەوە. هۆبز پێیوایە کە «مرۆڤی سروشتی» بوونی نییە و  نەبووە و هەرگیزیش نابێت، بەڵام بۆئەوەی لە مانای بوونی دەوڵەت تێبگەین دەبێت وێنەنمای ئەو مرۆڤە لە خەیالی خۆماندا بکەین، وە لەسەر بنەمای ئەو وێنەیە لە ناوەڕۆک و مانای ژیانی سیاسی تێبگەین «کرستینگ. ل 68ــ 70». هۆبز دەپرسێت ئاخۆ هەڵگرتنی هەموو فۆرمێکی دەسەڵات ژیانێکی جێگیر و دۆخێکی سەقامگیر لە نێوان مرۆڤەکاندا دروستدەکات؟ تیورەی دۆخی سروشتی لێرەدا بەدەرەنجامێکی نێگەتیڤەوە دێتەدەرێ و دەڵێت مرۆڤ خۆ بە خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە و توانای ئەوەی نییە بێ هیچ فشارێک دۆخێکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ بونیادبنێت «کرستینگ. ل 108». بەڕای ئەو لە دۆخی سروشتیدا مرۆڤەکان لە بەرئەوەی یاسایەک لەسەروویانەوە نییە و ترسێک لەبەردەمیاندا نییە، گەر بۆیان بلوێت وەک گورگ ڕەفتاردەکەن،  لێرەشەوە ڕستە بەناوبانگەکەی «Homo homini lupus» دێتە دەرێ کە بەواتای «مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ». ئەم ئازادییەی هۆبز باسیدەکات، ئازادیی نەبوونی دەسەڵاتە، ئازادیی نەبوونی هێزێکە مرۆڤ ببەستێتەوە، ئازادیی لای هۆبز  ژیان دەگۆڕێت بۆ دۆزەخ، ئەو دۆخە دروستدەکات کە هۆبز بە دۆخی جەنگ ناوی دەبات، جەنگی هەمووان دژی هەمووان. دیدی هۆبزی بۆ مرۆڤ ئەو دیدە دینییەیە کە لە سەردەمی هۆبز و پێش هۆبزدا هەبووە، ترسی هۆبز لە ئازادیی مرۆڤ هەر ترسی دینەکان و حوکمڕانەکانە، هەتا چەمکگەلێکی گرنگی وەک چەمکگەلی پەیمانی کۆمەڵایەتی لای ئەو هەڵقوڵیوی چەمکی «پەیوەستبوونBund» ی دینییە «کۆدالە. ل 70ــ 92». کۆی فەلسەفەی هۆبز لەسەر ترساندنی مرۆڤ لە ئازادیی دروستبووە، خودی فەلسەفەکەی لەسەر ئەو ترسە دامەزراوە، هۆبز ئازادیی گرێدەداتەوە بە خراپەوە، لای هۆبز مرۆڤ ئازادە بۆیە خراپەکارە. «سافرانسکی ل116». بەڵام  سارتەر  فەیلەسوفی ستایشی ئازادییە، واتە سەد دەر سەد بە پێچەوانەی هۆبزەوەیە، مرۆڤی ئازاد لای هۆبز حەیوانێکی دڕە، لای سارتەریش مرۆڤ گەر لە ئازادیی ڕووتیبکەیتەوە مرۆڤ نییە، لای هۆبز مرۆڤ کە ئازاد بوو وەک حەیوان ڕەفتاردەکات، لای سارتەر بە پێچەوانەوە مرۆڤ گەر ئازاد نەبێت لەوە دەکەوێت مرۆڤ بێت.... لەبەرئەوە تێزی سارتەر و هۆبەز دوو پۆڵی فەلسەفی پێچەوانەن. تێزی هۆبز ڕیشەکانی لە فۆبیایەکی قووڵەوە لە ئازادیی سەرچاوەی گرتووە. ئەو جۆرە نیگایەی وادەبینێت کە مرۆڤ ئازادبوو دەبێتە دڕندە و کۆمەڵ دەبێت بیبەستێتەوە، تێزێکە لە پشت کولتووری بەستنەوەی مرۆڤ و دیلکردنییەوە وەستاوە.

 بەڵام کاک هەردی لێرەشدا دەکەوێتە ناکۆکییەکی گەورەوە، ئەم لەسەرەتای نوسینەکەیەوە دەڵێت، مرۆڤ خۆی ئازاد نییە و لە کۆمەڵگادا  ئازاد دەبێت، بەڵام لە ناکاو ئەو تێزەیەی بیردەچێتەوە و هێڵەکانی لە دەست تێکەڵ دەبێت و دەچێت بۆ لای هۆبز کە ڕای هۆبز پێچەوانەی بۆچوونی ئەوە، هۆبز دەڵێت مرۆڤ ئازادەو لە کۆمەڵگادا ئەو ئازادییەی بەرامبەر سەلامەتی و ئاسایش و ئاسوودەیی لێ دەسێنرێتەوە. مرۆڤ لای هۆبز دەستبەرداری ئازادیی خۆی دەبێت بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت تا بە ئاسوودەیی بژی، مرۆڤ لای هۆبز ئازادیی دەگۆڕێتەوە بە ئاسایش و متمانە و دڵنیایی، واتە ئیشی پەیمانی کۆمەڵایەتی کە دەوڵەتی لەسەر بونیاد دەنرێت، ئەوە نییە مرۆڤ ئازادبکات وەک کاک هەردی بە هەڵە لێی حاڵی بووە، بەڵکو ئەوەیە سنوور بۆ ئازادیی مرۆڤ دابنێت.

 ئەوەی لە قسەکانی کاک هەردیدا لەسەر هۆبز زۆر نادروستە ئەو دەرەنجامگیرییەیە کە دەڵێت گوایە ئەم تێزەیەی هۆبز نیشانەی ئەوەیە مرۆڤ نەوەک لە جەنگەڵدا بەڵکو لە کۆمەڵگادا لە دایک دەبێت. لای ئەم برایە کە گووتت مرۆڤ ئازادە کەواتە ئەم ڕستەیە بە ئۆتۆماتیکی مانای ئەوەی مرۆڤ لە جەنگەڵدا هاتۆتە دونیاوە، کە گووتیشت لە ناو کۆمەڵگادایە کەواتە ئازاد نییە و دەبێت کۆمەڵگا ئازادیی بکات. کۆی ئەم تەفسیرە تێگەیشتنێکی نادروستە لە کێشەکە. مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ئازادیشە، بوونی لە کۆمەڵگادا نەفی ئەوە ناکات کە بوونەوەرێکی بەرپرسە و دەتوانێت بیربکاتەوە و بڕیاربدات و هەڵبژێرێت، تواناشی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵبژاردن ئەوە نەفی ناکات کە بوونەوەرێکە لە کۆمەڵدا دەژی، کۆمەڵگاش ئەو کایە پڕ ململانێیە کە پڕە لە شێوازی جیاواز جیاوازی فشار و لەمپەردانان، مرۆڤ ئازادیی خۆی لە ناو ئەو ململانێیانەدا تاقیدەکاتەوە، وە ئازادیشی لەوەدا نییە لەمپەر و ململانێ نەمێنێت، چونکە لەمپەر و ململانێ ئەبەدیین، بەڵکو ئازادیی مرۆڤ لەوەدایە کە لە ژێر هەموو هەلومەرجەکاندا دەتوانێت ئامانجی خۆی هەڵبژێرێت و ئیشی بۆ بکات.

هەڵەیەکی لە مانەش گەورەتر ئەوەیە کە کاک هەردی واتێگەیشتووە، هۆبز دوو قۆناع لە بیرکردنەوەیدا بووە، لەسەرەتاوە باوەڕی بە دۆخی سروشتی بووە، بەڵام «دواجار دەرکی پێکردوە»  و تێگەیشتووە کە دۆخی سروشتی « کوتانی قەوانی ساردە » و ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە شێواندنێکی زۆر گەورەیە بۆ هۆبز، دۆخی سروشتی قۆناغ نییە لە فیکری هۆبزدا کە دواتر لێی پەشیمان بووبێتەوە، بەڵکو قۆناغێکی گریمانەییە «ئیفترازی»  لە تەفسیری هۆبزدا بۆ مێژووی مرۆڤ. ئەمە بەشێکی گرنگی تیورە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقییەکەی هۆبزە و لە کۆی تیورەکەی  جیاناکرێتەوە، چونکە ئەو جەنگەی ناو دۆخی سروشتییە دەبێتە مایەی ئەوەی کۆمەڵگا وەک ژینگەیەکی قانونی لە دایک بێت. ئەمە هەڵەیەک نییە هۆبز کردبێتی و دواتر لێی پەشیمان بووبێتەوە، بەڵکو چۆن مارکس مێژووی کۆمەڵگا بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشدەکات، هۆبزیش مێژووی کۆمەڵگا بەسەر دوو قۆناغی سەرەکیدا دابەشدەکات، یەکێکیان قۆناغی سروشتییە و ئەوی تریان قۆناغی شارستانی بوونە، قۆناغی سروشتی قۆناغێکی گریمانەییە بە مەبەستی مانا بەخشین و تێگەیشتن لە قۆناغی شارستانی پێشبینیکراوە. هۆبز لە قۆناغی سروشتی پەشیمان نەبۆتەوە، بەڵکو دەڵێت قۆناغی سروشتی قۆناغی دەرکەوتنی سروشتە دڕندە و دیوە خراپەکارەکەی مرۆڤە کە دەبێت لە ڕێگای دەوڵەتەوە کۆنترۆلبکرێت و ڕێکبکرێتەوە.

ئازادیی و کۆمەڵگا

کێشەی هەرە گەورەی ئەم برادەرە ئەوەیە کە هەوڵی نەداوە بزانێت ئازادیی چییە، واتە باس لە شتێک دەکات کە ناوی ناوە ئازادیی بێئەوەی بزانێت ئەو شتە چییە، لێرەوە کەوتۆتە ناو قاڵبێکی میکانیکییەوە کە هەرچۆنێک دەسوڕێتەوە دێتەوە سەر هەمان ڕستە. ئەو بەردەوام ڕستەیەک دووبارەدەکاتەوە «مرۆڤ ئازاد نییە و کۆمەڵگا ئازادیی دروستدەکات». بێئەوەی توانای ئەوەی هەبێت پێمان بڵێت کۆمەڵگا چۆن ئازادیی دروستدەکات. کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکانی هیچیان ئازاد نەبن و هیچ لەسەر ئازادیی نەزانن «وەک ئەو دەڵێت»، چ جۆرە ئازادییەک دروستدەکات ؟ مرۆڤ کە ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا بە چ تەکنیکێک ئەم ئازادییەی لە ناودا سەوز دەکات ؟ مرۆڤێک گەر ئازادیبکەیت ببێتە دڕندە و پیاوکوژ، چۆن کۆمەڵگا ئازادیی دەکات؟  گەر ئازادیی لە ناو کۆمەڵگادا تاک هەڵیناگرێت، ئەی کێ هەڵیدەگرێت و لە ژیانی چ جانەوەرێکی دیکەدا بەرجەستە دەبێت؟ بۆ مرۆڤ خۆی ئازاد بێت ترسناکە و گەر کۆمەڵگا ئازادیی بکات ترسناک نییە ؟ ئەوە کێیە لە کۆمەڵگادا ئەوانی دی ئازاد دەکات؟ چۆن ئازادیاندەکات و بەرابەر بەچی؟. دەشیا قسەکانی کاک هەردی نرخێکی زۆریان هەبایە گەر هەوڵی وەڵامی ئەم پرسیارانەی بدایەتەوە. کۆمەڵگا کایەیەکە پڕە لە ململانێ، پرە لە کایەی جیاواز کە پێکدادەدەن، پڕە لە چین و توێژ و نەتەوە و زمانی جیاواز، پڕە لە قازانجی ئابووری کە لەگەڵ یەکدا لە شەڕدان، پڕە لە ململانێی کولتوری. لێرەوە کۆمەڵگا کایەی ململانێ هەمیشەییەکانە، ئەوەی کۆمەڵگا وەک کارگەیەک تەماشابکەیت کە ئازادیی دروستدەکات و بە یەکسانی بەسەرماندا دابەشیدەکات، وێنەیەکە لای هیح فەیلەسوف و سۆسیۆلۆژێک بوونی نییە و تەنیا لە هەڵە تێگەیشتنی ئەم برایەمان دروستبووە. ئازادیی لە سادەترین مانایدا ئەوەیە مرۆڤەکان تاکەکان و گروپەکان بۆچوونی خۆیان ئازادانە دروستبکەن، توانای بڕیاردانیان هەبێت، هەروەها توانای بەرپرسیارێتی و توانای ئیلتیزامیشیان هەبێت. ئەم برادەرە ئازادیی واتێگەیشتووە هەر کەس بە ئارەزووی خۆی جیهانی بە چ چەشنێک ویست وەها بێت، لە کاتێکدا ئەم سەیرکردنە پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە، ئازادیی ئەوە نییە من چۆنم ویست و چۆن پێم خۆش بوو، جیهان بەوجۆرە بێت، بەڵکو ئەوەیە من ئازادم لە هەڵوێست وەرگرتندا بەرابەر ئەو جیهانەی تیادەژیم، ئازادم لەوەی ئیلتزام بەچییەوە دەکەم و نایکەم، چ شەڕێک دەکەم و چ شەڕێک ناکەم، ئەوەش جەوهەری ئازادییە و هەر مرۆڤێکیش ئەو جەوهەرە ونبکات مرۆڤ بوونی خۆی وندەکات. گەر بڵێین مرۆڤ ئازاد نییە و کۆمەڵگا ئازادیی بۆ دروستدەکات، واتە ئەوە کۆمەڵگایە بۆ منی دەستنیشاندەکات چۆن بیردەکەمەوە، کۆمەڵگایە هەڵبژاردنەکانم بۆ دیاریدەکات، کۆمەڵگایە بڕیارەکانم بۆ دەدات و پێدەدات، کۆمەڵگایە هەڵوێستەکانم بۆ دیاریدەکات و دەیسەپێنێت بەسەرمدا بە چییەوە مولتەزیم بم، کۆمەڵگایە پەیوەندی من بە لەشمەوە دیاریدەکات، کۆمەڵگایە پەیوەندی من بەبیرکردنەوەی خۆم و ئەوانی ترەوە دەستنیشاندەکات، و منیش بێ هیچ پەرچەکردارێک هەموو جەبرەکانم قەبووڵە و هیچ پەرچەکردارێکی پێچەوانەم بەرامبەریان نییە. گەر من ئازاد نەبم و کۆمەڵگا ئازادیم بۆ دروستبکات، واتە کۆمەڵگا وێنەی خۆی بۆ ئازادیی بەسەر مندا دەسەپێنێت. وابزانم پێویستیمان بەوە نییە زۆر بیربکەینەوە تا تێبگەین کە ئەمە ئازادیی نییە بەڵکو کۆیلەیەتی تەواوەتییە. لە ڕاستیدا هەر کەسێک هەتا کتێبێکی بچوکیشی لەسەر ئازادیی خوێندبێتەوە، ئەو ڕاستییە سەرەتاییەی بیستووە کە بە درێژایی مێژوو ململانێیەک لە نێوان فەرد و کۆمەڵگادا لەسەر ئازادیی هەیە، کۆمەڵگا ئەو جێگایەیە کە بۆئەوەی یەک پارچەیی خۆی بپارێزێت فەرد دەخاتە ژێر فشارەوە، واتە کۆمەڵگا بەپێچەوانەی هەڵەی کاک هەردییەوە فەرد ئازاد ناکات، بەڵکو شوێنێکە ململانێیەکی هەمیشەیی و ئەبەدی و ڕۆژانەی تیا بەرپادەبێت بۆ گەیشتن بە شێوەیەک لەگەڵ ئازادیی مرۆڤی تاکدا بگونجێت. کۆمەڵگای تەندروست ئەو کۆمەڵگایەیە کە خۆی وا ڕێکدەخات کەمترین فشار و زیان بە ئازادیی مرۆڤەکانی ناوی بگات، و کۆمەڵگای نەخۆشیش ئەوەیە کە کەسانێک دروستدەکات دان بە ئازادیی مرۆڤ و جەوهەرە ئازادەکەی مرۆڤدا نانێن و کەمترین سنووری بزاڤ و تەسکترین شوێن جوڵەی بۆ دەهێڵنەوە. ئازادیی بریتی نییە لەوەی مرۆڤ مرۆڤ بکوژێت.

