ئۆشۆ
و/ جەواد حەیدەری
ژیان زۆر سادەیە، وەكو سەمایەكی بە شەوق و زەوق ، ئەم جیهانە دەتوانێت لێوانلێو بێت لە سەما و شادی ، بەڵام هەندێ كەس لەبەر بەرژەوەندی خۆیان ڕێگە نادەن كەس لە ژیان تام و چێژ وەرگرێت ، لێناگەرێن بزە بێتە سەر لێوان، ناهێڵن كەس پێبكەنێت، دەڵێن ژیان پڕاوپڕێتی لە تاوان و گوناح، دەڵێن ژیان خانەی سزایە.
تۆ چۆن دەتوانی بژی كە شەو ورۆژ بە بەردەوامی بە گوێتدا دەچرپێنن كە ژیان ناخۆشە و ژیان خانەی سزایە، تۆ لەبری ئەو تاوانەی كە كردووتە ( مەبەستی گوناحەكەی ئادەم و حەوایە) هەمیشە لەئازار و ناخۆشی دایت و دوور خراویتەوە، تەنها لەبەر ئەو گوناحەی كە كردووتە، ئێرە بۆ تۆ زیندانە.
پێت دەڵێم ژیان زیندان و بەندیخانە نییە، ژیان سزا نییە، ژیان پاداشت و دیارییە، تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە شایستەی وەرگرتنی ئەو پاداشتن. ئەوە مافی تۆیە كە لەژیان چێژ وەربگری، ئەگەر لە ژیان تام و لەززەت و چێژ وەرنەگری تاوانت كردووە، ئەگەر تۆ جوانی نەبخشی بە ژیان یان ژیان وەك خۆی وێڵا بكەی ئەوە بەدژی ژیان هەنگاوت ناوە، بە خۆشی و شادی ، بە بۆن خۆشی و بە جوانی ژیان بەجێبهێڵە. گوێ لە ناخی خۆت بگرە ، بەڵام بە بێدەنگی ، ڕاستە بەسەرتدا هاوار ناكات و دەنگی بەرزناكاتەوە بەڵام ئەگەر ماوەیەك بێدەنگ بی رێگای ڕاست لەناخی خۆتدا هەست پێدەكەیت. هەر ئەو كەس بە كە هەیت، قەت هەوڵ مەدە كەسێكی تر بی، هەر خۆت بە، ئەو كات دەگەیت بە باڵق بوون ، باڵق بوون یانی بە هەر نرخ و بەهایەك بێت تۆ هەست بە بەرپرسیارێتی بكەی. باڵق بوون ئەوەیە كە تۆ لە پێناو ئەوەی كە بیسەڵمێنی كە خۆتی ، ئامادەی بەرەنگاری هەموو جۆرە مەترسییەك ببیتەوە، ئەوە باڵق بوونە.
تۆ دەبێت زۆر وشیارانە لەگەڵ خۆت مامەڵە و هەڵسوكەوت بكەی، چونكە تا ئێستا تۆ نەتوانیوە لەگەڵ خۆت بە شێوەیەكی وشیارانە هەڵسوكەوت بكەی. سەرەتا بۆ ئەوەی بتوانی وشیارانە مامەڵە لەگەڵ خۆت بكەی دەبێ هەموو ئەو شتە هیچ و پووچ و بێ كەڵك و بێسوودانە لە خۆت دوورخەیتەوە، زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵكە ئەم هەموو شتە بێ كەڵكانە بۆ لەگەڵ خۆی هەڵیاندەگرێـت و بەبەردەوامی داوێتی بە كۆڵی خۆیدا، مرۆڤ سەیری سوڕ دەمێنێت، ئاخر لەبەرچی؟ بۆچی؟ تەنها لەبەرئەوە ی بە گوێی تۆیانداداوە كە ئەمانە بەنرخ و بەهادارن.
