جاری وا هەیە وشەیەك یان رەستەیەك بە قەت عەزابی قەبر ئازارم دەدات، یان بە قەت عەرز و ئاسمان بێزارم دەكات ، هەندێ كات شتی وا دەبینم و دەبیستم كە سەرم سوڕ دەمێنێت و كاس و گێژ و وڕم دەكات، پشتیوانی برادەرم لە فەیس بوك بابەتێكی بڵاوكردۆتەوە كەزۆر بێتاقەتی كردم ، باسی كوشتنی گەرمیان ئەو منداڵە 12 سالە دەكات كە بە رۆژی رووناك لە بەر چاوی خەڵك گوڵی تەمەنی  ژاكا. خەندەیان كوشت، بزەیان كوشت، ئومێد و هیوایان كوشت.

ئاخ منداڵ ، ئاخ باوك، دەبێ دڵی باوكی گەرمیان چۆن بێت ، من خۆم ئێستا باوكم ، دەزانم دڵی باوك چوونە، هەموو جارێ كە باوكم بە تەلەفون قسەم لەگەڵ دەكات هەر بە منداڵەكەی جارانم دەزانێ و پێم دەڵی رۆڵە ئاگات لە خۆت بێ ، باوكم دووجار جەرگی سوتاوە ئەویش لە پیری دا. كێ دەتوانێ لەبەرامبەر فرمێسكی باوك خۆی بگرێ و دان بە جەرگی خۆی دابنێ، گریانی باوك زۆر سەختە .

نامەیەكی بە پەلە بۆ خوا

خوایە ، تۆ گەورەیی خۆت، گوێم لێ بگرە، لەم ژیانە پڕ لە قەزا و قەدەرە، لەم دونیا پڕ لە زوڵم و غەدرە، تۆ خوا گوێم لێ بگرە،

خوایە من لەم وڵاتە بۆ بووم بە باوك ، خوایە لەو تاوانەم خۆش بە، خوایە خۆم بكوژە بەڵام مەرگی مانی كوڕم نیشان نەدەی ،خوایە نەكەی شتی وابكەی كە منیش جەرگم بسوتێ، خوایە هەرچی دەیكەی بیكە، بەڵام مەرگی منداڵەكەم نیشان نەدەی كە لە توانامدا نییە و تابشت نایەنم و ناتوانم خۆڕاگرم بم.

منداڵ دەبێ چی كردبێت كە دڵی پاك و ساف و بێگەردی بكەوێتە بەر گوللەی بی كەی سی ، ئاخ خودا ... ئەی خوا كەی دادی ئێمە دەپرسی؟

تا كەی شین گێڕ بم بۆ یاران، تاكەی هەڵوەدا بم لە شاران، تا كەی ئاخ هەڵكێشم بە یادی جاران، فرمێسكم هەڵرێژم وەك باران، ئەی خوا داری بەزەیی تو كەی دێتە بەر، كەی كۆتایی دێت خەم و خەفەت و كەسەر، نەمان ژیان تەمەنیش چووە سەر، خەریكە روحیش لە گیان بێتە دەر ، ئەی خوا توش جارێك هەڵینە سەر، بروانە چاوی فرمیسكاوی و رەنگی زەرد ، بروانە هەناسە بڕكێ و ئاهی سەرد ، هەتا كەی تەقە گوللە و بەرد؟ ئەی خوا توش جارێك هەڵینە سەر.

چاو كوێر بوو گوێچەكە بوو كەڕ، لە دەست تەقەو گوللە و شەڕ ، هەموو كەس پێمان دێنێ زەفەر، لە ماڵی خۆشمان دەمانكەنە دەر، بۆكوێ بچین دەست بەتاڵ ، لای كێ هەڵیرێژین غەم و زوخاڵ، بزە نایەتە سەر لێومان، لێمان حەرام بوو نان و شێومان،

خوایە

 بۆ خاتری گەورەیی خۆت بگرە گوێ لێمان، هەتا هەناسە ماوە پێمان ، گوێ بگرە لێمان كە پێمان لەق كراوە جێمان ، لێمان گیراوە ڕێمان، كەس وەفا ناكا پێمان، تكایە گوێ بگرە لێمان. ئەمەش دوایین نامەمە بۆت ، هەرچی دەیكەی كەیفی خۆت.

جەواد حەیدەری

سلیمانی

9/ 3/ 2011