منیش گریام
باوكم قه‌ساب بوو ، باوكی باوكیشم هه‌ر قه‌ساب بوو،باوكی باوكی باوكیشم هه‌رقه‌ساب بوو، كورد وته‌نی حه‌وت پشتی ئێمه قه‌ساب بوون ، به‌ڵام له چاره‌ڕه‌شی خۆم ،ته‌نها من قه‌ساب نه‌بووم ، من له‌ناخه‌وه له گیاندار و بوونه‌وه‌ر ده‌ترسم ، من له هه‌ر گیاندارێكی كه به‌چوار ده‌ست و پێ بڕوات ده‌ترسم .
سه‌ره‌تا هه‌موویان پێم پێده‌كه‌نین و گاڵته‌یان پێده‌كردم، من له‌هه‌مووان خراپتر بووم.ئێمه 9 خوشك و برا بووین ،من منداڵی هه‌شته‌م بووم.باوكم به‌سه‌رهه‌مویاندا ده‌ینه‌ڕاند و تانه‌ی لێده‌دان و ده‌یوت كارتان به‌و نه‌دابێت.
تازه ته‌مه‌نم گه‌یشتبووه 7 ساڵان، به‌یانیه‌ك زوو له خه‌و هه‌ستام و چووم بۆ لای باوكم ، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكه‌م چه‌قۆكه‌یم له ده‌ست ده‌رهێنا و سه‌ری ئه‌و مه‌ڕه‌ی كه به‌نیاز بوو سه‌ری ببڕێت ده‌گرم و به‌شاره‌زاییه‌كی ته‌واو سه‌ری مه‌ڕه‌كه ده‌بڕم ، له‌هه‌موو خراپتریش ده‌مم ده‌نێمه به ده‌ماری لای ملی مه‌ڕه‌كه‌و وه‌ك ئاوخواردنه‌وه خوێنی مه‌ڕه‌كه ده‌خۆمه‌وه.
خوالێخۆشبوو باوكم پێ وتم: ئه‌و كاته‌ی كه ده‌می خوێناویه‌كه‌ی منی بینیوه له‌خۆشیان نزیكبووه جه‌ڵده‌ی دڵ لێبدات و دڵی له‌خۆشیان له‌لێدان بكه‌وێت.
باوكم ده‌یوت:لێگه‌ڕێن ، كارتان پێنه‌دابێت ، خۆی باش ده‌بێت.به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، ته‌مه‌نم له‌حه‌وت ساڵی بوو به 17 و 17 ساڵیش بووم به 27 ساڵ به‌ڵام هه‌ر باش نه‌بووم ئێتر باوكم ناهومێد بوو و به به‌رده‌وامی له ژێر لێووه‌وه بۆڵه‌ی ده‌كرد و ده‌یوت: باوك قه‌ساب و كوڕ گۆشتخۆر !!!.
ساَل له‌دوای ساڵ تێپه‌ڕی به‌ڵام هیچ كات له‌واتای ئه‌و قسه‌یه‌ی باوكم تێنه‌گه‌یشتم، ئیتر كه‌س كاری پێم نه‌بوو، ته‌نانه‌ت گاڵته‌شیان پێنه‌ده‌كردم ، من دانووم له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه نه‌ده‌كوڵا ، هه‌موو رۆژێ به وه‌ڕینی سه‌گ له ماڵی ئێمه هه‌را ساز ده‌بوو، پێكه‌نین ، هات و هاواری قه‌سابه‌كان ، ده‌نگه‌ده‌نگ و ده‌ست وپێی لێدان و گریانی مه‌ڕه‌كان ، كه‌شوهه‌وای ماڵه‌وه‌یان تێكدابوو.
