ئازادی
خۆدزینەوە لە ئازادیی بە ناوی ئازادییەوە
بهختیار عهلی
ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 450 و 451 ی خۆیدا بە دووبەش نوسینێکی هەردی محەمەدی لەسەر وتارێکی من بە ناونیشانی ( دیدگەلێک سەبارەت بە «دەربارەی عەقڵی ئازاد» ی بەختیار عەلی) بڵاوکردۆتەوە، هەستمکرد بڕێکی زۆر لە هەڵەتێگەیشتن و هەڵەکردن و تاک ڕەهەندی لە نوسینەکەی بەڕێزیاندا هەیە کە پێویستیان بە قسە لەسەر کردن هەیە، بە تایبەت بابەتی باسەکە دەربارەی ئازادیی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و گرنگترین کێشە فیکرییەکانی دونیا و هەمیشە قسەکردنی زیاتر هەڵدەگرێت. زۆربەی بۆچوونەکانی کاک هەردی لەسەر پەراگرافێکی بچوکی نوسینەکەی منە و باس لەوە دەکات کە من باوەڕم بەوە هەیە مرۆڤ ئازادە و ئەوان بە پێچەوانەوە پێیان وایە مرۆڤ ئازاد نییە و هیچ نییە جگە لە بوونەوەرێکی بایۆلۆژی کە لە کۆمەڵگادا لەدایک دەبێت و کۆمەڵگا ئازادیدەکات و شتێک نییە ناوی ئازادیی تاک بێت و ئازادیی هیچ نییە جگە لە بیناکراوێکی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا ئەم نوسینەی کاک هەردی بەشێکە لە چەند نوسینێک کە لەو چەند ساڵەی دواییدا هەڵگرانی عەقڵییەتی بەلشەفی و ژادانۆفی لەسەر هەندێک نوسینی من لێرە و لەوێ نوسیویانە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە تێکەڵەیەک بوون لە پەلاماری شەخسی و گووتنەوەی هەندێک تێزی ئایدۆلۆژی زۆر باو، بۆیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە پێویستم نەزانیوە هیچیان دەربارە بڵێم، بەڵام بە گونجاوم زانی ئەم وتارە وەک نمونەیەک لە ناو ئەو زنجیرە نوسینەدا وەربگرم، لەبەرئەوەی پێموایە دەکرێت دوور لە موهاتەرات لەسەر هەندێک لایەنی قسەبکەین. لەسەرەتاشەوە خۆم لە وەڵامی هەموو ئەو ڕستە و قسانەی ئەو برایە دەپارێزم کە بە ئاڕاستەی قسەی بێسوود دەمانبەن و ئەوانە بۆ خۆی جێدەهێڵم و تەنیا لەسەر ئەو جێگایانە دەگیرسێمەوە کە دەزانم دەکرێت خزمەت بە ڕوونکردنەوەی کێشەکە و دەوڵەمەندکردنی بکەم.
فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا، ئازادیی
سەرەتا ئەم برایە دەنوسێت کە گوایە هەوڵدەدات خوێندنەوەیەکی «سۆسیۆلۆژی» بۆ وتارەکەی من بکات، و دەیەوێت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» لەسەر نوسینەکەی من و لەسەر چەمکی ئازادیی بدوێت. ئەم ڕستەیە کە بە ڕوکەش گەلێک ئاسایی و بێگوناه و پاک دەردەکەوێت، بەڵام هەڵگری زنجیرەیەک هەڵەی ناوەکییە کە بەمجۆرە کورتیاندەکەمەوە:
1. جیاکردنەوەی چەمکی ئازادیی و بیرکردنەوە لە ئازادیی لە فەلسەفە، کارێکی نەکردەیە. ئازادیی بەرلەوەی تێرمێکی سیاسی یان سۆسیۆلۆژی بێت، تێرمێکی فەلسەفییە، هەڵبەت لە بەر ئەوە نا کە فەیلەسوفان بە درێژایی مێژوو پتر لە هەر گروپێکی دیکەی خەڵک لە مەسەلەی ئازادیی ڕاماون، لە بەرئەوەش نا کە سیاسەت لە تێگەیشتنیدا لە مەسەلەی ئازادیی بەردەوام دەبێت بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفە، بەڵکو لە بەرئەوەی ئازادیی وەک تێرم گرێدراوی ئەو کێشانەیە کە فەلسەفە سەروکاری سەرەکی لەگەڵیاندا هەیە و بابەتی تایبەتی فەلسەفەن. وەک «پرسیار دەربارەی ماهییەتی ئیرادە» «پرسیار دەربارەی چۆنێتی دروستبوونی هوشیاری» «پرسیار دەربارەی ماهییەتی خواست» «پرسیار دەربارەی پەیوەندی ئیرادەو مۆراڵ» «پرسیار دەربارەی پەیوەندی عەقڵ بە ئازادییەوە» «پرسیارەی دەربارەی من و ئەوانی دی» « پرسیار دەربارەی پەیوەندی ئازادیی بە ئەبستمۆلۆژیاوە کە یەکێکە لە هەر کێشە قورسەکانی فەلسەفە» «پرسیار دەربارەی گواستنەوەی ئەزموون و گواستنەوەی هوشیاری» «پرسیاری دەربارەی ماهییەتی زمان و ڕۆڵی لە بەستنەوە و سنوردارکردن یان گەورەکردنی سنووری ئازادیدا» «پرسیار دەربارەی چەمکی هەق» «پەیوەندی نێوان ئازادیی و مەسەلەی ڕەهابوون و ڕێژەداری لە مەسەلەی حەقیقەتدا» «مەسەلەی پەیوەندی لەش و عەقڵ وە رۆح و عەقڵ » «مەسەلەی تیور و پراکتیک» «مەسەلەی جیهانی فرتوئێل و جیهانی ڕاستەقینە» «مەسەلەی مردن و ئازادی» «مەسەلەی پەیوەندی جوانی و ئازادی» «چییەتی شوناس و چییەتی ئازادی» «کێشەی گۆڕانی مانای ئازادیی بە گۆڕانی مانای زانست» و دەیەها کێشەی جەوهەری تر کە پێکڕا سنووری ئەو کایەیە دروستدەکەن کە کایەی قسەکردنە لەسەر ئازادی. لێرەوە قسە لەسەر ئەوەی دەتوانیت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» قسە لەسەر ئازادیی بکەیت هیچ نییە جگە لە هەڵەیەکی گەورە، هیچ نییە جگە لە خۆدزینەوەیەکی گەورە لە کێشەی ئازادی. ئەم کێشە بنچینەییانەی ناو دونیای ئازادیی زۆربەیان دەکەونە دەرەوەی کایەی سۆسیۆلۆژیا، یاخود گەر سۆسیۆلۆژیا سەروکارێکی لەگەڵ هەندێکیاندا هەبێت، شێوازی مامەڵەی سۆسیۆلۆژی لەگەڵیاندا سروشتێکی میتۆدی و ڕێبازێکی بەرخوردی هەیە کە لە شێوازی مامەڵەی فەلسەفی جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە دژایەتی و ناتەباییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە کێشەی ئازادیی لەگەلێک ڕووەوە تەماشادەکرێت، کێشەیەکی جەوهەری مرۆڤە و زیاد لە گۆشەیەکی هەیە و گرێدراوی زیاد لە هەلومەرجێکە. بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە ئەوە فەلسەفەی ڕۆشنگەرییە کە لە ڕێگای جوڵاندنی چەمکی ئازادییە وە زەمینەسازی بۆ جیهانی نوێ دەکات، لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ هەموو گۆڕانکارییە گەورەکان لە تێگەیشتن لە مانای ئازادیدا لە «دیدی ئەبستراکتی فەلسەفەدا!!» بەدەستهاتوون لە هیچ قسەکردنێکدا لەسەر ئازادیی فەلسەفە لەدەرەوە نەبووە، هیچ کەس نەبووە بتوانێت بەبێ کۆمەکی فەلسەفە قسەی گرنگ و نوێ لەسەر ئازادیی بکات. قسەکردن لەسەر ئازادیی بەبێ گەڕانەوە بۆ فەلسەفە، واتە قسەنەکردن لەسەر ئازادی.
2. سۆسیۆلۆژیا خۆی وەک کایە هەرگیز لە فەلسەفە دانەبڕاوە، لێرەوە نیشاندانی سۆسیۆلۆژیا وەک کایەیەک کە دوژمنی فەلسەفەیە بۆچوونێکی هەڵەیە. سۆسیۆلۆژیا کایەیەکە هەمیشە لە پەیوەندییەکی تونددا بووە لەگەڵ فەلسەفەدا، جیاکردنەوەی زۆر تێرمی فەلسەفی لە تێرمی سۆسیۆلۆژی لە زۆر حاڵەتدا کارێکی نەکردەیە. سۆسیۆلۆژە گەورەکان زۆریان فەیلەسوفن و فەیلەسوفە گەورەکانیش هەندێکیان سۆسیۆلۆژن. هیچ سۆسیۆلۆژێکی گەورە لە مێژوودا نییە کە توانیبێتی تەواو خۆی لە فەلسەفە بەدوور بگرێت، ئیتر ئەوەی کاک هەردی محەمەد دەیەوێت شتێک بکات کە بە ماکس فیبەر و کارل مانهایم و جۆرج سیمل و والتەر بەنیامین و تالکوت بارسۆنز و ئەمیل دۆرکهایم و پیار بۆردیۆ نەکراوە، نیشانەی ئەوەیە گرفتێک لە سروشتی مامەڵەکردنی زانستی لەگەڵ کێشەکەدا هەیە. ڕاستە هەموو کایە زانستییەکان بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی شوناسی خۆیان و داڕشتنی تایبەتمەندێتی خۆیاندان، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کایانە لە دۆخی دژایەتی یەکدان. ئەمە بەو مانایە نییە کە تێرمە سۆسیۆلۆژییەکان لە فەلسەفەوە نەهاتوون یان لە فەلسەفەدا کۆتاییان نایەت. سۆسیۆلۆژیا و فەلسەفە لە جەوهەردا دوو کایەی هاوکارن، سۆسیۆلۆژیا سەرەتا کە لە لایەن «ئۆگۆست کۆنت»ـەوە بنەماکانی دادەڕێژرێت، خودی ئەو بنەمایانە لەسەر پایەکانی فەلسەفەی «پۆزێتفیزم» ڕادەوەستێت، لە کۆنتەوە بۆ سەر هابرماز و لۆمان و بۆردیۆ سۆسیۆلۆژیا لەوە نەکەوتووە پایە سەرەکییەکانی پایەی «فەلسەفی» بن.
3. لە هەموو هەڵەکانیش گەورەتر ئەوەیە کە ئەم برایە لە سەرەتادا و لە شوێنی دیکەشدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە نایەوێت بە «دیدی ئەبستراکت» ـی فەلسەفی سەیری مەسەلەی ئازادیی بکات، بێئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەک بدات ئاخۆ مەبەستی لە وشەی ئەبستراکت چییە؟. فەلسەفە لە هەموو دۆخەکاندا «بیرکردنەوەی ئەبستراکتە»، فەیلەسوف دکتۆر نییە لەسەر جەستەیەکی عەینی ئیشبکات، پەیکەرتاش نییە قەوارەیەکی کۆنکرێتی بتاشێت، فەیلەسوف کەسێکە کەرەستەی نوسین و بیرکردنەوەی لە «چەمکەکان ــ مفاهیم» پێکهاتووە. هیچ فەلسەفەیەک نییە بتوانێت ئەبستراکت نەبێت، چونکە خودی زاراوە فەلسەفییەکان، خودی زمان، خودی بیرکردنەوەی فەلسەفی، خودی چەمکەکان تەنیا لە ڕێگای ئەبستراکتەوە بوونیان هەیە. ئێمە لە سۆسێرەوە دەزانین کە لە بونیادی زماندا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاماژە وەک «یەکەیەکی فۆنەتیکی» و ئاماژەپێدراو «وەک یەکەیەکی عەینی» بوونی نییە. زمان لە جەوهەریدا ئەبستراکتە، فەلسەفەش بەبێ ئەبستراکتکردن بوونی نییە، لە بنەڕەتدا بوونی زانستێکیش خۆی لە ئەبستراکتکردن بپارێزێت نەکردەیە، زاراوەگەلی وەک «بوون» «عەدەم» «شوناس» «چییەتی» «ئیدیالەکان» «شوێن» «کات» و دەیەها زاراوەی تر کە کەم وزۆر زاراوە بنچینەییەکانی فەلسەفەن، هەموو چەمکی ئەبستراکتن. فەلسەفە بەم چەمکە ئەبستراکتانە بیر لە واقیع دەکاتەوە، بەبێ ئەو چەمکە ئەبستراکتانە نە فەلسەفە هەیە و نە زانست و نە تێگەیشتنیش لە واقیع، لێرەوە ئەو تێزەیە کە پێی وایە دەشێت «بیرکردنەوەیەک لە واقیع » هەبێت بەبێ « ئەبستراکتکردنی فەلسەفی» هیچ نییە جگە لە بەرهەمی تێنەگەیشتنی فەلسەفە. مرۆڤ دەتوانێت مومارەسەی ئازادیی خۆی بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ فەلسەفەیەکی ئازادی، بەڵام ناتوانێت بیر لە ئازادیی بکاتەوە یان لەسەر ئازادیی بنوسێت بەبێ گەڕانەوە بۆ تێرمە فەلسەفییە ئەبستراکتەکان. خودی سۆسیۆلۆژیاش لێوان لێوە لە تێرمی ئەبستراکت بۆ بیرکردنەوە لە واقیع، بۆیە ئەم برایە لەسەرەتاوە کێشەیەکی مەنهەجی گەورە دروستدەکات کە دەیەوێت «دوور لە دیدێکی فەلسەفی ئەبستراکت» بیر لە ئازادیی بکاتەوە و تەنیا سۆسیۆلۆژیانە لە ئازادیی بڕوانێت. هیچ کایەیەکی مەعریفی و زانستی بە تەنیا ناتوانێت لەسەر کێشەی ئازادیی بدوێت، هیچ بۆچوونێکیش ناتوانێت بە تەنیا بۆچوونەکانی تر بسڕێتەوە، ئەمە بابەتێکی سنووربڕە کە لە مەودای ئیشکردنی یەک کایەدا ناوەستێت، جگە لە فەلسەفەو سۆسیۆلۆژیا کێشەی ئازادیی بەبێ کۆمەڵێک کایەی تر ناخوێنرێتەوە، لە هەمووشیان بایەخدارتر، سایکۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا و ئابوورییە، هیچ یەک لەم کایانەش بە تەنیا لە ئاستی کێشەکەدا نین.