کەسانێک هەن هەر هێندەی باس لە ئازادیی کرا  یەکسەر وێنەی دڕندەیەکی ترسناکیان دێتە بەرچاو کە لە قەفەز بەربووە و خەڵک دەکوژێت و دونیا خاپوور دەکات، لە ڕاستیدا ئەوە تیوریزەکەرانی دەسەڵاتن کە دەیانەوێت مرۆڤی ئازاد وەک حەیوانێک ببینن کە خێرا دەبێت ببەسترێتەوە، ئەمە لە ڕووی مێژووییەوە نیگای دینەکان و لەسەردەمی هاوچەرخیشدا مۆراڵی دەوڵەتە تۆتالیتاری و ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاری و دیکتاتۆرەکانە. مێژووی مرۆڤ لە سەر ئەم ئەستێرەیە مێژووی شەڕکردنێتی لەگەڵ ئەو شێوە کۆمەڵگایانەدا کە دان بە ئازادیی مرۆڤدا نانێن، مێژووی کۆمەڵگاکانیش گرێدراوی ئەو هەڵوێستە جیاوازانەن کە کۆمەڵگا و کولتوورە جیاوازەکان بەرامبەر ئازادیی فەردەکان هەیانە. کۆمەڵگا مرۆڤ ئازاد ناکات، بەڵکو دەتوانێت کەمتر یان زۆرتر ڕێگای لێبگرێت، کەمتر یان زۆرتر لێبوردەیی بەرابەر ئەو ئازادییە هەبێت، کۆمەڵگا جیاوازەکان شێوەی جیاوازیان لە مامەڵەکردندا لەگەڵ ئازادیی مرۆڤدا هەیە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە وە لە پێناو ئەو ئازادییەدا لە شەڕێکی هەمیشەییدا دەژی، لەگەڵ کۆمەڵگا و سروشت و خودادا، مرۆڤ دەتوانێت واز لەو ململانێیە بهێنێت و بڵێت من ئازاد نیم و ڕازیم بە هەموو ڕێسا و دەستوور و یاساکان، وە کۆیلەیەتی خۆی لەسەر نەفیکردنی ئازادیی بونیادبنێت، دەشتوانێت تا کۆتایی ئازاد بێت و شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو لەمپەرانە بکات کە دێنە بەردەم ئازادیی. مرۆڤ لە هیچ ئان و ساتێکدا جەوهەری خۆی وەک بوونەوەرێکی ئازاد نادۆڕێنێت، ئەوەی لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا بژی، مانای ئەوە نییە کە تۆ ئازاد و بەرپرس نیت لە هەڵوێستەکانی خۆت. مرۆڤ ئازادە لەوەی بڕیاربدات دژی دیکتاتۆرییەت بێت یان نەبێت، ئازادە لەوەی خەبات دژ بە دیکتاتۆرییەت بکات یان نەیکات، ئازادە لەوەی هەڵوێست وەربگرێت و دەرەنجامەکانی ئەو هەڵوێستە قەبووڵبکات یاخود نا، ئازادە لەوەی مولتەزیم بێت بە گروپێکی سیاسییەوە یان نا، ئازادە لەوەی ببێتە نۆکەری دیکتاتۆرییەت یان نا، مرۆڤ لە هیچ سیستمێک و کۆمەڵگایەکدا بەرپرسیارێتی خۆی و توانای لەسەر هەڵبژاردن و بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن نادۆڕێنێت تا بڵێین ئازادیی خۆی لەدەستداوە، دیکتاتۆرییەت دەتوانێت ڕوکارە کۆمەڵایەتییەکانی ئازادی، وەک ئازادیی قسەکردنی ئاشکرا و ڕۆژنامەگەریی و مافەکانی مرۆڤ زەوتبکات، بەڵام ناتوانێت توانای بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن و هەڵبژاردن لە مرۆڤدا بسڕێتەوە، چونکە ئەوە جەوهەری مرۆڤە، لێرەوەیە ئەو کەسەی لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتدا لەسەر دیوارەکان دروشمەکانی خۆی دەنوسێت، یان ئەو زیندانەی کە لەسەر دیواری زیندانەکان بیروباوەڕەکانی خۆی هەڵدەکۆڵێت بە ئەندازەی ئەو کەسە ئازادە کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەیەکی گشتیدا شت دەنوسێت. مرۆڤ لە هیچ ئان و ساتێکدا ئازادیی  خۆی نادۆڕێنێت، چونکە کە ئازادیی خۆی دۆڕاند واتە بەرپرسیارێتی خۆی دەدۆڕێنێت، کە بەرپرسێتی خۆشی دۆڕاند واتە مرۆڤبوونی خۆی دەدۆڕێنێت، هێند هەیە ئازادیی مرۆڤەکان و ئەو پرسیارانەی دێنە بەردەمی ئازادیی و ئەو تەحەدایانەی کە دەکەونە پێشدەمی دەگۆڕێن. ئەو تەحەدایانەی لە سیستمی دیکتاتۆرییدا دەکەونە بەردەمی ئازادیی تاک، ئەو تەحەدایانە نین کە لە سیستمی دیموکراسیدا دێنە بەردەمی، ئەو پرسیارانەی ئەم ئازادییە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا دەبێت وەڵامی بداتەوە ئەو پرسیارانە نین کە لە کۆمەڵگاییەکی عەلمانیدا وەڵامی دەداتەوە، ئەو لەمپەرانەی لە سیستمێکی کۆمۆنیستیدا دەخرێنە بەردەمی ئەو لەمپەرانە نین کە لە سیستمێکی لیبرالدا دەکەونە سەر ڕێی. کە دەڵێین مرۆڤ ئازادە، واتە دەڵێین مرۆڤ بەرپرسە، چونکە ئازادیی و بەرپرسی لە یەکدی جیانابنەوە، من ئازادم بۆیە کە ستەم و چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت دەبینم دەبێت بێمە دەنگ، چونکە کە ئازاد نەبووم واتە بەرپرسیش نیم. لێرەوە دیکتاتۆرییەت ئەوسات دروست نابێت کە ڕژێمێک لە ڕێگای کۆمەڵێک ڕێسا و بە کۆمەکی کۆمەڵێک پۆلیس کۆمەڵێک ماف زەوتبکات، بەڵکو ئەو سات دروستدەبێت کە دیکتاتۆرییەت توانی مرۆڤێک دروستبکات بڵێت من ئازاد نیم و لە ئەزەلەوە ئازاد نەبووم و لە کۆمەڵگادا لە دایکبووم و کۆمەڵگاش بە ڕیسا و یاساکانی منی بەستۆتەوە و کۆمەڵگا لە ئازادبوون و ئازادنەبوون بەرپرسە، من ئەوەم کە هەبیتۆس دروستیکردوم و تەنیا ئەوەم کە کۆمەڵگا خولقاندومی و هیچ بەرپرسیاریی و گوناهێک هەڵناگرم و تەنیا گەمەکەرێکم کە ئەو ڕۆڵە یارییدەکەم کە پێشتر بۆم نوسراوە و خۆم قسەیەکم لە ناو تێکستەکەدا نییە. ئازادیی  کۆمەڵایەتی تەنیا کاتێک ئازادییە  کە ڕۆڵی خراپی کۆمەڵگا و سنووردانانی خراپی کۆمەڵگا بۆ ئازادیی مرۆڤ و شوناسە سیاسی و قانونی و ئەتنی و کۆمەڵایەتییەکەی کەمبکاتەوە. ئیشە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ، هەندێک لە دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی یاخود حیزبەکان ئەوانە مرۆڤ ئازاد ناکەن، بەڵکو کەرەستەی فشاری ئازادیی مرۆڤن بۆ سەر هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر و بۆ سەر کۆمەڵگایەک کەڕێزی ئەو ئازادییە ناگرێت، بۆ سەر شێوە جیاوازەکانی دەسەڵات،  بۆ سەر ئەو فەرد و گروپانەی هەڕەشە لە ئازادیی دەکەن.

ڕۆژنامەگەری ئازاد یان حیزب یاخود ڕێکخراوەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی، پێکڕا زمانی ئازادیی مرۆڤن، کەرەستەی ئیشکردنی ئازادیی مرۆڤن، فەزای نزیکبوونەوەی ئازادییەکانن نەوەک وەک ئەم برایە تێیگەیشتووە، خودی ئازادیی بن، ئازادیی یەک کانگای هەیە کە مرۆڤە و یەک پێوەریشی هەیە کە بڕی ئازادیی مرۆڤە. کۆمەڵگا شوێنی پراکتیککردنی مرۆڤە بۆ ئازادیی  خۆی و هەواگەی «فەزای» ڕێکەوتن یان ململانێی مرۆڤە لەگەڵ ئازادییەکانی تردا.

هەڵەیەکی گەورەتر کە بە ژێرەوانکێ لە نوسینی ئەم برایەدا هەیە ئەوەیە کە تێکەڵکردنی چەمکی ئازادییە لەگەڵ چەمکی چاکەدا. ڕاستە مرۆڤ جگە لە ئازادیی خۆی هیچ شتێکی نییە مرۆڤبوونی بسەلمێنێت و بەبێ ئەو ئازادییە مرۆڤ بوونی نییە، بەڵام ئەوەی دڵنیابین مرۆڤ ئەم ئازادییە بە «دەروەستی ــ ئیلتیزام»ـەوە گرێدەدات، یاخود هەڵبژاردنەکانی ڕاستن و خزمەتی ئازادیی خۆی یان ئازادیی کۆمەڵایەتی دەکەن، یان تەواو هوشیارە بەسەرچاوە و دەرەنجامی ئیشکردنی بە ئازادیی، یان میتۆدی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ پراکتیکردنی ئەو ئازادییە، هەموو کێشەی هەڵواسراون. ئەوەی مرۆڤ ئازادە مانای ئەوە نییە مرۆڤ بوونەوەرێک نییە کە توانای وێرانکاریشی تێدایە، خراپەکاری مرۆڤ بەڵگە نییە بۆ ئازادنەبوونی وەک کاک هەردی دەیەوێت لە هۆبزەوە دەرەنجامی بهێنێت. تراژیدیای گەورەی مرۆڤ ئەوەیە کە ئازادیی جەوهەری مرۆڤە، بەڵام هوشیاریی و بڕیاردانی ڕاست و پاککردنەوەی ئیرادە لە توندوتیژی لە جەوهەری مرۆڤدا نییە «هەر ئەم کێشەیەشە سارتەر لە زۆربەی شانۆگەرییەکانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە». ئەوەی مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ مەحکومە بە چاکە، ئەوەی کە دەتوانێت هەڵبژێرێت مانای ئەوە نییە کە دەستنابات دەسەڵاتی وێرانکار و هێزی وێرانکاری ناو خۆی بخاتە کار، کێشەی چاکەو خراپە دەکەوێت ناو مۆراڵی ئازادییەوە، نەوەک کێشەی بوونی ئازادیی و نەبوونیەوە، وەک کاک هەردی ب

ە هەڵە تێیدەکەوێت. توانای مرۆڤ لەسەر خراپە نەفی ئازادیی نییە، بەڵکو سەلمێنەری ڕوویەکی تراژیدی ئەو ئازادییە، وە هەندێک لە فەیلەسوفە گرنگ و هاوچەرخەکانی وەک «ڕۆدیگەر سافرانسکی» بۆچوونی خۆیان لەسەر ئازادیی تەواو گرێداوەتەوە بەو ڕووە تراژیدییەی ئازادییەوە.

