دایە ببوورە كە لەتاوانەكەت خۆش نەبووم ...

 باوكم دەیگوڕاند.

 هاواری دەكرد.

باوكم بە شەق بەرببووە دایكم و بەربەردەوامی جنێوی ناشیرینی پێدەدا.

دایكم : لەسەر فەرشەكە كەوتبوو و دەگریا.

منیش لەترسان لە گۆشەیەكی ژوورەكە خزابووم و دەگریام و لەبنەوە سەیری دەوروبەرەكەم دەكرد.

باوكم بە توڕییەوە دەرگای حەوشەی بە توندی دا بەیەكدادا و لەماڵەوە دەرچوو.

دایكم بە گریانەوە لەسەر فەرشەكە هەستا و هات بۆ لام ، پێی وتم : هیچ نەبووە كچم ، هەر شتێك بوو تەواو بوو، دەموچاوی دایكم هەمووی رەش داگەڕا بوو، قژی ئاڵۆز، خوێن لە لوتی دەهات . لە ژیانمدا ئەمە یەكەمین جار بوو وەها رووداوێك ببینم.

تەمەنم 13 ساڵ بوو، هەمیشە ئارەزووم ئەوە بوو هەر كاتێك باوكم لە ماڵەوە دەرچوو ئۆتۆمبێلێك بیكات بە ژێرەوە و بیكوژێت و نەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە . بۆ من خۆشترین هەواڵ ، هەواڵی مەرگی باوكم بوو.

دایكم لە مارەیەكەی خۆش بوو و لە باوكم جیا بۆوە و خۆی رزگار كرد.دایكم بە هەر نرخێك بوایە دەیوست من لە گەڵ ئەوە بم ، بەڵام باوكم نەیدەهێشت ، رەنگە لەبەر ئەوە بێت كە من كچ بووم، ماوەیەكی زۆربوو هەر بیانو و بەهانەی دەهێنایەوە بۆ ئەوەی پارە نەدا بە دایكم تا بۆ منی خەرج بكات.  

باوكم رۆژێك بە ئۆتۆمبێلێكی پیكابەوە هات و هەمووی كەلوپەلی ماڵەوەی لە ئۆتۆمبێلەكە باركرد و بردی. خۆ كەلوپەلەكە هەمووی جیازی دایكم بوو. دایكم نەیوت مەیبە، هیچی نەگوت، تەنها دەگریا، ئەو بووكە شوشەی كە باوكم بۆ كڕیبووم فڕمدایە بەر قاچی ، باوكیشم شەقێكی تێهەڵدا و وتی: تۆش گویەكی وەك دایكت.

باوكم هیچی بۆ نەهێشتینەوە و هەمووی برد و ماڵەكەمان بەتاڵ و حەتاڵ مایەوە ، باوكم بو داویین جار دەرگای حەوشەی بە توندی داخست و رۆیشت.

دایكم ئاخێكی هەڵكێشا و وتی: ئۆخەی گیانم رزگار بوو ، ئاسوودە بووم، بە جەهەنەم كەلوپەلەكانی برد ، خۆ من تۆم هەیە، بەسە بۆم ، پێكەوە گریاین ، دوای ئەو گریانە بۆ ماوەیەكی زۆر نەگریاین.

من لە قوتابخانەكەی نزیك ماڵی خۆمان دەمخوێند، دایكم مامۆستا بوو، بەڵام شوێنی كارەكەی لە ماڵەوە دوور بوو.

دوو سێ ساڵ تێپەڕی ، شەوێك دایكم لەگەڵ پیاوێك هاتەوە بۆ ماڵەوە، پێشتر خۆیان رێكەوتبوون، پیاوەكە زۆر بە ئەدەبەوە قسەی دەكرد و هەوڵی دەدا كە باوكانە لەگەڵ مندا هەڵسوكەوت بكات. منیش لەداخان لاساریم دەكرد ، كاتێك لەماڵەوە دەرچوو، من لاسایی هەڵسوكەوتەكانیم دەكردەوە ، دایكم بە بزەیەكی نیوە غەمناكەوە وتی: كچم جوان نییە مروڤ لاسایی كەس بكاتەوە بە تایبەتی لاسای ئاغای ..... كە پیاوێكی زۆر بەڕێز و رۆشنبیرە.

هەفتەیەك دواتر پیاوەكە بە چەپكێ گوڵەوە هاتەوە،  دایكم سوراو سپیاوێكی زۆری كردبوو، سفری خواردنی رازاندبۆوە ، دوای نان خواردن ، دایكم پێی وتم: بچۆ ژوورەكەی خۆت و خەریكی مەشق و راهێنانەكانی خۆت بە. منیش چووم بۆ ژوورەكەی خۆم، بەڵام لە كۆنی دەرگاكەوە سەیری ئەوانم دەكرد، پێكەوە دانیشتبوون و قسەیان دەكرد، نەمدەزانی باسی چی دەكەن. پیاوەكە تا دەرەنگانە دانیشت و دواتر هەستا بروات ، لە بەر دەرگای حەوشەش دایكم و پیاوەكە ماوەیەك راوەستان و قسەیان كرد.

بەیانی زوو من هەموو چەپكە گوڵەكەم لەت و پەت كرد . دایكم كە لە قوتابخانە گەڕایەوە چەپكە گوڵە لەت و پەت كراوەكەی بینی ، منیش دەست پێشخەریم كرد و وتم : حەیف گوڵەكان زوو ژاكان و سیس بوون ، رەنگە كۆن بووبێتن، دایكم گوڵەكانی كۆكردەوە ، منیش بە درۆ خۆم غەمگین نیشان دا، دایكم دەزانی، چۆنكە من بە باشی دەناسی.