شێواندنی سارتەر
کاک هەردی بەشی زۆری نوسینەکەی خۆی لەسەر ئەم پەراگرافەی ناو نوسینەکەی من داڕشتووە کە دەڵێم: «من مەبەستمە لە ڕوانگە بوونگەراکەوە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە مرۆڤ بەجەوهەر ئازادە، وە دەتوانێت ئەم ئازادییە بەکاربهێنێت گەر بیەوێت. بڕێک لە ئازادیی هەیە مرۆڤ لەدەرەوەی دەستێنێت و لە پێناویدا جەنگ لەگەڵ سیستمی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات، بەڵام بەشێکی دیکەی ئازادیش هەیە کە لەناو مرۆڤ خۆیدایە و دەبێت خۆی لە خۆیدا بەرەڵایبکات». بۆچوونی بەڕێزیان لەسەر ئەم پەرەگرافەی خوارەوە، بەمجۆرەیە: 1. ئەم بیرۆکەیە مرۆڤ وەک «کائینێکی وەهمی!!» لەدەرەوەی واقیع دەبینێت. کە هێندەی هەڵم و خەیاڵە لە واقیعدا بوونی نییە. 2. گرنگ بە هەلومەرجی بوونی کۆمەڵایەتی نادات. 3 . مرۆڤ بەبەر لەدایک بوون دەپێوێت. 4. ئازادیی وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی نابینێت.
لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی بۆ ئەو پەرەگرافە لە ناوەڕاستی نوسینەکەی مندا بێئەوەی بە قووڵی ئاوڕ لە پەرەگرافەکانی پێشتر یان دواتری نوسینەکە بداتەوە لە ئەمانەتی زانستییەوە بە دوورە، چونکە بە گەڕانەوە بۆ بەشەکانی تری وتارەکە تا ئەندازەیەکی دی ئەو دەرەنجامگیریانەی کاک هەردی کردونی بڕێکی زۆر لە زەمینە و لۆژیکی خۆیان دەدۆڕێنن، بەڵام هەر لە ناو خودی ئەو پەرەگرافەدا کە تەنیا لە چوار ڕستە پێکهاتووە، زۆر بەڕوونی نوسراوە « بڕێک لە ئازادیی هەیە مرۆڤ لەدەرەوەی دەستێنێت و لە پێناویدا جەنگ لەگەڵ سیستمی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا دەکات ». واتە هەموو وتارەکەش بخەرە ئەولاوە و تەنیا ئەو چوار ڕستەیە بخوێنەوە تێدەگەیت کە من باس لە دوو ڕەهەندی ناو پرۆسەی ئازادبوون دەکەم، ڕەهەندێکیان «ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریە» وە ڕەهەندێکی دیکەیان گرێدراوی ئامادەگی مرۆڤە بۆ ئازادی، واتە پەیوەندی بە ئازادیی ئیرادەو عەقڵەوە هەیە. من لەسەرەتای وتارەکەوە، لە هەموو پەرەگرافەکانی پێشەوەدا بەوردی باسی پەیوەندی ئەو دوو ئاستەم کردوە. خودی باسەکە لەسەر جیاکاریکردن لە نێوان دوو چەمکدا دروستبووە کە چەمکی ئازادیی و چەمکی ئازادە. بە ڕوونی لەوێدا نوسیومە: « ئازادیی سیفەتی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتییە، یان سیفەتی خواستەکانمانە بۆ ئازادبوون، بەڵام «ئازاد» سیفەتی عەقڵ و ئیرادەی مرۆڤی تاکە کە دەتوانێت ئازادیی بەکاربهێنێت». واتە وتارەکە لە جەوهەردا لەسەر کێشەی گۆڕینی ئازادیی عەقڵ و ئیرادە بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی نوسراوە. وتارەکە لە هیچ جێگایەکدا و منیش بەدرێژایی مێژووی نوسینی خۆم لە هیچ جێگایەکدا نەمگووتووە ئازادیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵام هەمیشە گووتوومە و پێی لەسەر دادەگرمەوە کە ئازادیی بە تەنیا دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، وە کورتکردنەوەی ئازادیی بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو دەرگایەیە کە هەموو شتە دزێوەکانی وەک دیکتاتۆرییەت و ستەم و نەزانین و تۆتالیتارییەتی لێوە دێتە ژوورێ. لێرەوە بۆچوونی ئەو برایە هیچ نییە جگە لە هەڵەیەکی گەورە کە بە هۆی تێنەگەیشتن لە بابەتی وتارەکە و تێنەگەیشتن لە مێژووی فیکری نوسەرەکە دروست بووە.
لەم هەڵەیە بەدتر ئەو تێگەیشتنەیە لە بوونگەرایی سارتەری. ئەم قسانە لەسەر بوونگەرایی وەک فەلسەفەیەک کە گوایە بایەخ بە کۆمەڵگا نادات، و مرۆڤ لەدەرەوەی واقیع دەبینێت و ئازادیی وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی ناخوێنێتەوە، شێواندنێکی گەورەیە بۆ سارتەر، ڕستێک هەڵەن هەندێک لە مارکسییەکانی شەست و حەفتاکان دەیانکرد. هەڵەیەکی گەورەیە بڵێین سارتەر باوەڕی بە واقیع و کۆمەڵگا و خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ ئازادیی نەبووە، ئەمە بێئاگاییەکی ڕەها و بێ چەند و چوونە دەرهەق بە کەسێک کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پشتگیریکردنی خەباتی زۆربەی گەلانی دونیادا بینیوە، ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی خۆی بووە، مێژووی سەدەی بیست فەیلەسوفێکی تری تێدا نییە بە ئەندازەی سارتەر و برتراند راسل ڕاستەوخۆ خۆیان لە خەباتی ئازادییەوە ئاڵاندبێت و هاتبێتنە سەرشەقام بۆی، بە ئەندازەیەک هەندێک سارتەر بە ویژدانی سەدەی بیست ناودەبەن. لەوە بترازێت ئەم برایە ڕێک سەد دەر سەد بە پێچەوانەی بوونگەراییەوە باس لە بوونگەرایی دەکات. بێئەوەی لە وتارەکەی مندا یان لای سارتەر یەک دێڕ بهێنێتەوە، پاڵپشتی ئەو دەرەنجامانە بێت کە دەیخاتە پاڵمان. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو هەموو هەڵە گەورانە بدەمەوە، دەمەوێت کۆمەڵێک قسە لەسەر چەمکی ئازادیی لە بوونگەرایی سارتەردا بکەم، بەڵام لەسەرەتاوە دەڵێم کە ناچارم قسەکان ئێجگار چڕ و کورتبکەمەوە، چونکە کێشەی ئازادیی لە فەلسەفەی سارتەردا تەواو گرێدراوی قووڵایی فەلسەفەکەیەتی و لە کۆی بونیادی فەلسەفی ئەو بە زەحمەت جیادەکرێتەوە، ئیدی تەنیا دەتوانم لەسەر ئەو ڕەهەندە بدوێم کە تایبەتە بەوەڵامی هەڵەکانی ئەو برا نوسەرەمان. یەکەم کە سارتەر دەڵێت ئازادیی لە جەوهەری بوونی مرۆڤدایە، ئەم ئازادییەی سارتەر باسیدەکات، ئەو ئازادییە سیاسییە نییە کە لای کاک هەردی تێکەڵاوکراوە. مرۆڤ دەبێت تەواو بێئاگای فەلسەفە بێت، ئەوسا دەکەوێتە تێکەڵاوکردنی لەمجۆرەوە، ئەو ئازادییەی سارتەر لێیدەدوێت بە مانای ئەوە نییە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا ناژی و ئازادیی کۆمەڵایەتی نرخی نییە و مرۆڤ نابێتە دیل و کۆت ناخرێتە دەست و قاچی و نابێت خەبات بۆ ئازادیی بکات و ئەو ماهییەتی پێش لەدایکبوونی دەستنیشانکراوە. ئەمە تێگەیشتنێکی کاریکاتێرییە لە سارتەر و سەد دەر سەد پێچەوانەی تێگەیشتنی سارتەرە بۆ ئازادی، چونکە سەیرکردنی مرۆڤ لای سارتەر وەک بوونەوەرێکی ئازاد یاخود گووتەزای «مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی» لای سارتەر ئەلتەرناتیڤی ئازادیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەرجی ئەو ئازادییە و بنەما و زەمینەیەتی. ئازادیی وەک جەوهەری مرۆڤ ئەو تێزەیەیە کە بەرەو ئازادیی وەک جەوهەری کۆمەڵگامان دەبات، لێرەوەیە کە سارتەر بەدرێژایی ژیانی خەباتگێڕێکی گەورەی ئازادیی کۆمەڵایەتی بووە.
کە سارتەر دەڵێت «مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی» ئەوە مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ لە هێنانەدی ئەو ئازادییەدا و لە پیادەکردن و پراکتیککردنیدا کێشەی تووش نایەت و ئازادیی بێ گرێ و گرفت لە جیهانێکی ئازاددا دەژی، بەڵکو بەو مانایەی مرۆڤ بەرپرسە لە ماهییەتی خۆی، واتە بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکانی و ئامێرێکی کۆککراو یان پەڕەیەکی سپی و بێگیان نییە، خودا یان مێژوو یان کۆمەڵگا هێڵکاریان لەسەرکردبێت و خۆی بەرابەر بیرکردنەوە و ئارەزوو و خواستەکانی بەرپرس نەبێت. ئەوەی لای سارتەر بنەڕەتییە، ئەوەیە ئازادیی بەش بەش ناکرێت، بەوەی مرۆڤ لە جێگایەکدا ئازاد بێت و لە جێگایەکی تردا ئازاد نەبێت، لێرەدا تۆزێک ئازاد بێت و لەویادا تۆزێکی تر. لای سارتەر مرۆڤ هەمیشە ئازادە، بەڵام چۆن؟ ئاخۆ شتێک نییە ناوی جەبربێت، ئایا سارتەر باوەڕی بە کۆمەڵگا و هەبوونی مەرج و هەبوونی جەبر و هەبوونی کۆت و پێوەند و چەوساندنەوە نییە؟. بێگومان سارتەر باوەڕی بە هەموو ئەم شتانە هەیە، بەڵام باوەڕی بە ئازادیی مرۆڤیش هەیە. بەو مانایەی مرۆڤ تەنیا لە ناو ئەو جەبر و چەوساندنەوەیەدا دەتوانێت ئازادیی خۆی پیادەبکات و بیخاتە ئیش. لە پێناسەی سارتەردا ئازادیی مانای پیادەبوونی بەهەشت و هاتنەدی یەکسانی و سەرهەڵدانی یۆتۆپیاکان نییە، مانای کەمبوونەوەی ئازار و دەردەسەرییەکان نییە، مانای ئەوە نییە کە ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ هەمیشە ڕێپێدراوە و زاڵە و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بەڵکو ئازادیی بە مانا سارتەرییەکەی زیادبوونی بەرپرسیارێتی مرۆڤە بەرابەر برا مرۆڤەکانی. مرۆڤ لەبەرئەوەی ئازادە دەتوانێت «هەست بە نەمانی ئازادیی بکات»، ئازادیی دەبێت هەست بەبوونی بکرێت تا هەست بە نەبوونی بکرێت. گەر بڵێین مرۆڤ بە جەوهەر ئازاد نییە، واتە دەڵێین مرۆڤ نییە یان دەڵێین کۆیلەیە، کە مرۆڤ بە جەوهەر کۆیلە بوو ناکۆکییەک لە نێوان «دۆخی کۆیلەیەتی» و «جەوهەری کۆیلەی مرۆڤ» دا دروست نابێت. کۆیلەیی کاتێک دەبێتە دۆخێکی نائاسایی، کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا ناتەبێت و بەر ئەو جەوهەرە بکەوێت و ناکۆکی لەگەڵدا دروستبکات، واتە مرۆڤ دەبێت بە جەوهەر ئازاد بێت تا بتوانێت ئیش بۆ ئازادیی بکات، کۆیلە دەبێت ئیرادەیەکی ئازادیی لە ناودا بێت، هێزی بڕیاردانی تێدا بێت، توانای هەڵوێستگیری تێدابێت ئەوسا دەتوانێت لە کۆیلەیی دەربچێت. کۆیلەیەک گەر هیچ لە ئازادیی نەزانێت وەک «ئەم برایە نوسیوێتی» واتە ناتوانێت «بڕیاربدات»، ناتوانێت «هەڵوێست وەربگرێت»، ناتوانێت «ئیش بۆ ئازادی» بکات. ئازادیی لای سارتەر مانای «توانای بڕیاردان» «توانای هەڵبژاردن» «توانای هەڵوێست وەرگرتن» «توانای ئیشکردن». لێرەوەیە «مەحکوم بوونی مرۆڤ بە ئازادی» لەوەوە هاتووە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هوشیار کە هوشیارییەکەی هەمیشە «هوشیارییە بە شتێک» توانای هەڵبژاردن و بڕیاردان و پلاندانانی پێدەبەخشێت، ئەم ئازادییە سارتەرییە نەوەک لەگەڵ چەمکی ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ناتەبا نییە، بەڵکو ئەو زەمینەیەیە کە ئەو ئازادییانەی لەسەر دەوەستێت. مرۆڤ گەر نەتوانێت بڕیاربدات، هەڵبژێرێت، هەڵوێست وەربگرێت، ئیشبکات، ناتوانێت لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە ئازاد بێت. ئەم برایە وێنەیەکی ئازادیی لایە وەک ئەوەی ئازادیی شتێک بێت لە کارخانەکانی کۆمەڵگادا دروستبکرێت و بە دیاری بدرێت بە مرۆڤ، بێئەوەی بە ناو ئیرادە و عەقڵ و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤدا ڕۆیشتبێت. ئەمە تەنیا کاریکاتێرترین وێنەیەک نییە مرۆڤ بۆ ئازادیی بکێشێت، بەڵکو ترسناکترینیشیانە. گەر ئازادیی کاڵایەکی کۆمەڵایەتی ڕووت و قووت بێت و لە ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ خۆیەوە نەهاتبێت، واتە مرۆڤ ئازاد نییە، بەڵام هێزێکی لە خۆی گەورەتر ئازادیی دەکات، ئەمە ئەو تێزەیەیە کە دینەکان و ئایدۆلۆژیاکان و دیکتاتۆرەکان بە درێژایی مێژوو شانیان داوەتە سەر، ئەوەی بە مرۆڤ بڵێین تۆ بە جەوهەر کۆیلەیت و هیچ لە ئازادیی نازانێت و ئێمە ئازادتدەکەین و فێرتدەکەین و پێتدەخوێنین چۆن ئازاد بیت. هەر کات بڵێین مرۆڤ ئازاد نییە و نازانێت ئازادیی چییە و کۆمەڵگا فێری ئازادیی دەکات و ئازادیی گەمەیەکە مرۆڤ بە هوشیاری خۆی و بە هەڵبژاردنی عەقڵانی خۆی نایبات بەڕێوە، واتای دەرگا لەسەر ئایدۆلۆژیاکان و سەرکردە ئیلهام بەخشەکان و گروپە پێشەنگەکان و حیزبە ڕابەرەکان دەکەینەوە کە شکۆی خۆیان لەسەر ئەوە بونیات بنێن خەڵکی فێری ئازادبوون بکەن. ئەمە بەشێکە لەو خورافەتەی فەلسەفەی سارتەری لە بەرابەری دەوەستێت و لە دژی دەجەنگێت.