باڵقبوون
باڵقبوون لەگەڵ گەورەبوون و پیربوون وبەساڵاچوون جیاوازی هەیە. ئەو كەسانەی كە زۆر گرنگی بە قسەی خەڵكی دەدەن و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن كە بزانن خەڵك لەبارەیانەوە چی دەڵێن و چی دەكەن لە راستیدا ئەو جۆرە كەسانە ناباڵقن و هێشتا باڵق نەبوون، ئەوجۆرە كەسانە وابەستە بە بیروڕای خەڵكین و خۆیان ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن یان هیچ كارێك بكەن، ناتوانن راشكاوانە و راستگۆیانە قسەی خۆیان بكەن و هەمیشە ئەو قسانە دەكەن كە خەڵك پێیانخۆشە و حەزی لێدەكەن و بە مەیلی خەڵك دەدوێن. ئەو جۆرە كەسانە لە راستیدا هێشتا باڵق نەبوون چونكە باڵقبوون لە ئاگایی و زانایی و تێگەیشتن سەرچاوە دەگرێت. سیاسەتمەدارەكانیش هەمان تایبەتمەندییان هەیە ئەوانیش هەمان قسە و لێدوان دەدەن كە جەماوەری چاوەڕوانی دەكات و هەمان بەڵێن و گفت دەدەن كە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا گەڕەكیانە لە زمانی سیاسییەكان بیبیستن، سیاسییەكان خۆشیان باش دەزانن كە ئەو بەڵێن و پەیمان و بڕیارانەی كە دەیدەن لە راستیدا ناتوانن بیبەنەسەر و جێبەجێیان بكەن و هیچ كامیان لە سیاسییەكانیش لە خەیاڵی ئەوەدا نین كە بەڵێن و گفتەكانی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن. ئەگەر ئەوان بە راستی و دروستی و راستگۆیی لەگەڵتان بدوێن ئەوە ئیتر ئەوان بە تەواوی ئێوە دڵنیا دەكەنەوە كە ئەو بەڵێنانەی داویانە ناتوانن بیبەنەر سەر ئەوە لەسەر كورسی لادەچن و دەسەڵاتیان نامێنێت بەڵام ئەوان هەرگیز وەها كارێك ناكەن، چونكە ئێوەش ئامادە نین دەنگ بە وەها كەسانێك بدەن ، ئەگەر ئەوان لەگەڵ ئێوە ڕاستگۆ بن ئەوا ئیوە دەكەونە گومانەوە و ئامادە نین كە دەنگیان پێبدەن. دونیایەكی سەیرە، شێتخانەیەكی تەواوە، ئەگەر لەم شێتخانەیەدا (دونیا) هەست بە وجودی مەعنەوی خۆت بكەی و لەوبارەیەوە ئاگایی و وشیاری بە دەست بهێنی ئەوا دەگەیی بە كامەرانی و بەختەوەری .