 پیاوەكە دیسان هاتەوە، كتێبی بۆ من هێنابوو، من هەموو كتێبەكەم خەت كێشا و لەبەردەم دایكم دامنا. وتم: رەنگە منداڵەكانی ئەو كابرایە كتێبەكەیان وا لێكردبێت.

دایكم: چاوی پڕ بوو لە فرمێسك و پاشان وتی: ئەو پیاوە منداڵی نییە.

پیاوەكە بە بەردەوامی دەهات بۆ ماڵی ئێمە، لەگەڵ دایكم دادەنیشت و قسەیان دەكرد و من دیسان لەكۆنی دەرگاكەوە سەیرم دەكردن . پیاوەكە دەستی دایكمی دەگرت و ماچی دەكرد . دایكیشم بە ئارامی و لەسەرخۆ دەگریا و فرمێسكی دەڕشت. پیاوەكە دەموچاوی دایكمی دەسڕی.

دایكم دەستی پیاوەكەی دەگرت و ماچی دەكرد و دەینا بە سنگییەوە.

هەر جارێك كە پیاوەكە گوڵی بۆ دایكم دەهێنا ، منیش لەت و پەتم دەكرد.

زۆرجاریش دیاری بۆ من دەهێنا و منیش ئەو دیاریانەم تێك و پێكدەدا و فرێمدەدان .

 پیاوەكە هەوڵی دەدا لەگەڵ من باوكانە هەڵسوكەوت بكات ، بەڵام من لە هەرچی باوكە بێزاربووم، لەلای دایكم لاسای ئەو پیاوەم دەكردەوە و جنێوم پێدەدا و گاڵتەم پێدەكرد. بەجۆرێك تێمدەگەیاند كە ئەو لە ماڵی ئێمە كەسێكی زیاییە و حەز بە چاری ناكەم. هەر كاتێك ئەو كابرایە دەهات بۆ ماڵمان من تەنها قسەم لەگەڵ دایكم دەكرد و حیسابم بۆ ئەو نەدەكرد، هیچ كات سڵاوم لێنەكرد، وەڵامی سڵاوەكەشیم نەدەدایەوە، پیاوەكە خۆی تێگەیشتبوو، بزەیەكی غەمناكی دەهات سەرلێو و خوێن بەدەماری لاجانگی دا دەهاتن و دەچوون، من دایكم بە تاوانباردەزانی لەبارەیەوە، تاوانەكەشیم نەدەبەخشی، دایكم خۆشی هەستی پێكردبوو، دایكم زۆر لەگەڵ میهرەبان بوو، دەمزانی بۆچی باجم دەداتێ.

یەك و دوو ساڵ تێپەڕی ، دایكم نەخۆش كەوت، كەمتر دەچۆوە بۆ قوتابخانە، پیاوەكە بەبەردەوامی دایكمی دەبرد بۆ لای دوكتور، دایكم لەماڵەوە بە یەكجاری كەوتت ، ئەو پیاوە هەموو رۆژێ سەردانی دایكمی دەكرد و چەند كاتژمێرێك لە لای دایكم دادەنیشت و قسەی لەگەڵ دەكرد. پیاوەكە دەرمانی بۆ دایكم دەهێنا. دواتر دایكم لە نەخۆشخانە خستیان، دیسان هەرئەو پیاوە بوو دەهات بۆ لای دایكم. زیاتر لە سێ ساڵ دایكم بەدەم نەخۆشییەوە دەناڵی و دواتر كۆچی دوایی كرد.

پیاوەكە زیاتر لە من بە مەرگی دایكم بەپەرۆش بوو و ئازارێكی زۆری چێشت. 

پێنج ساڵا دوای مەرگی دایكم هەواڵی مەرگی باوكم بیست، زۆرم پێخۆش بوو، وام هەست دەكرد سێبەرێكی شوومم لەسەرلاچووە، ترسم نەما، رووناكیم بەدی كرد ، بۆیەكەم جار لەژیانماندا گۆرانیمان وت و سەمام كرد.

چەند ساڵ دواتر رۆژێك خۆم و هاوسەرو منداڵە سێ ساڵەكەم لە شەقامێك چاومان بە پیاوێكی بەتەمەن كەوت، زۆر پیر بوو، لاواز، قژسپی، پشتی چەمابۆوە، گۆچانێكی بەدەستەوە بوو، من ئەوم لە نیگای دایكمەوە بینی ، لەرزیم ، لاشعووری چووم بۆ لای ، پیاوەكە لەوە دەچوو منی وەك دایكم بینیبێت ، بە لارەلار هات بۆ لام ، گۆچانەكەی لە دەست بەربۆوە، داچەمیمەوە و گۆچانەكەم هەڵگرتەوە و ویستم بیدەمەوە دەستی، دەستمی گرت و ماچی كرد. چاوم پڕ بوو لە فرمێسك ، دەستم كرد بە گریان، دەموچاوی منی سڕی و ئەویش گریا. هەردوو دەستی ئەوم گرت و ماچم كرد و یەكترمان لە ئامێز گرت .

هاوسەرەكەم پرسی: ئەو كابرایە كێیە؟ منیش وتم: پیاوە ، مەردە.

لی دڵی خۆمدا وتم: دایە ببوورە كە لە تاوانەكەت خۆشنەبووم.

 نووسەر: ئەبولفەزل  ئەردۆخانی

و/ جەواد حەیدەری

سەرچاوە: ordoukhani. Blogfa.com