چەمکی هەبیتۆس لای پیار بۆردیۆ و کێشەی سوبێکت و ئۆبێکت لە سۆسیۆلۆژیادا

ئەوەی کە کاک هەردی زۆر شانیدەداتە سەر، چەمکی هەبیتۆسی بۆردیۆیە، دەبێت بڵێم کە کاک هەردی زۆر خراپ چەمکەکە باسدەکات و گەلەک میکانیکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و لە مێژووی خۆی دایدەبڕێت و  کێشە گەورەکانی ناویشی نابینێت. سەرەتا دەبێت بڵێین کە چەمکی «هەبیتۆس» خۆی چەمکێکی ئێجگار گرفتئامێزە و بۆردیۆی زۆر بەبەربڵاوی بەکاریهێناوە و زۆر تێزی گرنگی پێ داڕشتووە و زۆر ناکۆکی قووڵ و چارەسەرنەکراویشی لە فیکری بۆردیۆدا خولقاندوە. لە بەرئەوەی کاک هەردی ئەم زاراوەیەی زۆر خراپ ڕوونکردۆتەوە، سەرەتا حەزدەکەم کۆمەڵێک زانیاری زیاتر دەربارەی زاراوەی هەبیتۆس بە خوێنەر بدەم کە لە بنەڕەتدا لە زاراوەیەکی ئەرستۆوە بە ناوی «Hexis »  داتاشراوە، کە مانای «هەڵگرتن، یان عەمبارکردن یان وەرگرتن و پاراستن» دێت، (بەڵام بۆردیۆ لە تیوری کۆمەڵناسی خۆیدا، زاراوەی «هێکسیس» بەرابەر دەرکەوتنەوەی هەبیتۆس لە ڕەفتاریی جەستەییدا بەکاردەهێنێت ، وەک لاسایکردنەوە و شێوەکانی دەست جوڵاندن و سروشتی سەماو سروشتی وەرزشە باوەکان. وە زاراوەی هەبیتۆس دەخاتە خزمەت وەسفکردنی بارودۆخە ڕۆحی و عەقڵییەکان). ئەم زاراوەیە لە ڕێگای تۆمای ئەکوینییەوە دەگوازرێتەوە و پێش بۆردیۆش کۆمەڵێک سۆسیۆلۆژی گەورەی وەک ماکس فیبەر، مارسیل ماوس، و دۆرکهایم بەکاریانهێناوە. «کارێر. ل 2» هەروەها هەر یەک لە «پێتەر بێرگەر» و «تۆماس لۆکمان» و «نۆربەرت ئەلیاس»یش زۆر ئیشیان پێکردوە. لە مێژووی فیکردا دیکارت کە تێزەکەی لەسەر جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە بونیادنراوە، وەک دوژمنی هەرە ڕادیکالی تێزی «هەبیتۆس» سەیردەکرێت. بەڵام هیچ بیریارێک ئەم چەمکەی بەوجۆرە سەرپەڕانە و بەو مانا ڕادیکالە بەکارنەهێناوە کە بۆردیۆ دەیکات. بۆردیۆ هەوڵدەدات لەڕێگای ئەم زاراوەیەوە یەکێک لە دوولانە هەرە بنەڕەتی و قووڵەکانی مێژووی فیکر کە دوولانەی «سوبێکت» و «ئۆبێکت» ـە تێبپەڕێنێت و لە ناو یەک یەکەدا بیانتوێنێتەوە. هەبیتۆس مانای عەمبارکردنی کۆمەڵێک پرەنسیپی زۆر گشتی بەجۆرێکی هەمیشەیی و بەردەوام لە ناو مرۆڤدا، ئەم پرەنسیپانە لە ناو مرۆڤدا بەجۆرێکی هەمیشەیی ناواخن دەبن و کاریان شێوە بەخشینە بە شێوازی ژیان، سەیرکردنی مرۆڤ بۆ نرخ و بەهاکان، ستایلەکان، ئارەزووەکان، چۆنێتیی بیرکردنەوە و هەستکردنە ئاساییەکان، ڕەفتارەکان و شێوە بینینەکان و هەڵبژاردنەکان «بۆردیۆ 76. ل 165 ــ 168». لەوەش بنچینەییتر لەم چەمکەدا ئەوەیە کە هەبیتۆس مرۆڤ بە هوشیار و ناهوشیارانەش ئیشی پێدەکات، واتە وەک دینەمۆی ڕەفتار وایە و زەمینەسازە بۆ هەموو شێوەکانی پراکسیس و پێشبینیکردنەکانی مرۆڤ «بۆردیۆ 98. ل 99».

بە گشتی هەپیتۆس ئەو چەمکەیە کە لە ڕێگایەوە بۆردیۆ باس لەوەدەکات چۆن کۆمەڵگا لە ناوەوە تاکەکان داگیردەکات، بە ئەندازەیەک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت چۆن بایۆلۆژییەکان قسە لە بۆماوەی جینی و بایۆلۆژی دەکەن، بۆردیۆش باس لە جۆرە بۆماوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، کە سیستمی بیرکردنەوەی مرۆڤ و هەستکردنی ئاڕاستەدەکات. بە چەشنێک بەپێی ئەم تێزەیە هەموو تێڕوانین و هەست و تێگەیشتنەکانی مرۆڤ هیچیان تێڕوانین و ڕەفتار و هەست و بیرۆکەی خۆی نین، بەڵکو هەموویان عەمبارکراوان و کۆمەڵگا لە ناو مرۆڤدا سەوزیکردون، ئەوجۆرە خواردنەی دەیخۆم، ئەو جۆرە مۆسیقایەی گوێی لێ دەگرم، ئەوجۆرە جلەی لەبەریدەکەم، پێکڕا جەبرێکی هەبیتۆسین و پێشتر بە شێوازی پروگرامی کۆمەڵایەتی لە ناو مندا دابەزیوون. بەپێی بۆردیۆ هەموو زمانی جەستەش وەک شێوەی ڕاوەستان، سەیرکردن لە کاتی شەرمدا، سەرداخستن، یاریکردن بە دەست و قاچ و خێرایی و خاویش لە هەبیتۆسەوە دادەکەون. «فرۆهلیش. ل103». لە ڕاستیدا بۆردیۆ بەم تێزەیە لە بری ئەوەی کێشەی ئۆبێکت و سوبێکت چارەبکات، سووک و سادە سوبێکت دەکات بە سێبەرێکی کاڵی جیهانی ئوبێکت، سوبێکت دەکاتەوە دەرەوە و پێی وایە بەوە کێشەکەی چارەسەرکردوە. ئەو وێناکردنەی هەبیتۆس لای بۆردیۆ وەک بوارێک کە کار لە فەرد دەکات و فەرد کاری تێناکات، نیگایەکی یەک دیو و تاک ڕەهەندی بەخشیوە بە سۆسیۆلۆژیای بۆردیۆ، لێرەوە نەبینینی ئەو ڕەهەندەی کە «ڕەفتاری فەرد زۆرجار ئەو زەمینەیە جێدەهێڵێت کە لێوەی دەست پێدەکات و هەبیتۆسێکی گۆڕاو و نوێ دروست دەکات» «دیرکسمایەر 88» گرفتێکی قووڵ دەخاتە چەمکی هەبیتۆسەوە، لێرەوەیە لای زۆر لە سۆسیۆلۆژەکان بەبێ موتوربەکردنی ئەم چەمکە بە ڕۆحێکی فینۆمینۆلۆژی بەوجۆرەی لە تێگەیشتنی کەسانی وەک «میرلۆ پۆنتی» و «هۆسرل» دا دەیبینین، چەمکەکە وەک کەرەستەیەکی تاک ڕەهەندی جەبری دەبینن کە توانای تەفسیر و ئیشکردنی بێئەندازە بەرتەسکە، بەپێی دیرکسمایەر، کێشەکە لەوەدایە کە هۆسرل لە فەلسەفەی خۆیدا باس لە هەبیتۆسێک دەکات بێ ئەوەی گرێیبداتەوە بە هیچ ستراکتورێک یان «بونیادێکی کۆمەڵایەتییەوە» بەڵام بۆردیۆش بە پێچەوانەوە باس لە هەبیتۆسێک دەکات کە خاڵییە لە کاریگەری سوبێکت «دیرکسمایەر 89». تا ئەو شوێنەی هەبیتۆس قسە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵێک هەڵبژاردن و ئارەزوو و خواستی فەردی دەکات، چەمکێکی سروشتییە کە زەمینەیەکی زانستی و مادی هەیە، بەڵام کە هەبیتۆس بووە ئەوەی نەفی تەواوەتی ئەو پەیوەندییە دیالەکتیکییە بێت کە لە نێوان ئیرادەی فەرد و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەیە، وە بووە ئەوەی جیاوازی لە نێوان بۆماوەی کۆمەڵایەتی و بۆماوەی بایۆلۆژیدا نەکات، و ڕۆڵی سوبێکت بکوژێت، لێرەوە  فەلسەفەی بۆردیۆ لەگەڵ ئەم چەمکەدا دەبێتە فۆرمێکی ڕادیکاڵی جەبرگەرا کە جێگای مرۆڤی تێدا نابێتەوە. کاک هەردیش ئۆتۆماتیکی بێ هیچ پێداچوونەوەیەک ئەم ڕەهەندە جەبرییەی ناو تێزەکەی بۆردیۆ وەردەگرێت و دەیخاتە بری هەموو مێژووی فەلسەفە و کۆی فەلسەفەکانی ئازادیی و وەک موتڵەقێک دەیخاتە سەروو مرۆڤەوە و وادەبینێت مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە کۆمەڵگا چی لە ناوچاوانی نوسی هەر ئەوەیە. ئەم تێزەیەی لەگەڵ دیندا یەک جیاوازی هەیە، دین دەڵێت خودا چی لە چارەمان نوسی و چۆن دروستیکردن هەر ئەوەیە، بەڵام هەڵگرانی سەرپەڕی ئەم تێزەیە دەڵێن هەبیتۆس چی لە چارەمان نوسی هەر ئەوەیە ئێمە هەرچییەک بکەین هەر ئێمە نین، بەڵکو دەستی هەبیتۆسە. لە ڕێگای ڕادیکالکردنی هەبیتۆسەوە فەلسەفەی بۆردیۆ خۆی تووشی زنجیرەیەک گرفتی گەورە دەکات، کێشەی هەرە گەورەی ئەم تێزەیەش بەبڕوای من ئەوەیە کە ئەم چەمکە تەنیا چەمکی «فەردانییەت Individualität» ناکوژێت، بەڵکو دەرگا لەسەر ڕیزێک چەمکی زۆر گەورەی دیکەش دادەخات، وەک چەمکی «ئازادی» «گۆڕان» «داهێنان» «نوێگەری»، وە چەمکی «جیاوازی»یش لە سنووری فۆرمە جیاوازەکانی هەبیتۆسدا دیلدەکات و جگە لە جیاوازییە چینایەتی و کولتوورییە گشتییەکان، جیاوازییەکانی دیکەی بۆ تەفسیر ناکرێت. گەر مرۆڤ لەسەرەتای ژیانییەوە ببێتە هەڵگری هەبیتۆسێک کە هەرچییەک بکات دواجار پەیوەندی بە خۆیەوە نەبێت، بەڵکو دەرکەوتە و زمانی ئەو سیستمە عەمبارکراوەی ناوی بێت، واتە مرۆڤ لە ناو بازنەیەکی داخراوی خواست و ئامانج و ئارەزوو و بیرکردنەوەدا دەژی و دەرچوونی بۆ نییە، مرۆڤ یەکجار وەک بوکەشوشەیەکی پرۆگرامکراو، لە ڕێگای دامەزراندنی هەبیتۆسەوە لەسەری دروستدەبێت، ئیدی بەهاکانی و ڕوانین و ڕەفتاری تا ماون مەحکومن بەم هەبیتۆسە. بەوەدا بۆردیۆ پێی وایە هەبیتۆس ناواخنبوونی بونیادەکانە، بەوەدا پێی وایە کە ئەو ناواخنبوونە هەمیشەییە، وە وادەبینێت کە فەردەکان بەردەوام لە ڕێگای هەبیتۆسەوە هەمان بونیاد بەرهەمدەهێننەوە، کێشەیەک دێتە پێشێ کە بۆردیۆ بە ئاسانی ناتوانێت وەڵامیبداتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەی نوێگەریی لە کوێوە دێت؟ ئەی بونیادە تازەکان لە کوێوە دێن؟ ئەی گۆڕانکاری بەردەوام چی دەیجوڵینێت؟ ئەی گۆڕانکارییە خێراکان لە ئارەزوو و مۆراڵ و زەوق و ئاڕاستەگیریدا چۆن دێنە مەیدان؟ ئەی فەرد چۆن لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕادیکالەکاندا خۆی دەگونجێنێت؟. ئەنتۆنی کینگ دەڵێت « گرفتی گەورەی هەبیتۆس ئەوەیە کە ڕێگە لە هەموو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی دەگرێت... گەر هەموو فەردێک هەبیتۆس دروستیکردبێت و دایڕشتبێت، کەواتە کۆی هەلومەرجە واقیعییەکان سووک و سادە تەنیا هەبیتۆس دروستیاندەکات و هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ڕوو نادات» «کارێر. ل 4»، چونکە هەر وەک کینگ دەڵێت «گۆڕینی هەبیتۆس پێویستی بە کەسێکی چالاک هەیە، بتوانێت هوشیارانە بیر لە پرەنسیپی چالاکییەکانی خۆی بکاتەوە»«کارێر. ل 5» .

