و/ جەواد حەیدەری

هەركەسێك سەركەوتنەكانی خۆی لەسەر بنەمای پێورێكی رێژەیی هەڵدەسەنگێنێت. هەندێ لە سەركەوتنە بچووكەكانی مرۆڤ لەبەرچاوی هەندێ كەسی تر لەوانەیە بە سەركەوتنێكی گەورە دەركەوێت، ئەمەش پەیوەندی بە چۆنێتی پەروەردە، ئاستی خوێندەواری و بارودۆخی ژیانی كەسەكەوە هەیە ، هەتا ئەو كاتەی كە بە ئامانجەكانی خۆت گەیشتوویت و بۆ باشتربوونی ژیانی خۆت هەوڵبدەی ، كەسێكی سەركەوتوویت.
هاوكاتیش كەسانێك هەن كە ناتوانن بە ئاستێك لە سەركەوتن بگەن كە رازیكەر و دڵخۆشكەر بێت. خاڵە لاوازەكانی كەسایەتی و هەروەهادیاریكردنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی بۆ ژیان رێگری سەرەكین لەسەر رێگای سەركەوتنی مرۆڤەكان. ئەگەر لە ژیاندا كۆمەلێك سەختی و ناخۆشیت ئەزمون كردووە، سەیری هەموو پێگە و ئاست و بارودۆخەكان بكەن تا بزانی ئایا ئامادەی بۆ سەختی و ناخۆشی زیاتر یان نا.
لەمپەرەكانی سەرڕێگای سەركەوتن بریتیە لە :
1)      پشتگوێخستن
لەوانەیە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كە بۆتە هۆی لەناوچوون یان سەرنەكەوتنی تۆ لە خوێندن و ژیان و پیشەی ئێوەدا پشتگوێخستن یان ئەمڕۆ و سبەی كردن بێت، ئەوانەی كە نیشانەكانی ئەو نەخۆشییان تێدا دەبیندرێت هەمیشە حەز دەكەن بە وتنی ئەم رستانەیە كە تەنها خۆیان قەناعەتیان پێیەتی ، خۆیان لە كاركردن و ئیشكردن دەدزنەوە و كارەكان پشتگوێ دەخەن، رستەی وەك" تەواوكردنی ئەو كارە شتێكی وا نییە" ، "خەمت نەبێ" یان دەبێژن" كات زۆرە بۆ ئەنجامدانی كارەكان" . ئەم جۆرە رستانە لە ڕاستی جۆرێك خۆدزینەوە و باشتر بلێێن دواخستن و پشتگوێخستنی ئیشو كارەكانە.
ئەگەر كارێك لە ئەندازەی تواناكانی تۆ دابێت ، بەڵام بە هەر بیانوو و بەهانەیەك بتەوێت خۆت لە ئەنجامدانی بدزییەوە ، بەدڵنیاییەوە ئەوە پشتگوێخستنە و ئەمەش كێشە و گرفتێكی سەرەكییە كە دەبێ رێگاچارەی بۆ بدۆزیتەوە و چارەسەری بكەیت.
هەست دەكەن كە كات و زەمەن لە دەستی ئێوە دایە بەڵام كاتێك كە دەبێ كارەكەت تەواو كردبێت و تۆ هێشتا هیچت نەكردووە ، بۆ تەواوكردنی ئیش و كارە دەكەویتە پەلەپەل و دەرئەنجامی كارەكە ئەوە نابێت كە بە دڵی تۆ بێت.
ئەو كەسانەی كە هەمیشە ئیشوكارەكانیان دوادەخەن یان باشتر بڵێن پشتگوێ دەخەن كەسانێكی تەمبەڵ و سست و خاو و ئیشنەكەرن، هەرچەند توانای ئەنجامدانی ئیشوكاریان هەیە بەڵام بۆ هەموو شتێك بیانوو و بەهانەیەكیان پێیە و بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێت خۆیان لە ئیشوكار بدزنەوە و ئیش كردن لەگەڵ ئەو جۆرە مرۆڤانە زۆر سەخت و ناخۆش و بێزاركەرە، هەرچەند خۆیان ئیش ناكەن جاری واهەیە دەبنە هۆی ساردبوونەوەی ئەو كەسانەی كە چالاك و ئیشكەرن .
2)    ترس لە سەركەوتن
لەمپەر و كۆسپێكی تر لەسەر رێگای سەركەوتن ، ترسە. هەرچەند زۆر كەس بە باشی دەزانن كە بۆ سەركەوتن پێویستیان بە چ شتێك هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە دەترسن سەرنەكەون دەست لە ئامانجە باڵاكانی خۆیان هەڵدەگرن و پێیانوایە كە ئەو ڕێگاییە ی گرتۆیانەتە بەر زۆر مەترسیدارە. ترس لە سەركەوتن و نیگەران بوون ئێخەی دەگرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی كە توانای خۆی لە دەست بدات و دوا بكەوێت . دەرفەتی سەركەوتن و پێشكەوتن لە شوێنی كار لەوانەیە بۆ هەموو كەسێك بێتە پێشە، بەڵام كەسێك كە ترسی هەبێ لە سەركەوتن و توانای پێشكەوتن و سەركەوتنی نەبێ زۆرجار بیانوو و بەهانە دێنێتەوە كە بەرپرسیارێتی پیشە نوێیەكەی زۆر و لە توانای ئەو بە دوورە. ئەو جۆرە كەسانە حەزیان لێی نییە لە پەیژەی سەركەوتن سەربكەون.
وەختایەك ئایندە و داهاتووش نادیار و ناڕوون بێت ئەوە رێژەی ئەو ترسە زیاتر دەبێت. دەبێ ئەوەش قەبوڵ بكەین ئەوانەی كە وەها ترسێكیان نییە  لە داهاتوو و لەو ڕۆژانەی كە لە پێشیانن هیچ ترس و خۆفێكیان نییە، بەڵام ئەوانەی كە هیچ میكانیزمێكی شیاو و گونجاویان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ترس نییە ناوتوانن هیچ كارێكی ئەوتۆ بكەن و زیاتر تووشی هەڵچوون و ئێحساس دەبن. دیاریكردن و چارەسەكردنی ئەم كێشەیە زۆرئاسانترە لە كێشە پشتگوێخستن، ئەگەر كەسەكە تۆزێك دان بەخۆیدا بگرێت و سەبر و تاقەتی هەبێ و نەترسێت لەو بەرپرسیارێتەی كە لە سەر شانێتی زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بە سەر ئەو ترسەدا زاڵ بێت و بارودۆخەكە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت.