ئازادیی لای سارتەر گرێدراوی کار و هەلومەرجی دیاریکراو و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕوداو و لەگەڵ ژیاندایە، واتە جیاواز لە دیدی کیرکجارد، ئازادیی لای سارتەر ڕەهەندێکی میتافیزیکی نییە، بەڵکو گرێدراوی ئیشکردنە لەگەڵ واقیعدا، ئەو لەم مەسەلەیەدا زۆرجار زیادەڕەوییەکی گەورەش دەکات هەتا دەگاتە ئەوەی «بوونگەرایی» بە کەسی سادەوە گرێبدات و دەڵێت « بوونگەرایی بۆ مرۆڤی سادەو ئاسایی دەگەڕێت، بۆ مرۆڤی بەرجەستە، لەو شوێنەی بۆی دەچێت و لەو جێگایەی لێی دەوەستێت. لە کاتی ئیشدا، لە ماڵەوە، لەسەر جادە» «مێتزگەر. ل114 » واتە یەکێک لە غایەتە سەرەکییەکانی سارتەریزم گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤی سادە و ڕاستەقینە و هێنانەوەی بۆ سەر شانۆی فەلسەفە . لێرەوە چەمکی «کار» لە فەلسەفەی ئازادیدا لای سارتەردا شوێنێکی گرنگی هەیە. ئەو ڕای وایە «حەقیقەتی مرۆڤ لە ناو جەوهەری کارەکەیدایە» « مێتزگەر. ل 115». بوونی مرۆڤ لە جیهاندا و لە نێوان شتەکاندا شوێنێکی گرنگی لە فەلسەفەی سارتەردا هەیە، جیانەکردنەوەی مرۆڤ لە کایەی کۆمەڵایەتی و سەیرکردنی وەک خولقێنەر بۆ مێژووی خۆی، یەکێکە لە تێزە بنەماییەکانی ناو فەلسەفەی ئەو، جگە لەوەی یەکێک ئەلف و بێی فەلسەفەی بوونگەرای ناسیبێت دەزانێت زاراوەی «دەزاین» یاخود «بوون لە جیهاندا» یەکێکە لە هەرە زاراوە بنەمایی و سەرەکییەکانی فەلسەفەی بوونگەرا.
کار لای سارتەر لە «نیازی کار»ـەوە دەست پێدەکات، کار بە تەنیا بریتی نییە لە جوڵە بۆ شتێک، بەڵکو بریتییە لە نیاز و ئامانج. ئامانج واتە خواستی گەیشتن بە شتێکی دی، دابڕان لە دۆخێک و ئاڕاستە وەرگرتن بەرەو دۆخێکی تر، واتە جیابوونەوە لە ئێستا و بیرکردنەوە لە جۆرە بوونێکی دیکە و دانانی پلانێکی دیکە بۆ ژیان. لای سارتەر مرۆڤ ئەو شتەیە کە دەیەوێت ببێت. بۆ نمونە کۆیلە ناتوانێت ئازادبێت گەر نەیەوێت ئازادبێت، بوونی بە کەسێک کە کۆیلە نییە گرێدراوی نیاز و خواستێتی کە کۆیلە نەبێت، لێرەوە کاتێک کۆیلە بڕیاردەدات کۆیلە نەبێت، کاتێک دەکەوێتە ئەوەی ماهییەتی خۆی وەک ماهییەتی مرۆڤی ئازاد ببینێت وە دەکەوێتە گەڕان بەدوای جیهانێکدا ئەو ئازادییەی تیا پیادەبکات، لەو کاتەوە ئازادبوون وەک پرۆسەو پراکتیک نەوەک جەوهەر دەست پێدەکات. کۆیلە لە هەمان کاتدا ئازادە کە ئازاد نەبێت، ملیۆنەها مرۆڤ لەم سەر زەمینە بە گژ هەلومەرجی ژیانی خۆیان و جەبرەکانی دەوروبەریاندا ناچن، ئەوە هەڵدەبژێرن لەگەڵ واقیعدا تەبابن، ئەوانەش ئەو ئازادییە هەڵدەبژێرن کە ئازاد نەبن. ئازادیی لای سارتەر ئەو وێنە کاریکاتێرییە نییە کە گوایە مرۆڤ پێش لە دایکبوونی ئازادە و ئیتر کۆمەڵگا گرنگ نییە و پێویستە کاک هەردی بیری من و سارتەر بخاتەوە کە نەمانزانیوە شتێک هەیە ناوی کۆمەڵگایە و مرۆڤ لە دارستان لە دایک نابێت و شوێنێک هەیە ئێمە بیرمان چۆتەوە و ناوی کۆمەڵگایە.
ئەم برایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت مرۆڤ ئازاد نییە، باس لەوە دەکات مادام مرۆڤ جیهانی دەرەوە ناواخن دەکات، کەواتە هەموو شتەکانی مرۆڤ لە وتار، بیر، قسەکردن، حەز، زەوق دروستکراوی دەرەوەن، چونکە دروستکراوی دەرەوەشن کەواتە پێچەوانەی ئازادین و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ ئازاد نییە. لە ڕاستیدا من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەوەدا نییە کە بەڵێ مرۆڤ لە جیهاندا دەژی، وە جیهان کاریگەری خۆی لەسەر دید و بۆچوونی مرۆڤ جێدەهێڵێت، بەڵام ئەم ڕاستییە لە یەک کاتدا لەگەڵ ئازادیدا ناتەبا دەکەوێتەوە، گەر هاتوو ئازادیی مرۆڤمان لەگەڵ ئازادیی خودادا تێکەڵکرد. ئازادیی مانای ئەوە نییە هیچ شتێک کاریگەری بەسەر مرۆڤەوە نەبێت و مرۆڤ خۆی خولقێنەری موتڵەق بێت و خۆی جیهانی دەرەوە و جیهانی ناوەوەی دروستبکات، گەر واش نەبوو کەواتە مرۆڤەکان ئازاد نیین و دەبێت یەکێکی تر ڕزگاریانبکات. ئازادیی لای کاک هەردی ئەوەیە مرۆڤ دەسەڵاتی موتڵەقی بەسەر دەرەوە و ناوەوەدا هەبێت، بەسەر سروشت و بایۆلۆژیا و ژیاندا، بەوەدا مرۆڤ ئەم دەسەڵاتە موتڵەقەشی نییە و نایبێت کەواتە ئازاد نییە. لە ڕاستیدا جیاوازیکردن لە نێوان وێنەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ وێنەی خودا وەک خولقێنەرێکی موتڵەق، جیاکارییەکی گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی لە ئازادیی تێبگەین. من کە دەڵێم مرۆڤ ئازادە، مەبەستم لەوەیە مرۆڤ بوونەوەرێکە عەقڵی هەیە، دەچێتە ناو کارەوە، توانای گۆڕینی هەیە، دەتوانێت هەڵوێست وەربگرێت، دەتوانێت یاخیببێت، دەتوانێت شۆڕشبکات، دەتوانێت عەقڵ وەک هێزێکی ڕزگارکەر دژ بە جەبرەکان بەکاربهێنێت، دەتوانێت شوناسی خۆی بگۆڕێت، دەتوانێت پلان دابنێت، دەتوانێت پەشیمان ببێتەوە، دەتوانێت کۆچبکات، دەتوانێت بەرگریبکات، دەتوانێت قەبووڵبکات، دەتوانێت ڕەتیشبکاتەوە، واتە دەتوانێت دروستکەری ماهییەتی خۆی بێت، وەک چۆن دەتوانێت واز لە هەموو ئەوانەش بهێنێت و وەک کۆیلەیەک یان ڕۆبۆتێک بژی. هەڵبەت کە مرۆڤ هەموو ئەم توانایانەی خۆی ئیفلیجکرد، کە هەموو ئەو وزە ناوەکییەی خۆی بەرەڵا نەکرد، کە توانای لەسەر بیرکردنەوە و بڕیاردان و هەڵبژاردن ئیفلیجکرد و نەیخستە کار، کە ئازادیی خۆی لە بیربردەوە، کاریگەرییەکانی دونیای دەرەوە، هێزی نۆرم و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و کولتوورییە باڵادەستەکان وەک پوشی دەم ئاو لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. هەر بۆیە فەلسەفە لە کانتەوە بۆ نیتشە، بۆ مارکس تا سەر سارتەر و پۆست مۆدێرنەکان، هەوڵێکی نەپساوە بۆ ئەوەی نەهێڵرێت مرۆڤ ئازادیی خۆی لە بیربباتەوە.
ئازادیی لای سارتەر بریتییە لە توانای مرۆڤ لەسەر ئەوەی درزێک لە گەڵ دونیای دەوروبەردا دروستبکات « مێتزگەر. ل125 ». وشەگەلی وەک تێپەڕاندن، سنووربەزاندن، لەمپەرشکاندن، وشەگەلە گەلێک باو و خۆشەویستەکانی ناو زاری سارتەرن، سارتەر هەمیشە باوەڕی وابووە کە پاشەڕۆژ هێشتا دەستی پێ نەکردوە و ئەوە کرداری مرۆڤ و سنوورشکاندنەکانی ئەوە پاشەڕۆژ دروستدەکات. «هایمان ل. 21». مرۆڤ لای ئەو بوونەوەرێکە دەتوانێت پلانی گۆڕینی خۆی و دەوروبەری دابڕێژێت، نیازی نەفیکردنیان و لادانیان بخاتە بەرنامەی خۆیەوە، لێرەوەیە کە سارتەر بە فەیلەسوفی پراکسیس و کردار دەناسرێت. بۆ نمونە: زیندانێک دەیەوێت هەڵبێت، خودی نیازی هەڵهاتن، خودی پلانڕێژی بۆ هەڵهاتن و بیرکردنەوە لە هەڵهاتن جەوهەری ئازادیی و ماهییەتی ئازادیی ئەو نیشاندەداتەوە، مەرج نییە بتوانێت هەڵبێت، دەشێت لە کاتی هەڵهاتندا بکوژرێت، بگیرێت، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەو زیندانە بەجەوهەر مرۆڤێکی ئازادە، وە ئازادیی خۆی لەسەر نەفیکردنی کۆیلەیەتی و دیلی بونیادناوە. سارتەر دەڵێت مرۆڤ ئازادە، بەڵام نەیگووتووە کە مرۆڤ جیهانی دەوروبەری و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت و دروستیدەکات، وە نەیگووتووە کە جیهان دەرفەت بە مرۆڤ دەدات چی دەوێت بیکات، بە پێچەوانەوە پێناسەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە بەبێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە جیهانەوە، یەکێکە لە زاراوە بوونگەرا بنەڕەتی و سەرەتاییەکان، بەڵام بە ڕای سارتەر مرۆڤ ماهییەتێکی نەگۆڕی نییە و پێکهاتێکی سروشتی داخراویی نییە کە لە «ناو ــ خۆیدا In-sich» گیریکردبێت، بەڵکو بوونێکە «بۆ ـ خۆی für sich » «یاکۆبی 112»، واتە دەتوانێت ماهییەتی خۆی هەڵبژێرێت و دیاریبکات، نەوەک جیهانی خۆی هەڵبژێرێت و دیاریبکات. من ناتوانم لە دایکبوونمەوە ئەو کۆمەڵگایە هەڵبژێرم کە تیادەژیم، بەڵام دەتوانم لە دژی سیستمی سیاسی و کولتووری و ئەخلاقی و فیکری کۆمەڵگا یاخیببم. لێرەوە سەد دەر سەد بە پێچەوانەی قسەکانی کاک هەردییەوە، کاتێک سارتەر دەڵێت «بوون پێش ماهییەت دەکەوێت» واتە مرۆڤ بەردەوام لە پێشدەم خۆئەزموونکردن و خۆگۆڕیندایە، بەردەوام لە ڕێگای جەبری ئازادییەوە ماهییەتی خۆی دروستدەکات، ئەوەی سارتەر مرۆڤ بەو بەهایانە بپێوێت کە پێش لە دایکبوونی ئەو دیاریکراون، هەڵەیەکی گەورەیە لە تێگەیشتنی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی فەلسەفەی بوونگەرادا. کاتێک بوون پێش ماهییەت دەکەوێت، واتە ماهییەت شتێکە مرۆڤ خۆی بۆ خۆی و لە ڕێگای بڕیار و هەڵبژاردنەکانییەوە دروستیدەکات، وە بە پێچەوانەشەوە ئەوە چەمکێکی وەک چەمکی هەبیتۆسە کە دەڵێت مرۆڤ پێشوەخت و پێش لەدایکبوونی و لە رێگای بۆماوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ماهییەتی دیاریدەکرێت، ئەوە خوێندنەوەی مرۆڤ بە چەمکگەلی وەک هەبیتۆسە دەمانگەێنێتە ئەو بڕوایەی بوونی مرۆڤ بە نۆرمەکانی پێش خۆی بپێوین و پێمان وابێت ماهییەتی پێش بوونی دەکەوێت. بەڵام ئازادیی لای سارتەر تەنیا نیاز و کار و هەڵبژاردنیش نییە، بەڵکو قووڵ بە زاراوەیەکی دیکەشەوە گرێدراوە کە زاراوەی «دەروەستییە ــ التزام». مرۆڤ لای سارتەر کە بڕیارێک یان هەڵوێستێک هەڵدەبژێرێت، وەک ئەوە وایە بۆ کۆی مرۆڤایەتی و لە بری کۆی مرۆڤایەتی ئەو هەڵوێستەی وەرگرتبێت، دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت کە دەرەنجامەکانی تەنیا بۆ خۆی نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم کایەی کۆمەڵایەتی و گشت مرۆڤایەتییە، مرۆڤ لە ڕێگای هەڵبژاردنەکەیەوە داوادەکات کە کۆی مرۆڤەکانی دی هەمان هەڵوێست وەربگرن. لێرەوە ئەم چەمکە سارتەرییە «کە بە بڕوای من زۆر لە چەمکی «کاتاگۆریشە ئیمپریاتیڤی» ئەمانۆئێل کانتەوە نزیکە» فەلسەفەی سارتەر دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەیەکی ئەخلاقی قووڵ وە مرۆڤ قووڵ بە بەرپرسیارێتییەوە بەرابەر جیهان گرێدەدات، بە پێچەوانەی بۆردیۆ یاخود فرۆیدەوە کە هەردووکیان بە ڕێگای جیا ڕۆڵی سروشتی ناهوشیار و نابەرپرسی مرۆڤ زۆر گەورە دەنرخێنن.