دیارە بۆردیۆ لە بنەڕەتەوە خۆی هوشیارە بەم کێشە زۆر گەورەیە، بە تایبەت بۆردیۆ وەک سۆسیۆلۆژێک نایەوێت تیورەیەک داڕێژێت ئەگەری گۆڕانکاری بکوژێت، گۆڕانکاریش تێزێکە داڕشتنی هەموو سیستمێکی داخراو ڕەتدەکاتەوە و پرۆسەیەکە بە ئیرادەی مرۆڤەوە گرێدراوە... لێرەوە بۆردیۆ بەردەوام هەوڵدەدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە ئەم چەمکە دروستیاندەکات و دەیەوێت جۆرێک لە ڕێژەداری ببەخشێتە هەبیتۆس و تا بکرێت ڕووە ڕەهاکەی کاڵبکاتەوە. بۆردیۆ لە کتێبەکەیدا «مانای کۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە عەقڵی تیوری» هەوڵدەدات کەمێک لە بڕی ئەو موتڵەقگەراییە دابەزێنێت و دەڵێت کە بڕیارەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکانی هەموو لەدەستی هەبیتۆسدا نین، بەڵکو دەکەونە ناو کایەیەکی ململانێی ناجێگرەوە کە بەسەرێک هەبیتۆس تێیدا کارایە و بەسەرێک هەلومەرجە دەرەکییەکان، وە پێیوایە فەرد لە ڕێگای «وریایی یاخود بەئاگاییەوە Wachsamkeit» لەپرۆسەکەدا بەشدارە. بۆردیۆ لە دوا بەرهەمەکانیدا زۆر لەوە زیاتر دەڕوات و هەبیتۆس سنوردارتر و لاوازتر دەکات، بەڕای ئەو هەموو ئەو دەستێوەردانە نەگونجاوانەی هەبیتۆس و فۆرمە پراکسیسییەکانی «دەکرێت وە دەبێت» لە لایەن هۆشیارییەوە ڕاستبکرێنەوە«کارێر ل.4». لای بۆردیۆ ڕۆڵی ئیرادە و هوشیاری مرۆڤ وەک هێزێکی ڕاستکەرەوە بۆ هەبیتۆس نەسڕدراوەتەوە، بەڵکو ئەو هەبیتۆسە موتڵەق و جەبرگەرایەی سەرەتا گۆڕدراوە بۆ هەبیتۆسێک کە لە ژێر نەشتەری هوشیاری و لە پێشدەم ڕاستکردنەوەی بەردەوامدایە، بەپێی «یولی کارێر» لە دوا کارەکانی بۆردیۆدا هەبیتۆس وەک «سیستمێک دەردەکەوێت کە لەسەر سنوورەکان ئیشدەکات» بەجۆرێک «بکەرەکان دەتوانن لە ناویدا داهێنەر بن» و بە گەڕانەوەش بۆ هەبیتۆس نەکرێت و نەشێت «پێشبینی هەموو ڕەفتارەکانیان بکەین» «کارێر. ل7». خاڵێک لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە کۆی فەلسەفە و تێڕوانینی بۆردیۆدا هەبیتۆس تەنیا بەرهەمهێنی پراکسیس نییە، بەڵکو خۆشی بەرهەمی پراکسیسە. چالاکییەکان و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ کاریگەری هەبیتۆسیان لەسەرە و کاریش لە هەبیتۆس دەکەن، جگە لەوەش کایە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان شێوازی جیاوازی هەبیتۆسیان هەیە. واتە گەرچی بۆردیۆ دەستبەرداری چەمکی هەبیتۆس نابێت، بەڵام هەوڵێکی گەورە دەدا لە ناو خودی هەبیتۆسدا ڕووبەرێک بۆ ئازادیی بکاتەوە، ئەو ئازادیی «بکەرە کۆمەڵایەتییەکان» ڕەت ناکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدات لە چوارچێوەی هەبیتۆسدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بەڵام بەڕای زۆر لە سۆسیۆلۆژەکان بۆردیۆ هەرگیز ناتوانێت لە ڕێگای چەمکێکی ناسوبێکتیڤی وەک هەبیتۆسەوە، هەموو جیاوازییە فەردییەکان تەفسیربکات «کارێر ل .8»، پێم وایە لەوەشدا زۆر لەسەر هەقن و توانای ئەم چەمکە لە سنووری خوێندنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییە گەورەکاندا دەوەستێت و ناتوانێت هەموو ئەو ڕیزپەڕییە فەردییانە تەفسیربکات کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە. لەوەش بترازێت بەرابەر ئەم تێزەیە کۆمەڵێک تێزەی دیکە لە سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخدا هەیە کە تەواو پێچەوانەی تەفسیری بۆردیۆن، لە هەموو ئەو سۆسیۆلۆژیانە گرنگتر «ئۆلریش بێک» و تیورە سوبێکتیڤییەکەیەتی بە تایبەت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «کۆمەڵگای مەترسی»، بێک تەواو بە پێچەوانەی بۆردیۆ وە ڕای وایە مرۆڤ لە کۆمەڵگا «پۆست پیشەسازییەکان»دا، تەنیا جێدەهێڵرێت و ستراکتور و بونیاد و ئینتیما کۆمەڵایەتییە دەستی لێ بەردەدەن، فەرد زیاتر و زیاتر جێدەهێڵرێت تەنیا خۆی ڕووبەڕووی چارەنوسی خۆی بێت و شانس و ڕیسکەکان تاقیبکاتەوە. فەرد بە ڕای ئەو تادێت لە ناوکۆیی و شوناسی کۆمەڵایەتی و گروپی گەورە دادەبڕێت و خۆی دەبێت بڕیار لەسەر شێوازی ژیان و ئاڕاستەکان و ئەخلاقیاتی خۆی بدات و دەستێوەردانی کۆمەڵگا لە ژیانیدا کەمدەبێتەوە و کۆمەڵگا کەمتر و کەمتر ڕێنمایی دەداتێ و ئاڕاستەی پێدەبەخشێت و دەستگیرۆیی دەکات، واتە پرۆسەیەکی گەورەی بە سوبێکتیڤکردن لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا لە گۆڕێیە کە تێیدا پەیوەندی فەرد بە گروپی دینی خۆیەوە، بە نەتەوەوە، بە چینەوە، بە خێزانەوە بە شێوەیەکی گەورە بەرەو کزی دەڕوات. «بێک، 38، 42، 58».

تێزەکەی ئۆلریش بێک بۆ ئەوە دەهێنمەوە تا ئەو جیاوازی و ڕێژەدارییە گەورەیە ببینین کە لە سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخدا هەیە، وەرگرتنی هەر چەمکێک بە ڕەهایی تووشی گرفتی فیکری گەورەمان دەکات. بوونی تێزێکی وەک هەبیتۆس مانای ئەوە نییە سۆسیۆلۆژیا کۆتایی هاتووە و گەیشتۆتە دوا وێستگەی خۆی و سۆسیۆلۆژیەکانی دی قسەی دیکەیان نییە و تەفسیری دیکەی تەواو پێچەوانە لە گۆڕێ نییە.

 

جگە لەوانە چەمکی ئازادیی بەپێچەوانەی ئەوەی کاک هەردی تێیگەیشتووە، ناتەباییەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە گروپێکی دیاریکراو هەستێکی دیاریکراویان بە شتەکان هەبێت، گەشە بە سیستمێکی تایبەتی ئارەزوو و ڕەفتاربدەن، سیستمێکی ڕەمزی بونیادنراوی پەیوەندیان هەبێت، ستراتیژی هاوبەش و قازانجی هاوبەشیان هەبێت. چەمکی ئازادیی لە مرۆڤدا وا نەخولقاوە کە تەنیا و تەنیا ڕووی لە دروستکردنی جیاوازی بێت، بەڵکو لەسەر ئەوە دروستکراوە نەهێڵێت جیاوازی بکوژرێت و بتوێنرێتەوە و بخرێتە دەرەوەی نەخشەو پلانەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگاسازییەوە. ئازادیی فەرد «لایەنی کەم لای سارتەر و لەو نوسینانەی منیشدا کە کاک هەردی باسی دەکات». لەگەڵ تەبابوونی کۆمەڵایەتی و بەشداری مرۆڤەکان لە ڕەفتاری هاوبەش و بوونی نرخی ئەخلاقی وەک یەکدا ناچێتە شەڕەوە، بەڵکو لەگەڵ سەپاندنی تەبایی و وەک یەک لێکردنی تۆپزکار و پێکچوواندنی زۆرە ملێی مرۆڤەکاندا ناتەبا دەکەوێتەوە. لێرەوەیە کە دەبێت ئەوە دووبارەبکەمەوە کە کاک هەردی تا ئەندازەیەکی زۆر لە هیچ یەک لەو چەمکانە تێنەگەیشتووە کە لە وتارەکەدا قسەی لەسەر کردون.

دوو تێبینی دیکە

بەشەکانی دیکەی باسی ئەم برایەمان شتێکی ئەوتۆ گرنگی تێدا نییە کە لەسەرەوە وەڵامم نەدابێتەوە، بەڵام لە نێوان دێڕەکاندا دوو بۆچوون هەیە  بە پێویستی دەزانم  لەسەریان بوەستم.

1. لە بەشێکی نوسینەکەیدا بۆئەوەی بیسەلمێنێت مرۆڤ ئازاد نییە، قسە لە پرۆلیتاریا و بۆرژوا دەکات و باس لەوەدەکات، چۆن خەڵکی هەژار وایان لێهاتوە و عەقڵییەتێکیان بۆ دروستبووە کە خۆیان خۆیان سنوورداردەکەن، چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە جۆگەکە بەوان ناگۆرێت و خواردنی چەور پارووی ئەوان نییە و لەبەرئەوە بە ناچاری ملی دەدەنە بەر «وەک ئەو تەعبیری لێ دەکات».

کرێکار و خەڵکی هەژاریش وەک هەموو مرۆڤێکی دی ئازادن لەوەی چی هەڵبژێرن، ڕێگای دژایەتیکردنی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە بگرنە بەر کە تێیدا دەژین، یاخود بڕیاری قەبووڵکردنی ئەو سیستمە و پێکەوە ژیان بدەن لەگەڵ یاسا و سنوور و نۆرمەکانیدا. هیچ هێزێک نییە بتوانێت توانای یاخیبوون و هێزی یاخیبوون لە کرێکارێکدا بکوژێت گەر خۆی ئەو یاخیبوونە هەڵبژێرێت و لەگەڵ مەترسییەکانیدا بڕوات و بیکات بە ئامانجی کاری خۆی. سەرمایەداری و هیچ سیستمێکی تر ناتوانێت جەوهەری ئازادیی کرێکارێک بسڕێتەوە، چونکە ئەگەر هیوایەک لە ڕزگاربوونیدا هەبێت، ئەوا پشت بەو جەوهەرە ئازادە دەبەستێت.

بەڵام کرێکارێک کە یاخی نابێت و ڕێسا و یاساکانی سیستمی سەرمایەداری قەبووڵدەکات، مانای ئەوە نییە کە وەک مرۆڤ توانای یاخیبوون و توانای بڕیاردانێکی دیکە و ئیشکردنی بۆ جیهانێکی تر تێدا نییە، بەڵکو ئەو توانایانە توانای ئەبەدی ناو مرۆڤن، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو بەرپرس نییە لە هەڵبژاردنەکانی. مرۆڤ تەنیا لە کاتی یاخیبوونیدا ئازاد نییە، بەڵکو کاتێک ملکەچی و دەستەوەستانیش هەڵدەبژێرێت هەر ئازادە. وەک چۆن لە دۆخی یەکەمدا بەرپرسە لە هەڵبژاردنیدا بۆ یاخیبوون، لە دۆخی دووەمیشدا بەرپرسە لە هەڵبژاردنیدا بۆ یاخی نەبوون، وەک چۆن ئازادە لەوەی شۆڕشگێڕ بێت ئازادە لەوەی شۆڕشگێڕیش نەبێت. کرێکار تەنیا لەو کاتەدا ئازاد نییە کە لەگەڵ ئەو وێنە سیاسییەدا یەکبگرێتەوە کە لە خەیاڵی کۆمۆنیستێکدایە، بەڵکو ئازادیی گرێدراوی هەڵبژاردنەکانی خۆی و بریارەکانی خۆیەتی وەک مرۆڤ.

ئەوەی خودی مرۆڤانەی کرێکار زەوتبکەیت، بۆئەوەی خودێکی سیاسی دەستکرد و چێنراوی لە ناودا سەوزبکەیت تا لەگەڵ وەهمە سیاسییەکانی کۆمەڵێک خەڵکی ئایدۆلۆژیستدا یەکبگرێتەوە، بڕێکی گەورەی مێژووی سیستمە کۆمۆنیستەکانی دونیای دروستکردوە. کاتێک کرێکار نایەوێت سیستمی سەرمایەداری بگۆڕێت، یان سیستمی لیبرال بە سیستمی سۆسیالیستی بگۆڕێتەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە کرێکار جەوهەرە مرۆڤانە ئازادەکەی خۆی دۆڕاندووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵی بەزۆر سەپاندنی پڕۆژەیەک کە کرێکار نایەوێت تێیدا بکەربێت، ئەوە بەستنەوەی کرێکار و سەپاندنی فەزایەکە بەسەریدا کە ئیرادەی تێیدا ئیش ناکات. وەک چۆن ستالین بە ملیۆنەها مرۆڤی کردە قوربانی پڕۆژەی بە سۆسیالیستکردن، وەک چۆن کۆمۆنیستەکان لەسەرتاسەری دونیادا کرێکار و جووتیارانیان کردە ئەکتەر لە نمایشێک و برغوو لە ماشێنێکدا کە بڕی هەرە زۆریان نەیاندەویست تێیدا بەشداربن. ئازادیی ئەوەیە مرۆڤ هەڵبژاردنی خۆی بکات و بچێتە بواری پراکتیک و دەرەنجامەکانی گەر مردنیش بووە قەبووڵیبکات، پراکتیککردنی ئازادیی هەرگیز بۆ هیچ مرۆڤێک خاڵی نییە لە ئەگەری مەترسیدار، ئەوەی ئێمە ئازادین مانای ئەوە نییە پراکتیککردنمان بۆ ئازادیی بێ بەرگری و بێ ململانێ و بێ سزا دەڕوات بەڕێوە. ئەو نمونەیەی کە گوایە «یەکێک هەیە دەتوانێت کتێب بکڕێت و سەفەربکات و بچێت بۆ سینەما» و یەکێکی تر هەیە ناتوانێت، کەواتە یەکەمیان ئازادە و دووەمیان نا، هیچ نییە جگە لە بەڵگەیەک لەسەر ئەو عەقڵییەتە میکانیکییە کە ئازادیی لەگەڵ یەکسانیدا تێکەڵدەکاتەوە، ئەمە هەڵەیەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و فەلسەفی هێند گەورەیە کە ڕاستکردنەوەی بە تەنیا چەند وتارێکی گەورەی دەوێت.