ئێوه هه‌رگیز گریانی مه‌ڕه‌كانتان بینیوه ، ئای چ نیگایه‌كیان هه‌یه؟ و چ بێتاوانییه‌ك له‌چاوه‌كانیان ده‌بیندرێت. ده‌ڵێی جنێو ده‌ده‌ن ، ره‌نگه وابیربكه‌نه‌وه كه به كوژرانی هه‌ر كامیان، ئه‌و ره‌نجیره كوشتاره كۆتایی پێدێت و سه‌رئه‌نجام كه‌سێك دێت تۆڵه‌ی ئه‌وان بكاته‌وه، به‌ڵام كێ و كه‌ی و چۆن و به‌چی .... كه‌س نازانێت ، ئایا ئه‌ویش مه‌ڕێك ده‌بێت یان نا....؟
كه‌خۆر هه‌ڵده‌هات ، له‌ماڵی ئێمه قیامه‌ت به‌رپا ده‌بوو، خوێن ، پێست، ریخۆڵه، بۆنی پیسایی و شه‌ڕو پێدادانی پشیله‌كان ده‌ستی پێده‌كرد.دایكم دیسان ده‌نگی به‌رز ده‌كرده‌وه و هات و هاواری سازده‌كرد و ده‌یوت: ئه‌ی خوا بتانكوژێت ، بێدینانه ئه‌وه بۆ شوێنه‌تان خاوێن نه‌كردۆته‌وه ، دیسان بۆ منی چاره‌ڕه‌شتان داناوه. ئه‌مانه هه‌مووی به‌رله‌وه‌ی كوشتارگا په‌یدابێت سه‌ری هه‌ڵده‌دا.
له‌دوای ئه‌وه‌ی كوشتارگا په‌یدابوو، ئیتر ساڵانێكه له‌ماڵی ئێمه مه‌ڕ سه‌ر نابڕدرێت، هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك جار به دزییه‌وه ئه‌و كاره ده‌كرێت . ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ی كه مه‌ڕێك عه‌یبێكی هه‌بێت و له كوشتارگا سه‌ری نه‌بڕن یان 10 رۆژی یه‌كه‌می مانگی مه‌حره‌م بێت.
ئێستا ئیتر قژی سه‌رم سپی بوو و كه‌مه‌ریشم چه‌ماوه‌ته‌وه ، باوكم مه‌رگ مۆڵه‌تی پێنه‌دا و جوانه‌مه‌رگ بوو، هه‌ڵبه‌ت له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا مردن له 70 ساڵی دا جوانه‌مه‌رگییه. دایكم چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ته‌مه‌نی دا به ئێوه و من ئێستا له هه‌موو كاتێك ته‌نیاترم. براگه‌وره‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌موو قه‌سابه‌كانی شاره‌كه‌یه، شان و شكۆیه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه.
ژماره‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه ئه‌وه‌نده زۆربووه كه‌س ، كه‌س ناناسێته‌وه، هه‌ندێكیان وه‌ك هه‌نگ وان هه‌ر له‌م شانه‌یه‌وه بۆ ئه‌و شانه‌ی تر كۆچ ده‌كه‌ن. هه‌ر كامیان بۆخۆیان داموده‌زگایه‌كیان گه‌وره‌تر و به‌ربڵاوتر له هی براگه‌روه‌كه‌م پێكهێناوه.
هه‌ندێك كات براكه‌م له‌و كارانه‌ی كه باقی ئه‌ندامانی تر ئه‌نجامی ده‌ده‌ن نارازییه و پێی وایه رێزی بنه‌ماڵه‌كه‌مان لكه‌دار ده‌كرێت، ئه‌و كات زۆر توڕه ده‌بێت و ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه.به‌ڵام كوا گوێچكه‌یه‌ك گوێبیستی بێت. له‌و كاته‌دا هه‌وڵده‌ده‌م نه‌یوه‌رووژێنم ، ده‌نا هه‌موو توڕه‌بوونی خۆی له‌سه‌رمن به‌تاڵ ده‌كات و من به تاوانبار و به‌رپرس ده‌زانێت.
هه‌ندێ جار براگه‌وره‌كه‌م ده‌ڵێت: هه‌موو كاره قۆڕه‌كانی تۆ وای كرد، ده‌نا كێ ده‌توانی بیر له‌وه بكاته‌وه كه گه‌مه به گه‌وره‌یی و شان و شكۆی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه بكات و ئابرووی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه به‌رێت.
هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم: تۆ بڵێی وا بێت ؟
داده‌نیشم و سه‌ركۆنه‌ی خۆم ده‌كه‌م و كڵاوه‌كه‌م ده‌كه‌م به قازی ، هه‌رچی ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م ، ده‌بینم وا نییه، خۆ من هیچم نه‌كردووه، هیچ كارێكی ئه‌و تۆم نه‌كردووه ، من وه‌ك ئه‌وان نه‌بوومه‌ته هۆی مه‌رگی كه‌سێك. من هه‌میشه خۆم وئه‌و چوار كتێبه بووم به ئارامی هاتووم و به‌ئارامیش رۆیشتم، خوا له مردووی هه‌موو لایه‌ك خۆشبێت.
دایكم هه‌میشه فرمێسكه‌كانی به چارشێو و عه‌باكه‌ی ده‌سڕی و من پێم ده‌وت: دایه گیان خوا له‌خۆڕا ئه‌و زمانه‌ی پێنه‌داویی، هاوارێك ، قیژیه‌ك ، ده‌نگێگ.... ئاوا نابێت وه‌ك تۆ ده‌كه‌ی.... نازانم. وه‌ڵڵا له خۆم دڵنیام و ده‌زانم جگه له ده‌ستی ئه‌و خوالێخۆشبووه هیچ ده‌ستێكی تر نه‌گه‌یشتۆته عه‌باكه‌ی دایكم.
دایكی چاره‌ڕه‌شم تا مرد بۆ چركه‌یه‌كیش چاوی له چاوی من هه‌ڵنه‌بڕی ، چاوه‌كانی چ شه‌وانێك تا به‌یانی له سه‌ر سه‌رم خوێنیان باراند.
كاتێك ژنه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و قه‌سابانه‌ی كه هه‌میشه سه‌ردانی ماڵی ئێمه‌یان ده‌كرد ره‌دووكه‌وت ، نازانی چ هه‌ڵڵایه‌كی نایه‌وه ، هه‌موو خزمان و كه‌سوكار وازیان له‌كاری رۆژانه‌ی خۆیان هێناو له دوای ئه‌و ده‌گه‌ڕان. هه‌تا گوێیه براوه‌كه‌یان بۆ نه‌هێنام دایكم ئارامی نه‌گرت.
خوالێخۆشبوو شه‌وان تا به‌یانی له ته‌نیشتم داده‌نیشت و فرمێسكی هه‌ڵده‌رشت .
كاتێك پرسیارم لێده‌كرد كه بۆچی ده‌گری ؟
دایكم ده‌یوت: رۆڵه ، قسه كاوێژی مرۆڤه، قسه بكه ، كه‌س لێره نییه، بگری ، بناڵه ، هاوار بكه، لێم بده، هه‌تا ئارام بی.
هه‌رچی پێم ده‌وت: دایه گیان وانییه ، من خه‌فه‌تێكم نییه .
دایكم ده‌یوت: تووشی خه‌مۆكی ده‌بیت، دڵت ده‌ته‌قێ ، قسه‌یه‌ك بكه. بۆ بێده‌نگی ؟
دایكم ناهه‌قی نه‌بوو، نه‌یده‌زانی ، ئه‌ویش وه‌ك ئێوه وابوو، له‌گه‌ڵ خوێن گه‌وره ببوو، له‌ناو خوێندا ده‌ست و پێی لێده‌دا و......!