شێواندنی هۆبز
لە هەڵەیەکی گەورەی دیکەدا ئەم برایە دەنوسێت کە گوایە تێزی سارتەر دەربارەی جەوهەری ئازادیی مرۆڤ، درێژکراوەی تێزی «دۆخی سروشتی» یە لای هۆبز و لۆک. لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، نە فەلسەفەی ئازادیی لای سارتەر درێژکراوەی چیرۆکی دۆخی سروشتییە و نە ئەو ئازادییەی سارتەریش باسیدەکات پەیوەندی بە تێزەکانی هۆبزەوە هەیە. چەمکی دۆخی سروشتی لای هۆبز و لۆک و تاڕادەیەکیش ڕۆسۆ چیرۆکی دۆخێکی گریمانەیی «ئیفتیرازی» و خەیاڵییە کە تیایدا مرۆڤ بەبێ دەسەڵات و بەبێ هیچ شێوەیەکی حوکمڕانی و بەبێ یاسا و بەبێ دەرکەوتنی مرۆڤ وەک زاتێکی قانونی ژیاوە. واتە هۆبز دۆخێکی مێژوویی گریمانەدەکات بۆئەوەی لە ڕێگای ئەو گریمانەیەوە بۆ شەرعییەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت و یاسا بگەڕێت. هۆبز داوادەکات مرۆڤ لە خەیاڵی خۆیدا پێشبینی دۆخێک بکات کە دەسەڵات بوونی نییە و هێزی دەوڵەت و یاساکانی و ئەو کولتوورەی دەوڵەت لە ناو مرۆڤدا چاندوێتی بسڕێتەوە و ئەوسا سەیربکات و بزانێت چی لە مرۆڤ دەمێنێتەوە؟. هەڵبەت ئەوەی دەمێنێتەوە مرۆڤێکی سروشتییە پێش ئەوەی بچێتە نێو هیچ پەروەردەیەکی شارستانییەوە. هۆبز پێیوایە کە «مرۆڤی سروشتی» بوونی نییە و نەبووە و هەرگیزیش نابێت، بەڵام بۆئەوەی لە مانای بوونی دەوڵەت تێبگەین دەبێت وێنەنمای ئەو مرۆڤە لە خەیالی خۆماندا بکەین، وە لەسەر بنەمای ئەو وێنەیە لە ناوەڕۆک و مانای ژیانی سیاسی تێبگەین «کرستینگ. ل 68ــ 70». هۆبز دەپرسێت ئاخۆ هەڵگرتنی هەموو فۆرمێکی دەسەڵات ژیانێکی جێگیر و دۆخێکی سەقامگیر لە نێوان مرۆڤەکاندا دروستدەکات؟ تیورەی دۆخی سروشتی لێرەدا بەدەرەنجامێکی نێگەتیڤەوە دێتەدەرێ و دەڵێت مرۆڤ خۆ بە خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە و توانای ئەوەی نییە بێ هیچ فشارێک دۆخێکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ بونیادبنێت «کرستینگ. ل 108». بەڕای ئەو لە دۆخی سروشتیدا مرۆڤەکان لە بەرئەوەی یاسایەک لەسەروویانەوە نییە و ترسێک لەبەردەمیاندا نییە، گەر بۆیان بلوێت وەک گورگ ڕەفتاردەکەن، لێرەشەوە ڕستە بەناوبانگەکەی «Homo homini lupus» دێتە دەرێ کە بەواتای «مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ». ئەم ئازادییەی هۆبز باسیدەکات، ئازادیی نەبوونی دەسەڵاتە، ئازادیی نەبوونی هێزێکە مرۆڤ ببەستێتەوە، ئازادیی لای هۆبز ژیان دەگۆڕێت بۆ دۆزەخ، ئەو دۆخە دروستدەکات کە هۆبز بە دۆخی جەنگ ناوی دەبات، جەنگی هەمووان دژی هەمووان. دیدی هۆبزی بۆ مرۆڤ ئەو دیدە دینییەیە کە لە سەردەمی هۆبز و پێش هۆبزدا هەبووە، ترسی هۆبز لە ئازادیی مرۆڤ هەر ترسی دینەکان و حوکمڕانەکانە، هەتا چەمکگەلێکی گرنگی وەک چەمکگەلی پەیمانی کۆمەڵایەتی لای ئەو هەڵقوڵیوی چەمکی «پەیوەستبوونBund» ی دینییە «کۆدالە. ل 70ــ 92». کۆی فەلسەفەی هۆبز لەسەر ترساندنی مرۆڤ لە ئازادیی دروستبووە، خودی فەلسەفەکەی لەسەر ئەو ترسە دامەزراوە، هۆبز ئازادیی گرێدەداتەوە بە خراپەوە، لای هۆبز مرۆڤ ئازادە بۆیە خراپەکارە. «سافرانسکی ل116». بەڵام سارتەر فەیلەسوفی ستایشی ئازادییە، واتە سەد دەر سەد بە پێچەوانەی هۆبزەوەیە، مرۆڤی ئازاد لای هۆبز حەیوانێکی دڕە، لای سارتەریش مرۆڤ گەر لە ئازادیی ڕووتیبکەیتەوە مرۆڤ نییە، لای هۆبز مرۆڤ کە ئازاد بوو وەک حەیوان ڕەفتاردەکات، لای سارتەر بە پێچەوانەوە مرۆڤ گەر ئازاد نەبێت لەوە دەکەوێت مرۆڤ بێت.... لەبەرئەوە تێزی سارتەر و هۆبەز دوو پۆڵی فەلسەفی پێچەوانەن. تێزی هۆبز ڕیشەکانی لە فۆبیایەکی قووڵەوە لە ئازادیی سەرچاوەی گرتووە. ئەو جۆرە نیگایەی وادەبینێت کە مرۆڤ ئازادبوو دەبێتە دڕندە و کۆمەڵ دەبێت بیبەستێتەوە، تێزێکە لە پشت کولتووری بەستنەوەی مرۆڤ و دیلکردنییەوە وەستاوە.
بەڵام کاک هەردی لێرەشدا دەکەوێتە ناکۆکییەکی گەورەوە، ئەم لەسەرەتای نوسینەکەیەوە دەڵێت، مرۆڤ خۆی ئازاد نییە و لە کۆمەڵگادا ئازاد دەبێت، بەڵام لە ناکاو ئەو تێزەیەی بیردەچێتەوە و هێڵەکانی لە دەست تێکەڵ دەبێت و دەچێت بۆ لای هۆبز کە ڕای هۆبز پێچەوانەی بۆچوونی ئەوە، هۆبز دەڵێت مرۆڤ ئازادەو لە کۆمەڵگادا ئەو ئازادییەی بەرامبەر سەلامەتی و ئاسایش و ئاسوودەیی لێ دەسێنرێتەوە. مرۆڤ لای هۆبز دەستبەرداری ئازادیی خۆی دەبێت بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت تا بە ئاسوودەیی بژی، مرۆڤ لای هۆبز ئازادیی دەگۆڕێتەوە بە ئاسایش و متمانە و دڵنیایی، واتە ئیشی پەیمانی کۆمەڵایەتی کە دەوڵەتی لەسەر بونیاد دەنرێت، ئەوە نییە مرۆڤ ئازادبکات وەک کاک هەردی بە هەڵە لێی حاڵی بووە، بەڵکو ئەوەیە سنوور بۆ ئازادیی مرۆڤ دابنێت.
ئەوەی لە قسەکانی کاک هەردیدا لەسەر هۆبز زۆر نادروستە ئەو دەرەنجامگیرییەیە کە دەڵێت گوایە ئەم تێزەیەی هۆبز نیشانەی ئەوەیە مرۆڤ نەوەک لە جەنگەڵدا بەڵکو لە کۆمەڵگادا لە دایک دەبێت. لای ئەم برایە کە گووتت مرۆڤ ئازادە کەواتە ئەم ڕستەیە بە ئۆتۆماتیکی مانای ئەوەی مرۆڤ لە جەنگەڵدا هاتۆتە دونیاوە، کە گووتیشت لە ناو کۆمەڵگادایە کەواتە ئازاد نییە و دەبێت کۆمەڵگا ئازادیی بکات. کۆی ئەم تەفسیرە تێگەیشتنێکی نادروستە لە کێشەکە. مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ئازادیشە، بوونی لە کۆمەڵگادا نەفی ئەوە ناکات کە بوونەوەرێکی بەرپرسە و دەتوانێت بیربکاتەوە و بڕیاربدات و هەڵبژێرێت، تواناشی لەسەر بیرکردنەوە و هەڵبژاردن ئەوە نەفی ناکات کە بوونەوەرێکە لە کۆمەڵدا دەژی، کۆمەڵگاش ئەو کایە پڕ ململانێیە کە پڕە لە شێوازی جیاواز جیاوازی فشار و لەمپەردانان، مرۆڤ ئازادیی خۆی لە ناو ئەو ململانێیانەدا تاقیدەکاتەوە، وە ئازادیشی لەوەدا نییە لەمپەر و ململانێ نەمێنێت، چونکە لەمپەر و ململانێ ئەبەدیین، بەڵکو ئازادیی مرۆڤ لەوەدایە کە لە ژێر هەموو هەلومەرجەکاندا دەتوانێت ئامانجی خۆی هەڵبژێرێت و ئیشی بۆ بکات.
هەڵەیەکی لە مانەش گەورەتر ئەوەیە کە کاک هەردی واتێگەیشتووە، هۆبز دوو قۆناع لە بیرکردنەوەیدا بووە، لەسەرەتاوە باوەڕی بە دۆخی سروشتی بووە، بەڵام «دواجار دەرکی پێکردوە» و تێگەیشتووە کە دۆخی سروشتی « کوتانی قەوانی ساردە » و ئەم هەڵەیەی ڕاستکردۆتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە شێواندنێکی زۆر گەورەیە بۆ هۆبز، دۆخی سروشتی قۆناغ نییە لە فیکری هۆبزدا کە دواتر لێی پەشیمان بووبێتەوە، بەڵکو قۆناغێکی گریمانەییە «ئیفترازی» لە تەفسیری هۆبزدا بۆ مێژووی مرۆڤ. ئەمە بەشێکی گرنگی تیورە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقییەکەی هۆبزە و لە کۆی تیورەکەی جیاناکرێتەوە، چونکە ئەو جەنگەی ناو دۆخی سروشتییە دەبێتە مایەی ئەوەی کۆمەڵگا وەک ژینگەیەکی قانونی لە دایک بێت. ئەمە هەڵەیەک نییە هۆبز کردبێتی و دواتر لێی پەشیمان بووبێتەوە، بەڵکو چۆن مارکس مێژووی کۆمەڵگا بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشدەکات، هۆبزیش مێژووی کۆمەڵگا بەسەر دوو قۆناغی سەرەکیدا دابەشدەکات، یەکێکیان قۆناغی سروشتییە و ئەوی تریان قۆناغی شارستانی بوونە، قۆناغی سروشتی قۆناغێکی گریمانەییە بە مەبەستی مانا بەخشین و تێگەیشتن لە قۆناغی شارستانی پێشبینیکراوە. هۆبز لە قۆناغی سروشتی پەشیمان نەبۆتەوە، بەڵکو دەڵێت قۆناغی سروشتی قۆناغی دەرکەوتنی سروشتە دڕندە و دیوە خراپەکارەکەی مرۆڤە کە دەبێت لە ڕێگای دەوڵەتەوە کۆنترۆلبکرێت و ڕێکبکرێتەوە.