2. دواجار کاک هەردی دەڵێت، گوایە ئەم نوسینەی من زیاتر لە نوسینەکانی ترم بۆنی بەجێهێشتنی بونیادگەرایی لێدێت و ڕووم لە تاکگەرایی و ئیرادەگەرایی کردوە. لە ڕاستیدا ئەم تێبینییە نیشانەی بێئاگایی کاک هەردییە دەرهەق بە مێژووی نوسینی من.  پتر لە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی کێشەی میتۆد لەگەڵ برای نوسەر کاک ڕێبین هەردیدا ئاماژەم بەو خاڵانەکرد کە لە بونیادگەریدا قەبووڵم بووە و کارم پێکردوە، بە تایبەت ئاماژەشم بەوەدا کە ئەگەر چەمکی بونیاد وەک قەفەزێک بێت کە ئازادیی فەرد و ئیرادەگەرایی فەرد بسڕێتەوە تەواو ناتەبام لەگەڵیدا. من ڕۆژێک لە ڕۆژان بەو مانایە بونیادگەر نەبووم باوەڕم بە ئازادیی مرۆڤ و ئیرادەی مرۆڤ نەبێت، وە تێزی هەندێک لە بونیادگەرەکانیش وەک تێزی دژ بە ئازادیی تێناگەم، لەبەرئەوە ئەو وتارە گۆڕانی من نییە لە بونیادگەرییەوە بۆ بوونگەرایی، چونکە من لە تەواوی ژیانمدا باوەڕم بە ئینتیمای تاک ڕەهەندی و پەیوەستبوونی ئایدۆلۆژی بە هیچ بەریان و ئاڕاستەیەکی فیکرییەوە نەبووە، پێشموایە ئەو پەیوەستبوونانە نیگای زانستی گەلێک بەرتەسک و عەقڵی گەلێک کورتبین دروستدەکەن، لە شوێنی دیکەشدا زۆر دوور و درێژ لەسەر بڕوا مەنهەجییەکانی خۆم قسەمکردوە، بە چەشنێک نوسەرێکی دیکەی کورد شک نابەم هێندە ڕوونکردنەوەی لەسەر مەنهەجی ئیشکردنی خۆی نوسیبێت، بۆ ئەوەی دواجار ئەمجۆرە کێشانە دروست نەبن، بەڵام بێئاگایی کاک هەردی لەو نوسینانە بەرەو ئەو حوکمە خێرا و کورتبینانەی بردوە.

لەوەش بترازێت من باوەڕم وایە مرۆڤ لە ناو جیهاندا دەژی، بونیادەکان کاری تێدەکەن، شتی پێدەبەخشن و شتی لێزەوتدەکەن، کۆمەکی پێدەکەن و ڕێگاشی لێدەگرن. بونیادگەرەکان ئازادیی مرۆڤیان نەکوژاندۆتەوە و نەیانکردوە بە کارێکی نەکردە، هێزی بونیاد هەرگیز توانای هەڵوێست وەرگرتن و تێپەڕاندن و شکاندن و بەگژداچوونەوە لە مرۆڤدا ناکوژێت، ڕەنگە گرنگترین نمونەش بۆ ئەوە تێزی رۆلان بارت بێت بۆ توانای ئەدەب لەسەر بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی خەوتووی ناو زمان، و توانای شکاندنی بونیادە پێشینەکانی ناوی. گەر مرۆڤ دیلی بونیاد بێت و توانای ئیشکردن و گۆڕین و دەستکاریکردنی پێکهات و ئاماژەکانی نەبێت، ئەوکات بونیاد دەبێت بە یەکەیەکی ئەزەلی و نەگۆڕ، یەکەیەک کە یەکجار دروستدەبێت و ئیتر ناگۆڕێت، یەکەیەکی داخراو کە هیچی نوێی نایەتە سەر. بونیاد خۆی بەرهەمی مرۆڤە، لە بەریەککەوتنی ئازادیی مرۆڤەکان و زەمینە کۆمەڵایەتییەکەیان  دروستدەبێت. ئەوەی ئێمە لەدایکدەبین و پێش ئێمە کولتوورێک یان پارادایمێک یان ئەبستیمێک، یاخود هەبیتۆسێک هەیە، مانای ئەوە نییە ئێمە توانای ئەوەمان نییە بەرابەر ئەوان گووتاری خۆمان دابمەزرێنین.

جگە لەوە تێگەیشتن لە بونیادگەرەکان وەک ئەوەی پێکڕای تێزەکانیان شتگەلێک بن جێگای ئازادیی مرۆڤی تێدا نەبێتەوە تێنەگەیشتنێکی گەورەیە لە زۆر ڕەهەندی قووڵی بونیادگەریی. بۆ نمونە: بونیادگەریی یەکێک لەو فەلسەفانەی دەسەڵاتی فۆرمە پان و ڕووبەرگیرەکانی هوشیاری کەم تا زۆر تیا لاواز دەبێت، یەکێک لەو دەستکەوتە گەورانەی بونیادگەریی دەمانداتێ لاوازکردنی دەسەڵاتی زاراوەیەکی وەک زاراوەی «کولتوور»ـەو گۆڕینێتی بە زاراوەیەکی دیکە کە زاراوەی «گووتار»ـە، هەر ئەم گۆڕانکارییە بۆ خۆی دەرگا لەسەر زۆر تێزی نوێی پۆست مۆدێرنەکان دەکاتەوە کە لەسەر لێک نەچوون و جیاوازی ئیشدەکەن. ئەوە بونیادگەرییە وادەکات کولتوور وەک کایەیەکی داخراو نەبینین، بەڵکو وەک «کایەیەکی لەق» کایەیەک کە دینامیکییەتی خۆی هەیە، کایەیەک کە تەنیا لە ڕێگای گووتاری جیاواز و کراوەوە بوونی هەیە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە، بەردەوام شتی نوێی تێدەچێت و تووشی پرسیاری نوێ دەبێت، واتە بە کورتی کایەیەکی کراوەیە بە گووتاری کراوەوە «هاگنبوشل. ل 40». زاراوەی «گووتار» ئەو چەمکەیە کە تێڕوانینی ئێمە لە کولتوور، لە کایەیەکی داخراوە وە دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی دینامیکی کە بەردەوام لە جوڵەو گۆڕاندایە، ئەوەشی ئەم دینامیکییەتە دروستدەکات، گووتارەکان دەگۆڕێت بۆ یەکەی جوڵاو و گۆڕاو، چالاکی هوشیارانەی مرۆڤە. چەمکگەلی لە جۆری پارادیم لای تۆماس کۆهن، یاخود ئەبستیم لای فۆکۆ ئاماژەنین بۆ زیندانێکی داخراو و نەگۆڕاو، بەڵکو ئاماژەن بۆ ئەو زەمینە سەمبولییە کە وادەکات مرۆڤەکان لەیەکتر تێبگەن و خاوەنی زمانێکی دەلالی هاوبەش بن، و توانای خوێندنەوە و پەیوەندی و ئاخاوتنیان هەبێت، نەوەک ڕۆبۆت و بێ ئیرادەبن. چەمکی بونیاد، چەمکی هوشیاریی و ئازادیی ناسڕێتەوە، بەڵکو ئەو سنوورانە دەستنیشاندەکات کە ئەو ئازادییە مەحکومە لە ناویدا ئیشبکات، ئەو ئەگەرانە دیاریدەکات کە ئەو ئازادییە لە پێشدەمیایەتی، لێرەوە نیشاندانی ئەم تێزانە وەک ئەوەی ئەگەری ئازادیی مرۆڤ بکوژن و دژی چەمکی ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ بن، هەڵە تێگەیشتنێکی قووڵ و شێواندنێکی ئایدۆلۆژییە بۆ ئەو چەمکانە.

 

گروپه‌ تیرۆریسته‌كانی جیهان

 تیرۆر به‌ مانای تۆقاندن، گروپه‌ تیرۆریسته‌كان به‌و جوڵانه‌وه‌ سیاسییانه‌ ده‌وترێن كه‌ تۆقاندن وه‌ك چه‌ك به‌كاردێنن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌، ئه‌و گروپ و رێكخراوانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تیرۆریست ناسێنراون:

1 ئه‌بو حه‌فس ئه‌لمیسری، كه‌تائیب/  گروپێكی تیرۆریستیی هاوكاری قاعیده‌یه‌، به‌رپرسیارێتی هێرشی‌ تیرۆریستیی له‌ عێراق‌و توركیادا له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.

2 ئه‌بو سه‌ییاف/  ده‌سته‌یه‌ك تیرۆریست كه‌ ئامانجیان پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی‌یه‌ بۆ كه‌مینه‌ موسوڵمانه‌كه‌ی‌ فلیپین. كرده‌وه‌كانیان ته‌قاندنه‌وه‌، كوشتن، راوڕوت‌و رفاندن له‌خۆ ده‌گرێت. له‌ ساڵی‌ 2001 دا گروپه‌كه‌ 20 كه‌سیان رفاند‌و دیلێكی ئه‌مریكی‌یان سه‌ربڕی‌.

3 ئه‌قسا، كه‌تائیبی شوهه‌دا/ لقێكی سه‌ربازیی رێكخراوی ئه‌لفه‌تحه‌ كه‌ نوێترین‌و به‌هێزتینه‌ له‌ كه‌ناری خۆراوا ‌و باشترینی سه‌رچاوه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ركراوه‌. به‌رپرسه‌ له‌ چه‌ند هێرشێكی بكوژ كه‌ له‌ 2002 دا كرانه‌ سه‌ر ئیسرائیل.

4 ئه‌لێكس بۆنكایۆ، كه‌تائیب، سوپای شۆڕشگێڕیی پرۆلیتار/ تیمێكی له‌سێداره‌دان‌و گروپێكی گه‌ریلای سه‌ر به‌ پارتی كۆمۆنیستی فلیپینه‌، له‌ ساڵانی 1980 دامه‌زرێنراوه‌.

5 ئه‌لفه‌تح/ رێكخراوێكی سیاسیی – سه‌ربازیی فه‌له‌ستینی‌یه‌ له‌ ساڵی‌ 1958 له‌لایه‌ن یاسر عه‌ره‌فاته‌وه‌ دامه‌زرێنرا به‌ ئامانجی بنیادنانی ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی، له‌ ساڵانی 1960 و 1970 مه‌شقی‌ به‌ چه‌ندین گروپی تیرۆریستی‌و یاخیبوون كردووه‌،به‌رپرسی چه‌ندین تیرۆری نێوده‌وڵه‌تییشه‌ كه‌ له‌ ساڵانی 1970 له‌ ئه‌وروپای‌ خۆراوا‌و خۆره‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌نجامدراون.

6 ئه‌لجه‌ماعه‌ ئه‌لئیسلامییه‌/ گروپێكی تیرۆریستیی چه‌كداره‌ ئیسلامگه‌راكانه‌ كه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ئه‌ڵقه‌ی‌ بچوكی توندڕه‌و كردووه‌، له‌ ساڵانی 1970 دا له‌ زیندانه‌كانی میسر ده‌ركه‌وتن، ئه‌م گروپه‌ كار بۆ بنیادنانی ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی‌یه‌ له‌ میسر.

7 ئه‌لئیتیحاد ئه‌لئیسلامییه‌/ گروپێكی ئیسلامیی توندڕه‌وی‌ سۆماڵه‌ كه‌ سه‌ره‌تا كۆمه‌كی داراییان بۆ ئه‌لقاعیده‌ كۆده‌كرده‌وه‌، به‌رپرسه‌ له‌و كه‌مینانه‌ی كه‌ بۆ تیمه‌گه‌ڕۆكه‌كانی سوپای ئه‌مریكی دانران، هه‌روه‌ها ته‌قینه‌وه‌كانی ئیسیوپیاش. وا ده‌زانرێت كه‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكی تریشدا لقی هه‌بێت.

8 ئه‌لجیهاد، جیهادی ئیسلامی میسر/ گروپێكی توندڕه‌وی ئیسلامییه‌ كه‌ له‌ كۆتایی ساڵانی 1970وه‌ چالاكه‌، كار بۆ له‌ناوبردنی حكومه‌تی میسر ‌و بنیادنانی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌ جێگه‌ی ده‌كات. به‌ شێوه‌ی خانه‌ی بچوكی ژێرزه‌مینی كار ده‌كه‌ن. گروپی جیهاد به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ئه‌نوه‌ر سادات له‌ ساڵی‌ 1981.

9 ئه‌لمه‌ئونه‌/ گروپێكی یاخی ئیسلامیی توندڕه‌وه‌ كه‌ له‌ چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگای‌ مالیزیا پێكهاتون كه‌ ئه‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی‌ توند‌وتیژی‌یه‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر كار لابه‌رن‌و ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌جێگه‌ی‌ بنیاد بنێن.

10 ئه‌لموهاجرون/ گروپێكی توندڕه‌وی ئیسلامیین له‌ بریتانیا كه‌ پشتگیری بن لادن‌و گروپه‌ تیرۆریستی‌یه‌كانی تر ده‌كه‌ن.

11 ئه‌لنه‌سیر/ رێكخراوێكی تیرۆریستی فه‌له‌ستینی‌یه‌، له‌ 2002 دامه‌زرێنراوه‌‌و په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ی‌ یاسر عه‌ره‌فاته‌وه‌.

12 ئه‌لقاعیده‌/ تۆڕێكی تیرۆریستی‌یه‌ كه‌ به‌ توندی دژایه‌تی ئه‌مریكا ئه‌كات‌و به‌ پاره‌‌و كۆمه‌كی لۆجستی‌و راهێنان یارمه‌تی گروپه‌ تیرۆریستی‌یه‌ ئیسلامی‌یه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌دات. له‌ زیاد له‌ 50 وڵاتدا خانه‌ی هه‌یه‌.

13 ئه‌لراشد/ گروپێكی تیرۆریستی‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1996، دوای ئه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا گرت، دامه‌زرا‌و به‌شێكه‌ له‌ سیستمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی‌ ئوسامه‌ بن لادن، كۆمه‌كی دارایی بۆ تاڵیبان‌و قاعیده‌‌و جه‌یشی‌ موحه‌مه‌د دابین ده‌كات‌و یارمه‌تی چه‌كداره‌ موسوڵمانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری‌ جیهان ده‌كات، تۆڕێك "مه‌دره‌سه‌"ی له‌ مزگه‌وته‌كانی ئه‌فغانستان دامه‌زراندووه‌.