زۆربەی خەڵك دەڵێن عەشق كوێر و نابینایە ، بەڵام من دەڵێم عەشق چاوی هەیە یان باشتر بڵَێم كە تەنها عەشق چاوی هەیە دەنا باقی شتەكانی تر هەمووی كوێر و نابینان. حەزدەكەم واقیعی تر بژین، هەموو دەمامكەكان بخەنە لاوە، مەرایی و دووڕۆیی و ساختەچێتی وەلانێن چونكە ئەوان قورسایی دەخەنە سەر دڵ و دەروونتان، رووت بنەوە لە هەموو شتێك (مەبەستم جلوبەرگ نییە – وەرگێڕ) ڕووت بنەوە لە هەموو ناپاكی و ناشیرینیەك، رووت بنەوە لەهەموو ئەوشتانەی كە دژی حەقیقەتن، هەڵبەتە ئەم ڕووتبوونەوەیە هەروا بە ئاسانی و ساكاری نابێت و كێشە و گرفتی خۆی هەیە و هەر ئەو گرفت و كێشە و ناخۆشیانەیە كە بەها و نرخیان هەیە، هەر دوای ئەو چەرمەسەری و سەختیانەیە كە مرۆڤ گەشە دەكات و باڵق دەبێت. مرۆڤی ئەمڕۆ وەها لە ناو دەریای خەیاڵ و سەرلێشێواوی خۆی نوقم بووە كە نازانێت چۆن خۆی دەرباز بكات و حەسرەتی رزگاربوون دەخوازێت لەو ئاوات و ئارەزوویانەی كە لەناخی ئەودا هێلانەیان كردووە. ئەو كاتە دەتوانێت بڵێن كە مرۆڤ بە كەمال و بەختەوەری گەیشتووە كە توانی بێتی ئاشقانە و ئەڤیندارانە ژیانی بەسەر بردبێت و خۆشەویستانە ژیابێت و لێوانلێو لە عەشق و خۆشەویستی بووبێت و توانیبێتی ئەو عەشق و خۆشەویستییە لەگەڵ كەسانی تردا دابەشبكات و هەمیشە قۆڵی بۆ خۆشەویستی و عەشق هەڵماڵی بێت و كەسێكی بەخشندە و دلۆڤان بێت، ئەوەیە هەمان گەشە و باڵقبوونێك كە نەرمە نەرمە و وردە وردە سۆراغی مرۆڤ دەگرێت و لێی نزیك دەبێتەوە. مرۆڤێك كە بە قۆناغی كامڵ بوون گەیشتبێت هەمیشە پەنجەرەكانی كراوەیە بۆ بەخشین ، تەنها ئەو كەسانەش دەتوانن بەخشندە و دلۆڤان بین كە پڕن لە عەشق ، لێوانلێون لە خۆشەویستی، لێرەوە كە ئیتر عەشق وەك كەرەستەیەك یان ئامێرێكی وابەستەبوون سەیر ناكرێـت، عەشق راستەقینە یان عەشقی بەغەل و غەش ئەوەیە كە بتوانی بیبەخشی ، بكەیت بە دیاری، بێ هیچ مەرج و شەرت و شروتێك بە هەموو كەسی ببەخشی ، كەسێك لە عەشقدا نوقم نەبووبێت چۆن دەتوانێت بەخشندە بێت، عەشقێك بۆ ئەوەی بێتە عەشقێكی راستەقینە بەر لە هەر شت دەبێت عەشقێكی پاك و بێگەرد و بێ غەل و غەش بێت، بە شێوەیەك بێت كە بكرێت بەسەر هەموو لایەكدا دابەشبكرێت. عەشق دەگەرێت و لە شوێنێك بەند نابێت ئەو بە بەردەوامی درێژە بە رێگارۆیشتنی خۆی دەدات و بۆ ساتێكیش ناوەستێت، عەشق وەستان و بەندبوون و مانەوە ناناسێت ، عەشق هەمیشە بەڕێوەیە، هەر بۆیە زەینی خۆت رزگار بكە لە هەموو ئەو شتانەی كە بوونەتە لەمپەر و كەند و كۆسپ لەسەر ڕێگات ، ئەوكات دەتوانم مژدەی ئەوەت پێبدەم كە بە پاكی و ڕوونی دەگەیت و ئەو كات دەتوانی هەمووشتەكان وەك خۆیان بیانبینی و ئەوكاتەیە كە نە لە گوماندا دەبی و نەك بە پەروشیش دەبی، چونكە دڵ پەرێشانی و گومان دوو ڕووی یەك دراون.
سەرچاوەكان/ كتێبی سرگشتگی
كتێبی بلوغ
ژیان سادەیە وەكو سەما
+ نوشته شده در چهارشنبه هفدهم اسفند ۱۳۹۰ ساعت 10:48 توسط جهواد حهیدهری
|
تۆ جوانترین گوناهی منی