ئازادیی و کۆمەڵگا
کێشەی هەرە گەورەی ئەم برادەرە ئەوەیە کە هەوڵی نەداوە بزانێت ئازادیی چییە، واتە باس لە شتێک دەکات کە ناوی ناوە ئازادیی بێئەوەی بزانێت ئەو شتە چییە، لێرەوە کەوتۆتە ناو قاڵبێکی میکانیکییەوە کە هەرچۆنێک دەسوڕێتەوە دێتەوە سەر هەمان ڕستە. ئەو بەردەوام ڕستەیەک دووبارەدەکاتەوە «مرۆڤ ئازاد نییە و کۆمەڵگا ئازادیی دروستدەکات». بێئەوەی توانای ئەوەی هەبێت پێمان بڵێت کۆمەڵگا چۆن ئازادیی دروستدەکات. کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکانی هیچیان ئازاد نەبن و هیچ لەسەر ئازادیی نەزانن «وەک ئەو دەڵێت»، چ جۆرە ئازادییەک دروستدەکات ؟ مرۆڤ کە ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا بە چ تەکنیکێک ئەم ئازادییەی لە ناودا سەوز دەکات ؟ مرۆڤێک گەر ئازادیبکەیت ببێتە دڕندە و پیاوکوژ، چۆن کۆمەڵگا ئازادیی دەکات؟ گەر ئازادیی لە ناو کۆمەڵگادا تاک هەڵیناگرێت، ئەی کێ هەڵیدەگرێت و لە ژیانی چ جانەوەرێکی دیکەدا بەرجەستە دەبێت؟ بۆ مرۆڤ خۆی ئازاد بێت ترسناکە و گەر کۆمەڵگا ئازادیی بکات ترسناک نییە ؟ ئەوە کێیە لە کۆمەڵگادا ئەوانی دی ئازاد دەکات؟ چۆن ئازادیاندەکات و بەرابەر بەچی؟. دەشیا قسەکانی کاک هەردی نرخێکی زۆریان هەبایە گەر هەوڵی وەڵامی ئەم پرسیارانەی بدایەتەوە. کۆمەڵگا کایەیەکە پڕە لە ململانێ، پرە لە کایەی جیاواز کە پێکدادەدەن، پڕە لە چین و توێژ و نەتەوە و زمانی جیاواز، پڕە لە قازانجی ئابووری کە لەگەڵ یەکدا لە شەڕدان، پڕە لە ململانێی کولتوری. لێرەوە کۆمەڵگا کایەی ململانێ هەمیشەییەکانە، ئەوەی کۆمەڵگا وەک کارگەیەک تەماشابکەیت کە ئازادیی دروستدەکات و بە یەکسانی بەسەرماندا دابەشیدەکات، وێنەیەکە لای هیح فەیلەسوف و سۆسیۆلۆژێک بوونی نییە و تەنیا لە هەڵە تێگەیشتنی ئەم برایەمان دروستبووە. ئازادیی لە سادەترین مانایدا ئەوەیە مرۆڤەکان تاکەکان و گروپەکان بۆچوونی خۆیان ئازادانە دروستبکەن، توانای بڕیاردانیان هەبێت، هەروەها توانای بەرپرسیارێتی و توانای ئیلتیزامیشیان هەبێت. ئەم برادەرە ئازادیی واتێگەیشتووە هەر کەس بە ئارەزووی خۆی جیهانی بە چ چەشنێک ویست وەها بێت، لە کاتێکدا ئەم سەیرکردنە پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە، ئازادیی ئەوە نییە من چۆنم ویست و چۆن پێم خۆش بوو، جیهان بەوجۆرە بێت، بەڵکو ئەوەیە من ئازادم لە هەڵوێست وەرگرتندا بەرابەر ئەو جیهانەی تیادەژیم، ئازادم لەوەی ئیلتزام بەچییەوە دەکەم و نایکەم، چ شەڕێک دەکەم و چ شەڕێک ناکەم، ئەوەش جەوهەری ئازادییە و هەر مرۆڤێکیش ئەو جەوهەرە ونبکات مرۆڤ بوونی خۆی وندەکات. گەر بڵێین مرۆڤ ئازاد نییە و کۆمەڵگا ئازادیی بۆ دروستدەکات، واتە ئەوە کۆمەڵگایە بۆ منی دەستنیشاندەکات چۆن بیردەکەمەوە، کۆمەڵگایە هەڵبژاردنەکانم بۆ دیاریدەکات، کۆمەڵگایە بڕیارەکانم بۆ دەدات و پێدەدات، کۆمەڵگایە هەڵوێستەکانم بۆ دیاریدەکات و دەیسەپێنێت بەسەرمدا بە چییەوە مولتەزیم بم، کۆمەڵگایە پەیوەندی من بە لەشمەوە دیاریدەکات، کۆمەڵگایە پەیوەندی من بەبیرکردنەوەی خۆم و ئەوانی ترەوە دەستنیشاندەکات، و منیش بێ هیچ پەرچەکردارێک هەموو جەبرەکانم قەبووڵە و هیچ پەرچەکردارێکی پێچەوانەم بەرامبەریان نییە. گەر من ئازاد نەبم و کۆمەڵگا ئازادیم بۆ دروستبکات، واتە کۆمەڵگا وێنەی خۆی بۆ ئازادیی بەسەر مندا دەسەپێنێت. وابزانم پێویستیمان بەوە نییە زۆر بیربکەینەوە تا تێبگەین کە ئەمە ئازادیی نییە بەڵکو کۆیلەیەتی تەواوەتییە. لە ڕاستیدا هەر کەسێک هەتا کتێبێکی بچوکیشی لەسەر ئازادیی خوێندبێتەوە، ئەو ڕاستییە سەرەتاییەی بیستووە کە بە درێژایی مێژوو ململانێیەک لە نێوان فەرد و کۆمەڵگادا لەسەر ئازادیی هەیە، کۆمەڵگا ئەو جێگایەیە کە بۆئەوەی یەک پارچەیی خۆی بپارێزێت فەرد دەخاتە ژێر فشارەوە، واتە کۆمەڵگا بەپێچەوانەی هەڵەی کاک هەردییەوە فەرد ئازاد ناکات، بەڵکو شوێنێکە ململانێیەکی هەمیشەیی و ئەبەدی و ڕۆژانەی تیا بەرپادەبێت بۆ گەیشتن بە شێوەیەک لەگەڵ ئازادیی مرۆڤی تاکدا بگونجێت. کۆمەڵگای تەندروست ئەو کۆمەڵگایەیە کە خۆی وا ڕێکدەخات کەمترین فشار و زیان بە ئازادیی مرۆڤەکانی ناوی بگات، و کۆمەڵگای نەخۆشیش ئەوەیە کە کەسانێک دروستدەکات دان بە ئازادیی مرۆڤ و جەوهەرە ئازادەکەی مرۆڤدا نانێن و کەمترین سنووری بزاڤ و تەسکترین شوێن جوڵەی بۆ دەهێڵنەوە. ئازادیی بریتی نییە لەوەی مرۆڤ مرۆڤ بکوژێت.
کەسانێک هەن هەر هێندەی باس لە ئازادیی کرا یەکسەر وێنەی دڕندەیەکی ترسناکیان دێتە بەرچاو کە لە قەفەز بەربووە و خەڵک دەکوژێت و دونیا خاپوور دەکات، لە ڕاستیدا ئەوە تیوریزەکەرانی دەسەڵاتن کە دەیانەوێت مرۆڤی ئازاد وەک حەیوانێک ببینن کە خێرا دەبێت ببەسترێتەوە، ئەمە لە ڕووی مێژووییەوە نیگای دینەکان و لەسەردەمی هاوچەرخیشدا مۆراڵی دەوڵەتە تۆتالیتاری و ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاری و دیکتاتۆرەکانە. مێژووی مرۆڤ لە سەر ئەم ئەستێرەیە مێژووی شەڕکردنێتی لەگەڵ ئەو شێوە کۆمەڵگایانەدا کە دان بە ئازادیی مرۆڤدا نانێن، مێژووی کۆمەڵگاکانیش گرێدراوی ئەو هەڵوێستە جیاوازانەن کە کۆمەڵگا و کولتوورە جیاوازەکان بەرامبەر ئازادیی فەردەکان هەیانە. کۆمەڵگا مرۆڤ ئازاد ناکات، بەڵکو دەتوانێت کەمتر یان زۆرتر ڕێگای لێبگرێت، کەمتر یان زۆرتر لێبوردەیی بەرابەر ئەو ئازادییە هەبێت، کۆمەڵگا جیاوازەکان شێوەی جیاوازیان لە مامەڵەکردندا لەگەڵ ئازادیی مرۆڤدا هەیە. مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە وە لە پێناو ئەو ئازادییەدا لە شەڕێکی هەمیشەییدا دەژی، لەگەڵ کۆمەڵگا و سروشت و خودادا، مرۆڤ دەتوانێت واز لەو ململانێیە بهێنێت و بڵێت من ئازاد نیم و ڕازیم بە هەموو ڕێسا و دەستوور و یاساکان، وە کۆیلەیەتی خۆی لەسەر نەفیکردنی ئازادیی بونیادبنێت، دەشتوانێت تا کۆتایی ئازاد بێت و شەڕ لەگەڵ هەموو ئەو لەمپەرانە بکات کە دێنە بەردەم ئازادیی. مرۆڤ لە هیچ ئان و ساتێکدا جەوهەری خۆی وەک بوونەوەرێکی ئازاد نادۆڕێنێت، ئەوەی لە سەردەمی دیکتاتۆرییەتدا بژی، مانای ئەوە نییە کە تۆ ئازاد و بەرپرس نیت لە هەڵوێستەکانی خۆت. مرۆڤ ئازادە لەوەی بڕیاربدات دژی دیکتاتۆرییەت بێت یان نەبێت، ئازادە لەوەی خەبات دژ بە دیکتاتۆرییەت بکات یان نەیکات، ئازادە لەوەی هەڵوێست وەربگرێت و دەرەنجامەکانی ئەو هەڵوێستە قەبووڵبکات یاخود نا، ئازادە لەوەی مولتەزیم بێت بە گروپێکی سیاسییەوە یان نا، ئازادە لەوەی ببێتە نۆکەری دیکتاتۆرییەت یان نا، مرۆڤ لە هیچ سیستمێک و کۆمەڵگایەکدا بەرپرسیارێتی خۆی و توانای لەسەر هەڵبژاردن و بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن نادۆڕێنێت تا بڵێین ئازادیی خۆی لەدەستداوە، دیکتاتۆرییەت دەتوانێت ڕوکارە کۆمەڵایەتییەکانی ئازادی، وەک ئازادیی قسەکردنی ئاشکرا و ڕۆژنامەگەریی و مافەکانی مرۆڤ زەوتبکات، بەڵام ناتوانێت توانای بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن و هەڵبژاردن لە مرۆڤدا بسڕێتەوە، چونکە ئەوە جەوهەری مرۆڤە، لێرەوەیە ئەو کەسەی لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتدا لەسەر دیوارەکان دروشمەکانی خۆی دەنوسێت، یان ئەو زیندانەی کە لەسەر دیواری زیندانەکان بیروباوەڕەکانی خۆی هەڵدەکۆڵێت بە ئەندازەی ئەو کەسە ئازادە کە ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەیەکی گشتیدا شت دەنوسێت. مرۆڤ لە هیچ ئان و ساتێکدا ئازادیی خۆی نادۆڕێنێت، چونکە کە ئازادیی خۆی دۆڕاند واتە بەرپرسیارێتی خۆی دەدۆڕێنێت، کە بەرپرسێتی خۆشی دۆڕاند واتە مرۆڤبوونی خۆی دەدۆڕێنێت، هێند هەیە ئازادیی مرۆڤەکان و ئەو پرسیارانەی دێنە بەردەمی ئازادیی و ئەو تەحەدایانەی کە دەکەونە پێشدەمی دەگۆڕێن. ئەو تەحەدایانەی لە سیستمی دیکتاتۆرییدا دەکەونە بەردەمی ئازادیی تاک، ئەو تەحەدایانە نین کە لە سیستمی دیموکراسیدا دێنە بەردەمی، ئەو پرسیارانەی ئەم ئازادییە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا دەبێت وەڵامی بداتەوە ئەو پرسیارانە نین کە لە کۆمەڵگاییەکی عەلمانیدا وەڵامی دەداتەوە، ئەو لەمپەرانەی لە سیستمێکی کۆمۆنیستیدا دەخرێنە بەردەمی ئەو لەمپەرانە نین کە لە سیستمێکی لیبرالدا دەکەونە سەر ڕێی. کە دەڵێین مرۆڤ ئازادە، واتە دەڵێین مرۆڤ بەرپرسە، چونکە ئازادیی و بەرپرسی لە یەکدی جیانابنەوە، من ئازادم بۆیە کە ستەم و چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت دەبینم دەبێت بێمە دەنگ، چونکە کە ئازاد نەبووم واتە بەرپرسیش نیم. لێرەوە دیکتاتۆرییەت ئەوسات دروست نابێت کە ڕژێمێک لە ڕێگای کۆمەڵێک ڕێسا و بە کۆمەکی کۆمەڵێک پۆلیس کۆمەڵێک ماف زەوتبکات، بەڵکو ئەو سات دروستدەبێت کە دیکتاتۆرییەت توانی مرۆڤێک دروستبکات بڵێت من ئازاد نیم و لە ئەزەلەوە ئازاد نەبووم و لە کۆمەڵگادا لە دایکبووم و کۆمەڵگاش بە ڕیسا و یاساکانی منی بەستۆتەوە و کۆمەڵگا لە ئازادبوون و ئازادنەبوون بەرپرسە، من ئەوەم کە هەبیتۆس دروستیکردوم و تەنیا ئەوەم کە کۆمەڵگا خولقاندومی و هیچ بەرپرسیاریی و گوناهێک هەڵناگرم و تەنیا گەمەکەرێکم کە ئەو ڕۆڵە یارییدەکەم کە پێشتر بۆم نوسراوە و خۆم قسەیەکم لە ناو تێکستەکەدا نییە. ئازادیی کۆمەڵایەتی تەنیا کاتێک ئازادییە کە ڕۆڵی خراپی کۆمەڵگا و سنووردانانی خراپی کۆمەڵگا بۆ ئازادیی مرۆڤ و شوناسە سیاسی و قانونی و ئەتنی و کۆمەڵایەتییەکەی کەمبکاتەوە. ئیشە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ، هەندێک لە دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی یاخود حیزبەکان ئەوانە مرۆڤ ئازاد ناکەن، بەڵکو کەرەستەی فشاری ئازادیی مرۆڤن بۆ سەر هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر و بۆ سەر کۆمەڵگایەک کەڕێزی ئەو ئازادییە ناگرێت، بۆ سەر شێوە جیاوازەکانی دەسەڵات، بۆ سەر ئەو فەرد و گروپانەی هەڕەشە لە ئازادیی دەکەن.