14 ئه‌لسوننه‌ وه‌لجه‌ماعه‌/ رێكخراوێكی بوژاوه‌ی ئیسلامیی توندڕه‌وه‌ كه‌ له‌ نایجیریا دامه‌زراوه‌‌و بڕوا وایه‌ پلان بۆ هێرشی‌ سه‌ربازی دائه‌نێت.

15 ئه‌لته‌وحید/ خانه‌یه‌كی ئیسلامیی تیرۆریستی‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌رده‌ن دامه‌زرێنرا‌و له‌ ئه‌ڵمانیا كارده‌كات، مه‌به‌ستیان هێرشی‌ كیمیاوی‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وروپا‌و روسیا.

16 ئه‌لئوممه‌/ گروپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ هندستان له‌ 1992 دامه‌زرێنراوه‌، بڕوا وایه‌ به‌رپرسی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی باشووری‌ هندستان بووبێت له‌ ساڵی‌ 1998 دا.

17 ئه‌نسار ئه‌لئیسلام/ گروپێكی ئیسلامی توندڕه‌وه‌ له‌ كوردستانی عێراق كه‌ دژایه‌تی چینه‌ عه‌لمانییه‌كه‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتگیری‌ ده‌كرێن، هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كانیان له‌ ئه‌فغانستان له‌ به‌ره‌ی‌ تاڵیبان‌و قاعیده‌ جه‌نگیون، قسه‌ له‌وه‌ ئه‌كرێت كه‌ كۆمه‌كی داراییان له‌ سه‌دام وه‌رگرتبێت.

18 ئه‌رماتا كۆرسا/ گروپێكی تیرۆریستی‌یه‌ 1999 دامه‌زرێنرا بۆ دژایه‌تی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌خوازه‌كان‌و مافیای‌ كۆرسیك دا هه‌یه‌، هێرشه‌كانی ئارماتا كۆرسا بۆ سه‌ر سیمبوڵه‌كانی كۆڵۆنیالیزمه‌ له‌ كۆرسیكا.

19 ئیسلامی چه‌كدار/ گروپێكی تیرۆریستی‌ ئیسلامیی توندڕه‌وه‌ كه‌ كرده‌وه‌ توندوتیژه‌كانیان له‌ 1992ه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، كار بۆ له‌سه‌ركارلادانی حكومه‌ته‌ عه‌لمانییه‌كه‌ جه‌زائیر‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌ جێگه‌ی‌ ده‌كات.

20. ئه‌رمینیا، سوپای نهێنی ئه‌رمینیا/ رێكخراوێكی تیرۆریستی‌ ماركسی‌ - لینینی‌یه‌ له‌ 1975 دامه‌زرا بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته‌ سه‌ر توركیا دان بنێت به‌جینۆساید كردنی زیاد له‌ ملیۆنێك ئه‌رمه‌نی‌و ئه‌و سنوره‌ زۆره‌ملێیانه‌ی له‌ 1915 دانران بسرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت توركیا قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌‌و سنووره‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرێت. ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ 1983 دا، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئۆرلی‌ له‌ پاریس، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا كه‌ 8 كوژراو‌و 55 برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

21- هێزی چه‌كداری ئازادیخوازی ره‌وانده‌: هێزه‌ چه‌كداره‌كانی پێشوو (FAR)، دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ لابردنی ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه‌ له‌لایه‌ن توتسیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و كۆنترۆڵی هوتو دوباره‌ داده‌مه‌زرێننه‌وه‌، له‌ساڵی (1999)دا گه‌ریلاكانی ئه‌م گرووپه‌ (8) گه‌شتیاری بیانیان فڕاندوه‌و كوشتوویانن.

22-ئه‌سبات ئه‌لئه‌نسار باندی پارتیزانه‌كان: گرووپێكی توندڕه‌وی سوننی فه‌له‌ستینین، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی (1990)دا له‌لوبناندا چالاك بوون و پشتگیرییان له‌سه‌له‌فییه‌ت كردووه‌و لێپرسراو بوون له‌كوشتن و ته‌قینه‌وه‌كان و هه‌وڵیانداوه‌ بۆ لابردنی حكومه‌تی لوبنانی و كۆنترۆڵكدنی كامپه‌ په‌نابه‌رییه‌كانی فه‌له‌ستین، له‌لایه‌ن ئه‌لقاعیده‌وه‌ پشتگیریی ماددی كراون.

23-ئه‌وم شین ریكیۆ: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌، ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌سه‌ر یابانداو پاشانیش جیهاندا بگرن، له‌به‌ر بنه‌مایه‌كی ئاینی بناغه‌یان گرتووه‌ كه‌ له‌ساڵی (1987) دۆزراوه‌ته‌وه‌و به‌شه‌كانی بوداییان له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌تدا پێكه‌وه‌ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ساڵی (1995)دا ئه‌ندامانی (ئه‌وم) گازی سارینی گوشنده‌یان له‌سه‌ر رێگایه‌كی سه‌ره‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ری تۆكیۆ بڵاوكرده‌وه‌.

24-تاقمی باده‌رمینهۆف: گرووپێكی  تیرۆریستی شۆڕشگێڕی ریشه‌یی باڵی چه‌پن و له‌ساڵی (1968) بۆ (1977) له‌ئه‌ڵمانیادا چالاك بوون.

25-هه‌رێمی باسك و ئازادیخوازی: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1959)دا له‌لایه‌ن گرووپێكی چالاكیخوازی خوێندكاره‌وه‌ دامه‌زراوه‌ كه‌قایل نه‌بوون به‌شێوازی نه‌ته‌وه‌خوازیی پارتی باسك و ده‌یانویست هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر خاكی رۆژئاوای پیرێنسی ئیسپانیا بنیاتبنێن، له‌سالی (1968)دا ئه‌م گرووپه‌ هه‌ڵمه‌تێكی له‌ناوبردنی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تیان به‌رپاكرد.

26-بزووتنه‌وه‌ی ره‌شی سێپته‌مبه‌ر: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌، پێشووی فه‌له‌ستینییه‌ (ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شۆڕشگێڕی فه‌تح دا یه‌كیگرتووه‌) كه‌سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌رده‌نیان له‌ناوبردوو له‌ماوه‌ی یارییه‌ ئۆڵۆمپییه‌كانی ساڵی (1972)دا له‌میونخ (11) وه‌رزشه‌وانی ئیسرائیلییان كوشت.

27-جوكاكو-ها: گرووپێكی میلیشیای توندڕه‌وی چه‌پڕه‌ون، له‌ساڵی (1957)دا له‌نه‌مانی پارتی كۆمۆنیزمی یابانییه‌وه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌و چالاكییه‌ نهێنییه‌كانی چه‌پیان له‌خۆگرتبوو، ئه‌م گرووپه‌ هێرشیان ده‌كرد بۆ له‌ناوبردنی سامان وه‌ك له‌ قوربانی.

28-هێزی كۆماری به‌رده‌وامی ئایرله‌ندی: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1994)دا له‌ئایرله‌ندا وه‌ك هێزێكی نهێنی چه‌كداری شین فه‌ین دامه‌زراوه‌.

29-به‌ره‌ی دیموكراسی بۆ ئازادی فه‌له‌ستین: گرووپێكی (ماركسی-لینینی)یه‌، باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ئامانجه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان ته‌نها له‌ڕێگه‌ی گۆڕانكاری شۆڕشگێڕییه‌وه‌ به‌ده‌ستده‌هێنرێت، له‌ساڵی (1974)دا ئه‌م گرووپه‌ ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر خوێندنگایه‌كداو خوێندكاره‌ ئیسرائیلییه‌كان له‌ناوبرد.

30-بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رۆژهه‌ڵاتی توركستان: گرووپێكی مسوڵمانی  ناوچه‌ی ویگوره‌ و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵی خینجیانگی چینیدا ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ مێژوویه‌كی دووروو درێژی یاخی بوونیان هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نها له‌ساڵی (2001)دا له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ وه‌ك تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌مدراون.

31-دامه‌زراوه‌ی ئه‌بونیدا: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینییه‌ كه‌ له‌ساڵی (1974)دا له‌دامه‌زراوه‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی جیابوونه‌ته‌وه‌و چه‌ند هێرشێكی تیرۆریستییان له‌(20) شاردا به‌ڕێوه‌بردووه‌، له‌ساڵانی (1980)دا ئه‌م گرووپه‌ به‌مه‌ترسیدارترین و له‌ناوبه‌رترین گرووپی تیرۆری فه‌له‌ستینی له‌قه‌ڵه‌مدراون.

32-ته‌نزیمی فه‌تح: گرووپێكی تیرۆریتسییه‌ له‌لایه‌ن یاسرعه‌ره‌فاته‌وه‌ له‌ساڵی (1995)دا وه‌ك باڵێكی سه‌ربازی فه‌تح دامه‌زراوه‌و وه‌ك میلیشیایه‌كی نافه‌رمی عه‌ره‌فات كاری كردووه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ به‌ربه‌ره‌كانێكه‌ره‌ ئیسلامییه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست.

33-گرووپی به‌رگری دژه‌ فاشیستی یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر: باڵێكی چه‌كداری پارتی كۆمۆنیستی ئیسپانییه‌، هه‌وڵده‌دات بۆ لابردنی حكومه‌تی ئیسپانیاو جێ پێگرتنه‌وه‌ی به‌ڕژێمێكی ماركسی-لینینی، ئه‌م گرووپه‌ به‌ته‌واوه‌تی دژی ئه‌مریكایه‌.

34-هێزی (17): له‌ساڵی (1972)دا وه‌ك هێزێكی ئه‌منی تایبه‌تی بۆ عه‌ره‌فات و سه‌ركرده‌كانی تری دامه‌زراوه‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی رێكخراوه‌، بووه‌ یه‌كێك له‌یه‌كه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستنی و ژێرخانێكی فراوانی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و جبه‌خانه‌ سه‌ربازییه‌كانی دامه‌زراندووه‌.

35-هێزه‌كانی عومه‌ر موختار: گرووپێكی فه‌له‌ستینییه‌ كه‌م ناسراوه‌و به‌رپرسیاره‌ له‌ته‌قینه‌وه‌و كوژرانی ئیسرائیلییه‌كان و خوازیاری به‌زاندنی ئیسرائیل و ئازادكردنی باشووری لوبنان و فه‌له‌ستین و به‌رزاییه‌كانی جۆلانه‌.

36-حه‌ماس: بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی فه‌نده‌مێنتاڵی ئیسلامی سه‌ربازییه‌و به‌رهه‌ڵستی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دا ده‌كات و تیرۆریزم وه‌ك چه‌كێك به‌كارده‌هێنێت، هه‌وڵده‌دات بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌جێگای ئیسرائیلداو بۆته‌ رێبه‌ری چالاكییه‌ تیرۆریستییه‌كان و پێشه‌نگی خۆكوژییه‌كان له‌ئیسرائیلدا.

37-حه‌ره‌كه‌تولجیهادی ئیسلام: گرووپێكی توندڕه‌وی سه‌ربازییه‌ له‌پاكستان و كشمیری داگیركردووه‌ كه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ حكومه‌تێكی ئیسلامی و په‌یوه‌ستی نزیك و جه‌نگیان له‌گه‌ڵ تاڵیباندا هه‌بووه‌ له‌ئه‌فغانستان.

38-حه‌ره‌كه‌ت ئه‌لموجاهدین: گرووپێكی فه‌نده‌مێنتالی ئیسلامییه‌ له‌ساڵانی (1980)دا له‌ئه‌فغانستان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤێتدا كردووه‌و ئێستا وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی كارده‌كات به‌تایبه‌تی له‌كشمیرو هه‌وڵده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی كشمیر.

39-حزبوڵڵا: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی شیعه‌و په‌یوه‌ستییه‌كی به‌هێزی به‌ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی فه‌نده‌مێنتاڵی ئێرانی له‌لوبنان و به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئوتومبیلی بۆمبڕێژكراوه‌كانیشدا ده‌ناسرێنه‌وه‌.

40-حزبول ته‌حریر: گرووپێكی توندڕه‌وی ئیسلامی زۆر ناسراوو مه‌ترسیداره‌ له‌ئاسیای ناوه‌ڕاستدا، بانگه‌شه‌ی ئیسلامه‌تی پاك و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی جیهانی ده‌كات.

41-به‌ره‌ی ئیسلامی نێوده‌وڵه‌تی بۆ جیهاد دژ به‌جوله‌كه‌و خاچ په‌رستان: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌لایه‌ن ئوسامه‌بن لادنه‌وه‌ له‌ساڵی (1998)دا دامه‌زراوه‌و وه‌ك چه‌ترێك وایه‌ بۆ ئه‌لقاعیده‌و گرووپه‌ میلیشیاكانی میسروو جه‌زائیروو پاكستان و به‌نگلادیش.

42-هێزی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی ئێرله‌ندا: گرووپێكی ریشه‌یی تیرۆریسته‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ لابردنی هێزه‌كانی بریتانیا له‌باكووری ئیرله‌نداو یه‌كپێگرتنه‌وه‌ی ئیرله‌ندا.

43-هیزی كۆماری ئیرله‌ندا: دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌ته‌وه‌خوازیی ئیرله‌ندییه‌كانه‌، كه‌تیرۆریزم و جه‌نگی گه‌ریلاكان به‌كارده‌هێنن دژ به‌ هێزه‌كانی بریتانیا له‌باكووری ئیرله‌نداو هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئیرله‌ندایه‌كی سه‌ربه‌خۆو یه‌كگرتووه‌.

44-هێزی ئیسلامی ئادین: گرووپێكی تیرۆریستی یه‌مه‌نییه‌و پشتگیریی ئامانجه‌كانی قاعیده‌ ده‌كات و هه‌وڵده‌دات بۆ لابردنی حكومه‌تی یه‌مه‌نی و له‌ناوبردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو هه‌روه‌ها لێپرسراون له‌ ته‌قینه‌وه‌و فڕاندن و كوشتنی گه‌شتیاره‌ رۆژئاواییه‌كان له‌یه‌مه‌ندا.