3)    دڵەراوكێ
كەسانی سەركەوتوو خاوەنی كۆمەڵیك تایبەتەمەندی هاوبەشن ،  ئەوان هەموو توانا و تەركیزی خۆیان دەخەنە سەر بیرۆكە مەزنەكان ، زۆر كەس هەن كە ناتوانن تەركیزی بكەنە سەر ئەندێشە مەزنەكان و ئەوە بە كارێكی سەخت و دژوار دەزانن و خۆیان لە نێو چوارچێوەیەكی بەرتەسك و بچووكدا دەبەستنەوە و تەنها خۆیان بە ئیشوكاری بچووكەوە سەرقاڵ دەكەن. هەوڵدانی زۆر بۆ ئەنجامدانی كاری بچووك لە ڕاستیدا زیانی لێدەكەوێتەوە و گۆشە نیگای مرۆڤ بچووك و تەسك دەكاتەوە. ئەگەر لەسەرئەنجامدانی كاری بچووك سوور بن هەرگیز ناتوانن بە ئامانجە باڵاكانی خۆتان بگەن. نیگەرانی و قەلەقبوون و دڵەڕاوكێ دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی كارایی و لێهاتوویی و سەرئەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی كە كارەكان بە خاویی و سستی بڕوات بە ڕێوە.

4)    نەبوونی ئاسایش و ئارامی
كەسانی لاواز و بێ ورە بە هۆی ئەوەی هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن هەرگیز لە كارەكانیاندا سەركەوتوو نابن ، ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی ئەوان ئەوە بێت كە متمانە و بڕوایان بە خۆیان نەبێ . بۆ نموونە نەبوونی ئەزموون خۆی دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی كە كەسەكە بڕوا و متمانەی بەخۆی نەبێ.