ڕۆژنامەگەری ئازاد یان حیزب یاخود ڕێکخراوەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی، پێکڕا زمانی ئازادیی مرۆڤن، کەرەستەی ئیشکردنی ئازادیی مرۆڤن، فەزای نزیکبوونەوەی ئازادییەکانن نەوەک وەک ئەم برایە تێیگەیشتووە، خودی ئازادیی بن، ئازادیی یەک کانگای هەیە کە مرۆڤە و یەک پێوەریشی هەیە کە بڕی ئازادیی مرۆڤە. کۆمەڵگا شوێنی پراکتیککردنی مرۆڤە بۆ ئازادیی خۆی و هەواگەی «فەزای» ڕێکەوتن یان ململانێی مرۆڤە لەگەڵ ئازادییەکانی تردا.
هەڵەیەکی گەورەتر کە بە ژێرەوانکێ لە نوسینی ئەم برایەدا هەیە ئەوەیە کە تێکەڵکردنی چەمکی ئازادییە لەگەڵ چەمکی چاکەدا. ڕاستە مرۆڤ جگە لە ئازادیی خۆی هیچ شتێکی نییە مرۆڤبوونی بسەلمێنێت و بەبێ ئەو ئازادییە مرۆڤ بوونی نییە، بەڵام ئەوەی دڵنیابین مرۆڤ ئەم ئازادییە بە «دەروەستی ــ ئیلتیزام»ـەوە گرێدەدات، یاخود هەڵبژاردنەکانی ڕاستن و خزمەتی ئازادیی خۆی یان ئازادیی کۆمەڵایەتی دەکەن، یان تەواو هوشیارە بەسەرچاوە و دەرەنجامی ئیشکردنی بە ئازادیی، یان میتۆدی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ پراکتیکردنی ئەو ئازادییە، هەموو کێشەی هەڵواسراون. ئەوەی مرۆڤ ئازادە مانای ئەوە نییە مرۆڤ بوونەوەرێک نییە کە توانای وێرانکاریشی تێدایە، خراپەکاری مرۆڤ بەڵگە نییە بۆ ئازادنەبوونی وەک کاک هەردی دەیەوێت لە هۆبزەوە دەرەنجامی بهێنێت. تراژیدیای گەورەی مرۆڤ ئەوەیە کە ئازادیی جەوهەری مرۆڤە، بەڵام هوشیاریی و بڕیاردانی ڕاست و پاککردنەوەی ئیرادە لە توندوتیژی لە جەوهەری مرۆڤدا نییە «هەر ئەم کێشەیەشە سارتەر لە زۆربەی شانۆگەرییەکانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە». ئەوەی مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی مانای ئەوە نییە کە مرۆڤ مەحکومە بە چاکە، ئەوەی کە دەتوانێت هەڵبژێرێت مانای ئەوە نییە کە دەستنابات دەسەڵاتی وێرانکار و هێزی وێرانکاری ناو خۆی بخاتە کار، کێشەی چاکەو خراپە دەکەوێت ناو مۆراڵی ئازادییەوە، نەوەک کێشەی بوونی ئازادیی و نەبوونیەوە، وەک کاک هەردی ب
ە هەڵە تێیدەکەوێت. توانای مرۆڤ لەسەر خراپە نەفی ئازادیی نییە، بەڵکو سەلمێنەری ڕوویەکی تراژیدی ئەو ئازادییە، وە هەندێک لە فەیلەسوفە گرنگ و هاوچەرخەکانی وەک «ڕۆدیگەر سافرانسکی» بۆچوونی خۆیان لەسەر ئازادیی تەواو گرێداوەتەوە بەو ڕووە تراژیدییەی ئازادییەوە.
چەمکی هەبیتۆس لای پیار بۆردیۆ و کێشەی سوبێکت و ئۆبێکت لە سۆسیۆلۆژیادا
ئەوەی کە کاک هەردی زۆر شانیدەداتە سەر، چەمکی هەبیتۆسی بۆردیۆیە، دەبێت بڵێم کە کاک هەردی زۆر خراپ چەمکەکە باسدەکات و گەلەک میکانیکی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و لە مێژووی خۆی دایدەبڕێت و کێشە گەورەکانی ناویشی نابینێت. سەرەتا دەبێت بڵێین کە چەمکی «هەبیتۆس» خۆی چەمکێکی ئێجگار گرفتئامێزە و بۆردیۆی زۆر بەبەربڵاوی بەکاریهێناوە و زۆر تێزی گرنگی پێ داڕشتووە و زۆر ناکۆکی قووڵ و چارەسەرنەکراویشی لە فیکری بۆردیۆدا خولقاندوە. لە بەرئەوەی کاک هەردی ئەم زاراوەیەی زۆر خراپ ڕوونکردۆتەوە، سەرەتا حەزدەکەم کۆمەڵێک زانیاری زیاتر دەربارەی زاراوەی هەبیتۆس بە خوێنەر بدەم کە لە بنەڕەتدا لە زاراوەیەکی ئەرستۆوە بە ناوی «Hexis » داتاشراوە، کە مانای «هەڵگرتن، یان عەمبارکردن یان وەرگرتن و پاراستن» دێت، (بەڵام بۆردیۆ لە تیوری کۆمەڵناسی خۆیدا، زاراوەی «هێکسیس» بەرابەر دەرکەوتنەوەی هەبیتۆس لە ڕەفتاریی جەستەییدا بەکاردەهێنێت ، وەک لاسایکردنەوە و شێوەکانی دەست جوڵاندن و سروشتی سەماو سروشتی وەرزشە باوەکان. وە زاراوەی هەبیتۆس دەخاتە خزمەت وەسفکردنی بارودۆخە ڕۆحی و عەقڵییەکان). ئەم زاراوەیە لە ڕێگای تۆمای ئەکوینییەوە دەگوازرێتەوە و پێش بۆردیۆش کۆمەڵێک سۆسیۆلۆژی گەورەی وەک ماکس فیبەر، مارسیل ماوس، و دۆرکهایم بەکاریانهێناوە. «کارێر. ل 2» هەروەها هەر یەک لە «پێتەر بێرگەر» و «تۆماس لۆکمان» و «نۆربەرت ئەلیاس»یش زۆر ئیشیان پێکردوە. لە مێژووی فیکردا دیکارت کە تێزەکەی لەسەر جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە بونیادنراوە، وەک دوژمنی هەرە ڕادیکالی تێزی «هەبیتۆس» سەیردەکرێت. بەڵام هیچ بیریارێک ئەم چەمکەی بەوجۆرە سەرپەڕانە و بەو مانا ڕادیکالە بەکارنەهێناوە کە بۆردیۆ دەیکات. بۆردیۆ هەوڵدەدات لەڕێگای ئەم زاراوەیەوە یەکێک لە دوولانە هەرە بنەڕەتی و قووڵەکانی مێژووی فیکر کە دوولانەی «سوبێکت» و «ئۆبێکت» ـە تێبپەڕێنێت و لە ناو یەک یەکەدا بیانتوێنێتەوە. هەبیتۆس مانای عەمبارکردنی کۆمەڵێک پرەنسیپی زۆر گشتی بەجۆرێکی هەمیشەیی و بەردەوام لە ناو مرۆڤدا، ئەم پرەنسیپانە لە ناو مرۆڤدا بەجۆرێکی هەمیشەیی ناواخن دەبن و کاریان شێوە بەخشینە بە شێوازی ژیان، سەیرکردنی مرۆڤ بۆ نرخ و بەهاکان، ستایلەکان، ئارەزووەکان، چۆنێتیی بیرکردنەوە و هەستکردنە ئاساییەکان، ڕەفتارەکان و شێوە بینینەکان و هەڵبژاردنەکان «بۆردیۆ 76. ل 165 ــ 168». لەوەش بنچینەییتر لەم چەمکەدا ئەوەیە کە هەبیتۆس مرۆڤ بە هوشیار و ناهوشیارانەش ئیشی پێدەکات، واتە وەک دینەمۆی ڕەفتار وایە و زەمینەسازە بۆ هەموو شێوەکانی پراکسیس و پێشبینیکردنەکانی مرۆڤ «بۆردیۆ 98. ل 99».
بە گشتی هەپیتۆس ئەو چەمکەیە کە لە ڕێگایەوە بۆردیۆ باس لەوەدەکات چۆن کۆمەڵگا لە ناوەوە تاکەکان داگیردەکات، بە ئەندازەیەک مرۆڤ دەتوانێت بڵێت چۆن بایۆلۆژییەکان قسە لە بۆماوەی جینی و بایۆلۆژی دەکەن، بۆردیۆش باس لە جۆرە بۆماوەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، کە سیستمی بیرکردنەوەی مرۆڤ و هەستکردنی ئاڕاستەدەکات. بە چەشنێک بەپێی ئەم تێزەیە هەموو تێڕوانین و هەست و تێگەیشتنەکانی مرۆڤ هیچیان تێڕوانین و ڕەفتار و هەست و بیرۆکەی خۆی نین، بەڵکو هەموویان عەمبارکراوان و کۆمەڵگا لە ناو مرۆڤدا سەوزیکردون، ئەوجۆرە خواردنەی دەیخۆم، ئەو جۆرە مۆسیقایەی گوێی لێ دەگرم، ئەوجۆرە جلەی لەبەریدەکەم، پێکڕا جەبرێکی هەبیتۆسین و پێشتر بە شێوازی پروگرامی کۆمەڵایەتی لە ناو مندا دابەزیوون. بەپێی بۆردیۆ هەموو زمانی جەستەش وەک شێوەی ڕاوەستان، سەیرکردن لە کاتی شەرمدا، سەرداخستن، یاریکردن بە دەست و قاچ و خێرایی و خاویش لە هەبیتۆسەوە دادەکەون. «فرۆهلیش. ل103». لە ڕاستیدا بۆردیۆ بەم تێزەیە لە بری ئەوەی کێشەی ئۆبێکت و سوبێکت چارەبکات، سووک و سادە سوبێکت دەکات بە سێبەرێکی کاڵی جیهانی ئوبێکت، سوبێکت دەکاتەوە دەرەوە و پێی وایە بەوە کێشەکەی چارەسەرکردوە. ئەو وێناکردنەی هەبیتۆس لای بۆردیۆ وەک بوارێک کە کار لە فەرد دەکات و فەرد کاری تێناکات، نیگایەکی یەک دیو و تاک ڕەهەندی بەخشیوە بە سۆسیۆلۆژیای بۆردیۆ، لێرەوە نەبینینی ئەو ڕەهەندەی کە «ڕەفتاری فەرد زۆرجار ئەو زەمینەیە جێدەهێڵێت کە لێوەی دەست پێدەکات و هەبیتۆسێکی گۆڕاو و نوێ دروست دەکات» «دیرکسمایەر 88» گرفتێکی قووڵ دەخاتە چەمکی هەبیتۆسەوە، لێرەوەیە لای زۆر لە سۆسیۆلۆژەکان بەبێ موتوربەکردنی ئەم چەمکە بە ڕۆحێکی فینۆمینۆلۆژی بەوجۆرەی لە تێگەیشتنی کەسانی وەک «میرلۆ پۆنتی» و «هۆسرل» دا دەیبینین، چەمکەکە وەک کەرەستەیەکی تاک ڕەهەندی جەبری دەبینن کە توانای تەفسیر و ئیشکردنی بێئەندازە بەرتەسکە، بەپێی دیرکسمایەر، کێشەکە لەوەدایە کە هۆسرل لە فەلسەفەی خۆیدا باس لە هەبیتۆسێک دەکات بێ ئەوەی گرێیبداتەوە بە هیچ ستراکتورێک یان «بونیادێکی کۆمەڵایەتییەوە» بەڵام بۆردیۆش بە پێچەوانەوە باس لە هەبیتۆسێک دەکات کە خاڵییە لە کاریگەری سوبێکت «دیرکسمایەر 89». تا ئەو شوێنەی هەبیتۆس قسە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵێک هەڵبژاردن و ئارەزوو و خواستی فەردی دەکات، چەمکێکی سروشتییە کە زەمینەیەکی زانستی و مادی هەیە، بەڵام کە هەبیتۆس بووە ئەوەی نەفی تەواوەتی ئەو پەیوەندییە دیالەکتیکییە بێت کە لە نێوان ئیرادەی فەرد و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەیە، وە بووە ئەوەی جیاوازی لە نێوان بۆماوەی کۆمەڵایەتی و بۆماوەی بایۆلۆژیدا نەکات، و ڕۆڵی سوبێکت بکوژێت، لێرەوە فەلسەفەی بۆردیۆ لەگەڵ ئەم چەمکەدا دەبێتە فۆرمێکی ڕادیکاڵی جەبرگەرا کە جێگای مرۆڤی تێدا نابێتەوە. کاک هەردیش ئۆتۆماتیکی بێ هیچ پێداچوونەوەیەک ئەم ڕەهەندە جەبرییەی ناو تێزەکەی بۆردیۆ وەردەگرێت و دەیخاتە بری هەموو مێژووی فەلسەفە و کۆی فەلسەفەکانی ئازادیی و وەک موتڵەقێک دەیخاتە سەروو مرۆڤەوە و وادەبینێت مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە کۆمەڵگا چی لە ناوچاوانی نوسی هەر ئەوەیە. ئەم تێزەیەی لەگەڵ دیندا یەک جیاوازی هەیە، دین دەڵێت خودا چی لە چارەمان نوسی و چۆن دروستیکردن هەر ئەوەیە، بەڵام هەڵگرانی سەرپەڕی ئەم تێزەیە