45-گرووپی ئیسلامی ئۆزباكستان: گرووپێكی تیرۆریستی سه‌ربازی ئیسلامییه‌و له‌ساڵی (1996)دا دامه‌زراوه‌و دژایه‌تی رژێمی عه‌لمانی ئۆزباكستانی ده‌كات و ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌ئاسیای ناوه‌ڕاستدا درووستبكات و له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌رمان (مادده‌ی بێهۆشكه‌ر) ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاره‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست.

46-جه‌یشول ئیسلام: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (2000)دا دامه‌زراوه‌ گرووپێكی ئیسلامی سه‌ربازییه‌و له‌كشمیردا چالاكه‌و هاوكارییه‌كی ته‌واوی له‌گه‌ڵ (راستی راشید)دا هه‌یه‌و به‌ڕفاندنه‌كانیان هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ رزگاركردنی هاوڕێ سه‌ربازه‌ زیندانیكراوه‌كانیان.

47-هێزی سووری چه‌كداری یابان: گرووپێكی تیرۆریستییه‌و له‌ساڵی (1970)دا دامه‌زراوه‌ بۆ له‌ناوبردنی حكومه‌تی یابان و مۆناوكه‌كان و هاندانی شۆڕشی جیهانی، هه‌روه‌ها وتراوه‌ كه‌په‌یوه‌ندیی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی پاكستانی هه‌یه‌و له‌ساڵی (1972)دا لێپرسراو بووه‌ له‌ڕه‌شه‌كوژی یه‌كێك له‌فڕۆكه‌خانه‌كانی ئیسرائیل.

48-جه‌یشوڵڵا: گرووپێكی تیرۆریستی ئیسلامی ره‌سه‌نه‌و له‌ئازه‌ریكان و ساڵی (1999)دا هه‌وڵیانداوه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵوێزخای ئه‌مریكا.

49-گرووپی موجاهیدینی مالیزی: گرووپێكی تیرۆریستی نهێنی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیایه‌ له‌ساڵی (1993)دا دامه‌زراوه‌و له‌لایه‌ن ئه‌لقاعیده‌و مه‌شقی پێكراوه‌و پشتگیریی سه‌ربازه‌ مسوڵمانه‌كانی ئیندۆنیزیاو فیلیپین ده‌كه‌ن و له‌سه‌نگافورو مالیزیاو ئیندۆنیزیادا خانه‌ی هه‌یه‌.

50-جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئۆرشه‌لیم: تیرۆریستی نه‌ژادی سوننی توركین له‌گه‌ڵ حیزبوڵای توركیدا په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌و له‌ساڵی (1991)دا جێگرێكی هێزی ئاسمانی ئه‌مریكایان كوشتووه‌.

51-جوندولئیسلام: گرووپێكی توندڕه‌وی ئیسلامی كورده‌و به‌كوشتن و ته‌قینه‌وه‌كانیان دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانییان ده‌كردوو باوه‌ڕوابوو له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا په‌یوه‌ندییان هه‌بێت.

52-كاهای چایی: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌، بۆ به‌رگریكردن له‌جوله‌كه‌ دامه‌زراوه‌و دژایه‌تی عه‌ره‌بی كردووه‌و خوازیاری گێڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ئیسرائیلیه‌.

53-كاپلای گرووپ: گرووپێكی تیرۆریستی توركی مسوڵمانه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌و په‌یوه‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا هه‌یه‌، كه‌چالاكییه‌كانی له‌ئه‌ڵمانیادا ئه‌نجامده‌دات، هه‌وڵده‌دات بۆ لابردنی حكومه‌تی توركی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئیسلامی هاوشێوه‌ی ئێران.

54-پارتی كۆمۆنیستی كامپوچیا: دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمۆنیستییه‌ له‌ساڵی (1970)دا له‌كامبۆدیا دامه‌زراوه‌و له‌ساڵی (1975)دا بووه‌ به‌دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی، كاتێك كه‌ فنۆم پێنیان ده‌ستگیركردووه‌و حكومه‌تێكیان دامه‌زراندووه‌ كه‌نزیكه‌ی (3) ملیۆن كه‌سی كوشتووه‌، پاشان له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی ڤێتنامه‌وه‌ شكێندراون، به‌ڵام تاساڵی (1999) به‌چالاكی ماونه‌ته‌وه‌.

55-كوكلوخ كلان: كۆمه‌ڵگایه‌كی نهێنی سپی پێسته‌كانی باشوورن له‌ئه‌مریكادا له‌سه‌ده‌ی (19)دا دامه‌زراون بۆ به‌رگرییكردن له‌ئازادی كۆیله‌كان و تاكتیكی تیرۆریستی به‌كارهێناوه‌ بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ره‌ش پێسته‌كان.

56-له‌شكری جیهانگڤی: گرووپێكی توندڕه‌وی مسوڵمانی سونییه‌ له‌پاكستان و له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا په‌یوه‌ندیی و هاریكاریی هه‌یه‌.

57-له‌شكری عومه‌ر: دامه‌زراویه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (2002)دا له‌پاكستان دامه‌زراوه‌ وه‌ك گرووپێكی سه‌ربازی ئیسلامی توندڕه‌وی هاوپه‌یمان بۆ له‌شكری ته‌یبه‌و له‌شكری جیهانگڤی و جه‌یشی محه‌مه‌دو ئه‌ندامانی ئه‌لقاعیده‌.

58-له‌شكری ته‌یبه‌: گرووپێكی زۆر دڕنده‌ی تیرۆریستییه‌و له‌كشمیردا چالاكییه‌كانی ئه‌نجامده‌دات و به‌هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی یاسایه‌كی ئیسلامی دژ به‌هیندستان شه‌ڕده‌كات و دانیشتووه‌ هینده‌كانی چه‌ندجارێك به‌كۆمه‌ڵ له‌ناوبردووه‌.

59-جه‌نگاوه‌رانی جه‌نگی پیرۆز: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی هاوشێوه‌ی سه‌ربازی مسوڵمانه‌ میسلیشیاكانی ئیندۆنیزیایه‌، جیهادیان دژبه‌مه‌سیحییه‌كان ئه‌نجامداوه‌و ئابوونه‌شیان داوه‌ به‌عه‌قیده‌ی وه‌هابییه‌كان.

60-بزووتنه‌وه‌ی گه‌نجانی لاوتارۆ: گرووپێكی تیرۆریستی ئاژاوه‌گێڕه‌ له‌ساڵی (1980)دا دامه‌زراوه‌و هه‌وڵی داوه‌ بۆ لابردنی حكومه‌تی سه‌ربازی شیلی و سه‌ركرده‌كانی به‌زۆری تاوانبار یاخود گه‌نجی هه‌ژاران.

61-پڵنگه‌ ئازادیخوازه‌كانی تامیل ئیلهام: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆیستییه‌ له‌سریلانكا له‌ساڵی (1970)دا وه‌ك ناڕه‌زاییه‌كی خوێندكاران دژ به‌سنووری زانكۆ دامه‌زراوه‌، له‌م دواییه‌دا هه‌وڵیده‌دا بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی تامیل به‌ناوی ئیلهامه‌وه‌ كه‌پشتده‌به‌ستێت به‌ستراتیژییه‌تی گه‌ریلایی به‌تاكتیكه‌ تیرۆریستییه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ كارگێڕه‌ حكومیی و سه‌ربازییه‌كانیان پێ له‌ناوده‌برد، ئه‌م گرووپه‌ خۆكوژییان وه‌ك چه‌كێكی جه‌نگ به‌كارده‌هێنا.

62-گرووپی جه‌نگاوه‌ری ئیسلامی لیبیا: گرووپێكی تیرۆریستی لیبییه‌ له‌ساڵی (1995)دا دامه‌زراوه‌و په‌یوه‌ندیی به‌ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌وڵده‌دات بۆ چه‌سپاندنی حكومه‌تی لیبیاو كوشتنی قه‌زافی.

63-هێزی به‌رگری ئه‌منین: گرووپێكی هاوشێوه‌ی دینی یاخیبووه‌ له‌ئۆگه‌ندا كه‌په‌لاماری ئافره‌ت ده‌ده‌ن و تیرۆری ده‌كه‌ن و ئه‌و منداڵانه‌ ده‌فڕێنن كه‌زۆریان لێكراوه‌ له‌جه‌یشدا خزمه‌تی بكه‌ن.

64-هێزی خۆبه‌خشی راستگۆ: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1996)دا له‌باكووری ئیرله‌ندا دامه‌زراوه‌و هه‌وڵده‌دات بۆ رێگه‌گرتن له‌پڕۆسه‌ی ئاشتی و كاسۆلیكییه‌كان و ئه‌و سه‌ركرده‌ پڕۆتستانتانه‌ له‌ناوده‌بات كه‌خوازیاری ئاشتین.

65-مه‌كته‌ب ئه‌لخدمات: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌لایه‌ن ئوسامه‌بن لادنه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و له‌ساڵی (1980)دا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌و ئه‌ندامانی نوێی شه‌ڕكه‌ر له‌سه‌ره‌تاسه‌ری جیهاندا، هه‌زاران كه‌سی گواستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌به‌رامبه‌ر روسه‌كاندا بكه‌ن، دابه‌شبوونی گرووپه‌كه‌ وای له‌بن لادن و به‌شه‌ توندڕه‌وه‌كانی (MAK)كرد ئه‌لقاعیده‌ دابمه‌زرێنن.

66-به‌ره‌ی نیشتمانی مانوێل رۆدریگز: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1983)دا دامه‌زراوه‌ وه‌ك باڵێكی چه‌كداری پارتی كۆمۆنسیتی شیلی.

67-به‌ره‌ی نیشتمانی فۆرانزانییه‌كان: گرووپێكی تیرۆریستی چه‌پڕه‌وه‌ ریشه‌ییه‌كانه‌ له‌كۆتایی ساڵانی (1980)دا دامه‌زراوه‌و هه‌وڵیداوه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ئه‌مریكا له‌ده‌ستێوه‌ردانی كارووباره‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی هۆندورانه‌وه‌.

68-به‌ره‌ی ئازایخوازی ئیسلامی مۆرۆ: گروپێكی تیرۆریسته‌ له‌باشووری فیلپین، له‌ساڵی (1977)دا دامه‌زراوه‌ بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی ئیسلامی بۆ مۆرۆییه‌كان و له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانی بنكه‌كانی ئه‌مریكادا شه‌ڕیان كردووه‌.

69-موجاهیدین كۆمپاك: میلیشیاییه‌كی ئیسلامی سه‌ربازییه‌ له‌ساڵی (2004)دا له‌لایه‌ن بیرووباوه‌ڕ پته‌وه‌كانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ كه‌ له‌ جیماعول ئیسلام جیابوونه‌ته‌وه‌.

70-موجاهیدینی‌ خه‌لق: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵانی (1960)دا له‌لایه‌ن لاوانی بازرگانه‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و دژایه‌تی شایان كردووه‌و شوێن فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه‌وتوون كه‌ماركسییه‌ت و ئیسلام تێكه‌ڵده‌كات و ئێستاش هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رسته‌ ئیسلامییانه‌ی كه‌ (شا)یان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی لابردووه‌.

گروپه‌ تیرۆریسته‌كانی جیهان / به‌شی (چوار) له‌ (چوار) 

71-هێزی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌بۆلیڤیا كه‌وه‌ك چه‌ترێك كارده‌كات بۆ پاراستنی هه‌ندێ گرووپی بچووكی ئاژاوه‌گێڕ، ئه‌م گرووپه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ره‌وه‌ی گرووپێكی ماركسی-لینینییه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌ساڵانی (1960)دا له‌لایه‌ن جیڤاراوه‌ دامه‌زراوه‌.

72-هێزی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی: گرووپێكی تیرۆریستی ماركسییه‌ له‌ساڵی (1963)دا له‌لایه‌ن رووناكبیرانی كۆڵۆمبیاوه‌ كه‌ به‌شۆڕشه‌كه‌ی كوبا كاریان تێكراوه‌ دامه‌زراوه‌، لێپرسراوی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی فڕاندن و به‌رگرییكردن له‌هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بوون بۆ وه‌ستاندنی قاچاخی ده‌رمان، فڕێنه‌رانی ئه‌م گرووپه‌ كارمه‌نده‌ بیانییه‌كانی دامه‌زراوه‌ گه‌وره‌كانیان ده‌فڕاند.

73-به‌ره‌ی ئازادیخوازی نه‌ته‌وه‌یی كۆرسیكا: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1976)دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆرسیكییه‌كان دامه‌زراوه‌و هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر كۆرسیكا به‌مه‌به‌ستی وێرانكردنی ژێرخانه‌ گشتییه‌كان و سیمبوڵه‌كانی داگیركاری بووه‌.

74-هێزی گه‌لی نوێ: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستیی باڵی سه‌ربازیی پارتی كۆمۆنیستی فیلیپینییه‌، دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمۆنیزمییان رێكخستووه‌ بۆ له‌ناوبردنی حكومه‌ت و هێرشی به‌كۆمه‌ڵیان به‌ناوی یه‌كه‌كانی جوله‌كه‌وه‌ به‌كارده‌هێناو دژایه‌تی ئاماده‌یی سه‌ربازیی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌فیلیپیندا.

75-گرووپی پرته‌قاڵی‌: گرووپێكی تیرۆریستیی ئه‌و پڕۆتستانتانه‌یه‌ كه‌دژایه‌تی هه‌موو دامه‌زراندنه‌ سیاسییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ خوازه‌كانی ئیرله‌ندا ده‌كه‌ن، ئه‌م گرووپه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و كاسۆلیكانه‌ی له‌باكووری ئیرله‌ندا نیشته‌جێ بوون.

76-جیهادی ئیسلامی فه‌له‌ستینی: گرووپێكی تیرۆریستی سه‌ربازی فه‌له‌ستینییه‌ له‌ساڵی (1979)دا دامه‌زراوه‌ بۆ درووستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌فه‌له‌ستینداو له‌ناوبردنی ئیسرائیل، ئه‌م گرووپه‌ له‌حه‌ماس بچووكتره‌.