نه‌یده‌هێشت قسه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد، ده‌بوایه باوه‌ڕیش نه‌كردبوایه, چونكه مه‌سه‌له‌كه ، مه‌سه‌له‌یه‌كی نامووسی بوو و ده‌بووه هۆی سه‌رشۆڕی. خه‌فه‌تی ده‌خوارد ، پێی وابوو منیش وه‌ك ئه‌و خه‌فه‌ت ده‌خۆم و ده‌رینابڕم. ده‌ترسا من شێت بم ، براكانم پێیان ده‌وت، دایه‌گیان ئه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاو بیركۆڵ و بێ ئه‌قڵ بوو، تۆ خه‌فه‌تی پێ مه‌خۆ، قبووڵی نه‌ده‌كرد و هه‌تا مرد بۆ ساتێكیش منی به‌ته‌نیا جێنه‌هێشت، ئه‌و كاته‌ی مردیش هه‌تا منی نه‌بینی چاوه‌كانی له‌سه‌ر یه‌ك دانه‌نا! نیگاكردنه‌كه‌ی وه‌ك نیگاكردنی مه‌ڕه‌كان وابوو.ئه‌و بێچاره‌یه ترسابوو، شڵه‌ژابوو، كه ئه‌وم وا بینی بۆ یه‌كه‌م جار دڵم پڕبوو له‌گریان، هه‌رچی كردم نه‌متوانی له‌به‌ر چاوی جه‌ماوه‌ره‌كه خۆراگر بم ده‌ستم به گریان كرد و گوێم به‌وه نه‌دا كه گریانی من ده‌بێته هۆی سه‌رشۆڕی بنه‌ماڵه‌كه‌م، هه‌ر له‌وێ بوو له‌واتای ترس تێگه‌یشتم.
ئێوه نازانن ، ره‌نگه بشزانن ، ره‌نگه هه‌زارجار بینیبێتان و ره‌نگه نه‌شتانبینیبێت ، ترسێك كه له‌ناو چاوی مه‌ڕه‌كاندایه دڵی هه‌رچی مرۆڤه هه‌یه ده‌كات به كه‌باب، بێتوانایی و زه‌بوونی مرۆڤ...... !!!! دڵم ده‌یه‌وێت سه‌ری خۆم بكێشێم به به‌ردا و هاوار بكه‌م، ئاخه بۆ چی؟؟؟
ئه‌و رۆژه‌ی كه چه‌قۆكه‌ی خوالێخۆشبووی باوكم هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موو خزم و كه‌سوكار به‌ره‌و كوشتارگا رۆیشتم ، ئه‌و كاره‌ی من ئه‌وه‌نده كتوپڕبوو كه‌هه‌موو وازیان له‌كاره‌كانیان هێنا و به‌دوای من كه‌وتن ، هه‌ر كه قاچم نایه ناو كوشتارگا، براكه‌م به‌و ده‌نگه ناخۆشه و بێزاركه‌ره‌ی خۆی سلواتی له‌دیداری پێغه‌مبه‌ردا ، قه‌سابه‌كان هه‌موو ده‌ستیان له كاری خۆیان هه‌ڵگرت و رێ‌یان بۆ كردمه‌وه تا تا خۆم بگه‌یه‌نمه مه‌ڕێك به‌ڵام حه‌زم نه‌ده‌كرد ، ئێستا كه هه‌موو پرده‌كانی پشت سه‌ری خۆم وێران كردووه، یه‌كه‌م قوربانیم ده‌بێت مه‌ڕێك بێت، رووم كرده ئه‌و هۆڵه‌ی كه مانگاكانیان تێدا سه‌رده‌بڕی، هه‌موو به‌دوامدا ده‌هاتن، ئه‌م هه‌موو مانگایانه‌ی كه له‌وێ بوو هه‌مووی به‌ره‌ورووم هاتن، هه‌وڵمدا سه‌یری چاویان نه‌كه‌م ، مانگایه‌كی ڕه‌ش سه‌ری داخستبوو و به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌با سه‌ری ببڕن ده‌رویشت، كاوێژی ده‌كرد ، كاوێژكردنه‌كه‌ی وره‌ی دامێ ، چه‌قۆكه‌ی خۆالێخۆشبۆكه‌ی باوكم دانا، مانگاكه تێپه‌ری ، بۆنی خوێن لۆتی پڕكردبوو ، مانگاكه كه ئه‌م هه‌موو