دەڵێن هەبیتۆس چی لە چارەمان نوسی هەر ئەوەیە ئێمە هەرچییەک بکەین هەر ئێمە نین، بەڵکو دەستی هەبیتۆسە. لە ڕێگای ڕادیکالکردنی هەبیتۆسەوە فەلسەفەی بۆردیۆ خۆی تووشی زنجیرەیەک گرفتی گەورە دەکات، کێشەی هەرە گەورەی ئەم تێزەیەش بەبڕوای من ئەوەیە کە ئەم چەمکە تەنیا چەمکی «فەردانییەت Individualität» ناکوژێت، بەڵکو دەرگا لەسەر ڕیزێک چەمکی زۆر گەورەی دیکەش دادەخات، وەک چەمکی «ئازادی» «گۆڕان» «داهێنان» «نوێگەری»، وە چەمکی «جیاوازی»یش لە سنووری فۆرمە جیاوازەکانی هەبیتۆسدا دیلدەکات و جگە لە جیاوازییە چینایەتی و کولتوورییە گشتییەکان، جیاوازییەکانی دیکەی بۆ تەفسیر ناکرێت. گەر مرۆڤ لەسەرەتای ژیانییەوە ببێتە هەڵگری هەبیتۆسێک کە هەرچییەک بکات دواجار پەیوەندی بە خۆیەوە نەبێت، بەڵکو دەرکەوتە و زمانی ئەو سیستمە عەمبارکراوەی ناوی بێت، واتە مرۆڤ لە ناو بازنەیەکی داخراوی خواست و ئامانج و ئارەزوو و بیرکردنەوەدا دەژی و دەرچوونی بۆ نییە، مرۆڤ یەکجار وەک بوکەشوشەیەکی پرۆگرامکراو، لە ڕێگای دامەزراندنی هەبیتۆسەوە لەسەری دروستدەبێت، ئیدی بەهاکانی و ڕوانین و ڕەفتاری تا ماون مەحکومن بەم هەبیتۆسە. بەوەدا بۆردیۆ پێی وایە هەبیتۆس ناواخنبوونی بونیادەکانە، بەوەدا پێی وایە کە ئەو ناواخنبوونە هەمیشەییە، وە وادەبینێت کە فەردەکان بەردەوام لە ڕێگای هەبیتۆسەوە هەمان بونیاد بەرهەمدەهێننەوە، کێشەیەک دێتە پێشێ کە بۆردیۆ بە ئاسانی ناتوانێت وەڵامیبداتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەی نوێگەریی لە کوێوە دێت؟ ئەی بونیادە تازەکان لە کوێوە دێن؟ ئەی گۆڕانکاری بەردەوام چی دەیجوڵینێت؟ ئەی گۆڕانکارییە خێراکان لە ئارەزوو و مۆراڵ و زەوق و ئاڕاستەگیریدا چۆن دێنە مەیدان؟ ئەی فەرد چۆن لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕادیکالەکاندا خۆی دەگونجێنێت؟. ئەنتۆنی کینگ دەڵێت « گرفتی گەورەی هەبیتۆس ئەوەیە کە ڕێگە لە هەموو گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی دەگرێت... گەر هەموو فەردێک هەبیتۆس دروستیکردبێت و دایڕشتبێت، کەواتە کۆی هەلومەرجە واقیعییەکان سووک و سادە تەنیا هەبیتۆس دروستیاندەکات و هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ڕوو نادات» «کارێر. ل 4»، چونکە هەر وەک کینگ دەڵێت «گۆڕینی هەبیتۆس پێویستی بە کەسێکی چالاک هەیە، بتوانێت هوشیارانە بیر لە پرەنسیپی چالاکییەکانی خۆی بکاتەوە»«کارێر. ل 5» .
دیارە بۆردیۆ لە بنەڕەتەوە خۆی هوشیارە بەم کێشە زۆر گەورەیە، بە تایبەت بۆردیۆ وەک سۆسیۆلۆژێک نایەوێت تیورەیەک داڕێژێت ئەگەری گۆڕانکاری بکوژێت، گۆڕانکاریش تێزێکە داڕشتنی هەموو سیستمێکی داخراو ڕەتدەکاتەوە و پرۆسەیەکە بە ئیرادەی مرۆڤەوە گرێدراوە... لێرەوە بۆردیۆ بەردەوام هەوڵدەدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە ئەم چەمکە دروستیاندەکات و دەیەوێت جۆرێک لە ڕێژەداری ببەخشێتە هەبیتۆس و تا بکرێت ڕووە ڕەهاکەی کاڵبکاتەوە. بۆردیۆ لە کتێبەکەیدا «مانای کۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە عەقڵی تیوری» هەوڵدەدات کەمێک لە بڕی ئەو موتڵەقگەراییە دابەزێنێت و دەڵێت کە بڕیارەکانی مرۆڤ و هەڵبژاردنەکانی هەموو لەدەستی هەبیتۆسدا نین، بەڵکو دەکەونە ناو کایەیەکی ململانێی ناجێگرەوە کە بەسەرێک هەبیتۆس تێیدا کارایە و بەسەرێک هەلومەرجە دەرەکییەکان، وە پێیوایە فەرد لە ڕێگای «وریایی یاخود بەئاگاییەوە Wachsamkeit» لەپرۆسەکەدا بەشدارە. بۆردیۆ لە دوا بەرهەمەکانیدا زۆر لەوە زیاتر دەڕوات و هەبیتۆس سنوردارتر و لاوازتر دەکات، بەڕای ئەو هەموو ئەو دەستێوەردانە نەگونجاوانەی هەبیتۆس و فۆرمە پراکسیسییەکانی «دەکرێت وە دەبێت» لە لایەن هۆشیارییەوە ڕاستبکرێنەوە«کارێر ل.4». لای بۆردیۆ ڕۆڵی ئیرادە و هوشیاری مرۆڤ وەک هێزێکی ڕاستکەرەوە بۆ هەبیتۆس نەسڕدراوەتەوە، بەڵکو ئەو هەبیتۆسە موتڵەق و جەبرگەرایەی سەرەتا گۆڕدراوە بۆ هەبیتۆسێک کە لە ژێر نەشتەری هوشیاری و لە پێشدەم ڕاستکردنەوەی بەردەوامدایە، بەپێی «یولی کارێر» لە دوا کارەکانی بۆردیۆدا هەبیتۆس وەک «سیستمێک دەردەکەوێت کە لەسەر سنوورەکان ئیشدەکات» بەجۆرێک «بکەرەکان دەتوانن لە ناویدا داهێنەر بن» و بە گەڕانەوەش بۆ هەبیتۆس نەکرێت و نەشێت «پێشبینی هەموو ڕەفتارەکانیان بکەین» «کارێر. ل7». خاڵێک لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە کۆی فەلسەفە و تێڕوانینی بۆردیۆدا هەبیتۆس تەنیا بەرهەمهێنی پراکسیس نییە، بەڵکو خۆشی بەرهەمی پراکسیسە. چالاکییەکان و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ کاریگەری هەبیتۆسیان لەسەرە و کاریش لە هەبیتۆس دەکەن، جگە لەوەش کایە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان شێوازی جیاوازی هەبیتۆسیان هەیە. واتە گەرچی بۆردیۆ دەستبەرداری چەمکی هەبیتۆس نابێت، بەڵام هەوڵێکی گەورە دەدا لە ناو خودی هەبیتۆسدا ڕووبەرێک بۆ ئازادیی بکاتەوە، ئەو ئازادیی «بکەرە کۆمەڵایەتییەکان» ڕەت ناکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدات لە چوارچێوەی هەبیتۆسدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بەڵام بەڕای زۆر لە سۆسیۆلۆژەکان بۆردیۆ هەرگیز ناتوانێت لە ڕێگای چەمکێکی ناسوبێکتیڤی وەک هەبیتۆسەوە، هەموو جیاوازییە فەردییەکان تەفسیربکات «کارێر ل .8»، پێم وایە لەوەشدا زۆر لەسەر هەقن و توانای ئەم چەمکە لە سنووری خوێندنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییە گەورەکاندا دەوەستێت و ناتوانێت هەموو ئەو ڕیزپەڕییە فەردییانە تەفسیربکات کە لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە. لەوەش بترازێت بەرابەر ئەم تێزەیە کۆمەڵێک تێزەی دیکە لە سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخدا هەیە کە تەواو پێچەوانەی تەفسیری بۆردیۆن، لە هەموو ئەو سۆسیۆلۆژیانە گرنگتر «ئۆلریش بێک» و تیورە سوبێکتیڤییەکەیەتی بە تایبەت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «کۆمەڵگای مەترسی»، بێک تەواو بە پێچەوانەی بۆردیۆ وە ڕای وایە مرۆڤ لە کۆمەڵگا «پۆست پیشەسازییەکان»دا، تەنیا جێدەهێڵرێت و ستراکتور و بونیاد و ئینتیما کۆمەڵایەتییە دەستی لێ بەردەدەن، فەرد زیاتر و زیاتر جێدەهێڵرێت تەنیا خۆی ڕووبەڕووی چارەنوسی خۆی بێت و شانس و ڕیسکەکان تاقیبکاتەوە. فەرد بە ڕای ئەو تادێت لە ناوکۆیی و شوناسی کۆمەڵایەتی و گروپی گەورە دادەبڕێت و خۆی دەبێت بڕیار لەسەر شێوازی ژیان و ئاڕاستەکان و ئەخلاقیاتی خۆی بدات و دەستێوەردانی کۆمەڵگا لە ژیانیدا کەمدەبێتەوە و کۆمەڵگا کەمتر و کەمتر ڕێنمایی دەداتێ و ئاڕاستەی پێدەبەخشێت و دەستگیرۆیی دەکات، واتە پرۆسەیەکی گەورەی بە سوبێکتیڤکردن لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا لە گۆڕێیە کە تێیدا پەیوەندی فەرد بە گروپی دینی خۆیەوە، بە نەتەوەوە، بە چینەوە، بە خێزانەوە بە شێوەیەکی گەورە بەرەو کزی دەڕوات. «بێک، 38، 42، 58».
تێزەکەی ئۆلریش بێک بۆ ئەوە دەهێنمەوە تا ئەو جیاوازی و ڕێژەدارییە گەورەیە ببینین کە لە سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخدا هەیە، وەرگرتنی هەر چەمکێک بە ڕەهایی تووشی گرفتی فیکری گەورەمان دەکات. بوونی تێزێکی وەک هەبیتۆس مانای ئەوە نییە سۆسیۆلۆژیا کۆتایی هاتووە و گەیشتۆتە دوا وێستگەی خۆی و سۆسیۆلۆژیەکانی دی قسەی دیکەیان نییە و تەفسیری دیکەی تەواو پێچەوانە لە گۆڕێ نییە.
جگە لەوانە چەمکی ئازادیی بەپێچەوانەی ئەوەی کاک هەردی تێیگەیشتووە، ناتەباییەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە گروپێکی دیاریکراو هەستێکی دیاریکراویان بە شتەکان هەبێت، گەشە بە سیستمێکی تایبەتی ئارەزوو و ڕەفتاربدەن، سیستمێکی ڕەمزی بونیادنراوی پەیوەندیان هەبێت، ستراتیژی هاوبەش و قازانجی هاوبەشیان هەبێت. چەمکی ئازادیی لە مرۆڤدا وا نەخولقاوە کە تەنیا و تەنیا ڕووی لە دروستکردنی جیاوازی بێت، بەڵکو لەسەر ئەوە دروستکراوە نەهێڵێت جیاوازی بکوژرێت و بتوێنرێتەوە و بخرێتە دەرەوەی نەخشەو پلانەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگاسازییەوە. ئازادیی فەرد «لایەنی کەم لای سارتەر و لەو نوسینانەی منیشدا کە کاک هەردی باسی دەکات». لەگەڵ تەبابوونی کۆمەڵایەتی و بەشداری مرۆڤەکان لە ڕەفتاری هاوبەش و بوونی نرخی ئەخلاقی وەک یەکدا ناچێتە شەڕەوە، بەڵکو لەگەڵ سەپاندنی تەبایی و وەک یەک لێکردنی تۆپزکار و پێکچوواندنی زۆرە ملێی مرۆڤەکاندا ناتەبا دەکەوێتەوە. لێرەوەیە کە دەبێت ئەوە دووبارەبکەمەوە کە کاک هەردی تا ئەندازەیەکی زۆر لە هیچ یەک لەو چەمکانە تێنەگەیشتووە کە لە وتارەکەدا قسەی لەسەر کردون.