5)    كەسانی دەوروبەر
لەوانەیە هەموو تۆ هەموو ئەو مەرجانەت هەبێت بۆ ئەوەی دەریخەیت كە كەسێكی سەركەوتوویت بەڵام ئایا دۆستان و برادەرەكانت لەوبارەیەوە هاوڕێیەتیت دەكەن؟ پێدەچێت ئەوان دید و بۆچوونی جیاوازیان هەبێ لەبارەی سەركەوتنی تۆ ، یان ڕەنگە هەر بۆچوونیشیان نەبێ. دۆست و هاوڕێ و برادەر بە هۆی كاریگەری نێگەتیڤەوە دەتوانن ببنە لەمپەر و كۆسپێك لەسەر ڕێگای سەركەوتنت.
هەندێ لە كەسانی دەوربەرت لەوانەیە ئاگاداری وزە و توانا و بەهرەكانی تۆ نەبن و ببنە هۆی كەوتنی تۆ و زۆرجاریش ڕەنگە ببنە هۆی ئەوەی كە تۆ گومان لە لیهاتوویی و كارایی و بەهرەكانی خۆت بكەیت.
ئەو بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی نائومێدی ودابەزینی ورەت بەڵام دەبێ ئەوەت لە بیربێت كە ئەوانی تر لەوبارەیەوە تاوانبار نین و تۆ تەنها یەك قوربانی بێتاوان نیت، دەبێ ئەوە بزانی كە برادەر و دۆست و هاوڕێكانت هەموویان بۆ خۆت ئینتخابت كردوون .
6)    نەبوونی سەرچاوە
هیچ شتێك لەوە ناخۆشتر نییە كە مرۆڤ سەرەڕای هەموو تواناكانی كە پێویست بۆ سەركەوتن، تەنها لە بەر هەندێ هۆكار كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەون لە كاروانی سەركەوتن داوكەوێت . نەبوونی سەرچاوەی دارایی و یان كەمی كات و وەخت یان بەهۆی سەرپەرشتیكردنی بنەماڵە یان بوونی هەندێ بەرپرسیارێتی تر دەتوانن ببنە رێگر لە سەركەوتنی مرۆڤ. بەهەژاری گەورەبوون و یان بەخێوكردنی كەسانی نزیك و سەرقاڵبوون بە هەندێ كاری تر دەتوانن ڕوانین تۆ بۆ سەركەوتن بگۆڕن . دەبێ ئەوەش بزانن كە ژیان و ئیشوكار هەمیشە بە مەیلی مرۆڤ ناگەڕێن .
هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بزانرێت كە سەركەوتن تەنها لەسەر بنەمای بەرواردكردنەكان نییە بەڵكو بە پێی شوێن و زەمان و بارودۆخ دەگۆڕێت و پێوەركانیش بە هەمان شێوە گۆڕانی بەسەردا دێت.
 لە لایەكی تریشەوە دەبێ ئەوەش بزانین كە ژیان و ئامانجەكانی كە مرۆڤ لەبەرچاوی دەگرێت گۆڕانی بەسەردا دێ و لەم هەلومەرج و بارودۆخەدا تواناییەكانی تۆش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان  پێوەرێكی گەورەیە بۆ سەركەوتن.

روانینی دەروونی پێویستێكی تر
مامۆستا ، راهیبە، ئەفسەری سوپا، بەردەست و كارگوزار هەر كامیان بە شێوازێك دەتوانن سەركەوتوو بن ، بەڵام ئەگەر سەركەوتووش نەبوون نابێ نائومێد و هیوابڕاو بن، بەڵكو دەبێ هەنگاوێك بۆ دواوە بگەڕێنەوە و هۆكاری سەرنەكەوتنەكە شرۆڤە بكەن و رێگەچارەی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. چ دۆستانتان كەمتەرخەم بوون چ خۆتان ، هەمووی بخەنە بەر باس و خواس و بە وردی خوێندنەوەی بۆ بكەن و هەنگاوی باشتر بۆ بەكارهێنانی دەرفەتەكان هەڵبگرن بۆ ئەوەی زیارت سەربكەون.

سەرچاوە/ سایت مردمان