لاشه‌یه‌ی بینی راوه‌ستا، به‌نیاز بوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه، به‌ڵام رێگای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی نه‌بوو، مانگاكانی تر به هه‌ڵه‌داوان هاتن و فشاریان خسته سه‌ر مانگه ڕه‌شه‌كه، مانگه‌كه هاته پێشه‌وه، كوڕێك كه چه‌قۆیه‌كی كاره‌بایی به‌ده‌سته‌وه بوو و كاری سه‌ربڕینی مانگاكان بوو ویستی ملی مانگا بگرێت و سه‌ری ببڕێت ، ویستم هاوار بكه‌م وپێی بڵێم كاری وا نه‌كات، به‌ڵام نازانم بۆچی شتێك پێشی به زمانم گرت ، قاچه‌كانم كه‌وتنه له‌رزین، چه‌قۆ كاره‌باییه‌كه‌ی له‌سه‌ر مانگاكه پرشنگی دا و ئه‌و كاره منی راچله‌كاند، مانگاكه گێژ بوو ، چۆكی دادا، ده‌بوایه به‌رله‌وه‌ی بكه‌وێته سه‌ر زه‌وی شاده‌ماری ملی ببڕم چه‌قۆكه‌م به‌رزكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون هه‌موو سلواتیان له‌دیداری پێغه‌مبه‌ر لێدا، هاواری ئه‌وان زیاتر منی گێژ ده‌كرد. مانگا خه‌ریك بوو بكه‌وێته سه‌ر زه‌وی ، ده‌بوایه په‌له‌م كردبایه، چاوه‌كانم قوچاند چه‌قۆكه‌م هێنایه خواره‌وه، ده‌ستم به پێستی ژێر ملی مانگاكه كه‌وت، گه‌رم بوو، یه‌كێك هاواری كرد، ڕاكه !!!!.
قه‌سابه‌كان دیسان سلواتیان ده‌نارد، فشارم خسته سه‌ر چه‌قۆكه، تا شاده‌ماری رۆیشت، سه‌ری مانگاكه قورس بوو فشاری بۆ چه‌قۆكه‌ش ده‌هێنا، خوێن به‌رز بۆوه ، ده‌بوایه ده‌ستبه‌جێ ده‌ستم بكێشمه دواوه، ئه‌و كاره‌م نه‌كرد، ده‌بوایه خۆم بكێشابایه‌ته‌وه دواوه به‌ڵام ئه‌ویشم نه‌كرد، رووبه‌ڕووی مانگاكه راوه‌ستام ، به‌رزبوونه‌وه‌ی خوێنه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی بمشوات وا بوو ، سه‌ری مانگاكه ده‌ستی منی وه‌لاده‌نا، چاوی له‌چاوم بڕیبوو، بڕوام پێ بكه‌ن نیگاكردنه‌كه‌ی ، له‌نیگای دایكم ده‌چوو، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵۆپێك فرمێسك چاوی ته‌ڕ بكات. هاوارێك هه‌موو ناخمی داگرت.مانگاكه هه‌ستایه سه‌ر پێ ، ئه‌گه‌ر براكه‌م فریام نه‌كه‌وتبایه له ژێر پێی ئه‌ودا له‌ناوده‌چووم، ئێستا له دوای چه‌ندین ساڵ من هه‌ر له‌و شوێنه ڕاده‌وه‌ستم و سه‌یری به‌رزی بوونه‌وه‌ی خوێنی قورگی ئه‌و مانگایه ده‌كه‌م كه كاوێژ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی بگریم ، به خوێنی ئه‌و له‌شی ئالوده‌ی خۆمی پێ غوسڵ ده‌كه‌م و هیچ كه‌سیش ناتوانێت له‌و شوێنه دوورم خاته‌وه.
نووسینی : عه‌لی ئه‌كبه‌ر كرمانی نه‌ژاد
وه‌رگێرانی: جه‌واد حه‌یده‌ری
سه‌رچاوه kermanialiakbar.blogspot.com :
تۆ جوانترین گوناهی منی