دوو تێبینی دیکە
بەشەکانی دیکەی باسی ئەم برایەمان شتێکی ئەوتۆ گرنگی تێدا نییە کە لەسەرەوە وەڵامم نەدابێتەوە، بەڵام لە نێوان دێڕەکاندا دوو بۆچوون هەیە بە پێویستی دەزانم لەسەریان بوەستم.
1. لە بەشێکی نوسینەکەیدا بۆئەوەی بیسەلمێنێت مرۆڤ ئازاد نییە، قسە لە پرۆلیتاریا و بۆرژوا دەکات و باس لەوەدەکات، چۆن خەڵکی هەژار وایان لێهاتوە و عەقڵییەتێکیان بۆ دروستبووە کە خۆیان خۆیان سنوورداردەکەن، چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە جۆگەکە بەوان ناگۆرێت و خواردنی چەور پارووی ئەوان نییە و لەبەرئەوە بە ناچاری ملی دەدەنە بەر «وەک ئەو تەعبیری لێ دەکات».
کرێکار و خەڵکی هەژاریش وەک هەموو مرۆڤێکی دی ئازادن لەوەی چی هەڵبژێرن، ڕێگای دژایەتیکردنی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە بگرنە بەر کە تێیدا دەژین، یاخود بڕیاری قەبووڵکردنی ئەو سیستمە و پێکەوە ژیان بدەن لەگەڵ یاسا و سنوور و نۆرمەکانیدا. هیچ هێزێک نییە بتوانێت توانای یاخیبوون و هێزی یاخیبوون لە کرێکارێکدا بکوژێت گەر خۆی ئەو یاخیبوونە هەڵبژێرێت و لەگەڵ مەترسییەکانیدا بڕوات و بیکات بە ئامانجی کاری خۆی. سەرمایەداری و هیچ سیستمێکی تر ناتوانێت جەوهەری ئازادیی کرێکارێک بسڕێتەوە، چونکە ئەگەر هیوایەک لە ڕزگاربوونیدا هەبێت، ئەوا پشت بەو جەوهەرە ئازادە دەبەستێت.
بەڵام کرێکارێک کە یاخی نابێت و ڕێسا و یاساکانی سیستمی سەرمایەداری قەبووڵدەکات، مانای ئەوە نییە کە وەک مرۆڤ توانای یاخیبوون و توانای بڕیاردانێکی دیکە و ئیشکردنی بۆ جیهانێکی تر تێدا نییە، بەڵکو ئەو توانایانە توانای ئەبەدی ناو مرۆڤن، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو بەرپرس نییە لە هەڵبژاردنەکانی. مرۆڤ تەنیا لە کاتی یاخیبوونیدا ئازاد نییە، بەڵکو کاتێک ملکەچی و دەستەوەستانیش هەڵدەبژێرێت هەر ئازادە. وەک چۆن لە دۆخی یەکەمدا بەرپرسە لە هەڵبژاردنیدا بۆ یاخیبوون، لە دۆخی دووەمیشدا بەرپرسە لە هەڵبژاردنیدا بۆ یاخی نەبوون، وەک چۆن ئازادە لەوەی شۆڕشگێڕ بێت ئازادە لەوەی شۆڕشگێڕیش نەبێت. کرێکار تەنیا لەو کاتەدا ئازاد نییە کە لەگەڵ ئەو وێنە سیاسییەدا یەکبگرێتەوە کە لە خەیاڵی کۆمۆنیستێکدایە، بەڵکو ئازادیی گرێدراوی هەڵبژاردنەکانی خۆی و بریارەکانی خۆیەتی وەک مرۆڤ.
ئەوەی خودی مرۆڤانەی کرێکار زەوتبکەیت، بۆئەوەی خودێکی سیاسی دەستکرد و چێنراوی لە ناودا سەوزبکەیت تا لەگەڵ وەهمە سیاسییەکانی کۆمەڵێک خەڵکی ئایدۆلۆژیستدا یەکبگرێتەوە، بڕێکی گەورەی مێژووی سیستمە کۆمۆنیستەکانی دونیای دروستکردوە. کاتێک کرێکار نایەوێت سیستمی سەرمایەداری بگۆڕێت، یان سیستمی لیبرال بە سیستمی سۆسیالیستی بگۆڕێتەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە کرێکار جەوهەرە مرۆڤانە ئازادەکەی خۆی دۆڕاندووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵی بەزۆر سەپاندنی پڕۆژەیەک کە کرێکار نایەوێت تێیدا بکەربێت، ئەوە بەستنەوەی کرێکار و سەپاندنی فەزایەکە بەسەریدا کە ئیرادەی تێیدا ئیش ناکات. وەک چۆن ستالین بە ملیۆنەها مرۆڤی کردە قوربانی پڕۆژەی بە سۆسیالیستکردن، وەک چۆن کۆمۆنیستەکان لەسەرتاسەری دونیادا کرێکار و جووتیارانیان کردە ئەکتەر لە نمایشێک و برغوو لە ماشێنێکدا کە بڕی هەرە زۆریان نەیاندەویست تێیدا بەشداربن. ئازادیی ئەوەیە مرۆڤ هەڵبژاردنی خۆی بکات و بچێتە بواری پراکتیک و دەرەنجامەکانی گەر مردنیش بووە قەبووڵیبکات، پراکتیککردنی ئازادیی هەرگیز بۆ هیچ مرۆڤێک خاڵی نییە لە ئەگەری مەترسیدار، ئەوەی ئێمە ئازادین مانای ئەوە نییە پراکتیککردنمان بۆ ئازادیی بێ بەرگری و بێ ململانێ و بێ سزا دەڕوات بەڕێوە. ئەو نمونەیەی کە گوایە «یەکێک هەیە دەتوانێت کتێب بکڕێت و سەفەربکات و بچێت بۆ سینەما» و یەکێکی تر هەیە ناتوانێت، کەواتە یەکەمیان ئازادە و دووەمیان نا، هیچ نییە جگە لە بەڵگەیەک لەسەر ئەو عەقڵییەتە میکانیکییە کە ئازادیی لەگەڵ یەکسانیدا تێکەڵدەکاتەوە، ئەمە هەڵەیەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسی و فەلسەفی هێند گەورەیە کە ڕاستکردنەوەی بە تەنیا چەند وتارێکی گەورەی دەوێت.
2. دواجار کاک هەردی دەڵێت، گوایە ئەم نوسینەی من زیاتر لە نوسینەکانی ترم بۆنی بەجێهێشتنی بونیادگەرایی لێدێت و ڕووم لە تاکگەرایی و ئیرادەگەرایی کردوە. لە ڕاستیدا ئەم تێبینییە نیشانەی بێئاگایی کاک هەردییە دەرهەق بە مێژووی نوسینی من. پتر لە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی کێشەی میتۆد لەگەڵ برای نوسەر کاک ڕێبین هەردیدا ئاماژەم بەو خاڵانەکرد کە لە بونیادگەریدا قەبووڵم بووە و کارم پێکردوە، بە تایبەت ئاماژەشم بەوەدا کە ئەگەر چەمکی بونیاد وەک قەفەزێک بێت کە ئازادیی فەرد و ئیرادەگەرایی فەرد بسڕێتەوە تەواو ناتەبام لەگەڵیدا. من ڕۆژێک لە ڕۆژان بەو مانایە بونیادگەر نەبووم باوەڕم بە ئازادیی مرۆڤ و ئیرادەی مرۆڤ نەبێت، وە تێزی هەندێک لە بونیادگەرەکانیش وەک تێزی دژ بە ئازادیی تێناگەم، لەبەرئەوە ئەو وتارە گۆڕانی من نییە لە بونیادگەرییەوە بۆ بوونگەرایی، چونکە من لە تەواوی ژیانمدا باوەڕم بە ئینتیمای تاک ڕەهەندی و پەیوەستبوونی ئایدۆلۆژی بە هیچ بەریان و ئاڕاستەیەکی فیکرییەوە نەبووە، پێشموایە ئەو پەیوەستبوونانە نیگای زانستی گەلێک بەرتەسک و عەقڵی گەلێک کورتبین دروستدەکەن، لە شوێنی دیکەشدا زۆر دوور و درێژ لەسەر بڕوا مەنهەجییەکانی خۆم قسەمکردوە، بە چەشنێک نوسەرێکی دیکەی کورد شک نابەم هێندە ڕوونکردنەوەی لەسەر مەنهەجی ئیشکردنی خۆی نوسیبێت، بۆ ئەوەی دواجار ئەمجۆرە کێشانە دروست نەبن، بەڵام بێئاگایی کاک هەردی لەو نوسینانە بەرەو ئەو حوکمە خێرا و کورتبینانەی بردوە.
لەوەش بترازێت من باوەڕم وایە مرۆڤ لە ناو جیهاندا دەژی، بونیادەکان کاری تێدەکەن، شتی پێدەبەخشن و شتی لێزەوتدەکەن، کۆمەکی پێدەکەن و ڕێگاشی لێدەگرن. بونیادگەرەکان ئازادیی مرۆڤیان نەکوژاندۆتەوە و نەیانکردوە بە کارێکی نەکردە، هێزی بونیاد هەرگیز توانای هەڵوێست وەرگرتن و تێپەڕاندن و شکاندن و بەگژداچوونەوە لە مرۆڤدا ناکوژێت، ڕەنگە گرنگترین نمونەش بۆ ئەوە تێزی رۆلان بارت بێت بۆ توانای ئەدەب لەسەر بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی خەوتووی ناو زمان، و توانای شکاندنی بونیادە پێشینەکانی ناوی. گەر مرۆڤ دیلی بونیاد بێت و توانای ئیشکردن و گۆڕین و دەستکاریکردنی پێکهات و ئاماژەکانی نەبێت، ئەوکات بونیاد دەبێت بە یەکەیەکی ئەزەلی و نەگۆڕ، یەکەیەک کە یەکجار دروستدەبێت و ئیتر ناگۆڕێت، یەکەیەکی داخراو کە هیچی نوێی نایەتە سەر. بونیاد خۆی بەرهەمی مرۆڤە، لە بەریەککەوتنی ئازادیی مرۆڤەکان و زەمینە کۆمەڵایەتییەکەیان دروستدەبێت. ئەوەی ئێمە لەدایکدەبین و پێش ئێمە کولتوورێک یان پارادایمێک یان ئەبستیمێک، یاخود هەبیتۆسێک هەیە، مانای ئەوە نییە ئێمە توانای ئەوەمان نییە بەرابەر ئەوان گووتاری خۆمان دابمەزرێنین.
جگە لەوە تێگەیشتن لە بونیادگەرەکان وەک ئەوەی پێکڕای تێزەکانیان شتگەلێک بن جێگای ئازادیی مرۆڤی تێدا نەبێتەوە تێنەگەیشتنێکی گەورەیە لە زۆر ڕەهەندی قووڵی بونیادگەریی. بۆ نمونە: بونیادگەریی یەکێک لەو فەلسەفانەی دەسەڵاتی فۆرمە پان و ڕووبەرگیرەکانی هوشیاری کەم تا زۆر تیا لاواز دەبێت، یەکێک لەو دەستکەوتە گەورانەی بونیادگەریی دەمانداتێ لاوازکردنی دەسەڵاتی زاراوەیەکی وەک زاراوەی «کولتوور»ـەو گۆڕینێتی بە زاراوەیەکی دیکە کە زاراوەی «گووتار»ـە، هەر ئەم گۆڕانکارییە بۆ خۆی دەرگا لەسەر زۆر تێزی نوێی پۆست مۆدێرنەکان دەکاتەوە کە لەسەر لێک نەچوون و جیاوازی ئیشدەکەن. ئەوە بونیادگەرییە وادەکات کولتوور وەک کایەیەکی داخراو نەبینین، بەڵکو وەک «کایەیەکی لەق» کایەیەک کە دینامیکییەتی خۆی هەیە، کایەیەک کە تەنیا لە ڕێگای گووتاری جیاواز و کراوەوە بوونی هەیە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە، بەردەوام شتی نوێی تێدەچێت و تووشی پرسیاری نوێ دەبێت، واتە بە کورتی کایەیەکی کراوەیە بە گووتاری کراوەوە «هاگنبوشل. ل 40». زاراوەی «گووتار» ئەو چەمکەیە کە تێڕوانینی ئێمە لە کولتوور، لە کایەیەکی داخراوە وە دەگۆڕێت بۆ کایەیەکی دینامیکی کە بەردەوام لە جوڵەو گۆڕاندایە، ئەوەشی ئەم دینامیکییەتە دروستدەکات، گووتارەکان دەگۆڕێت بۆ یەکەی جوڵاو و گۆڕاو، چالاکی هوشیارانەی مرۆڤە. چەمکگەلی لە جۆری پارادیم لای تۆماس کۆهن، یاخود ئەبستیم لای فۆکۆ ئاماژەنین بۆ زیندانێکی داخراو و نەگۆڕاو، بەڵکو ئاماژەن بۆ ئەو زەمینە سەمبولییە کە وادەکات مرۆڤەکان لەیەکتر تێبگەن و خاوەنی زمانێکی دەلالی هاوبەش بن، و توانای خوێندنەوە و پەیوەندی و ئاخاوتنیان هەبێت، نەوەک ڕۆبۆت و بێ ئیرادەبن. چەمکی بونیاد، چەمکی هوشیاریی و ئازادیی ناسڕێتەوە، بەڵکو ئەو سنوورانە دەستنیشاندەکات کە ئەو ئازادییە مەحکومە لە ناویدا ئیشبکات، ئەو ئەگەرانە دیاریدەکات کە ئەو ئازادییە لە پێشدەمیایەتی، لێرەوە نیشاندانی ئەم تێزانە وەک ئەوەی ئەگەری ئازادیی مرۆڤ بکوژن و دژی چەمکی ئیرادەی ئازادیی مرۆڤ بن، هەڵە تێگەیشتنێکی قووڵ و شێواندنێکی ئایدۆلۆژییە بۆ ئەو چەمکانە.
تۆ جوانترین گوناهی منی