77-به‌ره‌ی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی:  گرووپێكی فه‌له‌ستینییه‌ له‌ساڵی (1977)دا له‌ئه‌نجامی دابه‌شبوونی به‌ره‌ی گشتی ئازادیخوازی فه‌له‌ستنییه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و بۆته‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌تح و به‌درێژایی سنووری لوبنان هێرشی تیرۆریستی بۆسه‌ر ئیسرائیل ئه‌نجامداوه‌.

78-حزبوڵڵای فه‌له‌ستین: گرووپێكی كه‌م ناسراوی فه‌له‌ستینییه‌و له‌ئه‌ندامانی حه‌ماس و ته‌نزیم پێكهاتووه‌و په‌یوه‌ستییه‌كی گومانلێكراوی له‌گه‌ڵ حزبوڵڵای لوبناندا هه‌یه‌و لێپرسراوی خۆكوژییه‌كانی ناو ئیسرائیله‌.

79-تاقمی پنتاگۆن: گرووپێكی تیرۆریستی فلیپینییه‌ له‌ساڵی (2001)دا له‌به‌ره‌ی ئازادیخوازی ئیسلامی مۆرۆ جیابۆته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوونی تیرۆریزم و رفاندنه‌كان.

80-به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ ئازادی فه‌له‌ستین: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1967)دا دوای (6) رۆژ له‌جه‌نگ دامه‌زراوه‌و بیرروباوه‌ڕی ماركس-لینینی و نه‌ته‌وه‌خوازی فه‌له‌ستینی پێكه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌و  بۆ راكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكی تیرۆریزم به‌كارده‌هێنن و خوازیارن بۆ لابردنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی.

81-به‌ره‌ی گشتی بۆ ئازادی ئه‌ركی گشتی فه‌له‌ستین: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی ماركسی-لینینیه‌ رابه‌رایه‌تی چه‌ند هێرشێكی رۆژئاوای ئه‌ورووپایان كردووه‌.

82-به‌ره‌ی ململانێكردنی گشتی: گرووپێكی تیرۆریستی فه‌له‌ستینییه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان كه‌ له‌ساڵی (1967)دا له‌گرووپی فه‌تح جیابوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزوو نزیكیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، چه‌ند هێرشێكی تیرۆریستیان دژ به‌ئیسرائیل له‌سه‌رتاسه‌ری سنووری لوبنان به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌.

83-دامه‌زراوه‌ی (15)ی مایس: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵی (1979)دا له‌لایه‌ن به‌شێكی به‌ره‌ی گشتی ئازادی خوازی فه‌له‌ستینییه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له‌ساڵی (1980)دا كاتێك ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گرووپه‌كه‌ جیابوونه‌وه‌ بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ به‌شێكی فه‌تحدا، گرووپه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

84-خه‌ڵكانی دژی باند‌و مادده‌ی بێهۆشكه‌ر: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌ له‌باشووری ئه‌فریقاو له‌ساڵی (1966)دا دامه‌زراوه‌ بۆ شه‌ڕكردن دژ به‌سه‌ركرده‌كانی قاچاخچێتی ماده‌ی سڕكه‌ر پاشان گه‌شه‌یكردووه‌ بۆ گرووپێكی نافه‌رمی گه‌وره‌ی رێگه‌گر له‌تاوان و په‌یوه‌ستییه‌كی توندیان له‌گه‌ڵ (قیبله‌)دا هه‌بووه‌و باوه‌ڕیان وابووه‌ كه‌په‌یوه‌ستییان له‌گه‌ڵ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كانی رۆڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بێت، وه‌گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م رابه‌ری تیرۆریزمیان كردبێت.

85-پوكائینتی-خۆری سوور: گرووپێكی بچووك، به‌ڵام شه‌ڕه‌نگێزی تیرۆریستییه‌ له‌ئیكوادۆر له‌ساڵانی (1990)دا دامه‌زراوه‌و لێپرسراوی ته‌قاندنه‌وه‌ی زۆرێك له‌بینا حكومییه‌كانن.

86-به‌تالیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین: باڵێكی سه‌ربازیی حه‌ماسه‌و لێپرسراوی خۆكوژی هێرشه‌كانی سه‌ر ئیسرائیله‌.

87-قیبله‌: گرووپێكی بچووكی تیرۆریستی مسوڵمانه‌كانه‌ له‌باشووری ئه‌فریقاو له‌ساڵی (1980)دا دامه‌زراوه‌و له‌لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خومه‌ینییه‌وه‌ هاریكاری كراوه‌ بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌باشووری ئه‌فریقادا.

88-هێزی كۆماری ئیرله‌ندییه‌ ره‌سه‌نه‌كان: گرووپێكی تیرۆریستی ریشه‌ییه‌، له‌ساڵی (1997) كاتێك هێزی كۆماری ئیرله‌ندا داوای ئاگربه‌ستی كرد ئه‌م گرووپه‌ لیك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و پاشان چالاكییه‌ تیرۆریستییه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌ وه‌ك به‌رهه‌ڵستییه‌ك بۆ هه‌موو رێكه‌وتننامه‌ ئاشتییه‌كان.

89-به‌شی چه‌كداری سوور: دامه‌زراوه‌یه‌كی  ماركسی مایۆیستییه‌ له‌ئه‌ڵمانیاداو تۆڕێكه‌ بۆئه‌و گه‌ریلا ژێر زه‌مینییانه‌ی چالاكی ئاژاوه‌گێڕییان ئه‌نجامداوه‌ پاشان بۆته‌ یه‌كێك له‌هه‌ره‌ گرووپه‌ مه‌ترسیداره‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌ورووپاو له‌ساڵی (1998)دا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.

90-به‌رگرییكارانی ده‌ستی سوور: گرووپێكی هاوشێوه‌ی سه‌ربازیی پڕۆتستانته‌كانه‌ له‌ئیرله‌ندای باكوور كه‌هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ رێگه‌گرتن له‌دامه‌زراندنه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی ئیرله‌ندییداو هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دانیشتووه‌ كاسۆلیكییه‌كان له‌ئیرله‌ندای باكوورداو لێپرسراوی بینا سووتاندن و ته‌قینه‌وه‌و كوشتنه‌كانن.

91-هێزی سه‌ربازی شۆڕشگێڕییه‌كانی كۆڵۆمبیا: دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌هێزوو ده‌وڵه‌مه‌ندی تیرۆریستییه‌، له‌ساڵی (1975)دا وه‌ك باڵێكی گه‌ریلایی پارتی كۆمۆنیستی كۆڵۆمبیا دامه‌زراوه‌و به‌رهه‌ڵستی ئه‌مریكای كردووه‌و په‌یوه‌ستییه‌كی به‌هێزی به‌مامه‌ڵه‌كه‌رانی ده‌رمانه‌وه‌ هه‌بووه‌.

92-دامه‌زراوه‌ی شۆڕشگێڕی 3ی تشرینی دووه‌م: دامه‌زراوه‌یه‌كی ماركسیی-لینینییه‌ له‌یۆنانداو به‌شێوه‌یه‌كی توندووتیژانه‌ دژیه‌تی سیستمی ئابووری و سه‌رمایه‌داری و ناتۆو ئه‌مریكایان ده‌كردو گرووپێكی چالاك بووه‌ له‌ساڵانی ده‌ورووبه‌ری (1980)دا.

93- شۆِڕشگێڕانی پارتی ئازادیخواز: دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستیی توندڕه‌وی ماركسییه‌ له‌توركیاداو دژایه‌تی ناتۆو ئه‌مریكایان ده‌كردوو هێرشیانده‌كرده‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی و سه‌ربازی توركیا.

94-ململانێی كه‌سانی شۆڕشگێر: گرووپێكی توندڕه‌وی چه‌پڕه‌وی تیرۆریستییه‌ له‌یۆناندا له‌ساڵی (1971)دا دامه‌زراوه‌ بۆ دژایه‌تیكردنیكردنی ئه‌و گرووپه‌ سه‌ربازییه‌ی به‌ به‌كارهێنانی زه‌بر و هێز فه‌رمانڕه‌وای یۆنانیان ده‌كرد له‌ساڵی (1967)ه‌وه‌ بۆ ساڵی (1974)، ئه‌م گرووپه‌ دژایه‌تی سه‌رمایه‌داری و سیستمی ئابووری و ئه‌مریكایان ده‌كرد.

95-ئه‌ندامانی ئه‌تۆمی شۆڕشگێڕی: گرووپێكی شاراوه‌ی توندووتیژی چه‌پڕه‌وی تیرۆریستییه‌و دژایه‌تی سیاسه‌تی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا ده‌كات و لێپرسراوی ته‌قاندنه‌وه‌ی بیناكانی رۆم بووه‌ له‌ساڵانی نێوان (2000) بۆ (2002)دا.

96-به‌ره‌ی یه‌كگرتووی شۆڕشگێڕی: گرووپێكی تیرۆریستییه‌ له‌ساڵانی ده‌ورووبه‌ری (1980)دا دامه‌زراوه‌ له‌سیریا لیۆنی، هه‌وڵده‌دات بۆ لابردنی حكومه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی هه‌رێمه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی ئه‌ڵماس و لێپرسراوی هێرشه‌كانی سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و منداڵان و كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و به‌كارهێنانی مناڵان بۆ كاره‌ دڕندانه‌كان و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیبریاوه‌ یارمه‌تی ده‌درێت.

 

 

نامه

نامه‌یه‌ك بۆ خوا

رۆژێك فه‌رمانبه‌رێكی فه‌رمانگه‌ی پۆست سه‌رقالی پۆلین به‌ندی نامه‌كان ده‌بێت كه‌ كتوپڕ چاوی به‌
زه‌رفێكی نامه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ پشتی زه‌رفه‌كه‌ نووسرابوو " نامه‌یه‌ك بۆ خوا".
ده‌قی نامه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو:
خواگیان بێوه‌ژنێكی ته‌مه‌ن 83 ساڵم ، به‌ مووچه‌یه‌كی كه‌می خانه‌نشینی بژیوی ژیانم دابین ده‌كه‌م ، دوێنێ دزێك جانتاكه‌می كه‌ 100 دۆلاری تێدابوو دزی ، ئه‌و 100 دۆلار سه‌رمایه‌ی من بوو بۆ مانگێگ
یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو جه‌ژنه‌، من دوو هاوڕێی خۆمم بۆ خواردن بانگهێشت كردووه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌میان دزی ، ئێستا هیچم نییه‌ بۆ رۆژی جه‌ژن و كه‌سیشم نییه‌ تا پاره‌ی لێ قه‌رز كه‌م ، ئه‌ی خوای میهره‌بان ته‌نها ئومێدم به‌ تۆیه‌ ، تكایه‌ یارمه‌تیم بده‌.
فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌ زۆر بێتاقه‌ت بوو هه‌ر بۆیه‌ نامه‌كه‌ی نیشانی هاوكار و هاوڕێكانی دا و هه‌ر كه‌میان بڕێك پاره‌یان بۆ كۆكرده‌وه‌ كه‌ گه‌یشته‌ 96 دۆلار و دواتر پاره‌كه‌یان به‌ ناونیشانی نامه‌كه‌ بۆ بێوه‌ژنه‌كه‌ نارد.
فه‌رمانبه‌ران زۆر خۆشحاڵ بوون له‌وه‌ی كه‌ دڵی مرۆڤێكیان شاد كردووه‌ پاش تێپه‌ربوونی چه‌ند رۆژ ، نامه‌یه‌كی تر له‌ لایه‌ن بێوه‌ژنه‌كه‌وه‌ گه‌یشته‌ فه‌رمانگه‌ی پۆست كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی :
خوا گیان : نازانم به‌ چ زمانێك سوپاست بكه‌م بۆ ئه‌و كاری بۆت كردم، له‌ سایه‌ی یارمه‌تییه‌كه‌ی تۆوه‌ توانیم هه‌ر دوو هاوڕێكه‌م بۆ خواردنه‌كه‌ بانگهێشت بكه‌م و جه‌ژنێكی خۆش به‌ڕێوه‌ ببه‌ین و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم باسی ئه‌و چاكه‌یه‌ی تۆمان كرد كه‌ ده‌رهه‌ق به‌من كردبووت، من دڵنیام تۆ 100 دۆلارت بۆ ناردبووم به‌ڵام فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌ی پۆست 4 دۆلاریان بۆ خۆیان هه‌ڵگرتووه‌.
 سه‌رچاوه‌: www.iranianuk.com

زمانی کوردی

عه‌ره‌ب 17 كورد 6

جه‌واد حه‌یده‌ری

مامۆستایه‌كی براده‌رم له‌ یه‌كێك له‌ قۆتابخانه‌كانی ده‌ورووبه‌ری سلێمانی مامۆستایه‌« پێی وتم: نزیكه‌ی 40 قوتابیم هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان عه‌ره‌به‌ كه‌ زۆر زیره‌كه‌، ئه‌و قوتابیه‌ عه‌ره‌به‌ له‌وانه‌ی كوردی له‌  20 نمره‌ 17 ی هێناوه‌ و قوتابی كوردیشم هه‌یه‌ له‌ 20 نمره‌ 6 ی هێناوه‌، به‌راستی به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یر بوو كه‌ عه‌ره‌بێك كه‌ زمانی كوردی نه‌زانیوه‌ و ئاشنای ئه‌لفوبێی كوردی نه‌بووه‌ هه‌وڵیداوه‌ و توانیویه‌تی فێری زمانی كوردی بێت و له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ربچێت به‌ڵام قوتابیه‌كی كورد كه‌ باوباپیری كورده‌ ،هه‌وڵ نادات فێری زمانه‌ شیرینه‌كه‌ی خۆی بێت و له‌ تاقی كردنه‌وه‌ له‌ 20 نمره‌ 6 بهێنێت، ئایا ئه‌مه‌ كه‌مترخه‌می نییه‌، ئایا عه‌یب نییه‌ بۆ منداڵی كورد كه‌ زمانی زگماكی خۆی نه‌زانێت، بۆچی عه‌ره‌بێك توانیویه‌تی خۆی رابهێنێت كه‌ به‌كوردی بنووسێت و به‌كوردی قسه‌ بكات به‌ڵام كوردێك له‌ وانه‌ی كوردی ده‌رنه‌چێت و به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت.خێزان و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ چ قسه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ وتن؟